بەدوای ئێعدامی شێخێکی توندڕەوی دژ بە دەسڵاتی سعوودیەو ٤٦ کەسی دیکە کە دەوڵەتی عەرەبستان بە تیرۆریست ناویانی بردووە، یان تاوانی هاندان بۆ کاری تیرۆریستیی وەپاڵ دابوون، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەدەنگ هاتو لەوپەڕی هەڵچوونو تووڕەییەوە هەڵوێستی نواندو سەرانی ڕێژیم لە هەموو ئاستەکاندا بەوپەڕی تووڕەییو هاندەرانەوە کاری عەرەبستانیان مەحکووم کردو هەڕەشەیان دەکرد کە ئەو کارەی دەوڵەتی عەرەبستان بێوەڵام نامێنێتەوەو تەنانەت خامنەییو سپای پاسداران هەڕەشەی لێدانو لەنێوبردنیان لە حکوومەتی عەرەبستان کرد.
لە درێژەی وەها هەڕەشەو گوڕەشەو هاندانێکدا بوو کە بەسیجیو پاسدارو هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە تارانو مەشهەد بۆ جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر باڵۆێزخانەو کۆنسولگەریی عەرەبستانو دووبارە سیمای ڕاستەقینەی ڕێژیمی ئێرانیان بە جیهان نیشان دایەوە کە لەگەڵ دنیای پێشکەوتووو ئینسانیدا نایەتەوەو تەنیا کولتووری سووتاندنو هەڕەشەو بێپرەنسیپییان تێدا بەهێزە.
بەدوای ئەو ڕووداوەدا، عەرەبستانو چەند وڵاتی عەرەبی، پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران پچڕاند یان ئاستی پێوەندییەکانیان دابەزاندو شوورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرداری ڕێژیمی تارانی بە توندی مەحکووم کرد. لێرەدا بوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەئاگا هاتەوە کە کە وەک عادەتی هەمیشەیی بێ لۆژیکانە هەڵوێستی گرتووەو کردەوە ئاژاوەگێرییەکانی بە دژی خۆی گەڕاونەتەوەو دوای ئەو هەموو ئیمتیازە کە بە دنیای داو ئەو هەموو پاشەکشەیەی لە پەروەندە ناوکیەکەیدا کردی تاکوو لە تەریکبوونەوە ڕزگاری ببێ، ئێستا دووبارە لەبەر هەڵوێستو لێدوانی سەرشێتانەو نامەنتقیانە، خەریکە بۆ جارێکی دیکە دەکەوێتە چاڵی تەریک کەوتنەوەوە.
ئەوەی لەم نێوەدا جێگای سەرنجو تێڕامانی تایبەتییە، هەندێک لە ڕاگەیەنەکانی ڕێژیمو ئەوانەی کە لە سپای پاسدارانو دەزگا ئیتلاعاتییەکانەوە نزیکن، بۆ دڵخۆشیدانەوەی خۆیانو بەناو بۆ هەڕەشەکردنو بچووککردنەوەی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی، باس لە ڕووداوی میکۆنووس دەکەنو لەوپەڕی ڕووهەڵماڵراوییەوە داکۆکی لە تیرۆریزمی ئەوکاتیان دەکەنو خۆیان بە بەراوەی ئەو ڕووداوانەی ئەو کات نیشان دەدەن.
لە ساڵی ١٣٧١دا، لە شاری بێرلینی ئاڵمان، تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێستورانێک بە ناوی ڕێستوورانی میکۆنووس، دەسڕێژی تیرۆریستییان لە دوکتور شەرەفکەندیو هەیئەتی هاوڕێی کردو شەهیدیان کردن. بەدوای ئەو ڕووداوەدا، دەزگای قەزایی ئاڵمان وەدوای بکەرو بڕیاردەرانی ئەو کارەساتە تیرۆریستیەدا ڕۆیشتو دوای ٥ ساڵ، حوکمی مێژوویی خۆی دەرکردو کۆماری ئیسلامیی لە بەرزترین ئاستەکاندا بە تیرۆریست ناساند.
بە دوای ئەو حوکمەدا، وڵاتانی ئورووپایی یان پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پچڕاندو یان ئاستەکەیان کەم کردەوە،و دواتر کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ملی بۆ مەرجو داواکانی ڕۆژئاوا ڕاکێشاو چۆکی دادا، بەتایبەت بەڵێنی دا کە چیدیکە لە ئورووپادا دەست نەداتە کاری تیرۆریستی، وڵاتانی ئورووپایی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاسایی کردەوە.
ئێستا ڕێژیمی ئیسلامیو دامودەزگا تیتلاعاتیو تیرۆریستییەکانی، دووبارە باس لە ڕووداوەکانی ناسراو بە میکۆنووس دەکەنەوەو لەوپەڕی بێشەرمیو ڕووهەڵماڵراویدا، هەم خۆیان بە براوەی ئەو ڕووداوانە نیشان دەدەنو هەم شانازی بە ڕابردووی تیرۆریستییانەوە دەکەنەوە.
لە ڕووداوی میکۆنووسدا، هەرچەند بزووتنەوەی کوردو حیزبی دێموکرات زەربەیەکی قورسیان وێ کەوتو داخی شەهیدبوونی ئەو ڕێبەرە مەزنە لە مێژوودا هەر دەمێنێتەوە، بەڵام حوکمی دادگای میکۆنووس حوکمێکی مێژوویی بوو کە لە دادگایەکی وڵاتێکی پێشکەوتووو دێموکراتدا، کۆماری ئیسلامی لە بەرزترین ئاستیدا، بە تیرۆریست ناسێندراو دوایەش کۆماری ئیسلامی تەسلیمی داواکارییەکانی وڵاتانی ئورووپایی بووو شکستێکی گەورە لە مێژووی دەسەڵاتی نگریسی ویلایەتی فەقیهیدا بوو.
ئەوەی کە سپای پاسدارانو دەزگا ئیتلاعاتییەکانو ڕاگەیاندنەکانی سەر بەوان لەم بڕگە هەستیارەدا باس لە دووپاتبوونەوەی ڕووداوی میکۆنووس دەکەنەوە، تەنیا مەگەر لەوپەڕی بێشەرمیدا هەڕەشەی تیرۆرو تیرۆریست پەروەری بکەنو دووبارە بۆ جیهانی بسەلمێنن کە کۆماری ئیسلامی پشتو پەناو سەرچاوەی تیرۆریزمە، دەنا ئەوکات سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان بەدەست نەهێنا، تاکوو ئێستا بە دووپاتکردنەوەیەوە بنازن.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن له رێگهی فهیسبووكهوه:
لاپهڕهی بهڕێوهبهری ماڵپهڕ

