لەو رۆژانەدا دەردەدڵەکان زیاتر بوونو دیارە ئەمجارە کاک خالد عەزیزی، دڵی گیراوەو زویر بووە لەو بارودۆخەی کە بەسەرماندا هاتووە. سەرنجڕاکێشە کە کاک خالد پاش ئەو هەموو ساڵە، ئەویش بە هۆی دوو بۆنەوە کە حیساب نەکراوە بۆ حیزب دڵی ئاوا گیراوەو خەڵکانێک فەیس بووکیان کردووە بە سفرە بۆ ئەوەی قسەکانی دڵی ئەو هەڵڕێژنو دڵی ئازاد بکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە کە هەر ئەندامێکی سادەی حیزب بارتەقای هەرهەموو ئەو ساڵانە، هەموو رۆژەکان دڵی گیراوەو بێزار بووە لەو بارودۆخەی کە دروست بووە، لەو دوو فاقییەی کە پێکهاتووە.
دەنگۆکان لە سەرەتای جودابوونەوەو هاتوهوریاکانو بەردی گەورە لە سینگ کوتانی ئەو هاوڕێیانە کە گوایە لایەنی "حدکا" نایانەوێ حیزب یەک بگرێتەوە، ئەوەندە بەرز کرابۆوە گوێی ئاسمانی کەڕ دەکرد.
هەرجارەو بە تاوانی بێسەوادی، ناوچەگەری، بێ بەرنامەییو نەبوونی دێموکراسیو ...هتد، رێبەرایەتیی " حدکا" تاوانبار دەکرا کە نایانەوێ یەک بگرینەوە یان پێکەوە کار بکەین. لەسەر پێکەوە کارکردنەکە حیزبی دێموکرات بە راشکاوی زۆر جار گوتوویەتی کە ناوەکەتان بگۆڕن، ئێمە وەک حیزبێک کە بە نزیک لە خۆمانتان دەزانین ، لەگەڵتان کار دەکەین. لەسەر یەکگرتنەوەش، ئێوە خۆتان دەیان جار گوتووتانە کە ناو ناگۆڕین ،لەبەر ئەوەی گەر بیگۆڕین، مەجالی بوونەوە یەک حیزب، نامێنێتەوە یان ئەوەی کە بە قەولی خۆتان هەموو تەمەنتان لەو حیزبەدا بردۆتە سەرو رەنج بە خەسار دەبن!
رەنج بە خەساربوونتان لە پلەی چەندەمدا دێو ئەوەی کە جێی باسە، بابەتی بیرکردنەوەی یەکەم رۆژتانە لە سەر بابەتی بە یەکبوونەوە لە داهاتوودا.
لە پێش چاوی دۆستو دوژمن ، حدکا ئامادەیی دەربڕی بۆ یەکگرتنەوەو هەموو دەرگەکانی هەنگاونان بەرەو ئەو یەکگرتنەوەیەی کردەوەو زۆر بە متمانەو بە ئیمان بە یەکبوونەوەش رێچکەی ئەو بڕیارەی دایە پێش. ئەدی ئێوە بۆ بێدەنگەتان لێکرد؟ ئایا لە نێو ئێوەدا کام دەستو کام هێزە کە بە زیانی دەزانێ دێموکرات ببێتەوە یەک هێزو رۆڵی مێژوویی خۆی بگێڕێ؟ کاک خالد دەردی دڵی کردووە لای هەندێک کەس کە ئەو دوو دێموکراتییە زیانی لەوە زیاترمان پێدەگەیەنێ! ئەوە بابەتیکی زۆر روونەو منداڵێکی تەمەن لە خواریش دەزانێ کە بەهێزبوون لە یەکگرتنە. ئایا سەیر نییە کە ئەو ، ئەوەی ئێستا زانیبێ؟ من پێموایە مەبەستی ئەوان زیاتر لەوەی کە دەردی دڵ بێ ، وەستانەوەیە لە بەرانبەر کەس یان کەسانێک لە حیزبەکەی کە ناهێڵن یەکگرتنەوە روو بدات. ئەو ناوێرێ راستەوخۆ روبەڕووی ئەو بەرەیە ببێتەوەو دەیەوێ ناڕاستەوخۆ هاودەنگ بۆ خۆی پەیدا بکات. کاک خالد لە بواری یاساییو ئورگانییەوە کەسی یەکەمی حیزبەکەی خۆیەتی. کەواتە واچاوڕوان دەکرێ کە ئەوان زیاتر بڕیار بدەن لە هەنگاوە ئورگانییەکاندا تا ئەوەی دەردی دڵ بکەن.
وەک کرماشانییەکان دەڵێن: داشتم داشتم هەساو نییە، دیرم دیرم هەساوە!
تکایە لە قۆناغی دەردی دڵ بچنە دەرەوەو فیلم کایە مەکەن. گەر راست دەفەرموون: ئانە گۆو ئانە مەیدان!
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن له رێگهی فهیسبووكهوه:
لاپهڕهی بهڕێوهبهری ماڵپهڕ

