هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

یەکگرتنەوە بە کام ئاقاردا!

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

mansor_azizi_logo_web_1لە پاش روودانی جودابوونەوە لە حیزب پاش کۆنگرەی سێزدە، کردەوە‌و دژکردەوەی زۆر هاتە ئاراوە‌و لە یەکەم چرکەکاندا لایەنێکی سۆزدارەتی یان " پاتۆس" ێکی قوڵ باڵی بەسەر رەفتار‌و دژکردەوەی بەشێکی زۆر لە ئێمەدا کێشا‌و گوڕوتینی ئەو تەپوتۆزە هەندێک ئاسۆی دواهەنگاوەکانی خستە تراویلکەوە. ئەو هاوڕێیانەی کە جودابوونەوە هەوڵێکی زۆریان دا کە ئەو لایەنە سۆزدارانەیە وەک هەلێک بقۆزنەوە‌و لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی‌و سیاسیی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستاندا کەڵکی دروست‌و نادروستی لێوەرگرن. حدکا لە یەکەم هەنگاوەکاندا بەمەبەستی قورسوقایم پێداگریکردن لە ئوسوڵ‌و پرنسیپە داڕێژراوەکاندا بڕیاری بایکوتی ئەو هاوڕێیانەی دا‌و ماوەیەک بەو ئاقارەدا هەنگاوی هەڵێنا. ئەم قۆناغەی بایکوت زیاتر باوی بۆ هاوڕێیانی جودابوو خۆش کرد کە هەم لە ناڵ بدەن‌و هەم لە بزمار. واتە لە لایەک کۆڵەکەی سەقامگیری‌و بە رەواناساندنی جودابوونەوەکەیان لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا ببەنە پێشەوە‌و هاوکات لە نێو بازنەی ئورگانیی خۆشیاندا "تاکتیکی سەرنجڕاکێشی"ی ئەندامان‌و لایەنگرانی خۆیان راست لە رێی دژایەتی لە گەڵ بڕیارەکانی حدکا زیاتر بچەسپێنن‌و لە ئاکامدا ئەو دوو هێلە هاوتەریبە ببنە هۆی زەقبوونەوەی زیاتریان لە دوو سۆنگەی نێوخۆیی‌و دەرەکییەوە.

پێکهاتەی ئەو ئورگانە نوێیە کە جودابوونەوەیەک پێکی هێنا، پێکهاتەیەکی ناتەبا بوو کە لە یەک تابڵۆی رەنگیدا وا دەگونجا لە دەمێکی پێشهاتوودا لێک بئاڵێن بە بێ ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە دواتر بەرەو کوێ ملی رێگە دەگرنە بەر_ ئەڵبەت لای هەندێک کەسیان روون بوو بەرەو کوێوە دەڕۆن_ .

ئەوەی کە ئەو هاوڕێیانە هەمووان خەباتکار بوونە‌و ئێستاش هەروا خەباتکار‌و تێکۆشەر‌و خاوەن رابردوویەکی تاکیی پڕ سەروەرین ،بە قەدەر سەرە دەرزییەک جێی گومان نییە‌و بێگومان خوڵقاندنی ئەو جودابوونەوەیەش هۆکاری خۆی هەبووە.

بەڵام دەکرێ هۆکارەکان لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی دیکە جیاواز بووبێ. هەروەک زۆر جار گوتراوە، هەم ئەوانەی کە جودابوونەوە‌و هەم رێبەریی حدکا هەڵەی خۆیان هەبووە‌و وانییە کە هەموو هەڵەکان لە لای ئەوان بن. بەڵام ئەوەی کە گرنگە، ئەوەیە کە پاش جودابوونەوە ئەو هاوڕێیانە هەمان ناوی حیزبی دێموکراتیان هەڵبژارد‌و ئەمەش دەیتوانی چەند هۆکاری هەبێ.

 

pdki_kobonawa_kak_mistefa_2


یەکەم ئەوەی دەکرێ مەبەست ئەوە بووبێ کە رۆژێک بتوانن دیسان لەگەڵ هاوڕێیانی هاوخەباتی خۆیاندا لە یەک ریزدا درێژە بە خەبات بدەنەوە، دووەم ئەوەی کە دەکرێ کەس یان کەسانێکیان لە سەرەوە پێیانوابووبێ کە هەموو تەمەنیان لەو حیزبەدا بەسەر بردووە‌و گەر ناوێکی دیکەیان هەبێ رابردوویان پاک دەبێتەوە یان لە مێژوودا رەنگی پێوە نامێنێ‌و لەبیر دەکرێن. سێیەم ئەوەی کە دەکرێ دەستی دەرەکیش هەمووبێ بۆ ئەوەی ئەو ناوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەیە بە مەبەستی وەڕێخستنی جەنگێکی دەروونی لە دژی حیزبی دێموکرات‌و هاوکات پێکهێنانی جەنگ‌و پێکهەڵپرژان لە نێوان دوو لایەندا بە مەبەستی پیشاندانی ئەزموونێکی تاڵ بە خەڵکی کوردستان‌و بێ هیواکردنی ئەوان لە درێژەدان بە خەبات.

لەبیرمە پاش جودابوونەوەکە لە شاری ئوسلۆ لە دوکانی کاک فەرەیدون ئالیخانی لە خزمەت کاک ئەحمەدی نەقشیدا دانیشتبووم‌و هەندێک باسمان کرد. من عەرزی کاک ئەحمەدم کرد کە باشە کاکە بۆ ئێوە ناوێکی دیکە هەڵنابژێرن؟ کاک ئەحمەد زەردەخەنەیەکی کرد‌و فەرمووی: جا کاکە گەر وا بکەین ناتوانین لە داهاتوودا ببینەوە بە یەک حیزب‌و لای خەڵکیشدا ناومان دەسڕێتەوە! من ئەو قسەیەی کاک ئەحمەدم بە خاڵی ئەرێنی دیت‌و لە راستیدا خۆشحاڵ بووم کە وای فەرموو. لەبەر ئەوەی کە من وەک خۆم ئاواتم بەردەوام ئەوە بووە رۆژێک دەرفەتەکان بخوڵقێن‌و کاتی ئەو یەکگرتنەوەیە بێتە پێشەوە.

لە ماوەی ئەو ساڵانەدا زۆر بابەت لەو پێوەندییەدا نووسراوە‌و دۆست‌و دوژمن چاودێری کارەکانی ئێمە بوونە لە هەر دوو لایەن‌و لە راستیدا ئێستا ئیدی خەڵک ماندوویەتییەکی سەیریان پێوە دیارە لەوەی کە ئەو هەموو داوایەیان هەبووە‌و یەکگرتنەوە هەر رووی نەداوە.

لە پەنا قسەی دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتیشدا، زۆرن ئەو نەیارانەی کە هەندێک جار زۆر روون ویستوویانە درزەکان گەورەتر بکەن لە نێوانماندا‌و هەندێک جاریش لە جلوبەرگی دیکەدا بەردی دڵسۆزییان لە سینگ داوە ، بەڵام لە راستیدا ویستوویانە کە هەرچی رقی خۆیان هەیە لە دژی ئەو حیزبە هەڵیڕێژن.

ئەوەی دەبێ جێی بایەخ بێ ئەو هەنگاوانەن کە دوو لایەن ئێستا هەڵیدێنن بۆ ئەوەی یەکگرتنەوە بێتە ئاراوە. بەڵام لە کاتێکدا کە حدکا زۆر بە جدی هەوڵی ئەوە دەدا بابەتە لاوەکییەکان وەلا بنرێن‌و لە پێناو بەرژەوەندیی گەورەی نەتەوەییدا لەم قۆناغە ، خۆمان ئامادە بکەین بۆ هەندێک پێشهات کە ئەگەری روودانیان زۆرە، دەبینین هاوڕێیانێک کە جودابوونەوەتەوە ،لە دروشم‌و هەنگاوە سەرەتاییەکانی پێشووی خۆیان بۆ یەکگرتنەوە، پاشگەز دەبنەوە.

لە دوا رونکردنەوەی سکرتاریای " حدکا " دا هەموو ئەو هەنگاوانە کە هاوێژراون باسی هاتۆتە ئاراوە‌و لە وەڵامدا هاوڕێیانی بەرانبەر لە رونکردنەوەیەکی کورتدا پرۆسەکەی وەدواتر خستووە. ئەوەی کە فەرموویانە پاش کۆنگرە ،رێبەریی نوی هەوڵی نزیکبوونەوە‌و یەکگرتنەوە دەدا، جێی دڵخۆشییە. بەڵام لە راستیدا ئەو رونکردنەوە دەتوانێ ئاماژە بە هەندێک بابەتی نێوخۆیی خودی ئەوانیش بدات. یەکەم ئەوەی کە وەڵامدانەوە بە رونکردنەوەی سکرتاریا ئەوەندە قوڵ‌و پڕپێچ نییە کە حەتمەن رێبەریی پاش کۆنگرەی نوێیان وەڵام بداتەوە، دووەم ئەوەی کە حیزبی دێموکرات بە ئەرکی خۆی زانیوە لەگەڵ خەڵکەکەی خۆی قسە بکات‌و پێیان بڵێ کە چی روو دەدات. گومانەکان ئەوەندە زیاد بوونە لە لای ئەو هاوڕێیانە کە پێیانوایە ئەو رونکردنەوەیەی " حدکا" لەم کاتەدا کە ئەوان دەیانەوێ کۆنگرە بگرن بە مەبەستێکی تایبەتەوە‌و بۆ دانی هێڵی سیاسییە بە کەس یان کەسانێک لە نێو ئەواندا.

وەدواخستنی هەنگاوەکان بۆ یەکگرتنەوە لە لایەن ئەوانەوە دەتوانێ ئەوەمان پێبڵێ کە کۆمیتەی ناوەندی‌و دەفتەری سیاسیی ئەوان بە کردەوە دەسەڵاتی بڕیاردانیان نییە‌و لە راستیدا ئەوە تەنیا مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادەیە کە بڕیارەکان دەدات‌و پرۆسەکە هیدایەت دەکا جا بە بواری نەرێنی یان ئەرێنیدا.

گەر ئەو بۆچوونەش راست بێ کە واوێدەچێ هەر وابێ، چاوەڕوانیی ئەو دەکرێ لەم کۆنگرەیەی لە پێش ئەو هاوڕێیانەدایە مامۆستا عەبدوڵا رونتر خۆی بێنێتە پێشەوە‌و مۆرەکان لە نێو رێبەریی ئەواندا جێگۆڕکێیەکی بەرچاویان پێبکرێ.

پێدەچێ بارودۆخی ناوچەکە‌و کوردستان ئەو وێنایەی بە مامۆستا دابێ کە کاتییەتی پاش پشوویەکی نزیک بە دە ساڵان بێتەوە نێو گۆڕەپانەکە‌و ئیدی لە پشت پەردە نەمێنێتەوە کە ئەمەش وا دەکات مامۆستا بییەوێ گەر جودابوونەوەیەک لەسەر دەستی ئەوان ئەنجام درا، هەر بۆ خۆیان چاکیشی بکەنەوە‌و ئەو شانازییەی یەکگرتنەوە نەبێتە بەشێک لە شانازیی کاک خالد یان هاوڕێیەکی دیکە. هەروەک چۆن مامۆستا زۆر جار ئەوەی بە شانازی زانیوە کە یەکگرتنەوەی پێشوو هەوڵی ئەو بووە، لەم دەرفەتەشدا کە کەسایەتییەکانی وەک کاک جەلیل گادانی، کاک حەسەن رەستگار، کاک فەتاحی کاویان‌و کاک حوسێن مەدەنی‌و هاوڕێیانی دیکەی ئەوان نە لە بواری ئینرژییەوە‌و نە لە بواری کارکردەوە "کاریگەریی رۆڵگێڕیان" ماوە ، ئەم یەکگرتنەوەیەش هەر بۆ خودی مامۆستا شانازی بێ‌و لە مێژوودا پەنجەمۆری خراپی لەسەر نەمێنێتەوە.

من لەو باوەڕەم کە لەو گەمەیەی مامۆستا وەڕێی خست ، زیانمەندی یەکەم کاک خالدی عەزیزی بوو. کاک خالد‌و ئەو هاوڕێیانەی وەک کاک خالد بیریان دەکردەوە لە نێو ئەواندا، تەنیا ئەرکی بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی مامۆستایان پێدرا لە چوارچێوەی سیاسەت‌و ویستەکانی مامۆستادا. کاک خالد نەیتوانی لە بازنەی بڕیارەکانی مامۆستا بچێتە دەرەوە‌و لە دە ساڵی ئاڵۆزدا ئەرکی قورسی پێ سپێردرا‌و هەموو هەڵە‌و کەموکۆڕییەکانیش لەو ماوەیەدا بەسەر ئەودا شکایەوە.

ئێستا کە ئەوان لە هەندێک هەنگاودا ویستوویانە لە بازنەی سیاسەتەکانی مامۆستا هەندێک ئەولاوەتر بڕۆن، لەوانەیە کاتی ئەوە هاتبێ چیدی لە لایەن مامۆستاوە بایەخیان پێنەدرێ.

کۆتا گووتە:

وێڕای هەموو ئەو راوبۆچوونانە، ئارەزوو دەکەم کە لە کۆنگرەی ئەواندا هەرکەس کە دێتە رێبەرییانەوە‌و هەرکەسیش کە دەبێ بە سکرتێر، هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوە بەرەو پێشەوە بڕۆن‌و لەم قۆناغەدا دوو چەمکی " ئاوەز"‌و " ئەزموون" بە باشی کەڵکیان لێوەرگیرێ.

لە راستیشدا ئەوەی کە حدکا بەردەوام هەوڵی ئەو یەگرتنەوەیە دەدات ، بە هیچ شێوەیەک لەبەر ئەوە نییە کە لاوازە‌و بە پێچەوانەی هەندێک کەس کە لەوانەیە ئاوا بیر بکەنەوە، ئەو هەوڵەی حدکا نیشاندەری ئەوەیە کە ئەو حیزبە ئەوەندە متمانەی بە خۆی هەیە کە دەیەوێ بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی گەورەتر بۆ گەلەکەی ، نێو ماڵی خۆی یەک بخاتەوە‌و هیچ بۆشاییەک نەهێڵێتەوە کە لەمڕۆ یان سبەینێی روداوەکاندا دوژمنانی ئێمە کەڵکی خراپی لێوەرگرن.

 

 ---------------------------------------------------------------------------------------------------

  بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌ رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌:

   لاپه‌ڕه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ماڵپه‌ڕ

   لاپه‌ڕه‌ی‌ ماڵپه‌ڕ


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1135
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy