حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە مێژووی سیاسیو خەباتی نەتەوایەتی خۆی لە ڕۆژهەلاتی کوردستاندا روبەرێکی گەلێك فراوانی لەسەر نەخشەی سیاسیو رووداوەکانی کوردستانو ئێران بۆخۆیگرتووەو کاتێك باس لە سەر شێوەی چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان دێتە ئاراوە هەموو ئاڕاستەکان روو لە حیزبی دێمۆکڕات دەکەن. حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە هەلومەرجێکی زۆر ناسكو دژواری سیاسیو کۆمەڵایەتیو ئابووری بە هۆی بیرمەندی تێکۆشەرێکی ڕاستەقینەی خەباتی سیاسیو نەتەوایەتی گەلی کورد پێشەوا" قازی محمد" لە سەر بنەماو میکانیزمو میتۆدی پێشکەتوو دادەمەزرێو ئامانج لە پێك هێنانی حیزب لە سەردەمی پێش ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا، بەدڵنیایەوە حیکمەتی سیاسیو نەتەوایەتی تایبەت بەخۆی هەیەو ژینگەی خەباتی سیاسی گەلی کورد پێویستی بە هێزێکی ئەتۆ مۆدێڕنو شۆڕشگێربوو کە بەرنامەو ئامانجی ڕزگاری نەتەوەی هەبێت. ئامانجە سیاسیو نیشتیمانیەکانی حیزب بەشێكی گرینگبووون لە خواستو داخوازی ڕەوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەو سەردەمەداو ئەوکات زۆر بەخێرای ئەو تیگەیشتنە دروستبوو کە هێزێکی بەتەواوی دێمۆکڕاتو پێشکەوتنخوازی جەوهەری دەتوانێت ڕۆڵی بەرچاو لە خەباتی سیاسیو نەتەوایەتیدا بە ئەستۆبگرێو ئازادیخوازانی کوردی هەر چوار بەشی کوردستان بەرەو هەنگاوی گەورەو گرینگی بزووتنەوەی نەتەوەی ڕێبەری بکات. ئەو کارە باشو خزمەت بە گەلو نیشتیمانیەش کاڵایەكبوو بۆ بەژنی لارو بەرزی حدکا بڕابوو. حیزبی دێمۆکڕات لە قۆناخە جیا جیاکانی خەباتو تێکۆشانی بەردەوامیدا، دەست خۆشی گەلێك سەرکەوتنو گەشەکردنی سیاسیو فیکری بووەو هەر لەو پەیوەندیەشدا وشیاری نەتەوەی وەك تەنیا ڕێگای ڕزگاری گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا تەماشاکردوەو کاتێك کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد لەسەرئەساسی بنەمایەکی بەتەواوی نەتەوەی دادەمەزرێتو لە ماوەی تەمەنی کورتی حکوومەتی کوردستاندا، کۆمەڵێك دەسکەوتو شانازی زۆر گەورەو گرینگ بەدی دێن. ڕوانینی سیاسی حیزب بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان لەسەر ئەساسی پشتیووانی ماددیو مەعنەوەی خاسبووەو هیچ کاتێك بۆ قازانجی خۆی زیانی بە شۆڕشی کوردستان نەگەیاندوەو زۆر جار لەو پەیوەندیەدا زوڵمی زۆریشی لێکراوە، بەڵام لە" پێناوی ئامانجی ڕزگاری نەتەوەیو یەکڕیزی نێوماڵی کورد دا، ددان بەخۆداگرتنی هەڵبژرادوە". شانازی دامەزراندنی حکوومەتی کوردستان لەشاری مەهاباد تەنیا بەهاوکاریو پشتیووانی خەڵکەکەی بووو ئەو رووداوە سیاسیو نەتەوەیەش بێگوومان بەرهەمی وشیاری نەتەوەی ئەو بەشەی چینو توێژە کۆمەڵایەتیەکانی کوردستانبوو کە ئەو زەمینەی پێك هێنا هەتا حکوومەتی کوردستانی تێدا ڕابگەیەندرێتو "حەڵاڵیە" مێژوویەکەیو دەسکەوتەکانی تەنیا مافی سیاسی حدکایەو ناکرێت" تاپۆی" ئەو سەروەریە گەورەو مێژوویە بەناوی کەسێكو حیزبێکی دیکەوە بکرێت. حیزبی دێمۆکڕاتو ڕێبەرانی تێکۆشەرو کوردپەروەری هەر لەسەردەمی ڕاگەیاندنی حکوومەتی کوردستانو شاکانەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر بارەگاو دامودەزگای حکوومەتی کوردستاندا، توانی بۆ یەكمجار لە مێژوودا ژنان بەشداری خەباتی سیاسیو کۆمەڵایەتی وێرای پیاوان پێبکاتو هەرلەو ڕاستایەشدا لاوان وەك توێژێکی گرینگی کۆمەڵگای کوردستان دەرەتانی خەباتی سیاسیو مەدەنیان بۆ پێك هات.
ڕۆژنامەو گۆڤاری کوردی لەو سەردەەمەدا چاپو بڵاوکرانەوەو کەشو هەوایەکی سیاسیو کۆمەڵایەتیو ئابووریو بازرگانی گۆنجاو بۆ دانیشتووانی ئەو هەرێمەی دەسەڵاتی کۆماری گەیشتبوویە پێك هاتبوو. سوپای میللی کە بەهێزی پارێزەری کۆمارو دەسکەوتە بەدەستهاتووەکان لە مێژوودا ناسراوە، بە بڕیاری سەرۆك کۆماری کوردستان" پێشەوا قازی محمد " دامەزرا. ئاڵای پیرۆزی کوردستان بە بەشداری نوێنەری هەرچوار بەشی کوردستان لە چوارچرای شاری مەهاباد دەست نیشانکراو شانازی دیاری کردنی نێوی پیرۆزی پێشمەرگەیش لەو سەردەمەدا تۆمارکرا. هەر چەندە ماوەی حوکمڕانی کۆمار کەمتر لە ساڵێك بوو، بەڵام ئەگەر لە گەڵ دەسکەوتەکانی مقایسەی بکرێت هەرگیز باوەرناکرێت لەو ماوەکورتەدا ئەو هەموو کارە بکرێو وەك دەسکەوتو هەوێنی خەباتی سەردەمیانە لاپەرەکانی مێژوویان پێ بڕازێنرێتەوە. ئاستی سیاسیو دیپلۆماسی زۆر باشەی پەرەی پێدرابووو دۆستایەتی کۆمار لە گەڵ دۆستو هاوپەیمانەکانی لەسەر بناخەی بەژەوەندی سیاسیو نەتەوەی هاوبەش دامەزرابووو لە پێناوی خوانێکی بچکۆڵەدا، ئامانجە سیاسیو نەتەوەیەکان پشتگوێ نەخرابوون. سنووری حوکمڕانی حکوومەتی کوردستان بە هۆی هەولومەرجی سیاسیو بەردەوامی شەڕی دووهەمی جیهانیو باروزروفی ژینگەی سیاسیو ئەمینەتی کوردستان، نەیتوانی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو کوردستاندا فراوان بکات. لە ماوەی دەسەڵاتی حکوومەتی کوردستاندا ئابووریو بازرگانی بەشێوەیەکی زۆر درەوشاوە گەشیان پەیداکردو دزیو قاتو قوڕی نەمابووو لە دامودەزگای حوکـرانیشدا گەندەڵی بە هیچ جۆرێك بوونی نەبووەو بەهەدەردانی سەروەتو سامانی نیشتیمانی بە خڕاپەیەکی گەورە دانراوە. پێك هێنانی وەزارەتو داموودەزگای نوێی ئیداری نەموونەیەكی روونی بە دەوڵەت بوونی کورد دەگەیەنێت، هەربۆیەش دوژمنانی حیزبی دێمۆکڕات بە درێژای مێژوو هەوڵی لەسەردانی سەری بزووتنەوەی سیاسیو نەتەوەیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دراوەو بەداخەوە ڕێبەرانی کراونەتە ئامانجو لە نوێبراون. دامەرزانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە گەرمەی شەری دوو هەمی جیهانیدا، لە مێژووی نوێی گەلەکەماندا بەسەرەتای نوختە کۆڕانێکی زۆر گەورەو گرینگ لە مێژووی سیاسی کورددا سەیردەکڕیت. پێشەوای نەمر بە هۆی هەبوونی کەسایەتی دیارو ئەزموونی سیاسیو کۆمەڵایەتیو هەرلەوکاتەیشدا پەرۆشی بۆ ئەوەی کورد لە سەرخاكی خۆیدا بەئازادیو بەدوور لە دەست تێوەردانی داگیرکەرانی کوردستان، بڕیار لەسەر شێوەی ژیانو ئیدارەدانیخۆیبدات و، بەرفراوانی خواستو ئامانجی قازی محمد توانی ببێتە هەوێنی ئەو قۆناخەی کە پاشان کۆماری کوردستانی تێدا دادەمەزرێت. هەتا ئێرە زۆر توێژینەوەو لێکۆڵینەوە لەسەر زەمینەی پێك هاتنی کۆمار کراوەو لە پەراوێزی ئەو باسانەیشدا، ئاماژە بە هۆیەکانی تێکچوونی دەوڵەتی کوردستان دراوە کە دیارترین کتێبو لێکۆڵینەوەیش کە بەتەواوی "ئۆبژیکتیڤ" بوونی تێدا ڕەچاوکرابێت،" چڵ ساڵ خەبات لە پێناو ئازادیدا" لە نووسینی ڕێبەری میژووی نوێی گەلەکەمان دکتۆر قاسملووی نەمرە. حیزبی دێمۆکرات زۆر کەندوکۆسپی گەورەی لە رەوتی خەباتی سیاسیدا هاتونە سەر ڕێگاو هەموو جارێك زۆر حەکیمانە لیان دەربازبووەو هەرگیز لە رەوتی خەباتی سیاسیدا بە هۆی هەڵوێستێکی سیاسی زیانی بە بزووتنەوەی سیاسی بەشەکانی دیکەی کوردستان نەگەیاندوە کە وەیش شانازیەکی دیکەی حیزبە خۆشەویستەکەمانە. هەرچەندە لەو ساڵانەی دوایدا هێندێك لایەنی سیاسی کوردستانی هەوڵدەدەن بەزۆر حیزبی دێمۆکڕات بەرەو ئاقارێکی تر بەرنو بەدەلیلی بێبنەما لەسەر ڕێچکەی راستو دروستی خۆی بە لاڕێیدا بەرن. بەڵام بە خۆشیەوە ڕێبەری حیزب بە هەستکردنی بە بەرپرسیارەتی مێژووی خۆی زۆر بەسەرنجو ورد بینیەوە لە گەڵ هاوکێشە سیاسیو رووداوەکاندا چۆتە پێشەوەو سەربەخۆی سیاسیو بڕیاردانی هەتا ئێستایش بەرنەداوەو لە سەر ڕێچکەو فیکری دکتۆر قاسملوو بەڕێوەدەبرێت. حیزب بە دڵنیایەوە لەسەر ئەزموونو خۆڕاگریو پشوو درێژی خۆی ئەوەندە ساڵانە خۆی گرتووەو هەتا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگرەوەی بۆ دروست نەکراوە و، هەر چەندە لێرەو لەوێ کاری زۆر کراو پارەی زۆریش بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوەو ڕێژیمی ئاخوندی وەك سەرەکیترین بەشەمارەکە ئەو پیلانەی بەدژی حیزبو بزووتنەوەی سیاسی گێڕاوە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدیل وجێگرەوەی تەزویر لە جیاتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بێنێتە ئاراوە و، مەبەستەکانیان بەدی بێنن، بەڵام تێدا سەرنەکەوتوون. کاتێك باس لە شۆڕشی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت، بەخێرای چاوەکان دەچنەوە سەر ئەو مێژوویە کە حیزب لەمێژووی کوردستاندا زۆر بەسەربەرزیو رووسوری تۆماریکردون. دونیا بینی سیاسیو کۆمەڵایەتی حیزبی دێمۆکڕات، هەڵقۆڵاوی بیرو هزری دکتۆر قاسملووی نەمران بەدوای هەستانەوەی حیزب لە پاش تێكچوونی کۆماری کوردستاندا. حیزبی دێمۆکرات لە رابردوودا بەهۆی شێلگیربوونی لەسەر خەباتی نەتەوایەتی زۆر جار لەلایەن هێندێك هیزی مارکسیو لینیزمیەوە سەرکۆنەدەکراو مافی نەتەوەیو خەباتی نەتەوایەتی حیزبیان بەشتێکی بەسەرچووو پاشکەتوو لێكدەدایەوەو خۆیان لە گەڵ حیزب نەدەگۆڕیەوە. بەڵام ئەو جۆرە بیرکردنەوەو روانینەی ئەو هێزانەی کوردستان، خۆدزینەوەیەك بوو لە چالاکی خەباتی نەتەوایەتیان.
رۆژی ٢ی ڕێبەندان لە خەڵکی کوردستانو تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکڕات پیرۆزبێت.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن له رێگهی فهیسبووكهوه:
لاپهڕهی بهڕێوهبهری ماڵپهڕ

