كومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بە بۆنەی حەفتا ساڵەی دامەزرانی كۆماری كوردستانەوە پەیامێكی بڵاو كردەوە.
دەقی پەیامەكە بهم شێوهیه:
٣٣٠ ڕۆژی پرشنگدار لە مێژووی كورد لە كوردستانی خۆرهەڵاتدا بە دەستی تێكۆشەرانێكو ڕێبەری زانایان تۆمار كرا. ئەو ٣٣٠ ڕۆژە نەك هێڵی دیاریكەری نێوان پێشو پاشی ئەو ڕووداوە گرینگە بوو، بەڵكوو بوو بە هەوێنی دووبارە پێناسەكردنەوەی نەتەوەیەكو سەلمێنەری ئیرادەیەكی گرینگو پڕبایەخی ئینسانیو نەتەوەیی.
مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، مانگی یەكەمی ١٩٤٦ی زایینی، ڕێك ٧٠ ساڵ پێش ئێستا، بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد، بە ڕێبەریی ڕێكخراوێكی مودێڕنو بەڕۆژ، بە پێشەوایەتیی پێشەوایەكی زاناو گیانفیدا، گەیشتە لووتكەی خەباتو هەڵكشانی خۆی، لە شاری مەهابادی كوردپەروەردا. لەو كاتەوە بە دامەزرانی كۆمار ئەو بزووتنەوەیە بەرگێكی نویی بەبەردا كراو دەركەوتەیەكی كردەیی لێ كەوتەوەو نەتەوەی كورد لە جوغرافیای كولتووریو میژووییەوە هاتە نێو جوغرافیای سیاسییەوەو بوو بە خاوەنی كیانێكی سیاسی.
ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤، ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦، لە مەیدانی چوارچرای هەمیشە چرای ڕێگا، پێشەوای نەمر بانگی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانی بە گوێی هەموو جیهاندا داو ئەوانەی تا دوێنیی كۆماری كوردستان، حاشایان لە بوونی نەتەوەیەك بەناوی نەتەوەی كورد دەكرد، بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردیو دروستكردنی كیانێكی سیاسی بە ناوی كۆماری كوردستان تاسان.
لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتی ئێرانی پڕ لە ستەمكارییو حاشاكردندا، بەتایبەت دوای گەیشتنی شەپۆلەكانی مۆدێرنیزاسیۆن بۆ ناوچەكە، هێندێك بەناو ڕووناكبیرانی سەر بە نەتەوەی فارس لە ئێراندا، تیۆرییە شۆڤێنیستییەكانیان وەرگرتو بەرگی سیاسییان بە بەردا كرد. ئەو بەرگە سیاسییە دوایە دەسەڵاتی ملهوڕو سەركوتكاری پەهلەویی لێ كەوتەوەو بناغەی سڕینەوەی نەتەوەكانی دیكەو جیاوازییە نەتەوەییو فەرهەنگییەكانیان لە ئێراندا دانا.
لە ڕاستیدا وڵاتێكیان وێران كرد كە پێشتر ئەگەر ستەمكاریی تێدا هەبوو، لانیكەم ئینكارو حاشاكردنی تێدا نەبوو، لە سەر ئەو وێرانەیە نەتەوەیەكی دەستكرد بەناوی نەتەوەی ئێرانیان بەزۆری زۆرداری لە سەر كاغەز دامەزراندو لە سەر ئەرزی واقیع، لەپێناو دروستكردنی وەها نەتەوەیەكی وەهمیدا، خوێنی بە هەزاران ڕۆلەی نەتەوە غەیرە فارسەكانی ئێرانیان ڕشتو كڵاوی پالەوییان بەزۆر بە سەر خەڵكدا كرد.
لە وەها دۆخێكی شۆڤێنیستیو سڕینەوەی نەتەوەكاندایە كە كۆماری كوردستان لەدایك دەبێو بەم شێوەیە نەتەوەی كورد وەزمان دێو بە هەموو گەلانی ئێرانو بە دەسەڵاتدارانی ناوەندنشینو پەراوێزكوژ دەڵێ كە، ستەمكارییو كوشتارو قڕكردن، چۆك بە نەتەوەی كوردو بزووتنەوە ڕەواكەی داناداو نەتەوەیەك كە ئامادەی خەباتو قوربانیدان لە پێناوی ئاواتو ئارمانەكانیدا بێ، نەك ناسڕدرێتەوەو ناتوێندرێتەوە، بەڵكوو ستەمكاریی ستەمكاران، پتەوترو لە سەر داواكانی سوورتری دەكاتو لە دەرفەتێكی لەباری مێژووییدا بزووتنەوەكەی گەشەیەكی زیاتر دەكاتو قۆناغێك لە ڕابردوو پێشتر دەچێو هەڵدەكشێ تا ئاستی دامەزرانی دەوڵەتی تایبەتی خۆی.
كاتێك كۆماری كوردستان دامەزرا، وڵاتی ئێران لە ژێر دیكتاتۆریی ڕەزاخانی دەرباز ببوو، بەڵام لە ژێر چەكمەی داگیركاریی هێزە هاوپەیمانەكاندا بەڕێوەدەچووو بۆیە ئەو دەسەڵاتەی لە تاران بوو، بەرهەمی بەرژەوەندیی هاوبەشی داگیركەرانی ئێران بووو نوێنەری ئیرادەی بیانیی دەكرد.
ئەو ئەرتەشە سەركوتكەرەی ڕەزاخان پێكیهێنابووو زۆری پێ دەنازین، بەرگەی یەك ڕۆژ هێرشی بیانیی نەگرتو هەر وەك پێشەوای نەمر باسی كرد، ئەرتەشێك بوو كە تەنیا بۆ سەركوتی خەڵكی بێدیفاع ئازا بووو لە شەڕی ڕاستەقینەدا پشتی لە دوژمن كردو ڕوو لە نێوخۆ ڕایكرد. لەو كاتەدا سەرلەبەری ئێران لە دەستی بێگانەدا بووو لەو هەلومەرجەدا كوردستان بە ڕێبەریی حیزبی دێموكراتی كوردستان، دەسەڵاتی نەتەوەییو خۆجێیی دامەزراند. لە دەورانی داگیركردنی ئێراندا، تەنیا كوردستانو حكومەتی دراوسێی، واتە ئازەربایجان، ئیدارەیەكی خەڵكییو نیشتمانییان تێدا دامەزرابوو.
كۆماری كوردستان كە بەرهەمی خەباتو فیداكاریی نەتەوەی كورد بوو، لە سەردەمی خۆیدا كە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دەست ملهوڕیی دەسەڵاتدارانو داگیركارییەوە دەیناڵاند، بوو بە دەسەڵاتێكی تاقانە لە سەرتاسەری ناوچەكەدا، چوونكە تەنیا دەسەڵاتی دێموكراتیك بوو كە پشتیوانیی خەڵكی لە پشت بووو لە نێو شاییو خۆشیی ئاپۆرای خەڵكدا دامەزرانی خۆی ڕاگەیاندبوو.
كۆماری كوردستان كە بۆ كورد نموونەیەكی هەرە دیارو كردەیی بۆ سەلماندنی بوونێكی نەتەوەییو دەرخەری واقیعی ئیرادەیەكی نەتەوەیی بوو، تەنیا لە شێوەی سەمبولیكداو تەنیا وەكوو ناو بۆ كورد گرینگیی نیە، بەڵكوو لەو دەسەڵاتە كورتخایەنو كەم تەمەنەدا، وێڕای كەموكووڕییەكان، زۆر كاری گرینگو دەسكەوتی گەورە وەدیهاتن كە لەو كاتەوە تاكوو ئەمڕۆ، ڕێنیشاندەری خەباتی نەتەوەیی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستانن.
ئاماژەیەكی خێرا بە هەندێك لە گرینگترین كارو بایەخەكانی كۆمار دەكەین:
یەكەم: كۆماری كوردستان، یەكەم حكوومەتی كورد لە شیوازی كۆماریدا بوو، كە ئاماژەیەكە بۆ وەرچەرخانێكی مێژوویی لە ئیرادەی سیاسیی كورد وكوردستاندا. هەتا پێش لە ١٩٤٦، كورد لە بەشەكانی كوردستان لە هێندێك بڕگەی جیاوازی میژوودا، خاوەنی دەسەڵاتی خۆجێیی بووەو لە ئاكامی هەندێك بزووتنەوەشدا حكوومەتی خۆجێیی ڕاگەیاندبوو، بەلام هەموو ئەو حكوومەتانە شكڵو شێوازی نەریتیو میریو پاشایەتییان هەبووەو لە دوایین نموونەشدا، حكومەتی شێخ مەحموودی نەمر لە سلێمانی، لە شیوازی مەلیكیو پاشایەتیدا ڕاگەیەندرا، بەڵام لە مەهاباددایە كە بۆ یەكەم جار حكوومەتی كوردستانی لە شكڵی كۆماریدا لەدایك دەبێ.
دووهەم: كۆماری كوردستان لە ١٣٢٤ی هەتاویدا، بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی خەباتی كورددا، لە ژێر ئیدارەو بەڕێوەبەریی حیزبێكی دێموكراتو مودێڕندا دادەمەزرا. هەرچەند حیزبی دێموكرات بۆ وەها كارێك كەم ئەزموونو تازە دامەزراو بوو، بەڵام خودی ئەو هەنگاوە گەورە مێژووییە، بوو بە ئەزموونێكی گرینگ بۆ بەڕێوەبەریی ئەمڕۆییو خەڵكی. بوونی حیزبێكی دێموكراتیكو ئەمڕۆیی پێویستییەكی حاشاهەڵنەگرە تاكوو بتوانێ نوێنەری ڕاستەقینەی گەل بێو دەسەڵاتەكە هەرچەند نەتەوەییو كوردییش بێ، بەرەو ستەمكارییو ملهوڕی هەنگاو نەنێ.
سێهەم: كۆماری كوردستان، سەمبولە پێویستەكانی بۆ پێناسەكردنی نەتەوەییو بۆ ناسینەوەی ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی كورد بەرهەم هێنا كە ئێستاشی لەگەڵ بێ، بزووتنەوەی ڕاستەقینەی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان بۆ كۆكردنەوەی ئیرادەكان لە دەوری تەوەرێكی بەهێز كەڵكی لی وەردەگرن. ئەو هێماو سەمبولانە بریتین لە ئاڵای كوردستان، سروودی نەتەوەیی، دیاریكردنی ناوی گیانفیداییانی گەل بە ناوی پێشمەرگەو زمانی كوردی بوو بە زمانی فەرمی.
چوارەم: لە كۆماری كوردستاندا هێزی پێشمەرگەی كوردستان دامەزراو هەوڵ درا هێزێكی نیزامیی بێ بۆ پارێزگاری لە دەسكەوتو بوونی نەتەوەییو لە ژێر فەرمانی حكوومەتدا بێ، نەك سەرۆك عەشیرەتو كەسایەتییەكاندا.
پێنجەم: كۆماری كوردستان بە باوەشی ئاوەڵاوە كوردی بەشەكانی دیكەی جێ كردەوەو لە بەرزترین ئاستەكاندا لە ئیدارەی كۆماردا جێی كردنەوەو بەوەش بە كردەوە نیشانی دا كە هەرچەند كوردستان بە سەر چەند وڵاتدا دابەش كراوەو كورد لە هەر بەشێك چارەنووسی جیاوازی هەیە، بەڵام لە ئاكامدا هەر یەك نەتەوەیەو یەك خاكە.
شەشەم: كۆماری كوردستان نەكەوتە داوی شۆڤێنیزمو لەگەڵ گەلی تورك لە ئازەربایجاندا هاوپەیمانیی پێك هێناو ڕێنیشاندەر بوو كە لە باتیی كێشەو گرفت سازكردن لە نێوان نەتەوەكاندا، دەكرێ ڕێگای هاوكارییو هاوپەیمانی بگیردرێتە بەر، تاكوو هەموو نەتەوەكانی ناوچە، پێكەوە هاوكار بن بۆ پێشكەوتنو گەشانەوە.
ئەو دەسەڵاتە كورت تەمەنە، بەداخەوە لە ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٥ی هەتاویداو لە بەرانبەر هێرشی ئەرتەشی پەهلەویدا خۆی نەگرتو بە دەستی هێزی نیزامیی تارانو هاوكاریی هێزە بیانییەكان ڕووخا. كۆماری كوردستان وەكوو هەموو دیاردەیەكی مرۆییو سیاسی، بەدوور نەبووە لە كەموكورتیو لە خاڵە لاوازەكانی دەتوانین ئاماژە بەمانە بكەین:
- كۆماری كوردستان تەنیا بەشێكی كورتو بەرتەسكی كوردستانی گرتەوەو كۆمار نەیتوانی لە بواری كردەییدا هەموو خاكی كوردستان بخاتە ژێر دەسەڵاتی سیاسیی خۆیەوە.
- ئەو كۆمارە لەبواری ئیدارەو بەڕێوەبەرییەوە كەم تەمەنو كەم ئەزموون بووو كادری شارەزای پێویستی بۆ حكوومەتو بەڕێوەبەری لەبەردەستدا نەبوو.
- هەرچەند هەوڵ بۆ دروستكردنی هێزێكی نیازمیی نەتەوەیی درا، بەڵام لەبەر پێكهاتەی دواكەوتووی كۆمەڵی كوردەواری، تێیدا سەركەوتوو نەبووو هێزە نیزامییەكەی، بەرفراوانییەكەی هەر وەكوو هێزی عەشیرەیی مابووەوەو لە كاتی تەنگانەدا پشتیان لە كۆمار كرد.
بەهەموو گرفت وكەموكووڕییەكانی كۆماری كوردستانەوە، ئەو دەسەڵاتە نەتەوەییە لە میژووی كورد وكوردستاندا، بڕگەیەكی پڕشانازیو قۆناغێكی زێڕینە كە تێیدا ئاواتی نەتەوەیەك لە ڕێگەی ئیرادەیەكی شۆڕشگێڕانەوە بە كردەیی كراو كیانێكی سیاسیی لێ كەوتەوەو لەو كاتەوە تاكوو ئێستا، دووبارە بونیاتنانەوەی وەها كیانێكی نەتەوەیی، بووە بە خولیاو ئارمانی نەتەوەی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستاندا.
ناكرێ باس لە كۆماری كوردستان بكرێ، بەڵام گیانفیداییو تێكۆشانی كوردەكانی بەشەكانی دیكەی كوردستان كە ڕوویان لە قیبلەگای مەهاباد كردبوو فەرامۆش بكرێو باس نەكرێن. ئەو هەموو سیاسییو چالاكەی كورد لە هەموو بەشەكانو ئەو نووسەرو ڕووناكبیرو فەرهەنگییانەی كورد كە دەچوونە كۆمارو خزمەتیان بە بزووتنەوەی كورد دەكرد، خزمەتو زەحمەتەكانیان فەرامۆش نەكراوو جێگای ڕێزە. لەو نێوەدا بەتایبەتی دەبێ باس لە تێكۆشانی بارزانییەكان بە ڕێبەریی مەلا مستەفای نەمر بكرێ كە بە هەموو شێوەیەك لە خزمەتی كۆماری كوردستاندا بوونو هەروەها دەبێ یاد لە ئەفسەرانی كورد بكرێ كە لە باشووری كوردستانەوە هاتبوون تا خزمەت بە حكوومەتی كورد بكەنو دوایەش بەداخەوە لە لایەن دەسەڵاتی بەغداوە لەسێدارە دران.
لەو كاتەوە كە كۆماری كوردستان دامەزرا تاكوو ئێستا، دوژمنانی كوردو بەتایبەت دەسەڵاتی تاران چ لە سەردەمی پاشایەتیو چ لە سەردەمی كۆماری ئیسلامیدا، ئەو كۆمارەیان بەوە تاوانبار كردووە كە دەستكردو ئامرازی دەستی ڕووسەكان بووە. بە پێچەوانەی ئەو تۆمەتباركردنەی دوژمنان، كۆمار نەك دەستكردی بیانی نەبوو، بەڵكوو كورد ئیرادەیەكی نەتەوەیی بۆ گەیشتن بە مافەكانی هەبووەو هەیەو لەو سەردەمدا لە هەلومەرجی جیهانییو ناوچەییو دەرەتانی سیاسی، كەڵكی بەجێی وەرگرتو كیانی سیاسیی خۆی دامەزراند. ئەمە لە كاتێكدایە كە هەر ئەو كات دەسەڵاتی پاشایەتی بە ڕێككەوتنی لەگەڵ ڕووسەكانو بە پێدانی ئیمتیازی نەوتی باكوور بە ئەوان، سەلماندی كە دەسەڵاتێكی سەر بە بێگانەو داگیركەرانەو هەموو ئیمتیازێك بە بێگانەكان دەدا تاكوو دەسەڵاتە ملهوڕەكەی بەردەوام بێ، ئێستاش لە ئاكامی نیزیك بە چوار دەیە حكوومەتی سەرەڕۆی كۆماری ئیسلامیدا، بۆ هەموو لایەك ڕوون بۆتەوە كە دەسەڵاتی دیكتاتۆری لە تاران، بۆ بەردەوامییو مانەوەی ستەمكارییەكانی، ئامادەی هەموو جۆرە ئیمتیازدانێك بە بێگانەیە. گەر كۆماری ئیسلامی سەردەمانێك دروشمی بریقەداری "نە شرقی، نە غربی" دەدا، لە ئێستادا بە سازان لەگەڵ ڕۆژئاوا لە سەر پەروەندە ناوكییەكەی، هەم گەورەترین ئیمتیازەكان بە ڕۆژئاوا دەدا تاكوو ڕژیمەكەی بەردەوام بێو هەم بەتەواوی بۆتە پاشكۆو ژێردەستی ڕووسەكان لە ناوچەكەدا، هەم بەرژەوەندییەكانی ڕووسیە دەپارێزیو هەم لە نیو ئێراندا سەروەتو سامانی وڵات بە هەرزان دەخاتە نێو گیرفانی ئەوانەوە، تەنیا بەو مەبەستەی كە چەند ڕۆژێك دەسەڵاتە نگریسەكەی درێژە بكێشێ.
ئێستا دوای ٧٠ ساڵ لە دامەزرانی كۆماری كوردستان، ئێمە ڕۆڵەكانی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان، هەم شانازی بە وەها دەسەڵاتێكەوە دەكەینو هەم وەكوو ناسێنەرێكی نەتەوەییمان پێناسەی دەكەینو هەم ئاواتو ئارمانە بەرزو ئینسانیو نەتەوەییەكانی زیندوو ڕادەگرینو لە پێناوی وەدیهێنانیدا بەردەوامین لە سەر ڕێگای خەباتو تێكۆشانو گیانفیدایی.
لە كۆتاییدا، یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی كۆماری كوردستان، لە هەموو كوردستانیان، لە نەتەوەی كورد لە هەموو بەشەكانو لە هەموو گۆشەیەكی جیهانو لە هەموو پێشمەرگەكانی كوردستانو لە بنەماڵەی شەهیدانو زیندانیانی سیاسی پیرۆزبایی دەكەین.
بەهیوای دووبارە وەدیهاتنەوەی ئاواتو ئارمانجەكانی دامەزرێنەرانی كۆماری كوردستان
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كومیتەی ناوەندی
٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی
٢٠ی ژانویەی ٢٠١٦ی زایینی
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن له رێگهی فهیسبووكهوه:
لاپهڕهی بهڕێوهبهری ماڵپهڕ

