لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووداو بە تایبەتی پاش ڕووداوەکانی کوردستانی ڕۆژئاواو جێگر بوونی هێزەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیە "پ ک ک" لەو ناوچەیەداو ڕێگە نەدان بە هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستا "پ د ک" لە لایەن ئەو هێزەوە بۆ بەشدار بوون لە پرۆژەی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا، کێ بەرکێیەکی سیاسیو میدیایی هەمەجۆرە لە نێوان ئەم دوو پارتە هاتە ئاراوە. بە گۆڕینی دەسەڵاتداری یەکەمی پ ک کو هاتنە سەر کاری "جەمیل بایک" وەک که سی یەکەمی ئەو پارتە، نزیک بوونەوەی لە گەڵ دەسەڵاتی ئێرانو هاوپەیمانەکانی لە ناو ئەحزابی کوردستانی باشور زۆر بە ڕوونی لە بەر چاو دیار بوو.
حیزبه کانی کوردستانی باشور لە بەر ئەوەی زۆرینەی دەنگ چ لە پارلمانو چ لە هەڵبژاردنەکاندا بە حیزبەکەی "مەسعود بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، کاریگەریێکی ئەوتۆیان لە گەمە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان نەبوو جگە لە پارێزگای سلێمانی. هەر بۆیە لە هاوپەیمانیێکی نەنوسراودا لە گەڵ پ ک کو بە پشتیوانی ئێران هەنگاویان بۆ لا بردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەسەڵاتی هەرێم هەڵهێناو زۆر بە ڕوونی دەستیان کرد بە پلان دانان بۆ ئەو مەبەستە.
لەو لاشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک سەرۆکایەتی هەرێم لە هاوپەیمانیێکی نزیک لە گەڵ حکومەتی تورکیەو هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بۆ ڕێگری بەم پلانو بەرنامەی لایەنەکانی بەرانبەر بە شێوازی سیاسیو میدیایی بەرەنگاری ئەوانی کرد. بە نزیک بوونەوەی کۆتایی هاتنی دەورەی سەرۆکایەتی هەرێمی مەسعود بارزانی، پ ک کو لایەنەکانی نزیکی لە هەرێم دەستیان کرد بە ریکلام بۆ ڕێگە نەدان بە درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی ناوبراو. پ ک ک زۆرتر بە دوای مانەوەی هێزەکانی لە قەندیلو کردنه وه ی ڕێگەیێک بۆ پشتیوانی لۆجێستیکی هێزەکانی لە ڕۆژئاوا لە ڕێگەی خاکی هەرێمەوە بوو کە تا ئێستە بارزانی ئەو ڕێگەیەی پێیان نەداوە. "پ ک ک"و لایەنەکانی بە دواکەوتووی لە باشوور پلانی لابردنی بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم بە باشی بۆیان چوە پێشەو بەڵام چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد کە تورکیە هێرشیان بکاتە سەرو لە گەڵ ئەو هێرشەش بارزانی داوای ڕۆییشتنی پ ک ک لە قەندیل بکات. ئەوەی وا دیارە لە ئێستادا پ ک ک ئەگەر بەرەێەکی تر بۆ شەر لە گەڵ هەر لایەنێک(تورکیە یان پ د ک) بکاتەوە دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژئاوا لە دەست دەداتو لانی کەم مانەوەیان لە ڕۆژئاوا دەکەوێتە مەترسیەوە. هاوکات لە گەڵ هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیە بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی پ ک ک لە قەندیل زۆر جار هەڕشەی شێواندنی تورکیەو نەمانی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئەوانو حکومەتی تورکیەمان لە زاری ئەندامانی ڕێبەری پ ک ک بیستووە بەڵام ئەوەی وا لە ڕاستیدا دەیبینین ئەوەیە پێیان باش نیەو بە سودی خۆیانی نابینن کە دیسان شەڕ دەسپێکەنەوەو زۆرتر بە دوای کۆتایی شەپۆلی ئەم هێرشە نوێیەی تورکیەن بۆ سەر خۆیان.
مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستانو هاوپەیمانی تورکیە لە ناوچەکەدا بە باشی دەتوانێت کۆتایی بە هێرشی تورکیە بۆ سەر پ ک ک بێنێت هەر بۆیە ئێران وەک پشتیوانی پ ک ک لە ڕۆژئاواو باکور، بە باشی لەم ڕاستیە ئاگەدارەو نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە به په له خوی گه یانده کوردستانی باشور. "قاسم سلێمانی" فەرماندەی سپای قودسی ئێرانو یەکێک لە کەسایەتیە بەهێزەکانی پانتای سیاسی عیراق، لەم ماوەیەدا بۆ جاری چەندەم سەردانی پارتی، یەکیەتیو گۆڕانی کرد وبەدوای ڕێگە چارەیێک بۆ مانه وه ی پ ک ک لە قەندیلو ڕۆژئاوا دەگەڕا.
ئێران پێش لە یەکیەتیو گۆڕانو هەرێمی کوردستان، مانەوەی پ ک ک وەک تەنیا لایەنی دەسەڵات دار لە کوردستانی ڕۆژئاوا بە گرینگ دەزانێتو بوونی ئەو حیزبە وەکوو هێزێک لە گەمە سیاسیەکانی ناوچەکەدا بۆی بە نرخترە تا نەبوونی بارزانی لە سەر کورسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان. ئەگەر هێزەکانی پ ک ک لە ڕۆژئاوا دەسەڵاتیان نەمێنێت ئەوە ئێران زۆرترین زیانی پێ دەگات لە بەر ئەوەی شاڕێگە ی خۆی لە تارانەوە بۆ غەزەو دەمیشق لە دەس داوە. ئێران پێی باشە سرۆکی هەرێم کەسێک بێت لەو لایەنانەی وا لە خۆیانەوە نزیکن بەڵام ئامادە نیە بۆ گەییشتن بەو ئامانجە دەسکەوتەکانی لە ڕۆژئاوا لە لایەن حکومەتی تورکیەو ئەردۆغانەوە بکەونە مەترسیەوە.
لەم ڕۆژانەداو پاش چەند مانگ دژایەتی میدیاکانی سەر بە ئێران بەرانبەر بە بارزانی، بە یەکجاری لە وەرچەرخانێکدا قاسم سلێمانی لە دیداری یەکیەتیو گۆڕان پێیانی ڕاگەیاند کۆماری ئیسلامی مانەوەی مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم بە باشترین ڕێگە بۆ جێگر بوونی ئارامی لە هەرێمو ناوچەکە دەزانێت. ئەوە جێگەی گومان نیە کە ئەو لایەنانەی باشور گوێگری بڕیارەکانی تاراننو هەر وەک چۆن بە بڕیاری تاران ئەم کێبەرکێیەیان کردەوە، ئێستاش بە بڕیاری تاران دەنگیان دەدەنە پاڵ مانەوەی بارزانی لە کورسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
بە دووری نابینم لە ئەگەری نەمانی کێشە بۆ درێژ بوونەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم، پرۆسەی ئاشتیو قۆناغی چارەسەری لە نێوان حکومەتی تورکیەو پ ک ک دیسانەوە بێتە ئاراوەو هێرشی تورکیەش بۆ سەر قەندیل کۆتایی پێ بێتو هەنگاوێک ئەولاتریش "ئاکپارتی" لە گەڵ "هادپ" بڕواتە ئیئتلافەوە بۆ پێکهێنانی دەوڵەت. پ ک ک دەستی بە هێرشێک کرد بۆ سەر پارتیو مەسعود بارزانی کە بە ڕاستی لە ئاکامدا شکستی هێناو ئێستا بۆ گەڕانەوەی بۆ دوو مانگ پێشتر دەبێ زۆر بە وریایی هەنگاو هەڵبێنێت.
ئەوەی لەم نێوانەدا دۆڕاوی گەمەی سیاسی بووبێت خەڵکی داماوی کوردستانە لە هەر ٤ پارچە لەبەر ئەوەی دیسانەوە خاکی کوردستان بووە بە یاریگه ی داگیرکەرانو چارەنووسی خەڵکی بەشێک لەم وڵاتە لەبەر پلانی داگیرکەران بووتە کاڵای سیاسیو سەودای پێوە دەکرێت. هە روه ها ئەو حیزبو لایه نانە وا لە دوی پ ک ک کەوتنو به بێ واقیع بینیو لێکدانه وه یه کی دروست لە ڕووداوەکان بانگەوازی بەرحەق بوونی پ ک کو ناحەق بوونی پارتیان دەکرد ئەوانیش لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا دۆڕاونو داهاتووی خۆیانیان بۆ هیچ خستە ژێر دەستی کۆماری ئیسلامی.

