هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

نرخی ئازادی

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

elham_-_azadi

زۆربەی هەرە زۆری نەوەی ئێمە شەڕە گەورەكانی جیهانییان نەبینیوە، شەڕی یەكەمی جیهانی، شەڕی دووهەمی جیهانی. لەسەر چۆنییەتی و وردەكارییەكانی ئەم شەڕانە یان لە پەرتوكەكاندا خوێندوومانە و یان لە فیلمەكاندا تەماشامان كردووە. بەڵام لە دوای ساڵی 1980 ئاڵوگۆڕێكی یەكجار زۆر بەسەر جیهاندا هاتووە كە هەموو ئەو ئاڵوگۆرانە شوێندانەرییان لەسەر ژیانی هەموومان داناوە.

لەم ساڵانەدا كە باسمان كرد دیواری برلین رووخا، بلووكی كۆمۆنیستی هەرەسی هێنا، یەكیەتیی سۆڤیەتی پێشوو پارچە پارچە بوو و وڵاتانی پێكهێنەری بە سەربەخۆیی گەیشتن. وڵاتی یوگوسڵاوی تێكشكا و دیكتاتۆرەكانی وەك جیوكوو و چاویشیۆزكۆ بە ئیرادە و شۆڕشی خەڵك لەناوبران.

لە هێندێك لەم شۆڕشانەدا خوێنی خەڵكی بێتاوان رژا، هێندێكیان ساڵیانی دوور و درێژ ناچار بە ژیان لە هەندەران كران و لە سەرەكیترین مافەكانیان بێبەش بوون و لە ئاكامدا ناچار بە سەرهەڵدان و دەربڕینی نارەزایەتی بوونەوە. هێندێك لەم وڵاتانە لە جێگیركردنی دێموكراسی و بەكار هێنانی وەكوو سیستمێكی دەسەڵاتدارێتی سەركەوتوو بوون و توانیان لە وڵاتی خۆیان دێموكراسی پەرە پێ بدەن. بەڵام لە گشتی‎دا كەشوهەوای گۆڕان، ئازادی و بەرەو دێموكراسی چوون لە ساڵی 1980 هەتا ئێستا هەروا بەردەوامە و درێژەی هەیە.

لە ئاكامدا ئەم شەپۆلە گەیشتە وڵاتانی ئافریقایی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێش لە هەموویان تونیس و دواییش میسر لە ژێر چنگی دیكتاتۆری رزگاریان بوو. وڵاتی لیبی دوای 42 ساڵ لە دەست دیكتاتۆرێك كە هەر قسەی دەبوو بە یاسای ئەو وڵاتە رزگاری بوو. لە سوریە و یەمەنیش وا دیارە هەتا سەركەوتنی ئیرادەی خەڵك شۆڕشەكە و ناڕزایەتییەكان بەردەوام دەبێت. بە تایبەت حوسنی موبارەك لە میسر و قەزافی لە لیبی‎دا زۆر بەهێز دیار بوون و رووخانیان بۆ بەشێك لە وڵاتانی جیهان چاوەڕوان نەكراو بوو. حكوومەتەكانی میسر و لیبی ماوەیەكی زۆریان دەوێ تا بتوانن بە تەواوی سەقامگیر بن، بەڵام لە ئاكامدا لە هەمبەر 40 ساڵی رابردوو، بارودۆخیكی باشتریان دەبێت و خەڵكی زوڵملێكراوی ئەم وڵاتانە لەژێر دەسەڵاتی دیكتاتۆری رزگاریان دەبێت و بەرەو ژیانێكی باشتر و ئینسانی‎تر دەچن. نە هێزی سوپا توانی حوسنی موبارەك دەرباز بكات و نە بارودۆخی باشی ئابووریی لیبی توانی قەزافیی لە هەڵدێران و لەناوچوون رزگار بكات.

بەڵام نرخی گەیشتن بە ئازادی لەم وڵاتانە چەندە بوو؟

دوكتور "سەهیم سەرگاوا" لە درێژەی لێكۆڵینەوەكان و راپرسینێكی زۆر، بۆی دەركەوت كە بەشێك لە دایكانی لیبیایی لە دوایین رووداوەكانی وڵاتەكەیان چ چیرۆكێكی تاڵیان هەیە. دوكتور " سەهیم سەرگاوا" كە لە لەندەن دەروونناسیی منداڵانی خوێندووە باس لەوە دەكات كە لە وڵاتی لیبی‎دا 4 هەزار منداڵ تووشی كێشەی دەروونی بوون و 259 دایكیش دەستدرێژی جینسی‎یان پێكراوە. دوكتور سەهیم لەسەر ئەم باوەڕەیە كە رادەی دایكان و بە گشتی ئەو ژنانەی كە دەستدرێژیان لەسەر كراوە زۆر لەمە زیاترە و ئەم ژنانە لە لایەن هێزەكانی رێژیمی قەزافی دەستدرێژیی جینسییان پێكراوە.

ئەو دەڵێت زۆربەی ئەم ژنانە پێیان خۆش نیە كە ناوەكانیان ئاشكرا بێت و كەس پێیان بزانێ كە چییان بەسەر هاتووە، بەڵام هێندێكیان بۆ خستنەڕووی زوڵم و ئازاری هێزەكانی رێژیمی قەزافی لە مەڕ ژنانی لیبیایی ئامادە بوون باس لە بەسەرهاتی خۆیان بكەن.

یەكێك لەم دایكانە دەڵێت: "پێش لە هەمووشتێك دەست و لاقی هاوسەرەكەمیان بەستەوە، پاشان لەپێش چاوی هاوسەرەكەم و برای هاوسەرەكەم دەستدرێژی جینسییان پێكردم، لە كۆتاییشدا هاوسەرەكەمیان كوشت". ژنێكی دیكەش دەڵێت:"دوای ئاگردانی ماڵەكەمان، هێزەكانی قەزافی لە پێش چاوی 4 منداڵەكەم دەستدرێژیان پێكردم". ئەو دەڵێ هەوڵی داوە لە رێگای بەندەر و زەریا خۆی رزگار بكات، بەڵام بە هۆی ئاڵۆزی و شێواویی ئەو ناوچەیە كە لە درێژەی تۆپبارانەكاندا هاتبووە ئاراوە هەر چوار منداڵەكەم لێم وون بوون.

دوكتور سەرگاوا لەگەڵ 140 ژن لەو ژنانە قسەی كردووە تاكوو بتوانێت ئەوان بە قەناعەت بگەینێ سكاڵای خۆیان ئاراستەی سیستەمی دادی ئەو وڵاتە بكەن و داوای مافی خۆیان بكەن، بەڵام هیچییان حازر نەبوونە ئەم كارە بكەن. هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە سەر ترس لە بنەماڵە كە بە تاوانی پاراستنی نامووس گیانیان لە دەست بدەن و یان مێردەكانیان بەجێیان بهێلن.

وەك هەموو شۆڕشەكان و بزاڤە ئازادیخوازانەكان لێرەش دەبینین قوربانیانی سەرەكی لە ژنان و منداڵان پێك دێن. هەروەها كە لێكۆلینەوەكانیش ئەم راستییەن دەرخستووە كە زۆربەی بریندارەكان و كوژراوەكان لە ژنان و منداڵانی بێتاوان پێك هاتوون. هیوادارین لە دوای ئەم نرخە گەورەیە كە زیاتر ژنان و منداڵان داویانە، لە دوارۆژی لیبی ژیانێكی ئینسانی چاوەڕوانی ژنانی لیبیایی بكات.

 

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1783
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy