هەروەک چۆن ئورگان جێگەی " کۆنفلیکت"و بەرەوروبوونەوەیە هەر ئەوەندەشو بگرە زیاتر، ئورگان جێی بارهێنانی خەڵکی نوێو فەرهەنگی نوێو یاساو ریسای نوێی تایبەت بە قۆناغی کاریی ئەو ئورگانەیە لەو سەردەمەدا کە تیایدا چالاکە. شەنو کەوی کاری ئورگانی کاتێک سەرکەوتوو دەبێ کە لە خانەی هەستی تاکەکەسی بچێتە دەرێو پاڵ بداتەوە بە کۆڵەکە سەرەکییەکانی وەک پێویستیی بوونی ئورگان، کاتی دامەزران یان داهێنانی ئاڵوگۆڕ لە ئورگانو لەبەرچاو گرتنی فاکتۆرەکانی وەک نەسڵی سەردەمو بوونی ستراتیژی بۆ قۆناغێکی دیاری کراوو خۆ ئامادەکردن بۆ روبەڕوبوونەوە لەگەڵ رووداوەکان.
حیزبی دێموکرات لە مێژووی خۆیدا چەند جار جودابوونەوە تێیدا رویداوەو هەرکامەشیان هۆکارێکی تایبەت بە خۆی هەبووە. دواقافڵەی جودابوونەوە لە حیزب بە گەواهیی دۆستو دوژمن لەسەر دەسەڵات بووەو ئەوەی کە کێ تێیدا تاوانباری سەرەکی بووەو کێ چەندە تاوانبارو کێ بێتاوان بووە، هەموو لایەک زۆری لەسەر دواونو پێویست ناکات بەو باسانەدا بچێنەوە.
حیزبی دێموکرات چ جودابوونەوە تێیدا روو بداتو چ یەکگرتنو یەکبوون، بە هەردوو بواردا کاریگەریی راستەوخۆی نەرێنی لە لایەکو ئەرێنی لە لایەکی دیکە لەسەر خەڵکو کۆمەڵگەی کوردستان دادەنێ. کەواتە رەگو ریشەی ئەو حیزبە سەرچاوەکەی لە هەنبانەیەکی بەرینی خەڵکیدایەو بە بارتەقای ئەو بوونەشی، پێویستە دروست ببینێ، دوور ببینێو بەرپرسانە هەڵسوکەوت بکات لەگەڵ روداوە ناوچەیی، جیهانی، ئێرانیو کوردستانییەکاندا. وەک نەریتێکی نەتەوەیی، لە قاڵبی قاڵبوونی حیزب لە نێو رووداوەکان، ئەم حیزبە هەوڵی داوە کەمترین هەڵە بکاتو لە ئێستاشدا کە خەریکە خۆی بە نەسڵی چوارەمی خۆی ئەسپێرێ، زۆر گرنگە کە سپاردنەکە چەند خاڵی گرنگ لە خۆیدا ببینێتەوە:
١. وەڵامدەری هەموو ئەو قوربانییانە بێ لە ریزەکانی خۆیدا بە تایبەت قوربانییە مەزنەکانی وەک لەدەستدانی رێبەرانێکی مەزنی وەک پێشەوا قازی، دوکتۆر قاسملووو دوکتۆر سەعید.
٢.بەرپرس لە بەرانبەر کارەکانیو دەرکەوتنی وەک حیزبی رۆژانی تەنگانە کە خەڵک لەگەڵ هیمەتیدا وەجوڵە دەکەونو لە بێدەنگیی حیزبدا خەڵ بێدەنگنو نگران.
٣. بەرپرس بەرانبەر پارچەکانی دیکەی کوردستانو هەڵسەنگاندنی دۆزی کورد لە ئاوێنە نیگایەکی دیکەو قۆزتنەوی دەرفەتەکان وەک خۆیان لەمڕۆی روداوەکانی ناوچەکەو جیهان.
٤. هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوەیەک کە هەم دروست بێو هەم وەڵامدەری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانو لەهەمووش گرنگتر پێکهێنانەوەی حیزبێکی وا بەهێز کە بە سەربەرزییەوە بێ ئەوەی نەخۆشیی جودابوونەوەی لە خۆیدا هەڵگرتبێ بدرێتە دەست نەسڵی داهاتوو.
لەم سۆنگەیەوە رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بڕیاری کۆنگرەی پازدەیەمی حیزب هەوڵی ئەوەی داوە کە رەوتی دیالۆگو لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ هاوڕێیانی جودابوو لە حیزب پەرە پێبداو تا ئاستی یەکگرتنەوە بیبات.
بە پێی دوایین گووتەکانی کاک خالد عەزیزی لە دەنگو رەنگی رووداو ، حدکا بە هەندێک پێشنیاری نویو دروستەوە دەرگەی دانیشتنەکانی کردەوەو داوای لەو هاوڕێیانە کرد کە هەڵسەنگاندنیان هەبێ بۆ پێشنیارەکانو رەوتی یەکگرتنەوە خێراتر بکرێ. ئەو پێشنیارانەش، بوونی هێماو ناوی حیزب بووە وەک سەردەمی پیشووو هەردولا بەو ناوەوە کۆنگرە بگرن. لێرەو لەوێ پێنووس بە دەست دەنووسنو ئەمەش کارێکی باشەو ئەتوانێ بچێتە خانەی دیالۆگێکی گشتییەوە لەسەر ئەو پرسە. هەندێک دەڵێن کە گوایە ئێمە ئێستا هێماو ناوی خۆمان هەیەو بەو ناوەو بەو هێمایەو هەرکەس بە ناوو هێمای خۆی با بچینە کۆنگرە! بەڵام پرسیار ئەوەیە کە گەر ناوو هێما گرنگە، ئەوە دەبێ ناوو هێمای ئەو حیزبە گرنگتر بێ کە هەم جودابووەکانو هەم هاوڕێیانی حیزبیش زۆربەی ساڵەکانی تەمەنی خۆیانیان تێیدا بەسەر بردووە! لە راستیدا ناوەکەش هەر یەکەو لۆگۆیەکەش کە دروست کراوە پاش جودابوونەکە کۆپیی نزیک لە ئەسڵی لۆگۆی حیزبی دایکە.
ئەوەش کە جودابوونەوە لەو حیزبە، جا بە هەر ناوێک کە بووە، ناتوانێ وا بشێوێنرێ کە نەخێر جودابوونەوە رووی نەداوە! لەوەش گرنگتر، هەر پاش جودابوونەوە هاوڕێیانی حیزبیی جودابوو لە حیزب پابەند بوون بە بەرنامەو پێڕەوی کۆنگرەی سێزدەهەمی حیزبو لە راستیدا تا کاتی گرتنی یەکەم کۆنگرەی خۆشیان هەر ئەو لۆگۆیەو ئەو ناوەو ئەو بەرنامەو پێڕەوەیان هەبوو. کەواتە گەر نییەتپاکانە بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان بچین، حدکاش هەر هی ئەوانەو ئەوانیش هەر هی حدکان، هەروەک چۆن هەموومان هی ئەو حیزبەینو ئەو حیزبەش هی هەموومانە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش گەر لە پاش رێکەوتنەکان ناوی ئەوانیش بهێنێ وەک خۆیانو مێژووی ئەو ساڵانەی کە جودا کاریان کردووە، بێگومان وەک ئەوە وایە کە باسی خۆی کردبێو هەردوولا هەر لقو پۆپی یەک دارن کەلەسەر ریشەیەک رواون. کەواتە کوا ئەوە دەبێتە کێشەی ئاوا مەزن کە کەسانێک بیانەوێ چەمکی بۆ دابهێننو تەوەرسازی لەسەر بکەن بۆ یەکنەگرتنەوە.
لە کاتی جودابوونەوەکە، هاوڕێیانی حیزبیی جودابوو لە حیزب، بیست خاڵیان دایە حیزبو لەسەر تەوافوق لەسەر بەڕێوەبردنی حیزب قسەیان کردبوو. ئەی ئەوە نییە ئێستا حدکا یەکێک لە خاڵە پێشنیارییەکانی بۆ ئەوان ئەوەیە کە با پێکەوە بە تەوافوق بچینە کۆنگرەیەکو تەنانەت پاش رێکەوتنەکەش دەستەیەکی بەڕێوەبەری بۆ بەڕێوەبردنی حیزب دیاری بکەین تا گرتنی کۆنگرەو ساغکردنەوەی ئەو یەکگرتنەوەیە؟
ئایا ئەمە نییەتپاکی نەبێ، دەبێ چی بێ؟!
زۆر لەسەر ناو باس دەکرێ، بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هیچ بە لایەوە قورس نابێ کە تەنانەت لە کۆنگرەشدا تەنانەت پاشکۆی ئێرانیش لابچێ گەر کۆنگرە بڕیاری لەسەر بداو ناوەکەشی حدک بێ. لەبەر ئەوەی لە ئەساسدا ئەو دوو ناوە هەر یەک ناونو راست لەبەر ئەوەش بووە کە هەردەم بەوان گوتراوە ناوەکەتان بگۆڕن یان بە هاوڕێیانی پێشوو ناویان هێنراوە. هاوڕێیانی جودابوو لە حیزب خۆشیان دەزانن کە ناچارن لە زۆر جێگە هەر پاشکۆی ئێرانەکەش دابنێن بۆ ناوەکەیان کە هەر دەبێتەوە بە حدکا. بۆ نموونە ماڵپەڕی فەرمیی ئەوان ئەم قسەیەی من دەسەلمێنێ کەلەسەرەوە بە زمانی ئینگلیسی لەژێر لۆگۆکەیاندا نووسراوە. کەواتە کوا ئەوە دەتوانێ وا بابەتێکی هێندە قورس بێ کە بارتەقای بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکانی ئێمە بێ لە داهاتووی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ئێستای رۆژهەڵاتی نیوەڕاست؟
حدکا لە دوایین دانیشتنی لەگەڵ ئەو هاوڕێیانە ئەوپەڕی نییەت پاکیی خۆی نیشان داوەو ئەوەی کە ناڕوونە هەڵوێستی ئەوانە لە بەرانبەر پێشنیارەکانو لە راستیدا لەو پرۆسەیەدا دۆڕاوێک بوونی نییەو هەمووان هەوڵ دەدەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ماڵێک کە هی هەمووانە. من لەو باوەڕەم کە ئەوانەی وا بەهانە دێننەوە بۆ هەندێک بابەتی وەک ناوو لۆگۆ، تەنیا لەو ئەزموونەی خۆیان دەترسن کە سەردەمانێک خۆیان دەسەڵاتدار بوونە لە حیزبداو یەکگرتنەوە رووی داوەو هەر خۆیان ناوو ناتۆرەیان لەو هاوڕیێانە داوە کە لەگەڵ حیزبدا یەکیان گرتۆتەوە. هەربۆیە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن کە نەهێڵن ئەو یەکگرتنەوەیە روو بدات. بەڵام ئەوانەی وا بیر دەکەنەوە دەبێ بزانن کە نە بارودۆخ ئەو بارودۆخەی جارانەو نە ئەو سەردەمەش ماوە کە ناوو ناتۆرە لێدان ببێتە هەوێنی کاری سیاسی بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان.
لە کاتێکدا کە دوو حیزب هەر یەک حیزبنو خەڵکیش داوای ئەوەیان لێدەکا یەک حیزب با دوو حیزب نەبێو رەسالەتی هەردوکیشیان هەر یەکەو دەرفەتەکە لەبارە بۆ یەکگرتنەوە، چ هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی یەک حیزب نەبنو دوو حیزب بن؟ ئەوە چ هەستێکی بێ متمانەیە کە گومانی لە سێبەرەکەی خۆشی هەیەو پێیوایە گەر وەک دوو حیزب نەچنە کۆنگرەوە، ئەوە گۆڵ دەدرێنو دەتوێنەوە؟ ئەوەش لە کاتێکدایە کە گەر بابەت توانەوە بێ، ئەوە توانەوەیە لە یەکدیدایەو بوونەوەیە بە یەک هێزو یەک بوون لە چوارچێوەی رێکەوتنێکی دوو لایەنە!
---------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ پێوهندی گرتن له رێگهی فهیسبووكهوه:
لاپهڕهی بهڕێوهبهری ماڵپهڕ

