دێمۆکراسی میکانیزمی ئەزموون کراوی ناسراو بۆ دەستەبەریی گەڵالەی خوازەوتەمای کۆمەڵو تاکە نالێکەکانی کۆمەڵگایە.
لە پێکڵە سەرەکییەکانی پردی ئازادی بەرەو دیمۆکراسی، مافەکانی بەربژێریو هەڵبژاردنن لە پرۆسە سیاسی یەکانی وڵات دا، ڕەخساندنی کەشی لەبار،پاراستنی ئەوکڵانەو پارێزگاری لەو مافانە بە گوێرەی سەنگو پێوانە ،بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەنگو ڕەگەزو ئایدیا ئەرکی هێزی بەڕێوەبەریی وڵاتە دیمۆکراتیکەکانە.بە هۆی هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکانەوە کە بۆ مەبەستگەلی دەستنیشانکراولە ئەسپاردنی دەسەڵات دا بەڕێوەدەچن، ئامانجی سەرەکی چاکسازی لەوبوارەداو جێگۆڕکێی تاکی نێو کۆمەڵە لەشەقامی شارەوە بۆ هٶڵی دەسەلاتو لە هۆڵی دەسەڵاتەوە بۆ تاکی شەقامی هاووڵاتییان و، ئەوە پێکنایا بە بێ پاڵپشتیی یاسایەکی هاوچەرخو سەردەمیانە.
یاسا بە مەبەستی ڕێکخستنی پێوەندییەکانی نێو کۆمەڵ پێک دێ وتەنیا ڕیسو تاقانە تان ی پێکەوەگرێدانی پۆی تۆڕی بەربڵاوی دیمۆکڕاسی لە کۆمەڵگا دایە. ئەم تۆماری بەڵێنو هاوپەیمانییە(یاسا) کە لە لایەن نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکەوە واژۆ دەکرێ، ئەودەم پاڵپشتیو ڕەوایی وەدەست دێنێ کەپێکهاتەی خەڵکی وڵاتێک بەمافو دەرەتانی وەک یەکەوەبتوانن بەشداریی تێدا بکەن،ئەگەر پێوەرەکان بۆ مافو دەرەتانی بەشداری یەکسان نەبن، بەکردەوەئازادییەکان پێخوستو دێموکراسی پێشێل دەکرێ.
حکوومەت مافی خەڵکەو پێویستە بە دەنگی ئەوان پێکبێت. ئاشکرایە هیچ کەسو لایەنێک، تاقمو توێژێکی تایبەت، باشتر لە "خود"ی خەڵک لە بەرژەوەندیو نیازەکانی ئەوان تێناگا، کە وابێ مافی ئەوەشیان نیە خۆیان لە خەڵک بە وریاتر،وشیارتر، کارلێهاتووترولە ئاکام دا بە "قەییم" یا" خودان" یان بزاننو لە جیاتی ئەوان بڕیار بدەن. لە دێمۆکڕاسی دا دەسەڵاتی هیچ کەسو تاقمو حیزبو ئیدئۆلۆژییەک زەمانەتی هەتاهەتایی ناکرێ ،ئەگەرخەڵک لە سیستمێک ناڕازیو خوازیاری گۆڕانی بوون، ئەو سیستمە دەبێ مل بۆ هەڵبژاردنی خەڵک ڕابکێشێ.بە کورتی ئۆباڵی دیمۆکراسی لە ئەستۆی دەسەڵات دایەو پێملی بە دەسەڵاتی خەڵک پیبەند بوونە بە بنەماکانی دیمۆکراسی لە ڕەوتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا دا، بەدەر لەوە هەر جۆرە پاساوێکی کلتووری، ئیدئۆلۆژیک یان بیانووی دۆخو ئاستەنگ، فڕی بە دیمۆکراسییەوە نیەو خۆ سەپاندنێکی زۆرەملی یە بەسەر کۆمەڵگادا .
دەمەلاسکەی ئازادیو لاسایی کردنەوەی دیمۆکراسی لە ڕژیمە ئیدئۆلۆژیکەکاندا ئەگەر چەواشەکردنو چاوبەستنێکی سەردەمیانەی ڕای گشتی نەبێ، لە ئەنیمەیشینێکی سەرشەقامو شانۆیەکی کلاسیکی پاتەکراو زیاتر نیە. تاقیکردنەوەیەکی بەردرێژی تاڵ کە لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا پێدەنێتە نزیک بەچوار دەیە تەمەنیەوە.
لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی دا ئەوەی حاشای لێناکرێو زەق بەرچاوە نەبوونی هەرجۆرە ئازادییەکی تاکو کۆمەڵە، ئازادیی بەیان، قەڵەم ،ڕێکخراوی سێنفیو نادەوڵەتی، حیزبو ڕاگەیاندنی ئازاد بەربەست کراونو یاساغن، هەموو ئەو حیزبو ڕێکخراوانەی لە دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە بەرنامەی تایبەتیان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات هەبووو وەک وەلی فەقیە بیریان نەدەکردەوە، هەڵوەشاوە ڕاگەیاندرانو بە توندترین شێوە سەرکوتو قەڵاچۆ کران . کەوابوو لە ئەگەری هەڵبژاردنێکی ئاساییش دا هیچ رکابەرییەکی ڕاستەقینە لە نێوان بەر بژێرەکان دا نایەتە ئاراوەو هەموو ئەوانەی دەتوانن بەربژێرو بەشدار بن لە تەنیا ڕێجکەیەک دان کە ڕێچکەی پاراستنی بەرژەوەندفییەکانی سیستمی زاڵ بە سەر ولات دایە. بە گوێرەی ئەزموونی بەڕێوەبردنی ٣١ خولی هەڵبژاردن لە سێبەری دەسەڵاتی "ویلایەتی فەقیه" دا، لە٣٢هەمین پاتەی ئەم شانۆگەرییەش دا ئامانجەکانی دیمۆکراسیو ئامرازی هەڵبژاردن وەدی نایەن.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن له رێگهی فهیسبووكهوه:
لاپهڕهی بهڕێوهبهری ماڵپهڕ

