هه‌ڵبژاردن یه‌كێك له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی سیستمه دێموكراتیك‌و خه‌ڵك سهروهرهكانهو له هه‌موو شوێنێكی دونیا كاتێ وڵاتێك له به‌رده‌م ئه‌زموونێكی نوێ‌دا ده‌وستێت، ده‌نگی خه‌ڵك وه‌ك تاكه سه‌رچاوه‌ی دیاری كردنی ده‌سه‌ڵات، ده‌بێته بنه‌مایه‌ك بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌و باس‌و بابهتهكان.
هه‌ڵبژاردن، ده‌نگدان یان له شێوه‌یه‌كی دیكه‌دا ڕێفراندۆمو گشتپرسی، مێتۆدێكی سه‌رده‌مییانه‌یه بۆ دیاریكردنی ڕێوشوێن‌و ڕێبازی ڕه‌وتی به‌روپێشچوونی كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌سه‌ر پرسێكی دیاریكراو‌و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌م مێتۆده‌دا، مافی بڕیاردان وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ڕه‌وایی به‌خشین به ده‌سه‌ڵات، ده‌بێته هه‌وێنی ڕوونبوونه‌وه‌ی هێڵه سه‌ره‌كییه‌كانی پێشكه‌وتن‌و به‌ره‌وپێشچوونی كۆمه‌ڵگا.
به‌م پێیه ده‌توانین بڵێین هه‌ڵبژاردن له حاڵه‌تی ئازاد‌و دێموكراتیكدا، ده‌توانێ له خراپترین دۆخه‌كاندا، كێشه‌و پرسه گرینگه‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه. كه‌واته هه‌ڵبژاردن، كه‌سایه‌تی به‌خشین به هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگایه بۆ ئه‌وه‌یكه به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ به‌شداریی بكه‌ن له چوارچێوه‌ی دهسهڵاتو به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری نێوخۆیی‌و ته‌نانه‌ت ده‌ركی هه‌موو وڵاتاندا.
هه‌ڵبژاردن له مێژووی كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی ئه‌و سیستمه به ناوی "ئاری یا نا"، واته هه‌ڵبژاردنی دیاریكردنی شێوازی حكوومه‌تی نوێ پاش شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی 1357ی هه‌تاوی، به‌رامبه‌ر به 1979ی زایینی، كه به ڕێفراندۆمی دیاریكردنی مودێلی حوكمڕانی ئه‌و وڵاته ناوبانگی ده‌ركردووه، هه‌ڵبژاردنێك كه ته‌نیا دوو بژارده‌ی تێدا بوو، به‌ڵێ یان نا. ئه‌ویش زۆر به ناڕوونی‌و به‌بێ ڕوونكردنه‌وه‌ی پرسیاری سه‌ره‌كی ڕێفراندۆمهكه كه ئه‌نجامه‌كه‌ی وه‌ڵامی به‌ڵێ یان نا بێت.
به هه‌ر شێوه پاش ئه‌و هه‌ڵبژاردنه به ده‌یان هه‌ڵبژاردن له كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا هاتوونه‌ته ئاراوه كه هه‌ندێ جار بوونه‌ته هۆی ناكۆكی‌و سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تی گشتیی، وه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆماریی ساڵی 1388ی هه‌تاوی، له ئێران‌دا كه ناڕه‌زایه‌تی به‌رینی خه‌ڵك‌و سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌یه‌ك به ناوی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزی لێكهوتهوه.
له ڕاستیدا به بێ هیچ دهمارگرژییهك ده‌توانین بڵێین به‌پێی مێژووی سی‌و هه‌شت ساڵه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران، هیچ كات هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد‌و دێموكراتیك له ئێران‌دا به‌ڕێوه نه‌چووه‌و ئه‌گه‌ر له هه‌ندێ بڕگه‌دا هه‌ڵبژاردنه‌كان بوونه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵێك ناڕهزایهتیو پرس‌و باسی تایبه‌تی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و شانۆسازییانهی كه خودی حكوومه‌ت به‌ڕێوه‌ی بردوونو چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵكی زیاد كردووه، ئه‌ویش له درێژه‌ی هه‌مان سێناریۆی ڕاكێشانی خه‌ڵك بۆ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگادان بووه‌و دواتریش حكوومه‌ت كه‌وتووه به‌سه‌ر كرده‌وه‌ی ئه‌نجامدراودا.
ئێستا پرسیاری سه‌ره‌كی پاش ئه‌وه‌یكه بۆمان ڕوون بوویه‌وه كه هه‌ڵبژاردن مافی سه‌ره‌كی هه‌ر تاكێكی ئازاد‌و دێموكراته‌و له وڵاتانی دێموكراتیكدا ده‌توانێ به ته‌واوی مانا شوێندانه‌ر بێ، باس كردن له‌و بابه‌ته‌یه كه گه‌لۆ سیستمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، وه‌ك سیستمێكی نامۆ له نێوان سیستمه حوكمڕانییه‌كانی دونیادا، هه‌ڵگری واتای دێموكراتیك‌و مانادهریی به وشه‌ی ئازادیی هه‌یه؟ كه بتوانین پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی تێدا فرمووله بكه‌ین؟
له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ده‌بێ بڵێین به هۆی یاسای بنه‌ڕه‌تی سه‌رچاوه‌گرتوو له ئایینی ئیسلام‌و به ڕوونی ئایینزای شێعه‌و نه‌گۆڕبوونی بنه‌ماكانی یاسای ئه‌م وڵاته، به بێ هیچ دوردۆنگیهك هه‌ڵبژاردن وه‌ك مافێكی بنه‌ڕه‌تی هه‌موو تاكێكی ئازاد زه‌وت ده‌كرێت له تاكه‌كانی دانیشتوانی ئێران، چونكوو به‌پێی یاسای بنه‌ڕه‌تی ئه‌و وڵاته هه‌موو یاساكانی ئه‌م وڵاته سه‌رچاوه‌ی له ئایینی ئاسمانی ئیسلامی شیعه مه‌زهه‌به‌وه گرتووه‌و له وه‌ها سیستمێك‌دا خه‌ڵك ناتوانن سه‌رچاوه‌ی بڕیاردان بن، به‌ڵكوو ئه‌وه ئایین‌و ده‌ستووره ئیلاهییه‌كان به‌پێی ئایینزای شێعه‌یه كه چاره‌نووسی تاكی دانیشتووی ئێران دیاری ده‌كه‌ن.
كه‌واته له یه‌كه‌م هه‌نگاودا پاڕادۆكس یان پێكناكۆكییهك له نێوان چه‌مكی دێموكراتیكی هه‌ڵبژاردن‌و سیستمی نادێموكراتیكی كۆماری ئیسلامیی ئێران سه‌ر هه‌ڵده‌دا كه له نێوه‌ڕۆكی خۆیدا ده‌توانێ بنه‌مایه‌ك بێ بۆ بێهووده بوونی هه‌ڵبژاردن له وه‌ها سیستمێكی چه‌قبه‌ستوودا.
به‌ڵام زۆرجار ههلومهرجو بارودۆخی زاڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا، گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌دا دێنێ‌و سیستم ناچار ده‌كات له‌هه‌مبه‌ر ویسته ڕه‌واكانی خه‌ڵك پاشه‌كشه به بیرۆكه چه‌قبه‌ستووه‌كانی بكات.
له وتاری حه‌وتووی داهاتوودا، ده‌پرژینه سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی كه بۆچی به‌شێكی به‌رچاو له خه‌ڵكی ئێران وێڕای ئه‌وه‌یكه ده‌زانن هه‌ڵبژاردن له سیستمی كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا مانایه‌كی نییه‌و سیستمی زاڵ به‌سه‌ر ئێران مه‌جالی به‌شداریی ڕاسته‌قینه‌و به‌شداریی له به‌ڕێوه‌به‌ری وڵات به خه‌ڵك نادات، دیسان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شداریی ده‌كه‌ن؟ گه‌لۆ هۆكاری ئه‌م به‌شداریی كردنه چییه؟
كۆتایی به‌شی یه‌كه‌م....
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوه‌ندی گرتن له رێگه‌ی فهیسبووكهوه:
لاپه‌ڕه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕ

