دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بەڕێوەچوونو کۆتایی هاتنی یازدەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندییەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوەو لهو راگهیهندراوهدا سیاسهتهكانی HDP به ههڵه دهزانێو سهبارهت به یهكگرتنهوهش لهگهڵ "حدك" دهڵێ ئهوان بەشێوەی ئەرێنی نەهاتنە پێش.
دەقی راگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی پلینۆمی یازدەهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ڕۆژی شەممە ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، ٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥ی زایینی، کاتژمێر ٩ی بەیانی، بە بەشداریی زۆربەی هەرەزۆری ئەندامانی ڕێبەریی حیزبو هەروەها بەشداریی نوێنەری کومیتەی کاروباری حیزب لە دەروەی وڵات، پلینۆمی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزبو گەل دەستی بە کارەکانی کرد.
سەرەتای کۆبوونەوە، سکرتێری گشتیی حیزب دەستووری کاری پلینۆمی خستە بەرباسو دوای پەسندکردنی لەلایەن پلینۆمەوە، ڕێزدار مستەفا هیجری باسێکی سیاسیی سەبارەت بە هەندێك لە ئاڵوگۆڕە گرنگەکانی ناوچەو ئێرانو کوردستان کە پێوەندیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان بە چارەنووسی کوردەوە هەیە پێشکەش کردو دوای باسەکانی سکرتێری حیزب، بەشدارانی پلینۆم ڕاو تێبینیەکانی خۆیان سەبارەت بە ڕاپۆرتی سیاسیی پێشکەش کراو هێنایە ئاراوەو لە ئاکامدا وێڕای پەسندکردنی باسەکە، بە تێبینیو سەرنجەکانیان، باسە سیاسییەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.
لەو ڕاپۆرتە سیاسیەدا کە پێشکەش کرا، سەرەتا دۆخی سووریەو دوایین ئاڵوگۆڕەکانی شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە خرابووە بەرباسو لەوێدا وێڕای ئاماژە بە ڕابردووی کێشەو شەڕەکەی سووریە، ئاماژە بەوە درابوو کە بە هاتنە ئارای بەشداریی کردەییو مەیدانیی ڕووسیە لە شەڕی سووریەدا، باڵانسی هێز لەو شەڕەدا بە قازانجی بەشارئەسەد گۆڕاوەو ئەمە وای کردووە کە لە ئێستادا ئامریکاو هاوپەیمانەکانی ڕازی بە ساتوسەودایەکی سیاسی ببن کە لەودا ڕووسیەو هاوپەیمانەکانیشی بەشدارو خاوەن دەسکەوت بن. ئەم پرسە لە کورتخایەندا ڕەنگە کۆماری ئیسلامی قازانجی تێدا بکا، بەڵام لە درێژخایەندا بە چەندین هۆو یەک لەوان جیاوازیی بەرژەوەندیو ستراتژیی ڕووسیەو کۆماری ئیسلامی، بە قازانجی ڕێژیمی تاران تەواو نابێ.
بەشێکی گرنگی باسی سیاسی، بۆ باس لە سەر دۆخی ئێران دوای ڕێککەوتننامەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی پێنج زێدە یەک تەرخان کرابوو کە ئەو ڕێککەوتننامە هەرچەند لە سەرەتادا هەندێک لایەن وایان نیشان دەدا کە بە قازانجی خەڵک تەواو دەبێو بەتایبەت دەوڵەتی ڕووحانی هیواو ئومیدی چەواشکارانەی لە نێو هەندێک لە خەڵکو لایەنەکان بەنیسبەت ئاکامی ڕێککەوتنی ناسراو بە "برجام" دروست کردبوو، بەڵام دوای ماوەیەکی کورتی چەند مانگە دەرکەوت کە هەموو ئەو دڵخۆشییانەی ئەو خەڵکە بێبنەما بووەو دووبارە دۆخی نالەباری ئابووری کە لە ئاکامی مودیریەتی نابەجێی ڕێژیمو تاڵانکارییەکانیانەوە هاتۆتە ئاراوە زەقتر خۆی نواندوە، تا ئەو جێگایەی کە چوار وەزیری سەر بە دەوڵەتی ڕووحانیش لە نامەیەکدا ئێعترافیان بە قەیرانە ئابوورییە چارەسەرنەکراوەکان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕێککەوتنی ڕێژیم لەگەڵ دنیای دەرەوە نەبۆتە هۆی کرانەوەی سیاسیو کۆمەڵایەتی لە نێوخۆی وڵاتو بەپێچەوانەوە ڕەوتی توندوتیژیو سەرکوت وئێعدام زۆرترو توندتر بووەتەوەو ئەحمەد شەهید ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژە بەو تۆندتربوونەی سەرکوتە دەکا. هەر لەو پێوەندییەدا گوشاری ئەمنیەتیی ڕێژیم تا ئەو ڕادەیە توند بووە کە تەنانەت پەنای بردۆتە بەر کۆمپانیای خاوەن بەرنامەی پێوەندیی مۆبایلی تێلێگرام، تاکوو بەسەر خەڵکەوە سیخوریی بۆ بکاو لە ئاکامی قبووڵنەکردنی ئەو داوایە لە لایەن ئەو کۆمپانیایەوە، ڕێژیم تێلێگرامی داخستووەو فیلتێری کردووە.
هەروەها دەستدرێژیو ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیم لە ناوچەدا، نەک کەم نەبۆتەوە، بەڵکوو توندتر بووەو لەو پێوەندیەشدا بۆ چەندەمین جار ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانو دەستوپێوەندییەکانی هێرشیان کردە سەر کەمپی ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵک، لە نزیک بەغدا. که دوایین هیرشیان ڕۆژی ٧ی ئه م مانگه بوو.
بەم ئاماژانەدا دەردەکەوێ کە ڕێککەوتنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی پێنج زێدە یەک، هیچ ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنیی بەسەر سیاسەتو کرداری ڕێژیمدا نەهێناوەو دۆخی خەڵک لە نێوخۆدا خراپتر دەبێو ناڕەزایی لە نێو خەڵکدا زیاتر تەشەنە دەستێنێ.
هەر لە باسەکانی پێوەندیدار بە دۆخی ئێراندا، لە ڕاپۆرتی سیاسیدا ئاماژە بە هەنگاوەکانی ڕێژیم ولایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە پرۆسەی بەناو هەڵبژاردنی مەجلیسی ڕێژیم کە لە ڕەشەمەی ١٣٩٤دا بەڕێوە دەچێ کرابووو لەو پێوەندیەدا پلینۆم وێڕای هەندێک هەڵسەنگاندنی دۆخی تایبەت بە هەڵبژاردنو بەرنامەکانی ڕێژیمو ئاکامی بەناو هەڵبژاردنەکانی پێشوو، دەفتەری سیاسیو ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی ڕاسپارد تاکوو لەو پێوەندییەدا بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکەو ئاگاداربوون لە پیلانو بەرنامەکانی ڕێژیم، بەرنامەی کاریی تایبەت دابڕێژنو لە دەرەتانی دیکەدا کومیتەی ناوەندی هەڵوێستو بڕیاری تایبەت بەو پرسە ڕابگەیەنێ.
لە بەشیکی دیکەی باسی سیاسیدا، دۆخی کورد لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان خرایە بەر باس. لە کوردستانی ڕۆژئاوادا ئاماژە بەوە درابوو کە بەربەرەکانێی قارەمانانەی کوردو بەتایبەت هێزەکانی PYD نێوبانگی بۆ کورد پەیدا کردو ئامریکاو ڕووسیە هەوڵی پێوەندیگرتن لەگەڵ ئەوان دەدەن، بەڵام لەبەر یەکگرتوو نەبوونی کورد لەو بەشەو بەهۆی ئەوەی کە PYD داخوازی ڕوونی نەتەوەیی بۆ ئه م به شه ی کوردستان نیە، ئامریکاو ڕووسیەش شتێکی ڕوونیان سەبارەت بە مافی کورد باس نەکردوەو وڵاتانی دەوروبەریش دژ بە مافی کورد لەو بەشە هەڵوێستیان گرتوە، مەترسیی ئەوە هەیە کە لە دوای کۆتایی شەر دەسکەوتێکی ئەوتۆ بۆ کورد بەدەست نەیەت، بۆیه پلینۆم هیوادار بوو کە کورد لەو بەشەدا بە لێکدانەوەی ئەو مەترسیانەو دۆخەکە، سیاسەتی دروستو یەکگرتووانە پێڕەو بکات.
لە کوردستانی باشووردا، ئەو دۆخە خرابووە بەرباس کە بەهۆی قەیرانە جۆربەجۆرەکانەوە کە بەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقیان گرتووە، بەتایبەت گرفتەکانی دەستکردی حکوومەتی بەغداو گوشاری سیاسیو ئابووریی بەغدا بۆ سەر خەڵکی کوردستانو شەڕو هەڕەشەی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوورو دابەزینی نرخی نەوتو ...هتد، حکوومەتی هەرێم لەگەڵ گرفتی زۆر بەرەوڕوو بووەو سەرەڕای ئەوانەش گرفتی کێبەرکێو ململانێی نێو هێزە سیاسییەکان بە قەیرانەکانەوە زیاد بووەو ئەم دۆخە کێشەکانی خەڵکی لە کوردستانی باشوور زۆر کردووەو زەرەری لە سیمای حکوومەتی هەرێم داوەو دەرەتانی بۆ دەستێوەردانی دوژمنانو نەیارانی کورد ڕەخساندووەو بۆتە جێی نیگەرانیی هەموو کورد لە هەموو جێگایەک. پلینۆم وێڕای تەئیدی هەڵوێستی دەفتەری سیاسی لەو بارەوە کە پێشتر ڕاگەیەندرابوو، هیوادار بوو کە هێزەکانی کوردستانی باشوور بە سیاسەتی دروستو لێبووردەییەوە، گرفتەکانی نێوانیان چارەسەر بکەنو ئەو بەشەی کوردستان لە قه یران ڕزگار بکەن.
ڕاپۆرتە سیاسییەکە لە باس کردن له کوردستانی باکووردا، وێڕای ئاماژە بە هەنگاوە پێشووەکانی کوردو پ ک ک لە لایەکو حکوومەتی تورکیە لە لایەکی دیکەوە لە پێناوی ئاشتیو چارەسەریی سیاسیدا، دۆخی شەڕی ئێستای بە زەرەری هەردوولا، یانی کوردو حکوومەت زانیو خاڵە لاوازەکانی هەردوولای خستبووە بەرباسو هەم هەڵەکانی پ ک کو هەم کەمتەرخەمییەکانی حکوومەتی تورکیەی هەڵسەنگاند. لەو پێناوەدا وێڕای ئاماژە بە هەڵبژاردنی پارلەمانی لەم قۆناغەدا، هەرچەند حیزبی HDPی نزیک لە کوردو لە PKK، دووبارە بە خۆشییەوە توانی بەربەستی یاسایی تێپەڕێنی، بەڵام بەداخەوە لەبەر سیاسەتی هەڵەو لەدەستدانی هەلی گونجاو، ژمارەی کورسییەکانی کەمی کرد. پلینۆم لەو بارەوە هیوادار بوو کە هەردوو لا بە ئەزموون وەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوویان، هەنگاوی جدیتر بۆ ئاشتیو چارەسەریی پرسەکە هەڵ بگرنو کورد لەو بەشە لە کوردستاندا لە ڕێگای سیاسییەوە بە مافە نەتەوەییەکانی بگا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی سیاسیدا، دۆخی ئێستای کوردستانی ڕۆژهەڵات خرایە بەرباسو لەو بەشەدا بە ئاماژەدان بە بەردەوامیی وەزعی نالەباری ئابووریی خەڵکو بێکاریو هەڕەشەکانی ڕێژیم بۆ سەر کاسبکارانو بەتاڵانبردنی سامانی کوردستان لە لایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە، لێک درایەوەو پلینۆم لەو بڕوایەدا بوو کە دوخی سیاسیو ئابووریی کوردستانی خۆرهەڵات لە دوای هاتنە سەرکاری دەوڵەتی ڕووحانیو بەتایبەت دوای ڕێککەوتنی "برجام"، نەک بەرەو باشی نەڕۆیشتووە، بەڵکوو خراپتر بووەو ڕەوتی ئێعدامو دەستبەسەرکردنەکان توندتر بوونەتەوە. لە وەزعیەتی سیاسیی کوردستاندا، باس لە چالاکیی چینو توێژە جۆربەجۆرەکانو بەتایبەت مانگرتنەکانی مامۆستایانی کورد کرابووو هەوڵی چەواشەکارانەی ڕێژیم بۆ بچووککردنەوەی مافە نەتەوەییەکان لە چوارچێوەی بەرتەسک کردنەوەی بە ڕشتەیەک لە زانکۆی سنە بە ناوی خوێندنی ئەدەبیاتی کوردی، یان دامەزراندنی مۆرەیەکی کوردی ڕێژیم لە باڵوێزخانەی ڕێژیم لە وڵاتێکی دوورکەوتوودا، بە پیلانو چەواشەکاریی ڕێژیم زانیو لهو باوهڕهدا بوو که کورد لە کوردستانی خۆرهەڵاتدا کێشەی سیاسیو نەتەوەیی هەیە، نەک کێشەی دامەزراندنی مۆرەیەک، بۆیه خوێندنی ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی سنەدا ناتوانێ جێگەی مافی سروشتیی خوێندن بە زمانی کوردی لە سەرەتاوە تا ئاستی هەرە بەرز بگرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی باسەکانی تایبەت بە کوردستانی خۆرهەڵاتدا، هەنگاوی حیزبی دێموکرات بۆ ناردنی هێز بۆ سەر سنوورەکانو هەروەها جووڵەی پێشمەرگەکان لە نێو قووڵایی خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات خرایە بەرباسو پێشوازیی گەرمو دڵسۆزانەی خەڵک لەو هەنگاوانە بە ورەبەخشو جێگای هیوا ئاماژە پێدراو پلینۆم لەو بارەوە سپاسو ڕێزی خۆی بۆ هەموو ئەو کەسانە دەربڕی کە لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکاندا یارمەتیدەری پێشمەرگەکان بوون.
دوای باسە سیاسییەکان، لە چەند بڕگەیەکدا کارو باری حیزبیو چالاکییەکانی ماوەی ڕابردوو خرانە بەرباسو لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیدارەوە لێکدانەوەو ڕاپۆرتی پێویست بە پلینۆم دران.
سەبارەت بە هەنگاوی حیزبو ناردنی هێز بۆ سەر سنوورو هەروەها چالاکیی پێشمەرگەکان لە نێو خەڵکی کوردستانی خۆرهەڵاتدا کە بە مەبەستی پێوەندیگرتن لەگەڵ خەڵک سەردانیان کردبوون، بە ئەرێنی هەڵسەنگێندرانو لەو پێوەندییەدا پلینۆم سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو کار وبارە پێویستەکان، بەرنامەی کاریی داهاتووی پەسند کرد.
لە بەشێکی باسەکانی پلینۆمدا، دۆخی هەنووکەی خەباتو وەزعیەتی حیزب وکارو چالاکییەکان خرانە بەرباسو لەو پێوەندییەدا سەبارەت بە کاری حیزبیو دووبارە ڕێکخستنەوەی کارەکانو ئۆرگانو سازماندهیی پێویست بڕیار دراو بەرنامە کاری پەسند کرا.
بەشێکی دیکەی کاری پلینۆم بۆ باس لەسەر درێژەو ئاکامی دانیشتنو دیالۆگی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو تەرخان کرابووو لەو بارەوە پلینۆم وێڕای پەسند کردنی هەنگاوی دەفتەری سیاسیی حیزب بۆ دووبارە وەگەڕخستنەوەی دانیشتنو دیالۆگەکان کە چەند مانگێک ڕاوەستا بوون، هەروەها وێڕای پەسندکردنی پێشنیارەکانی دەفتەری سیاسی بۆ شێوازو میکانیزمەکانی هاتنە ئارای یەکڕیزیو یەکگرتنەوە ی حیزب، بەداخبوونی خۆی لە هەڵوێستو وەڵامی ئەو هاوڕێیانە دەربڕی کە بەشێوەی ئەرێنی نەهاتنە پێشو لەو پێناوەدا پلینۆم هیواداریی دەربڕی کە بە کراوە هێشتنی درگای وتووێژ، ئەو هاوڕێیانە بە هەڵوێستی جدیترو یەکگرتنخوازانەوە لە دیالۆگو دانیشتنەکاندا ئامادەبن.
کۆتایی کاری پلینۆم بۆ باس لەسەر کۆنگرەی شازدەهەمی حیزب تەرخان کرابوو کە پلینۆم بڕیاری دا لە ساڵی داهاتوودا حیزب کۆنگرەی شازدەهەمی خۆی دەگرێو هەندێک باسو بابەتی تایبەت بە کۆنگرە خرانە بەرباسو هەندێک کاری پێویست لەو پێناوەدا ئاماژەیان پێ کرا کە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی کومیتەی ناوەندیدا بەرنامەی کارییان بۆ دابڕێژرێو بڕیاری تایبەتییان لەسەر بدرێ.
پلینۆمی کومیتەی ناوەندی، دوای سێ ڕۆژ باسو لێکدانەوەی بابەتە سیاسیو تەشکیلاتیەکان، ڕۆژی دووشەممە ١١ی خەزەڵوەر،کاتژمێر ی٧ ئێوارە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٢ی ٨ی ١٣٩٤
٣ی ١١ی ٢٠١٥
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن له رێگهی فهیسبووكهوه:
لاپهڕهی بهڕێوهبهری ماڵپهڕ

