ئه‌گه‌رچی هەڕەشەو تۆقاندن ناوەڕۆکی راستەقینەی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ته ئیستبدادیهكان پێک دێنن، به‌ڵام له‌م حكوومه‌تانه‌دا هێزی به‌كرێگیراو یان هێزگه‌لێكی نیزامی‌و شێوهنیزامی له سه‌ر ئاكارو خووی مزدوور رۆڵی سەرەکی دەبینن. ئه‌م هێزانه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی توندووتیژی، كرده‌وه‌ى ترسێنه‌رو تەنانەت ئاکاری دژەبەشەری راهاتوونو له قەوارەی مزدوورانه دا بۆ داپڵۆسینی جودابیرانی ناڕازی سازمان ده‌درێن.
له سه‌رده‌مى هاوچه‌رخی ئێمەش دا به‌كرێگیراو وه‌ك كه‌ره‌سه‌یه‌ك به هه‌مان نیسبەت به‌ڵام به رەنگی جیاواز‌و له جۆری هێزی بهرینو داسهپێنهرى ده‌سه‌ڵات به ئامانجی دژی گه‌لیانه ده‌چێته خزمه‌ت حكوومه‌ته نادیموكرات‌و دیکتاتۆرەكانهوه.
مزدوور واته به‌كرێگیراو، سوپایه‌كی نیزامی یا شێوهنیزامیه كه له رێگای زه‌بروزه‌نگی نیزامی یان پۆلیسی بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسى ناڕه‌واو نەخوازراو سازمان ده‌درێ. هێزی به‌كرێگیراو له خزمه‌ت هه‌ركه‌س، هەر لایه‌ن یا هەر وڵاتێک دا بێ، به‌بێ جیاوازی پێوه‌ندییه‌كی شه‌خسی دوو لایەنەیان هەیە. ئەوەش یانی فەرمانی فه‌رمانده‌ر یا سه‌رۆكی راسته‌قینه‌ى خۆى بێ زیادوکەم په‌یڕه‌و ده‌كات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به هێزی مزدوور ته‌ڵقین بكرێ كه ئه‌و له نیزامێكی سیاسی ئیدئۆلۆژیكی مهشروعو ره‌وا به‌رگری ده‌كا، ئه‌و بێ ههستو بێ ئیراده سه‌باره‌ت به یاسا‌و نیزامی سیاسی وه‌كوو كۆیله‌یه‌ك ته‌نیا له سه‌ر ئیراده‌ی شه‌خسی ده‌ست به كاردهبێو له برانبه‌ر ئارمانێك كه ئه‌و بۆ ئه‌نجامه‌كه‌ی به خزمه‌ت گیراوه خۆی بە بەرپرس نازانێ. هه‌روه‌ها بۆ به‌كرێگیراو گرینگ نیه كه له خزمه‌ت کێ یا چ لایه‌نێك دابێ، به‌ڵكوو ئەوەی رێگەی تاڵانی زۆرتری بۆ بكاتەوە ده‌توانێ به خزمه‌تی بگرێ.
مزدوور بێ ئه‌وه‌ی هیچ هه‌ستێكی قه‌ومی یا نه‌ته‌وه‌یی یا وه‌فاداری به ئاكارێكی ئه‌خلاقی یا سیاسیه‌وه هه‌بێ، كوێرانه لەو فهرمانانەی كه بۆی دهردەچێ په‌یڕه‌وی دهكاو بۆ سه‌ركوتی دڕندانه‌ی هه‌رلایه‌نێك كه به ناوی دوژمن پێی بناسێنن ئاماده‌یه. ته‌نیا هۆكاری هانده‌ری هێزى به‌كرێگیراو قازانجی مادی خۆیه‌تی. ئه‌م قازانجه ماڵیهش راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له رێگای دابین كردنی ئامرازی تاڵان‌و غارهتهوه ده‌رخواردی ئه‌درێ.
گرینگ‌ترین تایبه‌تمه‌ندی هێزی به‌كرێگیراو چاوچنۆكی له راده‌به‌ری ئه‌وه، ئەویش بە مەبەستی تاڵان‌و په‌له‌كردن له بره‌ودانی گرژی دژ به‌و لایه‌نانه‌ی كه فه‌رمانی له ناوبردنیانی پێده‌درێ. هێزی مزدوور هه‌ناوێكی سه‌ركوتكراوی زامداری هه‌یه كه له دڵره‌قی دا سارێژ ده‌بێته‌وه‌و دایم ئاماده‌ی كردهوهیە. ئه‌م هێزه به پێچه‌وانه‌ى ئه‌رته‌شێكی سازماندراو، وێرای پێره‌وى كوێرانه‌و غوڵامهتی بۆ سه‌رۆكه‌كانیان به هۆی نه‌بوونی وره‌ی پێویست هیچ نهزمو دسیپلیمێكی له خۆ نه‌گرتووه. وا راهاتوون كه ده‌ستی زۆر بۆ ساتێكیش نابێ له سه‌ریان لابچێ، هه‌ركاتێكیش هه‌ست به بێخه‌می بكه‌ن خێرا ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه به سه‌ره‌رۆیی‌و نافه‌رمانی لە ناو بازنەیەکی سنوورداردا. هه‌بوونی ده‌ستی زۆر، تێركردنی بهوهختو ره‌خساندنی هه‌لی تاڵان، ته‌نیا مهرجگهلێكن بۆ ئه‌وه‌ى سهرۆكەکانیان قایل بكه‌ن. دروست به‌م هۆیانەشەوەیە كه به‌كرێگیراو زۆر خیانه‌تكارو له حكوومه‌ته ئسیتبدادیهكاندا ئامرازی سه‌ره‌كی ده‌سیسه‌یه.
هێزى به‌كرێگیراو هه‌ر كه زانی سه‌رۆكه‌كه‌ی توانای پێدانی مووچه‌ى نه‌ماوه یان زمینهى تاڵانی بۆ نارهخسێنێ، خێرا پشتی تێدهكاو بێ دردۆنگی خیانه‌تی پێده‌كا. ته‌نانه‌ت زۆر جار ده‌چێته خزمه‌تی دوژمن‌و بەرانبەرەكهیهوه. ئه‌گه‌رچی نابێ لەبیرمان بچێ زۆر جار خیانه‌ت پیشه‌یی نیوان سهرۆكو به‌كرێگیراو پێوه‌ندییه‌كی دوولایه‌نه‌یه.
له حكوومه‌تی ئێستای ئێران كه كه‌ڵك وه‌رگرتن له هێزی به‌كرێگیراو بۆ گه‌یشتن به ئامانجی نگریس‌و سه‌ره‌رۆیانه نه‌یتوانیوه مه‌شروعیه‌تیان پێ ببهخشێو ئاكامی ئه‌وتۆی لێ بكه‌وێته‌وه، یان بۆ ئه‌وه‌ى پیلان‌و جینایه‌ته‌كانیان بۆ بیرورای گشتى شاردراوه بمێنێته‌وه‌و خۆیان له بوونی ئه‌م بهكرێگیراوانه پاك بكه‌نه‌وه، عامیلانی ئیجرایی كرده‌وه دژهمرۆیانهو چەپەڵەکانیان له ناو ده‌به‌ن. به هۆی هه‌مان بهرژهوهندیو تاڵانچێتی شهخسیهوهیه كه مزدوور له مه‌یدانی ململانێی راسته‌قینه‌و درێژخایه‌ن خێرا‌و رهموك گۆره‌پان به جێ دێڵێ‌و ناتوانێ هێزی تا ئاخر بێ. ته‌نیا كاتێك ده‌توانێ خۆراگری بكات كه له‌وه‌پێش دڵنیا بووبێته‌وه سه‌ركه‌وتن وه‌ده‌ست دێنێ. دژكرده‌وه‌ى مزدووران له بارودۆخی هه‌ستیاردا زۆر سرنجراكێشو چاوهرواننهكراوه. هه‌ربۆیه لە رەوتی خەباتی گەلی کوورد بە گژ داگیرکەرانی کوردستاندا پێشمەرگە نەبەزەکان زۆر دیمەنی لەم چەشنەیان وەک بیرەوەری شیرین بەلا ماوەتەوە.
كرێگرته له ئه‌قڵانیه‌تی سیاسی بێ به‌هره‌یه. له‌م روانگه‌یه‌وه كاتێ پله‌ى ده‌سه‌ڵاتی كرێگرته له حكوومه‌تە ئیستبدادیەکاندا ده‌چێته سه‌رێ پایه‌ی ئه‌و حكوومه‌تانه له رووی ناپسپۆڕی سیاسی ئه‌وانه‌وه له‌رزۆك‌و لاواز ده‌بێ. سه‌ره‌رای ئه‌وه كه ئه‌م هێزانە هێزێكی سیاسی نین به‌ڵام حكوومه‌تی ئیستبدادی ئه‌وانی له درێژخایه‌نه‌وه له خزمه‌ت گرتووه‌و خۆی به هێزی مزدوور بهستۆتەوە. له ئاكامی وەها پلانێکدا ده‌رفه‌ت بۆ بەکرێگیراو ده‌ره‌خسێ تا به پایژهی ده‌سه‌ڵات دا بخزێنه سه‌ر یان له بازنه‌ی حكوومه‌ت دا دهسیسهگهری بكات. كه‌وابوو له هه‌ر دوو حاڵه‌تدا پایه‌كانی حكوومه‌ت ده‌ڕزێنن.
له رابردوودا هێزی مزدوور له خه‌ڵكانی بیانی وه‌ك جیاوازی ره‌گه‌زو ئایینه‌وه پێكدههاتو له هه‌ڵبژاردنیان دا ته‌نیا خووی شهرهنگێزیو دواكه‌وتوویی هزرى ره‌چاو ده‌كرا. ئه‌م نامۆییهش ده‌بووه هۆی خاترجه‌می سه‌رۆكایه‌تی هێزی مزدوور بۆ باشتر به‌ڕێوه‌بردنی پیلانه نگریسەكانیان. به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا بۆ دابینكردنی مزدوور بایه‌خێكی ئه‌وتۆ به بێگانه نادرێ‌و ئه‌م هێزه سه‌ركوتكه‌ره له كه‌سانی بومی پێك دێن. کرێگرتەی بومی یان لە چەشنی خۆیی سەرەڕای سەرکوت، تۆوی دووبەرەکیش دەچێنێو کۆمەڵگا بەرەو بشێوی‌و کرمۆڵی دەبات.
هه‌روه‌ك ده‌بینین له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی دا به‌كرێگیراوان‌و سهركوتكهران پله‌كانی ده‌سه‌ڵات یه‌ك له‌دوای یه‌ك ده‌بڕن وپله‌و مه‌قامی ده‌سه‌ڵاتدارێتی وه‌چنگ ده‌خه‌ن. تا ئه‌و راده‌ى كه پۆستی سه‌رۆك كۆماریش بۆ خۆیان ساخ ده‌كه‌نه‌وه. له حكومه‌تی تۆتالیترو سه‌ره‌رۆی خومەینی دا جگە له ناوەندو ئورگانە گشتیەکان وه‌ك ئهرتهشو پۆلیس، به‌كرێگیراوی هەمەڕەنگ له ژێرناوی جۆراوجۆر یا ناوه‌ندگەلی تایبەتی وه‌كوو پۆلیس مه‌خفی، گاردی ویژە، سپا، گوزینش، حه‌راسه‌ت، به‌سیج به هه‌موو قهوارهكانیهوهو ... سازمان دراون. سەرەڕای ئەمانەش هیچ لایەنێک بڕوای بەوی دیکە نیەو هێزی بەکرێگیراوی تایبەتی خۆیان لە جێ‌و شوێنە ئیداری‌و نیزامی یەکان دا دابەستووە، لە دەسەڵاتدارانی رێبەرییەوە بگرە هەتا هەزاران کون‌و قوژبنی دیار‌و نادیار.
ئه‌م بهكرێگیراوانه لە پێناو قازانجی بێ نرخی خۆیان به‌رژه‌وه‌ندی ئایدۆلۆژیکی سیستمی ده‌سه‌ڵاتی كۆنهپهرهستانهى زاڵ به سه‌ر گه‌لانی سته‌ملێكراوی ئێران ده‌پارێزن. هه‌روه‌ها جۆرێك راهاتوون كه له هه‌رچه‌شنه هه‌ستێكی نه‌ته‌وه‌یى، به‌زه‌یی، خۆشه‌ویستی، نیشتمانپهروهریو مرۆڤایه‌تى بێ بهرینو وه‌ك ئه‌شیا خۆیان خستۆته ئیختیار سهرۆكهكانیانو لە بەرانبەر گەلی بێدیفاعی مەدەنی دا لە هیچ چه‌شنه جینایه‌تێكی دڕندانه خۆنابوێرن. مێژوو سەلماندوویەتی کە تەمەنی نگریسی ئەمجۆرە حکومەتانە زور کەمەو ئەم بەکرێگیراوانە لە رەوتی مێژوودا جگە لە شەرمەزاریو سەرشۆڕی هیچ دیارییەکیان بۆ خۆیان‌و نەوەکانی بنەماڵەکەیان بەجێ نەهێشتووە.

