ئاگرتێبەردانی سروشتو ژینگەی رۆژهەڵاتی کوردستانو ژینۆسایدی سەوز
کەمپیەنی نا بۆ سووتاندنو گڕتێبەردانی دارستانو لێڕەوارەکانی کوردستان
جەنگەڵو دارستانەکان یەکێک لە سامانەکانی هەر وڵاتێکو بە سەرچاوەی نەتەوەیی ژیان هەژمار دەکرێن. ساڵانێکە لەناوچوونی ژینگە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوەو ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە چالاکانی مەدەنیو لەوانیش چالاکانی مەدەنیی کورد بە هەڵگرتنی "پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە" بە دەیان ئەنجومەنو کەمپەینی ژینگەپارێزییان دامەزراندووە.
چالاکانی مەدەنیی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات لەو چالاکانەن کە لەپێناو پاراستنی ژینگەی وڵاتەکەمان چەندین کەمپەین، ئەنجومەنو گرووپیان بنیات ناوە لەو راستایەدا چالاکی دەکەن.
ئاگرکەوتنەوە یەکێک لەو رووداوانەیە کە لە رەوتی مێژوودا خەسارێکی بەرچاوی بە ژینگەو بە تایبەتی دارستانەکان گەیاندووە.
ئاگرکەوتنەوە لە دارستانو لێڕەوارەکانی کوردستان کە باشتر وایە وەکوو "ئاگرتێبەردان" ناوی لێ ببەین، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا داوێنی ژینگەو بە تایبەتی دارستانەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتی گرتووەتەوەو تا دەڕوات ئەم رەوتە روو بە پەرەسەندنە.
پەرەسەندنو بەرینتربوونەوەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لەم چەند ساڵەدا، کۆمەڵێک پرسیاری لە مێشکی هاووڵاتیانی کورددا ورووژاندووە.
* گەلۆ هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوانە هەروەک لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارو هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە "سروشتی" رادەگەیندرێت، "سروشتی"ـیە؟!
* ئەگەر هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوە زنجیرەییانە ناسروشتیەو بە ئەنقەست ئاگر لە دارستانو لەوەڕگەکان تێبەر ئەدرێت، "کێ" یان چ ناوەندو گرووپو دەستەیەک لە پشتەوەی ئەم لەناوبردنە بە ئەنقەستەی ژینگەی کوردستان دایە؟!
یەکەم خاڵ کە خاڵێکی جێگای سەرنجەو پێویستە لێرەدا روون بکرێتەوە، سروشتی بوون، یا سروشتینەبوونی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانو لێڕەوارەکانی کوردستانە.
ــ ئاگرکەوتنەوەی سروشتی لە دارستانو لیڕەوارەکانی کوردستان:
ئاگرکەوتنەوەی سروشتی لە دارستانەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو لە کەمتەرخەمیی هاووڵاتیانی کورد ەوەسەرچاوە دەگرێت.
ئەم جۆرە ئاگرکەوتنەوانە کە بەپێی بەڵگەکان بەشێکی کەم لە ئاگرکەوتنەکان پێک دێنێت، لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیو هەواڵدەرییەکانی ئەو حکوومەتەوە، هۆکاری سەرەکی لەناوچوونی ژینگەی کوردستان رادەگەینرێتو زەق دەکرێتەوەو حکوومەت بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات کە رێژەی ئاگرکەوتنەوە سروشتیەکان زۆرتر نیشان بدات.
ئەمە لە کاتێک دایە کە زۆربەی هاووڵاتیانی کورد لەو باوەڕە دان کە ئاگرکەوتنەوە زنجیرەییەکان لە کوردستان بە تەواوەتی سروشتی نینو دەشێ دەستی لایەنێکیان لە پشتەوە بێت.
ــ ئاگرکەوتنەوە ناسروشتییەکان لە دارستانو لێڕەوارەکانی کوردستان (ئاگرتێبەردان):
ئاگرکەوتنەوەی ناسروشتی هۆکاری مرۆیی لە پشتەوەیەو باشتر وایە وەکوو "ئاگرتێبەردان" ناوی لێ ببەین. ئەم جۆرە ئاگرکەوتنەوەیە لەم چەند ساڵەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو لە کوردستان پەرەی سەندووەو بەم هۆیەوە رووبەرێکی فراوان لە دارستانو لەوەڕگەکانی کوردستان لەئاگردا سووتاونو بوونەتە خۆڵەمێش.
ئاگرکەوتنەوە لە دارستانێک لە چەند شوێنی جۆراوجۆرەوە بە مەبەستی ئەستەمبوونی کۆنترۆڵکردنو کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکە لەلایەکەوەو هاوکاری نەکردنی ناوەندە پێوەندیدارە حکوومەتیەکان لە لایەکی دیکەوەو بگرە بەربەست دروستکردن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکان لەلایەن ئەو ناوەندانەوە، بەڵگەیەکی روونە کە دەری دەخات حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پشتی ئەم ئاگرتێبەردانانەیە.
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانە کە لەلایەن چالاکانی مەدەنیی کوردو بە تایبەتی چالاکانی ژینگەپاریزییەوە بە شێوەی مەیدانی ئەنجام دراونو هەروەها بەپێی ئەو راپۆرتو هەواڵانەی کە لەلایەن هەواڵدەرییە کوردییەکانەوە بە پشتبەستن بە قسەی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بڵاو دەکرێنەوە، ناوەندە ئەمنیەتیو نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا بە مەبەستگەلی تایبەتی خۆیان لە رێگای دەستو پێوەندییەکانیانەوە ئاگر لە دارستانو لێڕەوارەکانی کوردستان بەر دەدەن.
کوردستانی رۆژهەڵات پاش هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئیسلامی بەهۆی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانەوە بەردەوام روانگەی ئەمنیەتی لەسەر بووەو ئەو حکوومەتە کوردستانی رۆژهەڵاتی بە هەموو شێوەیەک میلیتاریزە کردووەو ئەم بەپادگانیکردنەی کوردستانە تا دێت چڕتر دەبێتەوە.
جموجوڵی حیزبو رێکخراوە سیاسییە ئازادیخوازەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بووەتە هۆی ئەوەی کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە "بیانوو"ی دابینکردنی ئەوەی کە لەلایەن خۆیەوە "ئەمنیەت" رادەگەیەندرێت، گڕ لە دارستانو لێڕەوارەکانی کوردستانو بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان بەر بداتو تا بەو شێوەیە پێش بە خۆحەشاردانی هێزە ئازادیخوازەکان بگرێت.
گڕتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان لەلایەن ناوەندە نیزامیو ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر پەرەی سەندووەو ئەمەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی کوردو بەتایبەتی چالاکانی مەدەنیو ژینگەپارێزی لێ کەوتووەتەوە.
چالاکانی ژینگەپارێزی لەسەر ئەو باوەڕەن کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان سیاسەتی "جینۆسایدی سەوز"ی لە پێش گرتووەو بە لەبەرچاوگرتنی دژەکوردو کوردستان بوونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەو حکوومەتە بە هەموو شێوازێک لە هەوڵی لەناوبردنی کوردستان دایەو لە راستای ئەم دژایەتییە سیستماتیکەدا، لەناوبردنی ژینگەی کوردستانی گرتووەتەبەرو بەو شێوەیە دەیهەوێ کە ژینگەی کوردستان تێک بدات.
ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی کوردو چالاکانی مەدەنیی کورد بە نیسبەت ئاگرکەوتنەوە زنجیرەییەکان لە چیاکانی کوردستان تاکوو ئێستا هیچ پەرچەکردراێکی ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی لێ نەکەوتووەتەوەو دارستانو لێڕەوارەکانی کوردستان هەروا لە سێبەری کەمتەرخەمیو وەڵامدەرنەبوونی ناوەندە حکوومەتییەکان لە ئاگردا دەسووتێنو رۆژانە رووبەرێکی فراوان لە ژینگەی کوردستان تێک دەچێت.
سروشتو روانگەی ئەمنی
كوێستانی بوونی کوردستانو بوونی بزووتنەوە سیاسییەكانی كوردو گەشەکردنیان لە شاخ وەك پاڵپشتی سەرەكی بووەتە یەکێک لەو هۆیانەی حكوومەتەكانی زاڵ بەسەر كورددا تەنانەت ببنە دوژمنو نەیاری شاخو سروشتو ژینگەشو داخی دڵی خۆیانی پێ بڕیژن. چالاكوانانی سیاسیی كورد پێیان وایە زاڵبوونی تێڕوانینی ئەمنیەتیی حكوومەتی ئێران بۆ كوردو شۆڕشەكەی، داوێنی سروشتیشی گرتووەتەوەو زۆرجار بۆ شێواندنی پەناو پەسێوگەی پێشمەرگە بە ئەنقەست ئاگر لە كوێستانەكان بەر دەدەنو ئەگەر چالاكانی خۆڕسكی ژینگەپارێزیش هەوڵی كۆنترۆڵو كوژاندنەوەی بدەن، لەلایەن هێزە ئەمنیو دامودەزگا پەیوەندیدارەكانەوە دەگیرێنو بە تۆمەتی هاوكاریو چالاكیی سیاسیی نەیارەكانی حكوومەت سزا دەدرێن.
چالاكوانانی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستانو ژینگەپارێزان هێزە سەربازییەكانی ئێرانو بەتایبەت سوپای پاسداران بە سووتاندنی دارستانو لێڕەوارەكان تۆمەتبار دەكەنو لەم بارەوەشەوە بە دەیان بەڵگەو دیكیۆمێنتو وێنەی راستەقینە لەبەردەست دان.
نموونە حاڵەتی لەم چەشنە لە ساڵانی رابردوودا زۆر بووەو چەندین چالاكوانی ژینگەپارێزی كورد بە تۆمەتی ژینگەپارێزی! سزای زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە. لە حاڵێكدا بەپێی یاساكانی حكوومەتی ئێران، پاراستنی سروشتو ژینگە لە ئەستۆی حكوومەتەو دەبی ناوەندەكانی ژینگەپارێزیو لێڕەوارو دارستان كە چەندین لقو یەكەیان هەیەو بوودجەی تایبەت وەردەگرن، یارمەتیدارو رێنوێنی چالاكانی ژینگەپارێز بن، كەچی نەتەنیا رێخۆشكەرو یارمەتیدار نین، بەڵكوو لەمپەرو هۆكاری سەرەكیی فەوتانو سووتانی سروشتی رۆژهەڵاتن؟
ئێستە ئەم پەتایە بووەتە دۆخی زاڵو سروشتی كوردستانیش بەدەم ئەم ئازارەوە لە گیانەڵا دایە.

