ناردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی ئێران بیرۆکەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، واتە خومەینییەو لە سیستمی ویلایەتی موتڵەقەی فەقێدا ئەوە بابەتێکی بنەماییەو لەو پێناوەدا ئەوان ئامادەن خەڵکو خاکو ئابووریو سیاسەت بەکار بێننو هەموو ئامرازەکانی گەیشتن بەو بیرۆکەیە وەگەڕ بخەن.
رێژیمی ئێران بە هۆی بوونی رێژیمی سەدام حوسێن کە کەمەربەندی ئاسایشی وڵاتانی عەرەبیی سووننە بوو، نەیتوانی زووتر ئەو کارە ئەنجام بدات. بەڵام بە هۆی روخانی رێژیمی سەدامەوە ئەو سیاسەتە پەرەدارتر دەکرێو نەک هەر لە بواری مەعنەوییەوە، بگرە لە بواری ئابووریو سەربازیشەوە ئێران هەژموونیی تەواو دەکات بە سەر وڵاتی عیراقەوەو لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا بزووتنەوە شیعییە توندئاژۆکانی چەکدار کردو لوبنانو بەحرەینو یەمەنو سوریەی کردە مەیدانی مانۆڕە مەبەستدارەکانی خۆیو ئاڵترناتیڤی یەکو دووو سێی داڕشت.
ترسی رێژیمی ئێران مابۆوە سەر ئەوەی کە چۆن بتوانێ عێراق یەکدەست بکاتو بیخاتە بازنەی دەسەڵاتی خۆیەوە. لە باشووری کوردستانیش زەمینەی هەردەم بۆ ئامادە بووەو تەنیا بابەتێک کە تا ئێستا نەیهێشتووە ئێرانییەکان بە هەموو ویستەکانیان بگەن، بوونی پارتی دێموکراتی کوردستان بووە.
پێوەندی نێوان ئێرانو پارتی دێموکراتی کوردستان پێوەندییەکی لە مێژێنەیەو لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێرانو کورستاندا بگرەو بەردەی زۆر لە نێوانیاندا هاتۆتە کایە.
پارتی دێموکراتی کورستان کە نزیک بە دوو تەمەنی رێژیمی ئێرانی هەیە، زۆر جار گلاوە وهەستاوەتەوە، هەندێک جاریش تووشی ئەو ەهاتووە تەنانەت زیان بە بزووتنەوەی بەشی رۆژهەڵاتی کوردستان بگەیەنێ.
ئەوە لە کاتێکدایە کە هەر ئەو پارتە وەک هەڵگری بیری ناسیۆنالیستیی کوردی لە باشوور، ترسێکیش بووە بۆ رێژیمی ئێران، بە تایبەت لە پاش شۆڕشی ١٩٩١ی زایینیو وردە وردە هەوڵی مەسعود بارزانی بۆ ئەوەی چیدی دراوسێکان وەک خێلو هۆز چاو لە کورد نەکەنو دان بەوەدا بنێن کە کورد وەک نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە خاوەن کۆمەڵێک مافی سیاسی، ئابووریو کۆمەڵایەتییە.
کۆماری ئیسلامی کە جمگی دەسەلاتی بەشی سلێمانیی لە خۆیدا قەتیس کردووە، دەزانێ کە هەر قسەیەک بکات، بە بێ یەکو دوو یەکێتی نیشتمانی کوردستانو حیزبە ئیسلامییەکانی باشوور ، لانیکەم هەشتا لەسەدی بۆ جێبەجێی دەکەن.
لە رەهەندی ئابووری، سیاسییەوە ئەو رێژیمە شاڕەگی کۆمەڵایەتی، سیاسیو فەرهەنگیی ئەو بەشە لە باشووری کوردستانی تەنیوەو لە راستیدا رۆحو رەوانی ئەوانی تووشی شێوەیەک لە هیپنوتیزمی ترسو هەڕەشەو لە هەمانکاتدا لاوانەوە کردووە.
ئەوەی کە ماوەتەوە بۆ کۆماری ئیسلامی، بەشی ژێر دەسەڵاتی پارتی دێموکراتی کودستانەو زۆر دەمێکە کە رێژیم هەوڵ دەدات ئەوێش بە چۆکدا بێنێ کە بە خۆشییەوە تا ئێستا نەیتوانیوە.
هەموومان باش دەزانین کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر موسڵو دوای ئەوەی کە هەموو ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان کەوتنەوە سەر کوردستانو پێشمەرگە دەستی بە سەردا گرتنەوە، بڕیاری ئەوەی کە دا کە ئەوان بەشێک لەو شەڕە نابن کە هەڵگیرساوە. هەمووان دیسان ئەوە دەزانین کە ئەوە یەکێتیو حیزبەکانی دیکە بوون کە ناچاریان کرد لە ژێر گووشاری ئێراندا شەڕی داعش بکات. بارودۆخی هەرێمی کوردستان لای هەمووان لەو کاتەدا بەرچاوە کە سەرۆکی هەرێم لە پارلەمان داوای کرد کە کاتی رێفراندۆمی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی ئەو بەشەی کودستان دیاری بکرێ. هەر پاش ئەوە داعش هێرشەکانی بۆ سەر بەغدا راگرتو هێرشی کردە سەر کوردستان. بە دلنیاییەوە ئێران دەستی باڵای هەبوو لەو حەرەکەتەی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان گەر بکەوێتە ژێر دەستی رێژیمی ئێران، هەشتا لە سەدی ئامانجەکانی ئەو رێژیمە دێتە دی.
یەکەم ئەوەی رێژیم بە کردەوە دەست دەگرێ بە سەر عێراقداو یەکدەستی دەکات، دووەم ئەوەی کە لەوێوە لە بواری ژئوپولیتیکەوە عێراقو سوریە پێکەوە گرێ دەداتو دەیکاتە مەیدانێکی گەورەی جەنگیو خەڵکو خاکی ئەخاتە خزمەت ئیمپراتۆرییەتەکەیەوەو سێهەمو لە هەموو گرنگتر، بەو جوڵەیەی بە کوردی رۆژهەڵات دەڵێ کە هیچ هەوڵێک مەدەن بۆ روبەڕوبوونەوەو چاو ببڕنە کوردەکان لە پارچەکانی دیکە کە لە ژێر هەژموونی مندان.
رێژیمی ئێران جاران سلێمانیو هەڵەبجەی کە خەڵکی شیعە مەزهەبیان تێدا نییە، کردبووە مەکۆی سیاسەتەکانی خۆیو ئێستا پەلی کێشاوە بۆ کەرکووکو لەوێ شیعەکان، عەرەبەکانو تورکمەنەکان یەکدەخاتو بە نهێنیو بە ئاشکرا دەیەوێ کە بە پارتی دێموکراتی کوردستان بڵێ، چیدی پێچەوانەی هەژموونی من مەجوڵێ.
ئەمەو جگە لەوەی کە بە کردەوە بارودۆخی هەرێمی کوردستانی راست وەک لوبنان لێکردووەو حکومەتی هەرێم هەر بە دەستی خەڵکی خۆیی تووشی قەیران کراوەتەوە.
ئەوەی کە من زیاتر بە نیگەرانیی دەزانم ئەوەیە کە رێژیمی ئێران هەوڵێکی زۆر دەدات کە کورد لە پارچەکان بکاتە دوژمنی یەکدیو لە لای یەکدی لەکەدارو ناشیرینیان بکات. نموونەی ئەو کارانە دەتوانێ دانانی ناوەندی خومەینی لە کەرکووک، سەردانەکانی بۆ لای سەرۆکی هەرێمو حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شاندێک کە سەحرارودی بکوژی دوکتۆر قاسملوویان لەگەڵەو سەردانەکانیان بۆ لای یەکێتی نیشتمانیو ترافیکی هاتوچۆ لە نیوان سلێمانی تارانو ...هتد، بن. هەر بۆیە پێویستە کورد بە گشتی، بە تایبەت کوردەکانی باشوور لە بیریان نەچێ کە ئەوان خەریکە لە تەڵەی پیسترین دەسەڵاتی مێژوو دەکەون.
زۆر گرنگە کە ئێمە نەهێڵین ئاو لە ئاشی دوژمن بکرێ، دەبێ زۆر وریا بین لە هەڵوێست گرتن. رێژیم راست دەیەوێ کە ئێمە لە یەکدی بە شک بخاتو لە ئاکامدا دووبەرەکیو چەند بەرەکی بنێتەوە لە نێوانمانو بە ئاواتەکانی بگات. زۆر گرنگە کە ئێمە دوورتر بڕوانینو بزانین کە رێژیمی ئێران ئامانجە سەرەکییەکەی چییە! ئەرکی هەمووان لەو قۆناغەدا زۆر قورسە، بە تایبەت ئەرکی نەتەوەیی حیزبەکانی باشوورو بە تایبەتیتر ئەرکی نەتەوەیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانو لایەنەکانی دیکە. مێژووی شکستەکانی کورد نابێ دووپات ببنەوە. هەر هەمووان دەبێ ئەوە بزانن کە مێژوو لە داهاتوودا ناڵێ لە پێناو هەندێک بەرژەوەندیدا وایان کرد. دەبێ دلنیا بن کە مێژوو بە ئاقاری خۆیدا دەڕواتو روحم بە کەس ناکات!
---------------------------------------------------------------------------------------------------
ـ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرو ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

