به‌ڕێز خالید عه‌زیزی له په‌یامێکدا بۆ ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانى ئێران ده‌ڵێ له هه‌وڵه‌کانمان بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی دوو لایه‌نی دێموکرات‌دا به‌رده‌وام ده‌بین.
ده‌قی په‌یامه‌كه به شێوه‌ی خواره‌وه‌یه:
بەڕێز دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
وێڕای سڵاوی هاوڕێیانە!
پەیامەکەتان بۆ کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئامادەبوانی کۆنگرەو سەرجەم خوازیارانی یەکبوونو یەکگرتنی ناو ماڵی کورد لە رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، بە تایبەت دڵسۆزان‌و خەمخۆرانی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموکراتی خۆشحاڵ کرد.
لەم هەلومەرجەدا کە بە سەرنجدان بە رەوتی رووداوەکانی ناوچە، کورد زیاتر لە هەر کات پێویستیی بە رێکخستنی هێزی خۆیەتی، لە دۆخێک‌دا کە کوردستانی ئێران لە لایەن زیاتر لە یەک لایەنەوە کەوتۆتە بەر تەوژمی پشتگوێ خستن، ئەرکی ئێمەیە کە نەهێڵین له پەڕاوێز بخرێ‌و پێویسته یارمه‌تی بکه‌ین که لە سەر هێڵی دروستی سەرکەوتن، بەرەو به‌ده‌ستهێنانی ئامانجەکانی هه‌نگاو بنێ. بە داخەوە ناکۆکی‌و لەتبوون‌و ناتەباییەکانی چەند ساڵی رابردووی حیزبی دێموکرات، وەک حیزبێک کە ٧٠ ساڵە باری قورسی خه‌بات له پێناو گەیشتنی گەلی کورد بە ماف‌و ئازادیەکانی هەڵگرتوە، زیانی زۆری بە بەرژەوەندیەکانی کورد لەم بەشەی کوردستان گەیاندوە. وەک لە پەیامی ئێوەشدا هاتوە، دوژمنانی کورد‌و لە سەرووی هەموویانەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاترین قازانجی لەم ناکۆکی‌و لەتبوونی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموکرات چنیوەتەوە.
بە سەرنجدان بەو راستیانەیە کە گوتاری یەکگرتنخوازی، هه‌رده‌م گوتاری بەردەوامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەموو کۆنگرەکانی خۆیداو دوا جار لە کۆنگرەی ١٦ش دا جەختی لە سەر پێویستیی یەکگرتنەوەی حیزب کردەوە. یەکگرتنەوەیەک کە هه‌موو لایه‌کمان هه‌ست به براوه‌یی بکهینو لە دوارۆژی یەکگرتنەوەشدا هەموومان حیزبەکە بە هی خۆمان‌و خۆمان بە خاوەنی ئەم حیزبە بزانین.
لەو راستایە دایە کە ئێمە پەیامەکەی ئێوە بە پەیامێکی ئه‌رێنی دەبینین. پێشمان وایە یارمەتی بە لێک نیزیک بوونەوەی زیاتری دوو لایەن دەکا. کۆنگرەش رێبەریی هەڵبژێراوی کۆنگرەی ١٦ی راسپارده‌وه هەوڵی خۆی بۆ یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات درێژە پێ بدا. وەک چۆن لە پەیامەکەی ئێوەشدا هاتووە، هیوا دەخوازین بە یەکەوە بۆ سەر لە نوێ به ده‌ستهێنانه‌وه‌ی یه‌کیه‌تیی ریزەکانی حیزبی دێموکرات زیاتر له جاران هاوکارو هاوهەنگاو بین.
خالید عه‌زیزی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
بابه‌تی پێوه‌ندیدار:
له سێهه‌م كۆنگره‌ی "حدك"دا خالید عه‌زیزی وه‌ك سكرتێر هه‌ڵبژێردرایه‌وه
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامی یەکگرتووخوازیی بۆ خالید عەزیزی و هاوڕێیانی نارد
---------------------------------------------------------------------------------------------------
ـ بۆ پێوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رو ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

