کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٧٠ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێمۆكراتەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دهقی پهیامهكه به شێوهی خوارهوهیه:
٧٠ ساڵ خەبات دژی دیكتاتۆری، لە پێناوی دێموكراسیو دابینبوونی مافی نەتەوایەتیدا
هاونیشتمانە بەڕێزەكان !
رۆڵەكانی نەتەوەی كورد !
ئازادیخوازانی جیهان !
٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی٧٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا تێپەڕ دەبێ،بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، كادرو پێشمەرگەو ئەندامانی حیزبو دۆستانو دڵسۆزانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەكەینو سەری رێزو نەوازش لە بەرانبەر دامەزرێنەرانی حیزب بە تایبەت پێشەوای نەمر قازی محەممەدو هاوبیرانی دادەنوێنینو ئەمەگناسیو پێزانینمان بۆ كارو تێكۆشانی هەموو ئەو كەسانە دەردەبڕین كە لە بڕگەیەكی ئەو ماوەیەدا بە شێوەیەك لە خزمەت وەدیهاتنی ئامانجەكانی ئەو حیزبەدا بوون. سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكی هەموو شەهیدانی كوردستانو بۆ ئەوانەی كە لە پێناو خزمەت بە ئامانجەكانی حیزبدا رێگای بەندیخانەیان كەوتە بەر.
نەتەوەی كورد وەك نەتەوەیەكی خاوەن تایبەتمەندی هەر نەتەوەیەكی دیكەی ئەم جیهانە لە ناوچەی پڕ كێشەوگرفتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر خاکی بابو باپیرانیان ژیان دەكەن بێئەوەی خاوەنی ئەو مافە نەتەوایەتییو ئازادیانە بن كە هەر نەتەوەیەك وەك مافی سروشتی خۆی كەڵكی لێ وەردەگرێو خاوەن دەسەڵاتی سیاسیو نەتەوەیی خۆیانن. ئەم هەڵومەرجەو بێمافیەی كورد بۆ چەند هۆ دەگەڕێتەوە كە گرنگترینیان لێكدابڕانی رۆڵەكانی ئەم نەتەوەیەو دابەشكرانی كوردستان بەسەر چەند وڵاتی ناوچەدا كە بە دوور لە ئیرادەو ویستی ئەم نەتەوەیەو لە چوارچێوەی بەرژەوەندی وڵاتە زڵهێزەكانو هێژمۆنیخوازی وڵاتانی ناوچەدا بەئەنجام گەیشتووە. جگە لەمە ئەو وڵاتانەی كە كوردو كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە بەدرێژایی مێژوویان هەرگیز خاوەنی دەسەڵاتو حكوومەتێكی دێموكراتیك نەبوون كە لانیكەم لە چوارچێوەی وڵاتەكانیاندا مافی كورد لە بەرچاو بگرنو بۆی دەستەبەر بكەن.
لە هەلو مەرجێكی ئەوتۆی داسەپاو بەسەر كوردا رۆڵەكانی نەتەوەی كورد لە هەر بەشێكی كوردستان بە بێزیادەخوازیو بە مەبەستی لابردنی ستەم لەسەر خۆیانو لە پێناو مافی نەتەوایەتیو دابینبوونی دێموكراسیدا خەباتیان كردوە، قوربانیان داوە، بەڵام هەرگیز وازیان لە مافو ئازادییەكانی خۆیان نەهێناوە. لەو رەوتەدا خەباتی كورد لە كوردستانی ئێران بە گەشاوەیی خۆی دەرخستووەو لە هەر قۆناخێكی مێژووی خەباتەكەیدا بەپێی هەلومەرجی سەردەمو پێكهاتەی كۆمەڵگا، خەباتەكەی شێوازی جۆراوجۆری بەخۆیەوە بینیوەو رەنگی سەردەمی خۆی پێوە دیار بووە. ئەوەش وای كردووە كە جوولانەوەكانی كورد لە كوردستانی ئێران لە سەرەتادا لە رێگای خاوەن نفووزو دەسەڵاتدارەكانی كوردستانەوە وەك شێخ، مەلاو سەرۆك عەشیرەتەكانەوە سەرهەڵ بدەن كە هەموویان جێگای رێزنو بۆ ماوەیەكی كورت یا درێژ دەوری خۆیان گێڕاوە كە بەداخەوە سەركوتكراونو بە لێدانی سەری جوولانەوەكە ئەم جووڵانەوە دامركێندراوە.
ئەو تاقیكاریە تاڵانە لە لایەكو سووربوونی كورد لە كوردستانی ئێران لە خەبات بۆ مافو ئازادییەكانیان وای كرد كە بژاردەكانی كورد لەو پارچەیە لە كوردستانو بە تایبەت لە مەهاباد بیر لە بەرێكخراوەكرانی جوولانەوەی كورد لەو بەشەی كوردستان بكەنەوە. ئەو بیرۆكەیە رۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١ی هەتاوی بە دامەزراندنی كۆمەڵەی "ژ.ك" بەرگی بە كردەوەی پۆشی. ئەركی سەرەكی ئەو كۆمەڵەیە بڵاوكردنەوەی بیری نەتەوەییو پەرەپێدانی رێبەرایەتی جەمعی بوو كە لە ماوەی ٣ ساڵ تەمەنیدا بە باشی بە ئەنجامی گەیاند، بەڵام ئاڵوگۆڕە جیهانییەكانو هاتنەگۆڕی هێندێچەمكی وەك دێموكراسیو گشتگیربوونیان تا رادەیەك لەگەڵ بەرنامەی كۆمەڵەی "ژ.ك" ناتەبابوون بۆیە لەگەڵ ئەوەی جووڵانەوەی كورد لە كوردستانی ئێران هەنگاوێكی بەرەوپێش نابوو پێویست بوو هەنگاوگەلێكی دیكەش لە رەوتی بەرەوپێش چووندا بهاوێژی. ئەوە بوو كە پێشەوای نەمر قازی محەممەد وەك ئەندامی كۆمەڵەی "ژ.ك" بیر لە دامەزراندنی حیزبی دێموكراتی كوردستان لەسەر بناغەی رێكخراوەیی "ژ.ك" بەڵام بە بەرنامەیەكی پیشكەوتووانەتر بە كردوە بكاو رۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی رۆژی دامەزرانی "حیزبی دێموكراتی كوردستان" رابگەیەنێ. بەم چەشنە حیزبێك بەناوو نێوەرۆكێكی دێموكراتیك لە كۆمەڵگایەكدا سەرهەڵ دەدا كە كۆمەڵگایەكی فئودالی، عەشیرەتی، پابەند بە كۆمەڵێك دابونەریتی دواكەوتووانەو لە هەمانكاتدا لەسەدا ٩٠ی نەخوێندەوار پێكدێ، هەر ئەوەش دەری دەخا كە ئەركی ئەو حیزبەو دامەزرێنەرەكەی پێشەواو باقی رێبەرانی بۆ چەسپاندنی نێوەرۆكی بەرنامە دێموكراتیكەكەی چەندە دژوارەو بەستێنی كاركردنی چەندە پڕ كەندو كۆسپ بووە، بەڵام هەوڵو هیمەتی تێكۆشەرانی دێموكرات لە لایەكو ئەو كەشوهەوایەی پاش شەڕی دووهەمی جیهانیو ئەو بۆشاییەی دەسەڵات لە بەشێكی خاكی كوردستانی ئێران هەبوو ئەو دەرەتانەی رەخساند كە بە ماوەی چەند مانگ دوای دامەزرانی حیزبی دێموكرات، ئەو حیزبە بتوانێناتەباییەكان كەم بكاتەوە توێژە جۆراوجۆرەكانو كەسایەتییە بە نفووزەكان لێك نزیكو لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوەو لە ٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا یەكەم دەسەڵاتی كوردی لە شكڵی مودێرنو لە ژێر ناوی كۆماری كوردستاندا دابمەزرێنێ.
دامەزراندنی كۆماری كوردستان بڕگەیەكی زێڕینی مێژوویی هاوچەرخی كوردە كە لەو بڕگەیەدا تامی ئازادیو دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری بچێژێو لە هەمانكاتدا كۆمەڵێك دابو نەریتی دواكەوتووانە لە كۆمەڵگا دوور بخاتەوەو بابەتی پێشكەوتووانەو نزیك لە كۆمەڵگای پێشكەوتووی لە جێی دابنێ. زمانی كوردی زمانی فەرمیو ئیداریو خوێندن رابگەیەندرێ، رۆژنامەو گۆڤاری كوردی چاپو بڵاو بكرێتەوە، ژنانو لاوان ببنە خاوەن رێكخراوەی خۆیانو بەستێنی كارو چالاكیان بۆ برەخسی، ئەمنییەتی گیانیو كاری دابین بكرێو ئازادی راِدەبڕین دەستەبەر بكرێو سیاسەتی ئاشتیو پێكەوەژیانو وێك هەڵكردن لەگەڵ نەتەوەكانی دیكە رەچاو بكرێ، بەگشتی لە ئێرانی پاشایەتیو دیكتاتۆریدا ببێتە دورگەیەكی ئەمنو ئازاد كە لە ناوچەدا بێوێنە یا كەم وێنە بێ. لەم كۆمارەدا پیرۆزییەكانی ئەمرۆی كورد وەك پێشمەرگەو ئاڵا لە دایك بوون، كە ئەمڕۆ كاتێك ئەم وشانە دەبیستی یا بە دیمەن دەیانبینی كۆماری كوردستانو یادگارەكانیت لە بیرو زەیندا زیندوو دەبێتەوە. دورگەیەكی وا ئارامو دەسەڵاتێكی وا دێموكراتیك نە لە وڵاتێكی پاشایەتیو دیكتاتۆریدا تەحەموول دەكراو نە لەگەڵ سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەی زلهێزو خاوەن نفووزەكانی ئەوكات یەكی دەگرتەوە، بۆیە بە پیلانی هەمووان پاش ١١ مانگ تەمەنی پڕ دەسكەوتو پڕ سەروەری لەنێو برا.
بە رووخانی كۆماری كوردستان پێشەوا قازی محەممەد، سەیفو سەدری قازیو كۆمەڵێك تێكۆشەری دیكەی دێموكرات لەلایەن رێژیمی حەمەرەزا شاوە لە سێدارە درانو ژمارەیەكی نزیك بە هەمووی رێبەرانی حیزبیش زیندانی كرانو ژمارەیەكی بەرچاوی ئەندامانیش پەڕەوازەی كوردستانی عێراق بوونو ئەوە گەورەترین زەبر بوو وە حیزبو رێبەرایەتییو بەدەنەكەی كەوت كە پشت راستكردنەوەی لەژێر ئەو زەبرەدا چەند ساڵی خایاند . هەرچەند ئەندامانی حیزب كە پەڕیوەی باشوور ببوون هەوڵی رێكخستنەوەو بووژاندنەوەو تێكۆشانی سەر لە نوێیان داو تا رادەیەكیش بە ئەنجام گەیشتن، بەڵام بە هۆی نەبوونی رێبەری كارامەو كەسایەتی شوێندانەرو كێشە نێوخۆییەكان نەك ئامانجی سەرەكی نە پێكا، بەڵكوو بە جۆرێك سەربەخۆیی سیاسی حیزبیشی بردە ژێرپرسیار. تەنانەت كۆنگرەی دووهەمیش لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاویدا چارەسەری ئەم وەزعەی پێ نەكرا هەرچەند خەباتی چەكداری ساڵەكانی ٤٧ ـ ١٣٤٦ی هەتاوی گیانێكی تازەی وەبەر ئەندامان كرد بووە. درێژەی ئەم رەوتە دەریخست كە حیزبی دێموكرات پێویستی بە رێبەرێكی كارامە، یەكگرتووییەكی قایمو بەرنامەو پێڕەوێك هەیە كە هەم حیزب ببووژێنێتەوە، هەم بیكاتە خاوەن بەرنامەیەكی سیاسی سەردەمیانەو هەم پێڕەوی ناوخۆیەكی دێموكراتیكو نەزمێكی ئاگاهانە. بە گەڕانەوەی دوكتور قاسملوو لە ئورووپا بۆ باشووری كوردستان بەستێنی بەجێگەیاندنی ئەم پێویستیانە تا رادەیەك دەستەبەر بوونو لە كۆنفرانسی ٣ی حیزب بناغەی هەڵگرتنی وەها هەنگاوێك داندراو دواتر لە لە كۆنگرەی 3ی حیزب لە ساڵی ١٣٥٢ی هەتاویدا بەرنامەیەكی سیاسی پێشكەوتووانە، پێڕەوی نێوخۆی حیزبو رێبەرێكی بە دوور لە تەكڕەویو بە شێوەیەكی جەمعیو یەكگرتوویی ئەندامان چەسپانو سەربەخۆیی سیاسی حیزب دەستەبەر بووەو چالاكی حیزب گوڕوتینێكی تازەی لە شكڵو شێوەیەكی پێشكەوتووانەتردا بە خۆیەوە گرت.
سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی رێژیمی پاشایەتی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا كە رۆڵەكانی نەتەوەی كوردو حیزبی دێموكرات دەورێكی چالاكیان تێدا گێڕا ئەو دەرفەتەی رەخساند كە حیزب تێكۆشانی ئاشكرای دەست پێبكاتەوەو نفووزی خۆیو لایەنگری كۆمەڵانی خەڵك لە خۆی نیشان بدا. لەو بڕگەیە لە مێژووی حیزبدا تەشكیلاتی حیزب بەربڵاو كرایەوە. وەزعی تازەی حیزبو ئاڵوگۆڕ لە سیستمی سیاسی ئێراندا ئەو هیوایەی لە دڵی خەڵكدا بەهێز كرد كە سەرئەنجام بەشێك لە داخوازییەكانی كورد بێنیـە دی. بەڵام هەوڵێخومەینیو دامەزراندنی سیستمی ولایەتی فەقیهـو دیكتاتۆرێكی رەشتر لە دیكتاتۆری شا لەگەڵ رۆحی بەرنامە سیاسیو دێموكراتیكەكەی حیزبی دێموكراتو بیروباوەڕەكانی دوكتور قاسملوو بە تەواوی لێك جیاواز بوونو لە روانگەی خومەینیو رێژیمەكەیەوە شەخسی دوكتور قاسملووو حیزبەكەی بەربەستێكی گەورە بوون لەسەر رێگای ئامانجەكانی خومەینی بە تایبەت كە حیزبی دێموكرات لە یەكەم هەڵبژاردنی مەجلیسی دوای سەركەوتنی شۆڕشدا لە سەدا ٨٠ی دەنگەكانی كوردستانی مسۆگەر كرد بوو. ئەو بۆچوونەی خۆمەینیو ناتەبایەكەی لەگەڵ دێموكراسی، حیزبی دێموكراتی هێنایە سەر ئەو باوەڕە كە پێش هەڵبژاردنی مەجلیس لە ریفراندۆمی دیاریكردنی سیستمی دەسەڵات لە ئێراندا بەشداری نەكاو تەحریمی بكا. چوونكە دەیزانی كە رێفراندۆمەكە دێموكراتێك نییەو رێژیمێكی كە لە رێگای ئەو ریفراندۆمەوە دێتە سەركار رێژیمێكی ئیدئولوژیكی شیعە دەبێكە نە باوەڕی بە دێموكراسیو نە بە مافی نەتەوەكان دەبێ. هەر لە پێناو ئەوەدا بوو كە خومەینی بۆ پێشگرتن بەو گەشانەوەو بووژانەوەی حیزب، هەڵبژاردنەكانی كوردستان بۆ مەجلیسی هەڵوەشاندەوە، حیزبی دێموكراتی هەڵوەشاوە راگەیاندو بەوەیش وازی نەهێنا شەڕێكی قورسو خوێناویی بەسەر كورددا سەپاند كە لە ماوەی چەند ساڵدا زیاتر لە ٥٠٠٠ پێشمەرگەی حیزبو بە هەزاران كوردی تێدا شەهید بوون. كوردستان گەمارۆی نیزامیو ئابووری دراو حیزب ناچار بە بەرگری چەكدارانە لە خۆیو لە خەڵكی كوردستان كرا. ئەم شەڕە هەرچەند وێرانیو قوربانی زۆری بۆ حیزبو بۆ كورد بەدواوە بوو، بەڵام بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگەو خەڵك جێگایەكی تایبەتی دا بە حیزب . لەو سەرو بەندەدا كە شەڕی ئێرانو عێراق هەڵایسا سەرەڕای بۆچوونی رێژیم بەرانبەر بە حیزب، رێبەرایەتی حیزب راگەیاند كە ئەگەر رێژیم دان بە مافی كورددا بنێحیزب ئامادەیە دژی سپای عێراق بكەوێتە شەڕ.
جێگای ئاماژەیە كە پاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران كۆنگرەی ٤ی حیزب لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا بە شێوەیەكی بەرین بەڕێوەچووو رێبەرایەتێكی نوێی هەڵبژارد. بەڵام لەبەر ئەوەی ژمارەیەك لەو رێبەرایەتیە لەژێر شوێندانەری حیزبی تودەدا بوون لایەنگرییان لە رێژیم دەكردو لەگەڵ درێژەی خەبات دژ بە رێژیم ناتەبا بوون، هەر بە دنەدانی ئەو حیزبەو بە پشتگری رێژیم حەوت كەس لە ئەندامانی رێبەری لە حیزب جیابوونەوەو ناوی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ـ پێڕەوانی كۆنگرەی چواریان لەسەر خۆیان داناو كەوتنە دژایەتی حیزب كە لەلایەن حیزبو خەڵكەوە بە تاقمی ٧ كەسی ناوبران، بەڵام زۆر زوو بۆیان دەركەوت رێگایەكی هەڵەیان گرتووەتە بەرو بەم ناوەش چیان بۆ ناكرێبۆیە خۆیان هەڵوەشاوە راگەیاندو چوونە پاڵ حیزبی تودەو لەویش كە بۆیان دەركەوت وەك كەرەسە دژ بە حیزبی دێموكرات كەڵكیان لێ وەرگیراوە ریزەكانی حیزبی تودەیان بەجێهێشت.
شەڕی راگەیەندراوی رێژیم دژ بە حیزبو خەڵكی كوردستان كە لە راستیدا شەڕی مڵهۆڕیو كۆنەپەرەستی دژی دێموكراسیو ئازادی بوو بە "شەڕ دژی كۆفار" ناودێر كراو بە فەرمانی خومەینی بە جیهاد راگەیەندراو لەو بارەوە لە هەستی ئایینی دژ بە كوردی سوننە كەڵك وەرگیرا، شەڕێك كە ئێستاش لە شكڵو شێوەی جۆراوجۆردا دژ بە كوردو حیزبی دێموكرات درێژەی هەیە.
پێش كۆنگرەی چوارو لە كۆنگرەی چوار بەم لاوە هەرچەند خەباتی شاخو بەرگری چەكداری بەسەر كورددا سەپا بوو بەو حاڵەشو بە تایبەتمەندیی دێموكراتیك، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كۆنگرەكانی بە رێكوپێكیو بەپێی ئەساسنامە لە هەڵومەرجێكی زۆر دژواردا بەڕێوە بردووەو هەر كام بەپێی زەمان بڕیارو پەسندكراوەی تایبەتیان لێكەوتەوە.
لە كۆنگرەی پێنجەمی حیزب لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا، بە لەبەرچاوگرتنی دژایەتی رێژیم لەگەڵ دێموكراسی، مافی نەتەوایەتیو داخوازەكانی خەڵكی كوردستانو هەروەها درێژەی هێرش بۆ سەر كوردستان دروشمی رووخاندنی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی پەسند كرد، دروشمێك كە تا ئێستاش ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەهاتووە.
كۆنگرەی شەشەمی حیزب لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاویدا وێڕای پێداگرتنەوە لەسەر بەرخۆدانو بەرگری لە خەڵك، مەسەلەی سوسیالیزمی دێموكراتێك وەك ئامانجی دوارۆژی حیزب بابەتێكی ورووژێنەر بووو لە نێو ریزەكانی حیزبدا باسێكی زۆری لێكەوتبووە. هێندی پێیان وابوو لكاندنی دێموكراتیك بە سوسیالیزم لە بایەخی ئەو چەمكە كەم دەكاتەوەو حیزب لە سوسیالیزم دوور دەخاتەوە. بەڵام دوكتور قاسملوو وەك داهێنەری ئەو بیروكەیە پێی وابوو ناكرێحیزبێك دێموكرات بێو بۆ دێموكراسی خەبات بكا، بەڵام ئامانجی دوارۆژی جۆرێك لە دیكتاتۆری بێ، لە هەمانكاتدا بیرو خەتی حیزبی دێموكراتی لە حیزبی تودە جیا دەكردەوە، ئەم پێشنیارە پەسند كراو لەوكاتەوە ئامانجی دوارۆژی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە سوسیالیزمەوە بوو بە سوسیالیزمی دێموكراتیك.
كۆنگرەی هەشتەمی حیزب لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا لە فەزایەكدا بەڕێوەچوو كە بەشێك لە ئەندامانی رێبەریو كادرو پێشمەرگەكانی حیزب لەگەڵ پێشنیارەكانی دوكتور قاسملوو بۆ كاراتركردنی حیزبو هەست بە بەرپرسایەتی زیاتری ئەندامانی رێبەری حیزب كەوتنە دژایەتی. هەرچەند كۆنگرە رەوتی كارەكانی خۆی بە باشیو بە شێوەیەكی دێموكراتیكو بەسەركەوتنەوە بڕی، بەڵام دواتر هەر ئەم ژمارەیە ریزەكانی خۆیان لە حیزب جیا كردەوەو ناوی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ـ رێبەرایەتی شۆڕشگێڕیان لەسەر خۆیان دانا. بەڵام ئەوانیش سەرئەنجام راستیەكانیان بۆ دەركەوتو هەوڵەكانی یەكگرتنەوە سەركەوت. بە دوای ئەو كۆنگرەیەدا بەداخەوە زەبرێكی قورس وە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كەوتو رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێرناوی وتووێژ بۆ چارەسەری مەسەلەی كورد دوكتور قاسملوویان كە لە شاخ زەفەریان پێنەدەبرد لەسەر مێزی وتووێژ شەهید كرد كە ئامانجی لەو تیرۆرە بە چۆكداهێنانی حیزب بوو، بەڵام چۆن رێبەری جەمعی لە حیزبدا سەقامگیر ببووو رێژیم بە ئامانجە سەرەكیەكەی نەگەیی، حیزب زامی هەڵگرت بەڵام لە پێنەكەوتو دوكتور سادق شەرەفكەندی جێگری لێوەشاوەو بە بڕشتی دوكتور قاسملوو ئەركی بەرپرسایەتی یەكەمی حیزبی وەستۆ گرتو رێگای نەدا بێقاسملوویی بە حیزبەوە دیار بێ.
كۆنگرەی نۆهەمی حیزب لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاویدا لەژێر چاوەدێریو بەرپرسایەتی یەكەمی دوكتور سادق شەرەفكەندی بە شێوەیەكی ئاساییو بەپێی دەستووری كارەكانی بەڕێوە چوو بەڵام پێش ئەوەی حیزب بگاتە كۆنگرەی دەیەم بە داخەوە رێژیمیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە تیرۆری دوكتور سادق شەرەفكەندی زامێكی دیكەی خستە سەر جەستەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەڵام دیسانیش حیزب لە پێنەكەوتو خەباتی خۆی بە بەردەوامی درێژە دا.
كۆنگرەی سێزدەهەمی حیزب كە لە ١٣ی پووشپەڕی ١٣٨٣ی هەتاویدا گیرا یەكێك لەو كۆنگرانە بوو كە لە هێندی بوارەوە ئاڵوگۆری لە دروشمو نێوەرۆكی بەرنامەو ئەساسنامەی حیزبدا پێك هێنا. دروشمی تا ئەوكاتی حیزب"دێموكراسی بۆ ئێرانو خودموختاری بۆ كوردستان" جێگای خۆی دا بە "دابینبوونی مافی نەتەوایەتی كورد لە چوارچێوەی ئێرانێكی دێموكراتیكی فیدراڵ"دا . ئاڵای كوردستان كە لە پاش كۆمارەوە بڕیاری لەسەر نەدرا بۆوە، بڕیاری لەسەر درا. بەداخەوە لەگەڵ پڕ نێوەرۆك بوونی بڕیارو پەسندكراوەكان كە بە كۆی دەنگی بەشدارانی بە پەسندگەیشتن پاش كۆتایی كۆنگرەو بە مەودایەكی نەك درێژ دیسان ژمارەیەك لە ئەندامانو كادرو پێشمەرگەكانی حیزب جیابوونەوە. ئێستا پاش چەند ساڵ دابڕان جووڵەیەك بۆ وەسەریەككەوتنەوەو كەشوهەوایەكی دۆستانە بەسەر پێوەندییەكانیان لەگەڵ حیزبدا پێكهاتووەو ئومێدی وەسەریەككەوتنەوە بە دوور نازانرێ.
ئەو تایبەتمەندییانەی كە لە زۆربەی هەرە زۆری كۆنگرەكانی حیزبدا چ ئەوانە ئاماژەیان پێ كرا چ ئەوانەی ئاماژەیان پێ نەكراوە پەسندو پێی لەسەر داگیراوەتەوەو لە راستیدا حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی پێدەناسرێنەوە بریتین لە :
ــ درێژەدان بە خەبات لە شكڵی جۆراوجۆردا دژ بە كۆماری ئیسلامیو لە پێناو دابینبوونی دێموكراسی لە ئێرانو وەدیهێنانی مافی كورد لەو وڵاتەدا.
ــ پاراستنی سەربەخۆیی سیاسیو بڕیاردان بە هەر نرخێكو بە هەر ئاكامێك كە بۆ حیزبی لێبكەوێتەوە.
ــ دۆستایەتیو هاوكاری لەگەڵ هێزە كوردیەكان لە كوردستانی ئێران هەرچەند بەداخەوە دووجار حیزبی دێموكرات بەرەوڕووی شەڕی نێوخۆیی كراوەتەوە، بەڵام بە دوای ئەو تاقیكاریە، بە كردەوە تێدەكۆشی كە كارەساتی ئەوتۆ روونەدەنەوەو چەكی كورد بەرەرووی سینگی هیچ كوردێك نەبێتەوەو ئەو رەوتە بەرەوپێش بچێكە لە نێوان حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانو كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران هاتوەتە ئاراوە.
ــ دۆستایەتیو هاوكاری لەگەڵ هێزە كوردییەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان بە بێدەخاڵەتو دەستتێوەردان لە كاروباری یەكتردا.
ــ هەوڵدان بۆ پێكهاتنی ئیتلاف یا بەرەیەك لە هێزە دێموكراتو پێشكەتووەكانی ئێران.
ــ لە ئەگەری پێوەندی هەر هێزێكی كوردی لەگەڵ وڵاتێكی ناوچە كە بەسەر پارچەیەكی دیكەی كوردستاندا زاڵە ئەو ئەسڵانە لەبەرچاو بگیرێن : كە ئەو پێوەندییانە بە زیانی كورد لە پارچەیەكی دیكەی كوردستان تەواو نەبێ، پێوەندییەكان ئەوندە قووڵو لێكگرێدراو نەبن كە دووركەوتنەوە لێیان مومكین نەبێیا دژوار بێ.
ــ هاوكاریو هەماهەنگی لە خەباتدا لەگەڵ گەلانی زۆرلێكراوی ئێران كە بە خۆشیەوە كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵی لێكەوتووەتەوە.
ــ باوەڕ بە عەداڵەتی كۆمەڵایەتیو یەكسانی لە نێوان ژنو پیاو لە كۆمەڵو خێزاندا.
ــ هەوڵدان بۆ نێونەتەوەیی كردنی زیاتری مەسەلەی كورد بە گشتیی.
ــ باوەڕمەندبوون بە دیاڵوگو لێكتێگەیشتن بۆ چارەسەری هەر پرسو موشكیلەیەكو خۆپاراستنی لە شەڕو دەستبردن بۆ چەك.
بە خۆشیەوە هەموو ئەو تایبەتمەندیانە لەلایەن حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە رەچاو كراون، كاریان بۆ كراوە لەسەر یەك بوونە بەرگێك كە بە بەر حیزبی دێموكراتدا كراوەو ئەو حیزبەو نێوەرۆكەكەی پێدەناسرێنەوە.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ٧٠ ساڵەی تەمەنی پڕ لە شانازیو سەروەری خۆیدا كۆمەڵێك دیاردەی نوێی لە بزووتنەوەی كورددا باو كرد كە هەموو لایەك بەڕێزەوە سەیری دەكەن خۆ ئەگەر هەڵەیەكیش بوو بێپێش هەمووان خۆی هەستی پێكردووەو بۆ قەرەبوو كردنەوەی هەنگاوی ناوەو ئێستاش هەر بەو تایبەتمەندییانەوە بۆ ئامانجەكانیو لە پێناو دابینبوونی دروشمەكانیدا بە شێوەیەكی سەردەمیانەو بە كەڵك وەرگرتن لە شێوەكانی رەوای خەبات ئاودیوی تەمەنی ٧٠ ساڵی دەبێ، ئێستا ئیدی ئەو حیزبە خاوەنی پێگەو نفووزێكی بەرچاو لە نێو كۆمەڵگای كوردی دایە، لە چەند رێكخراوی نێونەتەوەییدا ئەندامە بە حیزبێكی دێموكراتو لایەنگری ئاشتیو ئاسایش دەناسرێ. لە كۆڕی حیزبو رێكخراوەكانی ئێرانیدا جێگایەكی شایانی هەیەو پێوەندی لەگەڵ هێزە كوردستانییەكانی هەموو پارچەكان دۆستانەیە، هەر هێزێك كە دژایەتی نەكاو بۆ دێموكراسی خەبات بكا بە دۆستی خۆی دەزانێ، لەسەر پێی خۆی راوەستاوەو پشتی بە پشتیوانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەستووەو لەسەر درێژەدان بە خەبات سوورو پێداگرە. لە بەرانبەر ئەو هەلومەرجە لەبارەی كە بە گشتیی بۆ كورد رەخساوە دەبینین كە كۆماری ئیسلامیی ئێران بە كردەوەی دەخاڵەتگەرانە، دنەدانو پشتگیری تیرۆریستان، ئاژاوەگێڕی لە ناوچەدا وەك رێژیمێكی ناتەبا لەگەڵ روحی سەردەم ناسراوە كە ئابوورییەكی شپڕزە، سیاسەتێكی شەڕخوازانەو دوژمن داتاشێنی هەبووەو هەیەو هەوڵەكانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەكی ناوكی مەترسی بۆ سەر هێندی وڵات تەنانەت ناوچەو جیهان پێكهێناوە. هەرچەند رێككەوتننامەیەك بۆ پێشگرتن بەم مەبەستەی رێژیم لە نێوان كۆماری ئیسلامیو گرووپی ١+٥دا واژۆ كرا بەڵام ئەو رێككەوتنەش بە قازانجی خەڵكی ئێران نیە، بەڵكوو دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەستەو گرووپەكانی بەستراوە بە كۆماری ئیسلامیی ئێرانو ئەوەش هۆیەك دەبێبۆ ئاژاوەی زیاتر لە ناوچەكەدا. تەپڵی ئیسلاحتەلەبی دەنگی لێبڕاوەو ئەوانەی كە لەبەر هەر بەرژەوەندییەك خۆیان لە پەنا ئەو ناوە بێناوەڕۆكەدا حەشار داوە قسەیەكیان بۆ كردن نەماوە وێناچی بتوانن بەشێكی بەرچاو لەخەڵك بە ئاڵوگۆڕ لە مۆرەكانی رێژیمدا بە ئاڵوگۆڕ بە قازانجی ئازادیو بەرژەوەندییەكانی خەڵك هەڵخڵەتێنن.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە ٧٠ ساڵ ئەزموونی خەباتەوە وەك حیزبێكی خاوەن پرنسیپو بە ناسیاوێك كە لەسەر رێژیمی كۆماری ئیسلامی هەیەتی لە خەبات بۆ رووخانی رێژیم وەك بەربەستی سەر رێگای دێموكراسیو مافی نەتەوایەتی بێ دوودڵیو لێبڕاوانە سوورو پێداگرەو لەو پێناوەشداو لە درێژەی خەباتی خۆیدا ئامادەی هاوكاری لەگەڵ هەموو ئەو هێزانەیە كە باوەڕیان بە دێموكراسیو لە نێوبردنی هەڵاواردنو دابینبوونی مافی نەتەوایەتی گەلانی ئێران هەیەو هەوڵەكانی تا ئێستای خۆی بۆ ئەم مەبەستە درێژە دەدا، یەكگرتووییو تەبایی ماڵی كورد بە هۆی بنەڕەتی سەركەوتن دەزانێ.
جارێكی دیكەش ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو لایەك پیرۆز بێ.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمیتەی ناوەندی
٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی
١١ی ئوتی ٢٠١٥ی زایینی

