گه‌وره‌يی شەهید د. سەعید شەرەفکەندی له گه‌وره‌یی کردار‌و ههڵوێستو بڕیاره‌کانی دابوو، ئه‌و ههڵوێستو بڕیارانه‌ی که له ده‌ستی هه‌موو که‌س نایه‌ن، ئه‌و هەڵوێستو بڕیارانه‌ی که ده‌بنه مایه‌ی گۆڕانی ئهرێنىو به که‌ڵکو گه‌وره،ئه‌و گۆڕانه‌ی که ره‌وتی سیاسی‌و کۆمهڵایهتیو ئابووری کۆمه‌ڵگا به ئاقارێکی دروست دا ده‌بات.
شەهید د.سه‌عید کادرێکی راستگۆ، قسه له روو، روو خۆش، ره‌زا سووک، خاکی‌و خهڵکیو بێ فیزو ڕیا بوو هه‌ر بۆیه ببوو به سیمای خۆشه‌ویستی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان.
د.سه‌عید شه‌ره‌فکه‌ندی رێبه‌رێکی باوه‌ر به خۆ، به توانا‌و رچه شکێنو پێشره‌و بوو، مامۆستا‌و سیاسه‌توانێکی زانا‌و رووناکبیر‌و بیر کراوه‌و شاره‌زاو ژێر‌و وریا‌و رێئالیست بوو.
د.سه‌عید، مودیرێکی به مشوور، چالاک‌و پر کار، به هیواو هومێدو باوه‌ر پێکراو بوو، ره‌خنه گرو راهێنه‌رو داهێنه‌ر بوو ، به نهزمو دیسیپلین بوو، خاوه‌ن ئهخلاقو پرهنسیبو پرستیژی دێموکراتی بوو.
د.سه‌عید کوردێکی نیشتمانپه‌روه‌ر ، دێموکراتێکی شۆرشگێر ، مرۆڤێکی مافخواز ، ئازادیخواز ،دێموکراسیخواز ، ئاشتیخواز‌و مرۆڤ دۆست بوو.
شەهید د.سه‌عید له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تێکۆشه‌رێکی سادقی نه‌ته‌وه‌یی بوو له هه‌مانکاتدا رێبوارێکی شێلگیری رێگای دابین کردنی عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیش بوو، باوه‌رێکی قووڵی به هاوپێوه‌ندی‌و هاو خه‌باتی گه‌لانی ژێر دهستو زوڵم لێکراوی ئێران هه‌بوو ، به کرده‌وه بۆ لێک نزیک کردنه‌وه‌ی هێزو لایه‌نه سیاسیه‌کانی ئیران هه‌نگاوی هه‌ڵێناو گیانی پیرۆزی خۆی له‌م رێگایه دا فیدا کرد.
له راستیدا ده‌توانین بڵێین شه‌هید دوکتۆر سادق شه‌ره‌فکه‌ندی جێنشینی به‌ر حه‌قی دوکتۆر قاسملوو بوو، واته به بوونی کاک سه‌عید که لێنی بێ قاسملوویی که‌متر به حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانه‌وه دیار بوو، هه‌ر بۆیه کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی ئیران به مه‌به‌ستی بێ سه‌رو رێبه‌ر کردنی حیزبی دێموکرات‌و سه‌ر لێشێواندنو داماو کردنی بزوتنه‌وه‌ی میللی ـ دێموکراتیکی گه‌لی کورد له کوردستانی رۆژهەلات‌و چاو ترسێن کردنی خه‌ڵکی کوردستان، تێرۆری رێستورانی میکۆنووسیان به رێوه برد. دیاره که ئامانجی دوژمنانی گه‌لی کورد هه‌ر وه‌ک به له سێداره دانی قازی مهحهممهدو تێرۆری قاسملووی نه‌مر نه‌هاته دی، به شه‌هید کرانی دوکتۆر سه‌عیدیش نایه‌ته دی.

