هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

دێموکرات بێ منەتە

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

nasr_babaxani_logo_web_1شەهید دکتۆر قاسملوو ساڵی 1974 بەر لە کۆنفرانسی سێیەمی حیزب، بە گەڕاندنەوەی چەمکی سەربەخۆیی بۆ ناو حیزبی دێموکرات‌و سەربەخۆیی لە بڕیارداندا بناغە تیۆری‌و فیکرییەکانی ئەم حیزبەی سەرلەنوێ داڕشتەوە، ئەمە لە هەمان کاتدا کە پرستیژی حیزبی دێموکراتی لەناو ئێران‌و لە خودی کوردستاندا بردە سەر، شۆکێکی بەهێزی رەوانی بوو بۆ ئەو کەس‌و لایانانەی دڵیان بۆ حیزبی توودەی ئێران لێیدەدا یان دڵبەستەی پارتی بوون. ئێستا حیزبی دێموکرات، حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێرانە‌و تەنیا هێز‌و پاڵپشتی حیزب، خودی گەلە!

ئەمە سەرەتای بنیاتنانەوەی فۆنداسیۆنێکی بەهێز‌و مەنتقی بوو بۆ حیزبێک کە دەیەوێ خۆی لەناو بازنەی خەڵکەکەیدا ببینێتەوە‌و بێ ‌منەت لە هێز‌و لایەنە سیاسییەکانی تر (بە مانا سەربەخۆیی سیاسییەکەی) بەرنامە‌و پڕۆگرامی خۆی بەڕێوەببا‌و دواجار بەهۆی شۆڕشی گەلانی ئێران‌و سازبوونی بۆشایی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانی ئێران ببێتە گەورەترین حیزبی هەر چوار پارچەی کوردستان.

ئەمە قۆناغی قاسملوو بوو، ئەم قۆناغە لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 تا 1989 درێژەی دەبێ‌و سەرەڕای هەموو کێشە ناوخۆییەکانی ناو حیزب، چەمکی سەربەخۆیی وەها لەناو پێکهاتەی حیزب‌و کۆمەڵانی هەراوی خەڵکدا پراکتیزە ببوو کە نەیدەهێشت پەراوێز بە دژی دەق قوت بێتەوە!

لە پاش تیرۆری دکتۆر قاسملوو‌و تەواوبوونی شەڕی ئێران‌و عێراق‌و ئاڵوگۆڕە ناوخۆییەکانی ئێران‌و خویابوونی یاریکەرێکی ناوچەیی وەک هەرێمی کوردستان، حیزبی دێموکرات تووشی هەرەسێکی سەیر بوو. هەم لەباری سیاسییەوە هەم لەباری رێکخراوەییەوە. بە تێپەڕبوونی زەمان قورسایی ئەم هەرەسە بەسەر شان‌و ملی خەڵکدا زیاتر دەبوو، بێگومان زۆر هۆکار هەن ئاماژەیان بۆ بکرێ کە بوون بەهۆی ئەم دۆخەی هەنووکە، بەڵام شک لەوەدا نییە کە گرینگترینیان هەمان باسی سەربەخۆیی بوو.

 

pdki_-_logo_-_1_-_2


پاشکۆنەبوونی حیزبی دێموکرات‌و پەلکێش نەبوونی بۆ لای حیزبی پارچەکانی تری کوردستان بە مانای نەبوونی پەیوەندیی دیپلۆماتی نییە، بە مانای ئەوە نییە لەمەڕ هاوکێشە سیاسییەکانی دیکە پاسیڤ بێ یان هاریکاری پارچەکانی تر نەبێ، بەڵکوو بەم مانایە دێ کە خاوەنی گوتاری خۆی بێ‌و سەربەخۆیی خۆی بپارێزێ.

خۆ ئەگەر لەم ساتەوەختەدا حیزبی دێموکرات لەباری قەوارە‌و پێکهاتەوە بچووکیش بووبێتەوە‌و کەمهێزیش بێ، بەڵام سەربەخۆیی خۆی وەک حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی بپارێزێ لەناو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ئەوەندەی تر گەورە دەبێتەوە‌و پاڵپشتی دواڕۆژ بۆخۆی مسۆگەر دەکا. بۆیە شەهید دکتۆر شەرەفکەندی دەیگوت: ئێمە سیاسەتی خۆمان بۆخۆمان دیاری دەکەین، چونکە حیزبێکی سەربەخۆین. چ بچووک بین‌و چ گەورە، چ بێ‌ هێز بین‌و چ بەهێز، سیاسەتی سەربەخۆی خۆمان ناگۆڕین!

دەمەوێ لەسەر بنەمای ئەم وتانەی سەرێ باسەکەم گرێبدەم لەگەڵ شێوە ڕوانینی حیزبەکانی پارچەکانی تر بۆ رۆژهەڵات‌و وەک نموونە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان: ماوەیەک لەمەوبەر دوو ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی فەرید ئەسەسەرد‌و سەعدی ئەحمەد پیرە لە بابەت چەشنی پێوەندییەکانیان لەگەڵ پارچەکانی تر گوتیان: پرسی هاوکارییەکانیان بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان، پەیوەستە بە ئەندازەی گەشەکردنی بزووتنەوەی سیاسی ئەو پارچەیە‌و دواتر بە نموونە باس لە بزووتنەوەی سیاسی لە باکوور‌و رۆژئاوا دەکەن کە توانیویانە پێگەیەکی بەهێز‌و بە هەوڵ‌و کۆششی خۆیان پێکبێنن.

دیارە لەوە پێشتریش مەلا بەختیار باسی لە نەمانی شۆڕش لە رۆژهەڵات کردبوو. وا باشە روانینی فەرمیی یەکێتیش لە زمانی مەکتەبە سیاسییەکەشیەوە ببینین، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە راگەیەندراوێکدا لە 11/10/2015 سەبارەت بە گرژییەکانی پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە لە بەندی دووەمدا لە ژێر سەردێڕی هەلومەرجی کوردستان باسی باشوور‌و بەشەکانی تر وەک باکوور‌و ڕۆژئاوا دەکات وەک ئەوەی رۆژهەڵات هەر نەبێ.

دیارە ئەمە مافی یەکێتییە کە چۆن دەڕوانێتە پارچەکانی تر‌و حیزبەکانیان‌و لەبەر جۆری پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، دووەم پارچەی کوردستان پشتگوێ بخا، بەڵام ئەوەی کە یەکێتی بە کام شاوڵ‌و پێوەر "ئەندازەی گەشەکردنی بزووتنەوەی سیاسی" رۆژهەڵاتی پێواوە جێی پرسیار‌و دڕدۆنگییە! خۆ یەکێتی زۆر باش دەزانێ کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ کوردستانی رۆژهەڵات دەکات، باش دەزانێ سەرەڕای زەبروزەنگی ئەم سیستمە بە ئیعدام‌و زیندانی‌و ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسی ساتێ هەدادانی نەبووە، تۆ بڵێی یەکێتی نەزانێ کە خەڵکی رۆژهەڵات بۆ پارچەکانی تری کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی چییان کردووە؟

ڕەنگە سووکە ئاوڕێک بۆ ڕابردوو یارمەتیدەرمان بێ. کاتێ بەڕێز ئۆجەلان دەستبەسەر دەکرێ، ئەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتن بە دەیان هەزار کەس دێنە سەر شەقام‌و دەنگ هەڵدەبڕن‌و دواجار شەهید دەدەن، کاتێ فیدراڵیزم لە باشوور پەسەند دەکرێ، ئەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتن بە دەیان هەزار کەس دێنە سەر شەقام‌و شایی‌و لۆغان دەگێڕن، کاتێ کارەساتی شنگاڵ ڕوودەدا، ئەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتن سەرەڕای گرفتی ئابووری خۆیان یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال کۆدەکەنەوە، کاتێ هاوسۆزیی خۆیان بۆ کۆبانێ لە ڕۆژئاوا دەردەبڕن، ئەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتن بە دەیان هەزار کەس دێنە سەر شەقام... باشە ئەمانە نیشانەی زیندوویی ئەم گەلە نییە کە لەژێر گوشاری دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری وەک کۆماری ئیسلامی دێتە مەیدان؟ ئەمە واتە خەڵک سەبارەت بە گیروگرفتەکانی پارچەکانی تر خەسیو نییە. با دوور نەڕۆین، دەنگهەڵبڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستان سەبارەت بە کوشتنی شوانەی سەید قادر کە سەرانسەری کوردستانی تەنییەوە نیشانەی زیندوویی خەبات نەبێ چییە؟ داخرانی دووکان‌و بازاڕ لە ساڵیادی تیرۆری شەهید د. قاسملوو لە کوردستان لە ژێر زەبر‌و زەنگی کۆماری ئیسلامی ئەگەر نیشانەی بەردەوامیی خەبات نییە ئەدی چ مانایەکی هەیە؟ چالاکیی چالاکڤانە مەدەنییەکان لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا واتە زیندوویی‌و ئاگایی سیاسی خەڵکی کوردستان. لە وڵاتێکی فرەنەتەوەی وەک ئێراندا کام بزووتنەوەی نەتەوەیی جگە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بوونی هەیە؟ کام بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی هەیە جگە لە کورد؟ لە ڕۆژهەڵات کۆمەڵگایەکی زیندوو هەیە کە سەبارەت بە هیچ کێشەیەکی ناوخۆیی‌و پارچەکانی تر خەسیو‌و بێ ‌هەڵوێست نییە. هەر بۆیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای شۆڕشەوە تا هەنووکە زیاترین هەزینەی ئەمنییەتی‌و نیزامی بۆ کوردستان تەرخان کردووە‌و لە هیچ چەشنە کردەوەیەک بۆ بەرەنگاری لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە درێغی نەکردووە.

لە هەمووان گرینگتر خۆ باشووری کوردستان قەرزداری حیزبەکانی رۆژهەڵاتە. لەبەر ئەو وتە سواوە غەدری لە خۆی‌و گەلەکەی کردووە کە ئەویش پاراستنی دەسکەوتی هەرێم بووە! بەڵام داخی گرانم ئەوەی وەک هێڵی 36 دەرەجە بۆ باشوور دیاریکرا یان دۆخی سووریا، بۆ ڕۆژهەڵات بووزی نەخوارد!!! کەوابوو دەگەڕێمەوە سەرەتای باسەکەم: سەربەخۆیی حیزبی دێموکرات واتە متمانەی خەڵکی خۆی‌و بێ ‌منەتی لە حیزب‌و پارچەکانی تر!

 

---------------------------------------------------------------------------------------------------

 بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌ رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌:

 لاپه‌ڕه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ماڵپه‌ڕ

 لاپه‌ڕه‌ی‌ ماڵپه‌ڕ

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1077
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy