سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە ڕەوتی یەکگرتنەوە لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو بڵاو دەکاتەوە.
دەقی ڕوونکردنەوەکە:
چەند قسەیەک سەبارەت بە ڕەوتی یەکگرتنەوە
جیابوونەوەی ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادرو پێشمەرگەو ئەندامانی حیزب لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، لە ڕێکەوتی ١٥/٩/١٣٨٥ی هەتاوی(٦/١٢/٢٠٠٦)و بەدوای کۆنگرەیەکی "یاساییو شەرعیو دێموکراتیک"(*)و دانانی ناوی حیزبی دێموکرات لەسەر خۆیان بە ناڕەوا، کە دووپات کردنەوەی هەڵەی دوو جیابوونەوەی پێشتر لە حیزبی دێموکرات بوو، زەربەیەکی قورسی لە پەیکەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک سەرەکیترین حیزبی ئۆپۆزیسیونی کوردی ئێران دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیو جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەشاند. ئەو زەربەیە تەنیا لەو ڕوانگەوە نەبوو کە کەسانێک ڕیزی ئەو حیزبەیان بەجێهێشت، بەڵکوو زۆرتر زەربەیەک بوو کە خەڵکی ئەو بەشەی کوردستانی تاساند، ورەی دابەزاندن، بەرەو بێهیوایی بردنو ڕیزی یەکگرتوویی ئەوانی لەبەریەک ترازاند، لەوەش بەولاتر کۆماری ئیسلامیو نەیارانی حیزبی دێموکراتی شاد کردو ورەی پێ بەخشین بۆ ئەوەی بتوانن ڕاشکاوانەتر دژی حیزب پروپاگاندە وەرێ بخەنو بە خەیاڵی خۆیان فاتێحای مەرگی حیزب بە گوێی خەڵکی دڵشکاوو توڕەی کوردستاندا بخوێنن.
ئێمە کە ئێشو ئازاری دوو جیابوونەوەی دیکەی ئەو حیزبەمان بە دوای هاتنەسەر حوکمی کوماری ئیسلامی ئێران بە جەستەی حیزبەوە هەست دەکردو شارەزای خەساری بەربڵاوی ئەو جیابوونەوانە بووین، هەوڵی زۆرمان دا کە ئەگەر نەمانتوانیوە بەر بە جیابوونەوە بگرین، هەموو تێکۆشانی خۆمان بۆ یەکگرتنەوە دوای جیابوونەوە تەرخان بکەین. لەو ئەرکەدا ژمارەیەکی زۆریش لە هاونیشتمانانی دڵسۆز، هێزو لایەنە سیاسییە کوردو غەیرە کوردییەکان یارمەتیدەرو هاندەرمان بوون.
ئاکامی ئەو هەوڵو تێکۆشانە بوو بە هۆی ئەوەی کە بەرەبەرەو دوای نیشتنەوەی کەف وکوڵەکانی سەرەتای جیابوونەوە لە هەردووک لا، هەنگاو هەڵگیرێ بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی نێوانیانو دوای ماوەیەکو لە ئاکامی بڕیارێکی ڕێبەرایەتی حیزب کە دوایە لە کۆنگرەی پازدەهەمی حیزب ( ٨ـ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩١ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٩ی سێپتامبر تا ٥ی ئۆکتۆبری٢٠١٢) پەسند کرا، کۆمیتەی ناوەندی ڕاسپێردرا کە ئەو ڕەوتە بە مەبەستی "ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکان، وتووێژ کردنو لە ئەنجامدا یەکگرتنەوە" درێژە بدا.
ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات بە دوای ئەو ڕاسپاردانەدا، بەشێکی بەرچاوی هێزو توانای خۆی تەرخان کرد بۆ بەرەوپێش بردنی ئەم پلانەو لەو چوارچێوەیەدا بۆ نیشاندانی نییەت پاکی، بۆ یەکەمجار هەیئەتێکی ڕێبەرایەتی حیزب بەسەرۆکایەتی سکرتێری گشتی چوونە بنکەی دەفتەری سیاسی هاوڕێیانی پێشووو لێیان میوان بوونو بەدوای ئەو چاوپێکەوتنەدا بە دەیان پێوەندی دوو کەسیی نێوان سکرتێرەکان، دەفتەری سیاسیو هەیئەتەکانی ڕێبەرایەتیی هەر دووک لا پێکهاتنو لەسەر گرنگیی پرسەکەو میکانیزمی یەکگرتنەوە قسەو باسیان کرد.
سەرەڕای ئەوەی هاوڕێیانی لایەنی بەرامبەر لەو کۆبوونەوانەدا زۆرتر بە مەبەستی پرۆپاگاندەو نیشاندانی ئاشتیخوازیی خۆیان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی بیستنی خەبەری خۆشی یەکگرتنەوەیان دەکرد، بەو حاڵەش ئێمە دڵسارد نەبووینەوە لە درێژەدانی ئەو ڕەوتەو وتووێژکردن لەگەڵیان، تەنانەت لەو پێوەندییەدا دووجار هەیئەتەکان بە تەوافوق گەیشتن کە تا ئەو کاتەی بە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش نەگەین، خەبەری دانیشتنەکان بڵاو نەکەینەوە، بەڵام ئەوان هەر دوای کۆبوونەوەکە خەبەرەکانیان بە مەبەستێک کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، بڵاو دەکردەوە.
وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکانی ئەو ماوەیە زۆرنو جێگای باس کردنیان لەم وتارەدا نیە، بەڵام لەم کاتەدا کە زیاتر لە ٩ ساڵ بەسەر ئەو جیابوونەوەو هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوە تێدەپەڕێ، بە پێویستمان زانی چەند خاڵێک لە ڕاستییەکانی ئەو کۆبوونەوانەو تێکۆشانی ڕاستگۆیانەی خۆمان بۆ یەکگرتنەوەیەکی ڕاستەقینە کە هەردووک لا تێیدا هەست بە شانازییو براوەیی بکەنو پێکەوە جارێکی دیکە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕقەبەری، هەستی تۆڵەکردنەوەو شکاندنی یەکتر، بنچینەی حیزبی دێموکراتێکی بەهێزتر، کە ویستی هەموو دڵسۆزانی دێموکراتە دابڕێژینەوە. بۆ ئەوەی بتوانین لە ئەگەری ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناوچەو ئێراندا، دەسکەوتێکی سیاسی بۆ خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران دەستەبەر بکەین.
بەدوای چەند مانگ ڕاوەستانی چاوپێکەوتنی هەیئەتەکان، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی (٢٠١٥ی زایینی)، دانیشتنی دەفتەری سیاسییەکان بە ئامادەبوونی هەر دووک سکرتێر لە ڕێكەوتی ٥/٧/١٣٩٤ی هەتاوی لە شوێنی دەفتەری سیاسیی هاوڕێیان پێکهات.
لەو دانیشتنەدا دەفتەری سیاسی ئێـمە بە کۆمەڵێک خاڵو پێشنیاری نوێ لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو کە پێشتر جێگای داخوازو پرسیاری لایەنی بەرامبەر بوون. لەو کۆبوونەوەیەدا دوای ئەوە جارێکی دیکە ئەو خاڵە پەسند کرایەوە کە یەکگرتنەوە لە ژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بێ، هەیئەتی حیزب موافقەتی خۆی لەسەر ئەو خاڵانەی خوارەوە ڕاگەیاند:
ـ یەکگرتنەوە پێش کۆنگرەی شازدە جێبەجێ دەکرێ و، تا کاتی پێکهاتنی کۆنگرە هەیئەتێکی هاوبەش لە ڕێبەرایەتی(دەفتەری سیاسیو کۆمیتەی ناوەندی) بە تەوافوق، ئیدارەو بەڕێوەبەری حیزب وەئەستۆ دەگرن، تەنانەت بەدوای ئەو دانیشتنەو بە مەبەستی پێکهاتنی متمانەی زیاتر لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا، دەفتەری سیاسیی ئێمە موافقەتی کرد کە بەڕێز کاک خالید عەزیزی وەک جێگری سکرتێری حیزب لەو ماوەیەدا ئەرکەکانی بەڕێوە بەرێت.
ـ بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانیی ئەوانو بۆ قایمکاریی دواڕۆژ، هەیئەتی حیزب موافقەتی کرد کە ڕێژەی ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزب لە کۆنگرەی شازدەدا، بە پێی لیستەیەکی فیکسو بە تەوافوقی هەر دووک لا دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک بۆی نەکرێ لایەنی دیکە حەزف بکات یان ڕێژەی ئەندامانی ڕێبەرایەتییەکەی بەڕادەیەکی زۆر دابەزێنێ. ڕێژەی ئەندامانی ڕێبەرایەتیی هەر دووک لا بە پێی ڕێژەی ئەندامانی ڕێبەرایەتی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێزدە دەبێ کە هەر دووک لا شەرعیەتەکەیان پەسند کردبوو، یان بەڕێژەی ئەندامانی ڕێبەرایەتیی هەر دووک لایەن، دوای ڕوودانی جیابوونەو تەنانەت ئامادەیی نیشاندرا کە لەسەر ئەو ڕێژەیەش گفتوگۆ بکرێ.
ـ ئێمە موافقەتمان کرد کە بۆ ئەوەی خاڵەکانی پێڕەوی ناوخۆو ئاییننامەی کۆمیتەی ناوەندی نەبنە کۆسپ لەسەر ڕێگای یەکگرتنەوەیەکی دڵخوازی هەر دووک لا، هەموو کارەکانی حیزب(لە ئیدارەی حیزبەوە تا کاروبەرنامەکانی کۆنگرەو پێداچوونەوەو ئامادە کردنی ئاییننامەی کۆمیتەی ناوەندی) بە تەوافوقی هەر دووک لا بەڕێوە بچێ.
ـ سەبارەت بە بەفەرمی ناسینی ئەو ناوەی کە دوای جیابوونەوە لەسەر خۆیان داناوە، سەرەڕای ئەوەی ئەو کارە لەگەڵ هیچ ئوسوولێکی کاری حیزبایەتی ناگونجێ، بەو حاڵەشو بۆ نیشاندانی نییەتپاکی، هەیئەتی حیزب قبووڵی کرد کە بەیاننامەی یەکگرتنەوەی حیزب بەشێوەیەک ئامادە بکرێ کە ناوەڕۆکەکەی هەڵگری ئەو مەبەستە بێ.
ـ خاڵێکی دیکە کە لەو کۆبوونەوەیەدا هەیئەتی حیزب موافقەتی خۆی لەسەر دەربڕی، ڕاگەیاندنی بەفەرمی ناسینی مێژووی تێکۆشانی ئەو هاوڕێیانە دوای جیابوونەوەکەیان بوو. ئەو خاڵە وەک داخوازییەکی ئەوان زۆرجار لە کۆبوونەوەکانی هاوبەشدا دەیانهێنایە گۆڕێ.
دیارە ئەوانەی باس کران وەک خاڵە سەرەکییەکانی ڕەوتی یەکگرتنەوە دەبێ، بەڵام بێجگە لەوانە چەندین خاڵی دیکە لە وردەکاریی کارەکان بە تەوافوق حەل دەکرێو نابنە کۆسپ.
تەوافوقی هەیئەتی حیزب لەسەر ئەو خاڵانە، بوون بەهۆی خۆشحاڵیی زۆربەی ئەندامانی دەفتەری سیاسی لەو دانیشتنەدا، لە ڕاگەیاندنەکانی ئاکامی ئەو کۆبوونەوەیش کە دوای تەواو بوونی کۆبوونەوە لە لایەن سکرتێرەکانی هەر دووک لا بەڕێوە چوو، بە گەشبینی تەواوەوە قسە کراو هیواداری درا بۆ درێژەدانو بە ئاکام گەیاندنی ئەو ڕەوتە. بەڵام بەداخەوە دوای مەشوەرەت کردنی دەفتەری سیاسی هاوڕێیانی پێشوو لەگەڵ کۆمیتەی ناوەندییەکەیان، جارێکی دیکە کۆمەڵێک بەهانەو کۆسپ خرانە سەر ڕێگای گەیشتن بە مەبەست، کە یەکگرتنەوەکەیە.
ئێمە بەو حاڵەشەوە لە درێژەدانی ئەو ڕێگایە بێهیوا نەبووینو لەگەڵ هەموو ئەو کۆسپانەش کە دێتە سەر ڕێگامان، گرنگیی چارەسەر کردنو نەهێشتنی ئەو کۆسپە لەسەر ڕێگای خەباتمان لە باشووری کوردستان بە ئەرکی سەرەکیی خۆمان دەزانینو لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین.
هەرچەند لەوانەیە لە ڕەوتی هەوڵەکانی ئەو ماوەیەمان هێندێک خاڵی لاوەکیو بەهەڵە تێگەیشتن هاتبێتە پێش، کە ئەوەش شتی ناسروشتی نین لە ڕەوتی وتووێژی دوولایەندا، بەڵام گرنگ ئیرادە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاوو گەیشتن بە ئامانجە لە ڕاستای بەرژەوەندیی نەتەوەییدا.
بەڵام لایەنی دیکە سەرەڕای وەرێ خستنی پڕوپاگاندە بۆ یەکگرتنەوە، هەر لە ڕۆژی دوای ڕاگەیاندنی جیابوونەوە، دیارە نیگەرانییو دڵەڕاوکێی لە یەکگرتنەوە هەیە. بۆیە تەنانەت ئەو کاتەی کە پێشنیارو داخوازییەکەیان پەسند دەکرێ، داخوازێکی دیکە دێننەگۆڕێ، ئەوەش ئاکامەکەی تا ئێستا ئەوە بووە کە لە لایەک لە تەبلیغاتو ڕاگەیاندنەکاندا خۆیان بە لایەنگری ئاشتیو یەکگرتنەوە دەربخەنو لە لایەکی دیکەوە هەوڵ دەدن یەکگرتنەوە بەکردەوە سەر نەگرێ. ئەم شێوە هەڵسووکەوتەش ئەو گومانە بەهێز دەکا ئەو ئیرادەیەی کە لە پێناو بەرژەوەندیی گرووپی، ڕقەبەریو پاراستنی دەسەڵات بە هەموو نرخێک، حیزبی دێموکراتی"لەت" کرد، ئێستاش لە یەکگرتنەوە نیگەرانەو دەتوانێ هەوڵو تێکۆشانەکان لەو پێوەندییەدا لەباربەرێ.
بۆیە هەلومەرجەکە وا دەخوازێ کە هەموو ئەو کادرو پێشمەرگەو ئەندامانەی باوەڕیان بە یەکگرتووییو یەکڕیزی لە خەباتی کوردی ڕۆژهەڵاتدا هەیە، هەروەها ئەو بۆچوونەیان هەیە کە پێشمەرگایەتی لە حیزبێکی دێموکراتی بەهێزدا زۆرتر جێگای شانازییە تا بوون بە ئەندامی ڕێبەرایەتی لە حیزبێکی بچووکتردا، پێویست دەکا بە ئاوڕدانەوە لە وەزعی ڕابردووی زیاتر لە ٩ ساڵی حیزبی دێموکراتو داهاتووی جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکاندا، لەپێناو چارەسەری ئەم گرفتە هەوڵی جیدیتر بدەن.
لە کۆتاییدا بە پێویستی دەزانین سوپاسی خۆمان پێشکەشی ئەو ژمارەیە لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادرو پێشمەرگەو لایەنگرانی لایەنی جیابووەوە بکەین کە لە ڕەوتی ئەم وتووێژانەداو لە پێناو یەکگرتنەوەدا هەوڵێکی زۆریان داوەو هیوادارین ئەو هەوڵانە هەروا بەردەوام بن.
لە بیرمانبێ کە جیابوونەوەو دابڕاندنەکان زۆر ئاسانترن لە یەکگرتنەوەو یەکڕیزی پێکهێنان، بەڵام بەهێزو ماندوو بوونی یەکگرتووییخوازان ئەو برینە چارەسەر دەکرێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتاریا
١٥ ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی
(*)هەموو کارەکانی ئەو کۆنگرەیە( کۆنگرەی ١٣) بە پێی بەرنامەو پێڕەوی نێوخۆ لە هەلومەرجێکدا ئامادە کرا کە لایەنی جیابووە لە ڕێبەرایەتی حیزبدا لایەنی زۆرینە بوو، کاری کۆنفڕانسەکان بە مەبەستی دیاری کردنی نوێنەرانی کۆنگرە، ئامادە کردنی ڕاپۆرتی کۆنگرەو باقی کارەکان لە ژێر چاوەدێریو کاری لایەنی جیابووەوە بەڕێوە چوو. هەموو ئەندامانی کۆنگرە دەنگیان بە شەرعی بوونی کۆنگرە دا، ڕاپۆرتی سیاسیی کومیتەی ناوەندیی دوای باس لەسەر کردن پەسند کرد.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن له رێگهی فهیسبووكهوه:
لاپهڕهی بهڕێوهبهری ماڵپهڕ

