لە دونیای ئەمڕۆ دا وا باوە کە مرۆڤە هەڵکەوتوەکان، ئەوانەی کە باوەڕیان بە خۆیان هەیە یان وا بیر دەکەنەوە کە کۆمەڵگا تواناو خزمەتو پڕۆژەکانیانی لەبەر چاوە، یان نوێنەری حیزبو ڕیکخراوە سیاسیو جەماوەرییەکان لە هەمووجۆرە هەلو دەرفەتێکی گونجاو بۆ خۆ دەرخستنو پێشکەش کردنی بەرنامەی خۆیانو ڕێکخراوەکەیان بۆ پرسە بەڕۆژە یاساییو خزمەتگوزاری یەکان، کەڵک وەر دەگرنو هەوڵ دەدەن تێکەڵ بە کۆمەڵانی بەرینی خەڵک بنو سرنجی زۆرینەی خەڵک بۆلای شیاویی خۆیانو کارایی پڕۆژەو ڕێکارەکانیان لە ماوەی خزمەتیان دا ڕابکێشن،لە شانازییەکانی ڕابردوویان بدوێنو بە چالاکیی داهاتوویان هەڵبڵێن، بۆ ئەوەی بەر متمانە بدرێنو وەک خزمەتکاری گەلو نیشتمان پەسند بکرێن. کەچی لە ئێرانی گیرۆدەی پەتای کۆماری ئیسلامی دا، ئەوەی شیاوەو باوەڕ پێکراوە دەست بەسەرو بنچاوکراوە، کوژراوە یان بەند کراوە، لە چالاکیی سیاسیو کۆمەڵایەتی بێبەشکراوە، یان تاراوو دەرکراوەو ئەوی حیزبو ڕیکخراوی جەماوەریو خاوەن ئەزموونو خزمەتە، یاساغو قەدەغە کراوە. ئەوەی لە سەڕسەڕی ئەم سیستمە دا هێشتا گیانی لەبەرداماوەو خاوەن کەسایەتیی سەربەخۆیەو متمانەی دانیشتوانەی دەڤەرەکی لەلاماوە، مل ناداتە کەلەوەی سەرکزیو چەڵەمەو دەمبێنی لاڵیو بێ دەنگی و، شەرم دەکا لەوەی وابنوێنێ کە لە ژێر دەسەڵاتی بنیاتە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دا توانای بۆ خزمەتی نیشتمانو نەتەوەکەی وەگەڕ دەخات. بەڵام کورد گوتەنی"چەم بێ چەقەڵ نابێ"، هەلپەرستو خۆ بەدەستەوەدەر دەم ەکان دەقۆزنەوە، لە گۆڕەپانی بێ سوارچاکی یاریزانو چۆل دا چارەوێ یان لینگ دەدەنو بی تەقڵەو جلیتانو گلان هەڵداوێنو گۆی بێ خاوەن لە قووڵکەی چرووکی داوێن.
ململانێی" بێ ڕکەبەرەکان" ی کۆماری ئیسلامی لەکوردستان، دەست پێبووە، بەڵام نە هەڵڵایەک لە هەنگامەی پشتیوانیو نەهەواڵیک لە خرۆشانی جەماوەرییان دێتەبەرگوێ. ئەوەی دەبیسرێ، لە قینو بێزاریی دەدوێ. هەر بۆیە ڕوو هەڵماڵاوترینەکانیان لە خۆ ڕانابینن خۆ لە قەرەی جەماوەربەدەنو لە شەقامو کۆڵانان دەرکەون، ئەوەی بەبیریان دادێ ئەوەیە کەلەکۆنەچاڵو مۆڵگە دزێوەکانیان دا وەرکەون.
لەم ڕۆژانە دا بەربژێرەکانی حکوومەتی تاران لەشارۆچکەو شارو گوندەکانی کوردستان بۆ پیلانگێڕانی شانۆی هەڵبژاردنی ئەمجارەشیان، تەنیا پەسیوەکانیان بن پیلی هەندیك لە بەناو مەلای مزگەوتەکان، مۆڵگەکانی بەسیجی زۆرەملی، جاشخانەکانو هۆڵی دامەزراوە حکوومەتییەکانن، کە تێیاندا لە سێبەری بەرپرسە هاوردەکانی ڕژیمدا بە سەرشۆڕیو چاوبەردانەوە،هەوڵی دەستەبەرکردنی متمانەیان دەدەن. ئەوانە دڵنیان لەوەی کە گۆڕەپانو خەیابان وەخۆیان ناگرێو کەل یامێزیان بۆ ناکاتەوە، کەچی وەک نەبای هاتبێو نە بۆران ،دەبنەوە فس فس پاڵەوان، دەچنەوە سەرکورسیی دەستندە خۆریی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
ـ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرو ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

