پاش ئەوەی حیزبەکانی باشووری کوردستان لەسەر پرسی پێکهێنانی ڕیفراندۆم بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەرێز مەسعوود بارزانی کۆبوونەوە، عەلی ئەکبەر ولایەتی ڕاوێژکاری تایبەتی عەلی خامنەیی دژایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دامەزرانی دەوڵەتی کوردی ڕاگەیاندو وتی کە:" دامەرزرانی دەوڵەتی کوردی بە فیتی ئیسرائیلەو شتی وا روونادات".
لەو پێوەندییەشدا بەرپرسانی باڵای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ تۆری میدیای رووداو دوان. یەکێک لەو کەسانە بەرێز مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشتی حدک بوو کە لە کۆتایی قسەکانی دا باسی لە پێوەندی توند وتۆڵی نێوان حیزبەکانو حکوومەتی هەرێم کردو وتی:" ئێمە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە رووی سیاسیو نیشتمانی دەرکرمان بە دۆخی هەرێمی کوردستان کردووەو هەمیش دەسەڵاتدارانی باشوور ئەرکی نەتەوەیی خۆیان بە نیسبەت حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە بەجێ هێناوە".
بەشی یەکەمی قسەکانی کاک مستەفا زۆر تەواوە، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو سەقامگیری باشووری کوردستان دا هەموو هاوکارییەکان کردو لەو پێناوەشدا بە سەدان کەس لە کادرو پێشمەرگەکانیان لە دەست دا.
بەڵام بە نیسبەت بەشی دووی قسەکانی نەتەنیا وانییە، بەڵکوو حیزبەکانی باشووری کوردستانو بەتایبەت یەکیەتیو بزووتنەوەی ئیسلامیو دواتریش پارتی دێموکرات ئەوەی لە توانایان دا هەبوو لە پێناو پارستنی پێوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کردیان.
هەر ئیستا لە ژێر چەتری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا بە دەیان تیڕۆڕیست کە لە تیڕۆر کردنی سەرکردەو کادرو پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانو بەتایبەتیش لە حیزبی دێموکراتی کوردستان راستەوخۆ بەشداربوون، بە ئازادی دەسوورێنەوەو تەنانەت کەسانی وەک حاجی مەسیفی لە یەکیەتی نیشتمانی کوردستانو ئەنوەر عەنەبی لە بزووتنەوەی ئیسلامی پلەو پایەی باڵایان لە حکوومەتی هەرێم دا هەیە، ئەوە جگە لە دەیان تیڕۆریستیتری وەک ئەوانە کە بە ئازادی دەسوورێنەوە.
لە کاتێکدا مەولوودی باس لە جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانی حکوومەتی هەرێم بەرانبەر بە کوردانی ڕۆژهەڵات دەکات، کە بەرێز نێچیرڤان بارزانی شۆفێڕی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە نێو شەقامەکانی هەولێر کرد، فەرشی سووریان بۆ سەحراروودی تیرۆریست( قاتڵی شەهید د . قاسملوو) ڕاخستو سەرۆکی هەرێمیش لە ئامێزی گرت. ئەوە جگە لەوەی کە بە دەیان جار سەرکردە تیڕۆریستەکانی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی لە لایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمو بەبەرچاوی میدیاوە بە شانو شەوکتیان هەڵگوتراوەو نموونەشی مەحموود سەنگاوی بوو کە وتی: ئاواتم دەخواست لە ناو کورد دا پیاوێکی شەڕیفی وەک قاسم سلێمانی هەبوایە".
هەڵکوتانە سەر بنکەو بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە لایەن هێزی دژە تیڕۆری باشووری کوردستان، داخستنی سنوورەکان، ئاستەنگ دروستکردن بۆیانو زۆر جاریش بە میوانو پەنابەر لە قەڵمدانیان لە خاکی خۆیانو تەنانەت لە دوایین جاردا رێگری لە چەند پێشمەرگەی لایەنی کاک مستەفا لەسەر سنوورو چەککردنیان، نموونەیتری جێبەجێ کردنی ئەو ئەرکە نیشتمانییەی هێزەکانی باشووری کوردستان بە نسیبەت کوردانی ڕۆژهەڵاتە.
کاک مستەفا مەولوودی لە حاڵێکدا بەو زمانە باس لە بابەتێکی لەو جۆرە دەکات کە بنەماڵەکانی سەدان کادرو پێشمەرگەی تیڕۆرکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوەڕێی دادگایی کردنی بکوژانی ڕۆڵەکانیان لە حکوومەتی هەرێم دەکەنو تا ئێستاش نەتەنیا هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە، بگرە زۆر جاریش ڕۆڵەکانی ئەوانیان بە تاوانبار ناوبردووەو بکوژانو تیڕۆریستان بەبێ هێچ لێپرسینەوەیەک ئازاد بوون کەنموونەکەی دادگایی کردنی بکوژانی شەهیدانی ١٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی دەروازەی کۆیەیە.
کاک مستەفا مەولوودی باش دەزانێ کە وانییەو هەموو ئەوانە دەبینێ، کەواتە لەبارودۆخی ئەمڕۆ کوردستانو ناوچە کە هەم دەرفەتی زێڕین بۆ گەلی کورد هەڵکەوتووەو هەمیش ئاستی هوشیاریو بیری نەتەوەیی کورد چۆتە سەرێو ئیتر گەلەکەمان ئەو زوڵمو زۆرییەلە هیچ لایەک قبووڵ ناکاتو هێزەکانی کوردستان زۆر بە سانایی دەتوانن کەڵک لە دەرفەتەکان وەرگرن، لەبەرچی پەنای بۆ دەباو شتێک دەلێ کە وانییە!
ئەگەر چوونەوەی نزیک بە ١٥ پێشمەرگەی حدکا بۆ کێلەشینو هەوڵو تەقەلای زۆری پەکەکە بۆ رێگری کردنی لەو پێشمەرگانەو تەنانەت هێڕشکردنە سەریان کە دواتر بە ناچاری ملی بۆ خواستی رەوای رۆژهەڵاتی کوردستان دا، بە بیرخۆمان بێنینەوە، دەردەکوێ کە ئەوەی پەکەکەی ناچار بە پاشکەشە کرد، چوونە سەرەوەی ئاستی نەتەوەییو هوشیاری گەلی کورد بوو کە تەنانەت لایەنگران وئەندامەکانی خۆشی کردەوە نا کوردانەکەی پەکەکەیان دەرهەق بە حیزبێکی خاوەن مێژووو سەروەری دەیان ساڵەو هەزاران شەهیدی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،مەحکووم کردو پاشەکشەیان پێکرد کە دواتر حیزبی دێموکرات توانی زۆر بەباشی هێزی زیاتر بۆ سەر سنوور بەرێ بکاتو بەکردەوە دەست بە خەباتو تێکۆشانی چەکداری خۆی بکاتەوە.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
تێبینی:
ماڵپهڕی "ههڵۆی كوردستان":
ـ له بهرامبهر نێوهڕۆكی ئهم بابهته بهرپرسیار نیهو نووسهری بابهت بهرپرسه لهبهرامبهر بابهتی خۆیدا
ــ كهڵك وهرگرتن لهو بابهتانه به هێنانی ناوی سهرچاوه یان لهسهر ئیزنی نوسهر ئازاده
بۆ پێوهندی گرتن له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه

