له وتاری پێشوودا باسمان له‌و ههلومهرجو بارودۆخه كرد كه تاكی ئێرانی ناچار ده‌كه‌ن بڕۆنه سه‌ر سندووقه‌كانی دهنگدانو وێڕای نابه‌دڵی، به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بن.
له بابه‌تی پێشوودا له‌مه‌ڕ هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی ده‌یه‌می مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامیی‌و ئه‌و كهسو لایه‌نانه‌ی كه باسیان له به‌شداریی هه‌لبژاردنه‌كان كردووه، نووسیبوومان كه:
"له بابه‌تی داهاتووی تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی ده‌یه‌می مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی به وردی ده‌پرژینه سه‌ر ئه‌م لایهنو به‌ره‌و تاقم‌و ده‌ستانه‌و به تایبه‌تی به‌ره‌ی به‌ناو به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كورد. تاكوو بۆمان ڕوون ببێته‌وه گه‌لۆ له كۆماری ئیسلامییدا كه مافی ئه‌وه نادات هیچ حیزبێكی ناوچه‌یی ناوی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراوی به‌سه‌ره‌وه بێت، چلۆنهو به‌پێی چ پێوه‌رێ، به‌ره‌یه‌ك خۆخوێندراو كه هه‌ڵقوڵاوی ویست‌و داوا ڕه‌واكانی خه‌ڵكی كورد نییه، پێی وایه كه هه‌ڵبژاردنه‌كان له كۆماری ئیسلامییدا ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ به‌شداری له دهسهڵاتو له‌م ڕێگه‌یه‌وه خه‌ڵك هان ده‌ده‌ن بۆ دهنگدانو چوونه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان...."
به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كورد كێن؟
به‌ره‌ی به‌ناو یه‌كگرتووی كورد، حیزبێكی بێ مۆڵه‌تی خۆخوێنراوی سیاسییه، كه ئامانجی خۆی له پێشكه‌وتنی به‌رنامه‌كانی گه‌شه‌ی ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی وڵاتی ئێران‌و بۆ وێنه ناوچه كوردنشیهنهكان، دابین كردنی خوشبژێویی خه‌ڵك‌و پێش‌گرتن له هه‌ڵاواردن پێناسه كردووه. ئه‌م به‌ره‌یه له سه‌ره‌تاكانی ساڵی 1384 به هاوكاری كۆمه‌لێك له چالاكانی سیاسی‌و فه‌رهه‌نگیی كورد دامه‌زاروه.
دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م به‌ره‌یه، ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی چالاكی ئه‌م گرووپه‌یان "دێموكراسیخوازی، دادوه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و گه‌شه‌ی هاوسه‌نگ" له چوارچێوه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێران ڕاگه‌یاندووه‌و جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر مافی شارۆمه‌ندانی كورد له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.
له كورته‌یه‌ك له مانیفێستی ئه‌م به‌ره‌یه‌دا هاتووه كه:
• به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كورد، به‌ره‌ی ئه‌و كوردانه نییه كه دژی نه‌ته‌وه‌یه‌ك‌و یان خهڵكانێكو یان فهرههنگێگو بیروبڕوایهك یه‌كیان گرتبێت.
• به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كورد، به‌ره‌ی ئه‌و كوردانه‌یه كه بۆ داكۆكی له ئارمانجه‌كانی شۆڕشی ڕیبه‌ندانی 1357و داخوازییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران یه‌كیان گرتووه.
هه‌ر له یه‌كه‌مین خاڵه‌كانی مانیفێستی ئه‌م به‌ره‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ كه به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كورد به‌ره‌ی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانی ئێران نییه‌و ته‌نیا به‌ره‌ی كۆمه‌ڵێك كه‌سه كه قازانج‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له چوارچێوه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا پێناسه كردووه كه خودی ئه‌و یاسایه پێشێلكه‌ری ماف‌و ئازادییه‌كانی زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران‌و یه‌ك له‌وان نه‌ته‌وه‌ی به‌شخوراوی كورده. كه‌واته به‌بێ هیچ دوڕدۆنگییهك داخوازیی‌و بانگه‌شه‌ی ئه‌م به‌ره‌یه بۆ به‌شداری كردنی خه‌ڵكی كوردستانی ئێران له شانۆی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، نه ته‌نیا له قازانج‌و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كورد له كوردستانی ئێران‌دا نییه، به‌ڵكوو زیاتر پڕوپاگه‌نده‌یه‌كه بۆ وه‌رگرتنی پوانو كارئاسانی زیاتر له ده‌سه‌ڵاتدارنی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی بۆ په‌ره‌و گه‌شه‌ی چالاكییه ئابوورییه‌كانی ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م به‌ره‌یه.
كه‌واته بانگه‌شه‌ی ئه‌م به ناو به‌ره‌یه هیچ كات ناتوانێ هانهیهكی به‌هێز بێ بۆ ڕاكێشانی سه‌رنجی خه‌ڵكی كوردستان بۆ سه‌ر سندووقه‌كانی دهنگدانو گه‌رم كردنی بازاڕ‌و ته‌نووری هه‌ڵبژاردنه فۆرمالیتهكانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
چونكوو له ئیستادا به جوانی بۆ هه‌مووان ده‌ركه‌وتووه كه ئه‌م به‌ره‌یه‌و ئه‌و تاقم‌و كه‌سانه‌ی كه له ئێستادا بانگه‌شه‌ی به‌شداریی خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌كه‌ن، ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ خه‌ریكن وڵامی داخوازیی ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌ده‌نه‌وه كه به شێوه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر ده‌ستی سووره به خوێنی هه‌زاران تێكۆشه‌ری گه‌لی كورد‌و یه‌ك له‌وان، ڕێبه‌ری هه‌ڵكه‌وتووی گه‌له‌كه‌مان، سكرتێری پێشووتری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، شه‌هیدی نه‌مر دوكتور سه‌عید شه‌ره‌فكه‌ندی. هه‌رچه‌ند كه‌س گومانی له‌وه نییه كه ده‌ستی ئه‌و نابهڕێزه سووره به خوێنی شه‌هیدی ڕێبه‌ر دوكتور قاسملوو، به‌ڵام له ڕه‌وتی دۆسیه‌ی میكۆنووسدا، دادگای فێدراڵی ئاڵمان خامنه‌یی وه‌ك سه‌ره‌كیترین تاوانبار‌و بڕیارده‌ری تێرۆری شه‌هید شه‌ره‌فكه‌ندی ناوزه‌د كردووه، بۆیه ئێمه‌ش وه‌ك فاكت له‌م بابه‌ته‌دا كه‌ڵكمان لێ وه‌رگرتووه.
كه‌واته به ئاسانی ڕوون ده‌بێته‌وه كه نه‌ك به‌ره‌ی به‌ناو یه‌كگرتووی كورد‌و نه‌ك هیچ تاقم‌و لایه‌نێك‌و تاكێكی دیكه كه بانگه‌شه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی مهجلیسهینی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كه‌ن، نوێنه‌ری خه‌ڵكی كورد نین، به‌ڵكوو به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له به‌رامبه‌ر ویست‌و ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد له كوردستانی ئێران وهستاونو به جۆرێك دژی داوا ڕه‌واكانی خه‌ڵكی كورد له كوردستانی ئیرانن.
له حه‌تووی ڕابردوودا خامنه‌یی رێبه‌ری ڕێژیم به پانه‌وه داوای له خه‌ڵكی ئێران كرد كه به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، به تایبهتیو به ئاشكرا باسی له‌و كهسو لایه‌نانه‌ش كرد كه هه‌رچه‌ند دژی ناوبراون، به‌ڵام له‌به‌ر قازانج‌و به‌رژه‌وه‌ندی ئێران به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن.
هه‌روه‌ك بۆمان ده‌ركه‌وتووه كه به‌ره‌ی به‌ناو یه‌كگرتووی كورد به هیچ جۆرێ، دژی ڕێبه‌ری ئه‌و ڕیژیمهو سیستمی كۆماری ئیسلامیی ئیران نین چونكوو ئایدیا‌و ئیدیالهكانیان له چوارچێوه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی ئه‌و ڕێژیمه پێناسه كردووه.
به‌ڵام لێره‌دا مه‌به‌ستی ئێمه ئه‌و به‌ناو حیزب‌و ڕێكخراوانهن كه له شوناس‌و ئامانجه‌كانی خۆیاندا تووشی بشێویی نێوه‌ڕۆك هاتوونو له درێژه‌ی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و ڕێژیمه‌دا هاتوونه‌ته سه‌ر ئه‌و بڕوایه كه به‌شداریی كردنی خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و ده‌رفه‌تانه‌یه كه ده‌توانێ له كورتخایه‌ن‌و درێژخایه‌ندا به قازانجی خه‌ڵكی ئێران بشكێته‌وه.
ئه‌م به‌ناو حیزب‌و ڕێكخراوانه ڕاسته‌وخۆ وهڵامدهرو لهبهیك بێژی داواكه‌ی خامنه‌یین، چونكوو ئه‌و به‌ناو حیزب‌و ڕێكخراوانه به ئاشكرا دروشمی ڕووخان‌و نه‌مانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئیرانیان هه‌ڵگرتووه‌و له‌ملاشه‌وه به هۆی ڕمانی ئایدیا‌و فه‌لسه‌فه‌ی بنه‌ڕه‌تیی پێكهێنانیان، زۆر ساویلكانه داوا له خه‌ڵك ده‌كه‌ن كه به‌شداری هه‌ڵبژاردنێ بكه‌ن كه سووڕانه‌وه له بازنه‌ی بهتاڵدایه.
بۆیه به خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروست له‌و واقیعه‌ی كه خه‌ڵكی ئێران‌و تاكی ئێرانی به پێی چوارچێوه‌ی داڕێژراوی سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیهـ، ئێختیارو ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های خۆی لێ زه‌وت كراوه‌و پیشانی ده‌درێ كه ده‌نگ به كێ بدات‌و بۆی دیاری ده‌كه‌ن كه ده‌توانێ كێ له نێوان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێشتر دیاری كراون‌و دیاریكراوی خودی تاك نین، كه‌سێك ههڵبژێرێو به‌م شێوه‌یه سه‌ربه‌خۆیی تاكو سه‌ره‌وه‌ریی تاك ده‌چێته ژێر پرسیار‌و سووكایه‌تی به مافی سه‌ربه‌خۆیی تاك ده‌كرێ، ڕوون ده‌بێته‌وه كه بایكۆت له وه‌ها سیستمێك‌دا باشترین هه‌ڵوێسته، هه‌ڵوێستێك كه ده‌یسه‌لمێنێ كه‌س بۆی نییه ڕێ‌و شوێنێكی دیاریكراو به‌سه‌ر ناخی تاكدا بسه‌پێنێ.
بابه‌تی پێوه‌ندیدار:
ـ هه‌ڵبژاردن‌و سیستمی حاكمییه‌ت له ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا... (به‌شی یه‌كه‌م)
ـ هه‌ڵبژاردن‌و سیستمی حاكمییه‌ت له ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا... (به‌شی دووهه‌م)
ـ چاوه‌ڕوانیی بێهووده له سیستمێكی فه‌شه‌لدا
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوه‌ندی گرتن له رێگه‌ی فهیسبووكهوه:
لاپه‌ڕه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕ

