هۆگریو یەکدەستی خەلکی کورد، سیاسەتی ژیرانەی رێبەرایەتی ئەودەمی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بارودۆخی ولاتانی ناوچەو لاوازی دەسەلاتی ناوەندی لە ئێران، بەشێک لەو فاکتۆرە دیارانە بوون کە توانیان چارەنووسی بەشێکی گەلی کورد لە ژێر چەتری "کۆماری کوردستان" دا کۆ بکەنەوە.
چەند ساڵ پاش کارەساتی کۆکردنەوەی کۆمارو تێکدرانی ئورگانە سیاسی یەکانی سەر بە حیزب، جەستەی بزاڤی رزگاریخوازی کورد، جارێکی تر لە سەر هەمان بنەما خۆی گرتەوە. ئەویش بە لێکدانەوەی مێژووی تاڵی خۆیو هێنانە بەرباسی ستراتژیو تاکتیکی نوێ وە دەستی پێ کرد.
رابردووی سەرهەڵدانی مافخوازانەی دوای کۆمار، سەلمێنەری ئەو راستی یە کە میراتگرانی بیری کۆمار رووبەرووی دەیان قۆناخی پڕ لە هەورازو نشێوی نەخوازراو بۆتەوەو لە ئاکامدا ئێمەیان گەیاندۆتە ئەم رۆژەی کە بە ساناهی حازر نین دەست لە بەها کولتووریو مافە ئینسانی یەکانمان هەڵبگرین. ئیمرۆکە ئاستی وشیاری نەتەوەیی کوردو هەستی وەرگرتنی مافەکانی مرۆڤ لە لوتکەی خۆیدا دێتە بەرچاو. پرسی کورد لە چاوی میدیای جیهانیو کۆبوونەوە سیاسی یەکانیان دا بە روونی دەبینرێ. بەوحاڵەشەوە بیرمەندەکانی کورد بە ئاشکرا، بیری سازدانی "کۆماری کوردستان" ێکی دیکەی هاوچەشن بە لۆژیک نازانن.
دروشمی پێشووی "دیموکراسی بۆ ئێرانو خودموختاری بۆ کوردستان"، یا ئەوەی ئێمرۆ لە ئارا دایە واتە هەوڵ دان بۆ سازدانی "فیدرالیسم لە ئێرانێکی فرە گەلی دا"، وەک هێورترینو مومکین ترین رێگای دەستەبەربوونی مافەکانی نەتەوەی کورد هاتۆتە ئەژمارو تێکڕای بزوتنەوە باوەرپێکراوەکانو گەلانی پێوەندیدار پەسەندیان کردووە. هەڵگرتنی دروشمی فیدرالیسم، پەیامێکی روونو ئاشکرایە کە ناوەندەکانی بەرگریکار لە مافی مرۆڤ وەک پەیامی ئاشتی وەریدەگرنو پێشوازی لێ دەکەن. فیدرالیسم پرۆگرامێکی ئیداری گونجاوی سەردەمە کە لە لایەک مافی گەلانی بەشخوراو دابینو لە لایەکی تریشەوە پێوەندی نێوان پێکهاتەکانی ناو جوگرافیایەکی هاوبەش بەهێزتر دەکا. چەمکی فیدرالیسم پەیامی پێکەوە سازانی برایانەیەو لە بەرانبەر دەسەڵاتی داگیرکەردا کەمترین قوربانی بە دوای خۆیدا دەهێنێ.
دیارە حەزو خولیای یەکخستنەوەی نیشتمانێکی یەکپارچەو بیر کردنەوە لە دەوڵەتێک کە هەموو بەهاو ئامانجەکانی خۆمانی تێدا بدۆزینەوە، هەمیشە لە بیرۆکەی تاکەکانی دانیشتوانی ئەم نیشتمانە دابروەدا بووەو ئەو مافەشمان هەیە کە وەک یەکێک لە ویستە رەواکانمان لە بەرنامەی چارەنووسی خۆماندا بیهێڵینەوە.
هێنانەگۆڕی چەمکی سەربەخۆیی، رێفراندۆم یا ساخ کردنەوەی دەولەتی گەورەی کوردستان، ویستێکی رەوایەو تاکەکانی گەلی کورد بە تاسەوە باسی دەکەن. پێویستی بە نەخشەو پلانی هەنگاو بەهەنگاوی چەند سالە هەیەو دەبێ پێشتر لە چەند کورتە رێگەت تێپەڕاندبێو بەستێن سازی پێویستی بۆ کرابێ. بەلام ئەگەر تەنها وەک گەمەی سیاسیو بە مەبەستی فریودانی رای گشتی، دەستاودەست بە چارەنووسی گەلەکەت بکەی، جیا لەوەی کە لە بەرژەوەندی گشتی خەڵکدا نیە، بەڵکوو رەخساندنی کۆمەڵێک بیانووی نوێ یە کە سیستمی سیاسی وڵات بە ئامانجی سەرکوتی زیاترو وشیار کردنەوەی جیهانی نێونەتەوەیی سوودی خراپیان لێ وەردەگرێ.
ئەو حیزبە سیاسی یانەی کە لە میدیاکانەوە بەردەوام بانگەشەی سازدانی "کوردستانی گەورە " بۆ پارچەیەکی تایبەت دەکەنو لەو لاشەوە هیچ پرۆگرامێکی روون لە ئەساسنامەکەیان دا بەدی ناکرێو لە مەیدانی کردەوەش دا ئەو مەلە نین کە خۆ لەم دەریایە بدەن، ناتوانن تە سەر مامەڵە بە ئامانجی راسەقینەی گەل بکەن. ئێستا ئامانجی راستەقینەی ئەوان روون بۆتەوەو هەر وەک دیمان چیتر نەیانتوانی لەم رێگایەوە نان بخۆنو درێژە بە چەواشەکاری بدەن.
هەروەها ئەگەر رێكخراوەیەک بێو هاواری سازدانی "کۆماری کوردستان"ی هاوشێوەی ٧٠ ساڵ لەمەوبەر بڵاو بکاتەوە، بە دڵنایی دەسکەوتی ئەرێنی نە بۆ حیزبەکەیو نە بۆ مەڵگا بە دیاری ناهێنێت. ئەمجۆرە رێخراوگەلە بەر لەوەی کە ئەم پرسە وەک ئامانجی سەرەکیو دوارۆژی خۆیان بلاو بکەنەوە، بە ئاشکرا خۆڵ لە چاوی کۆمەڵگا دەکەن. چونکوو بۆ ئەو مەبەستە دەبێ لە کونگرەیەکی مەشرووع دا بە ئامانجە سیاسی یەکانیو کردەوەکانی خۆی دا چووبێتەوەو ئەم دروشمە یەکێک لە ئاکامەکانی پەسەندکراوی حیزبەکەیان بووبێ.
بڵاوکردنەوەی دروشمێکی کاڵو پارادۆکس کە وا نیشان بدرێ لە کانگای کۆماری کوردستانی سەرددەمی پێشەواوە سەر هەڵداوە، دوو خەساری لێ دەبێتەوە، لە لایەک دەبێتە هۆی ئەوە کە ئامانجە لە مێژینەکانی گەلی کورد بچووکو بێ بایەخ ببنەوەو، لە لایەکی دیکەشەوە، وەک هەوڵێک بۆ شکاندنی کەرامەتی کۆمارو پێشەواو بنەما پڕبایەخەکانی دەردەکەون.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن له رێگهی فهیسبووكهوه:
لاپهڕهی بهڕێوهبهری ماڵپهڕ

