لە سەدەی بیستەمدا جووڵانەوەكانی نەتەوەی كورد تووشی هەورازو نشێوی زۆر بوونو چەندین ڕاپەڕینو بزووتنەوەی گەورەو بچووك، بۆ وەدیهێنانو دەستەبەر كردنی مافە رەواكانی نەتەوەی كورد لە ناوچەكانی كوردستان سەریان هەڵداوە، بەڵام لە چوارچێوەی ناوچەیەكی دیاری كراوو بەر تەسك نەهاتوونەتە دەرێو ئامانجەكانیان زۆر پێشكەوتوو سەركەوتوو نەبوون.
لەو سەردەمەدا كە بە هۆی شەڕی دووهەمی جیهانییەوە ئەمریكاو بریتانیا لە باشوورو یەكیەتی سۆڤیەت لە باكووری ئێران جێگیر بوون، رێژیمی پاشایەتی ئێران دەسەڵاتێكی ئەوتۆی لە بەشێك لە ناوچەكانی ئێرانو كوردستان دا نەمابوو، یا زۆر كزو لاواز بوو. باروودۆخی رۆژهەلاتی كوردستان ئامادە بوو بۆ ئەوەی كە گەلی كورد دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوە بگرێ. لە 25ی گەلاوێژی ساڵی 1321 (16 ئووتی 1942) چەند رووناكبیرێكی كوردستان، لە شاری مەهاباد"كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد" (كۆمەڵەی ژ- ك )یان پێكهێنا. كۆمەڵەی ژ- ك رێكخراوێكی داخراوو نهێنی بووو وەڵامدەری وەزعی تازەی كوردستان نەبوو. هەربۆیە وەك پێویستییەكی سیاسیو بە گوێرەی باروودۆخی نوێی رۆژهەلاتی كوردستان لە رۆژی 25ی گەلاوێژی 1324ی هەتاوی (بەرامبەر بە 16 ئووتی 1945 زایینی) لەسەر بناغەی كۆمەڵەی ژ- ك حیزبی دیمۆكراتی كوردستان لە شاری مەهاباد دامەزراو بەرنامەكانی خۆی بڵاو كردنەوە.
لەو كاتەدا حیزبی دێموكراتی كوردستان وەك حیزبێكی سیاسیو نوێو دیمۆكراتو پێشڕەو، بە سیاسەتێكی دروستو ئوسوولیو واقعبینانە، بە كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونی مێژووی خەباتی گەلی كورد، بە بڵاو كردنەوەی بەرنامەیەكی هەشت بەندی كە زۆربەی داخوازییەكانی نەتەوەی كوردی لە خۆ گرتبوو، بە خەباتو تێكوشانی شۆڕشگێڕانە، لە ماوەیەكی كەم (160 رۆژ)دا توانی هەستی نەتەوایەتیو بیرو باوەڕی دیمۆكراتی لە كوردستان دا بڵاو بكاتەوەو لەو بەشەی كوردستان، بە تایبەت ناوچەی موكریان دا، زەمینەی دامەزرانو راگەیاندنی كۆماری كورستان پێك بێنێ.
سەرئەنجام گەلی كورد بە رێبەرایەتی حیزبی دیمۆكراتی كوردستان لە رۆژی 2 ی رێبەندانی ساڵی 1324 هەتاوی دا، دامەزرانی كۆماری كوردستانی لە شاری مەهاباد راگەیاندو پێشەوا قازی مەحەممەد وەك یەكەم سەرۆك كۆماری كوردستان دیاری كرا.
كۆماری كوردستان بە بەراورد لەگەڵ جووڵانەوەكانی رابردوو جیاوازی بەرچاوی هەبوو. خاوەنی بەرنامەیەكی رێكو پێكو ئامانجی نەتەوایەتیو دیمۆكراتی مودێڕن بوو. زمانی كوردی كرا بە زمانی فەرمیو سوپای میللی لە ژێر ناوی هێزی پێشمەرگەدا پێكهاتو قوتابخانەی كوردی دامەزراو چەند رۆژنامەو گۆڤاری كوردی چاپو بڵاو كرانەوە. بۆ یەكەم جار یەكیەتییەكانی لاوانو ژنان دامەزرانو بە گشتی خزمەتێكی زۆر بە فەرهەنگو كولتووری كوردی كرا.
بەڕێوبەرانی كۆمار لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا، زۆربەی كێشە سیاسیو ئابووریو كۆمەڵایەتی یەكانو تەنانەت كێشە سنووری یەكانیشیان لەگەڵ دراوسێكانو نەتەوەكانی دیكە بە شێوەی دیمۆكراتیكو لە رێگای وتووێژی ئاشتیخوازانەوە چارەسەر دەكردن.
خاڵێكی بەهێزی دیكەی كۆماری كوردستان، ئەوە بوو كە بۆ هەموو نەتەوەی كورد جێگای هیواو ئاوات بوو، هەر بۆیەش بارزانیەكان بەڕێبەری خوالێخۆشبوو مستەفا بارزانیو زۆر كوردی دیكەی باشووری كوردستان لە كاروباری كۆماری كوردستان دا چالاكانەو بەرپرسانە بەشدار بوون، زۆر نوێنەری كورد لە توركیەو سووریەو تەنانەت لە دەرەوەی كوردستان، لە ئوروپاو ئەمریكاوە سەردانی كۆماری كوردستانیان دەكردو بە چاوی هیواو تاسەو ئارەزوو دەیانڕوانییە یەكەم حکومەتی مۆدێڕنی كوردی.
كۆماری كوردستان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا تا رادەیەكی بەرچاو ئەمنییەتو ئاسایشی بۆ خەڵك دابین كردو تەنانەت بۆ باشتر بوونی باری ئابووری كوردستان دەستی بە بازرگانی راستەوخۆ لەگەڵ یەكیەتی سوڤیەت كرد.
بەداخەوە كۆماری كوردستان زۆر نەژیا تا لە خزمەت كردن بە گەلی كورد بەردەوام بێ، بەڵام لەو ماوە كورتەش دا بەقەد دەیان ساڵ خزمەتی بە زمانو فەرهەنگو كولتووری كوردی كردوە. ماوەی 11 مانگ بۆ ئیدارە كردنو دابەزاندنی پلانو بەرنامە، ماوەیەكی زۆر كەم بوو، بەڵام گەلی كورد سەرەڕای نەبوونی ئەزموونی حكومەتداریو ئیمكاناتو هەروەها گەمارۆی دوژمن، دەری خست، شیاوی ئەوەیە كە مافی چارەنووسی خۆی بەدەستەوە بگرێو خۆی ئیدارە بكا.
بەداخەوە ئەو حكوومەتە ساوایە دوای 11 مانگ كەوتە بەر پەلاماری هێرشی دڕندانەی ئەرتەشی رێژیمی پەهلەویو رووخا. رێبەرانی كۆمار بەشێكی زۆریان گیرانو پاش دادگایی كردنێكی كورتی نیزامی لە سێدارە دران. پێشەوا قازی مەحەممەدو سەدری قازیو سەیفی قازی لە رۆژی 10ی خاكەلێوەی ساڵی 1326ی هەتاوی لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد لە سێدارە دران.
ئێستا كە حەفتا ساڵ بە سەر دامەزرانی ئەو كۆمارەدا تێدەپەرێ، نەتەوەی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان، رۆژی 2ی رێبەندان بە رۆژێكی نەتەوەییو كۆماری كوردستانیش بە یەكەم حکومەتی مودێرنی كوردی دەزاننو هەموو ساڵێك لە رۆژی دامەزرانیدا رێزی لێدەگرن. تا ئێستاش بەشێكی هەرەزۆری ئامانجەكانی كۆماری كوردستان، ویستو داخوازی نەتەوەی كوردنو ئەم كۆمارە هەمیشە وەك ئەستێرەیەكی پرشنگدار لە ئاسمانی كوردایەتیدا دەدرەوشێتەوە.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن له رێگهی فهیسبووكهوه:
لاپهڕهی بهڕێوهبهری ماڵپهڕ

