كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران راگەیەندراوێکی سەبارەت بە بۆمبارانکردنی ئەرتشی تورکیە بو سەر بنکەو بارەگاکانی پەکەکەو ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بڵاو کردەوە.
دەقی راگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
راگەیەندراوی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
لە پێوەندی لەگەڵ بۆمبارانەكانی ئەم دواییانەی ناوچەكانی كوردستان
لە كاتێكدا كە رێبەرایەتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆبوونەوەیەكی ئاسایی خۆیدا بوو ئاگادار کرایەوە كە کاتژمێر ١١ی دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی ٢٤/٧/٢٠١٥ی زایینی بەرانبەر بە ٢ی گەلاوێژی 1394ی هەتاوی فرۆكە بۆمبهاوێژەكانی ئەرتەشی توركیە هێرشیان كردە سەر بنكەو گریلاكانی P.K.K لە هەر دوو دیوی سنوور لە ئامیدیو قەندیل كە زیانی گیانیو ماڵی لێكەوتەوەو بوو بە هۆی مەترسی شكاندنی ئەو ئاگربڕەی كە لە نێوان حكوومەتی توركیەو P.K.Kدا بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی رەوتی ئاشتی كە دوو ساڵ لەوەپێش لە نێوان P.K.Kو حكوومەتی توركیە دەستی پێكردبوو.
زۆر ئاساییە كە هەر جۆرە هێرشو پەلامارێك بە دوور لەوەی كە كام لایەن دەستپێشخەری كردووە زەبری قورس لەو رەوتە ئاشتییە دەدا كە كۆمەڵانی خەڵكی توركیەو رۆڵەكانی نەتەوەی كورد لەو وڵاتە بە ئومیدی چارەسەری كێشەكانیان هیوایان پێ بەستووە. گومان لەوەدا نییە كە هەڵگەڕانەوەی رەوتی ئاشتی بۆ شەڕو پێكدادان لە بەرژەوەندی گشتی هیچ لایەكدا نییە بێجگە لە قوربانی وەرگرتنی زیاترو وێرانی پتر.
كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هیوادارە هەر دوولایەن بە هەست بە بەرپرسایەتی زیاترو لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گشتییو لە پێناو وەگەڕخستنەوەی رەوتی ئاشتیدا لە هەر حەرەكەتێكی دژ بە دیالوگو رەوتی ئاشتی خۆ ببوێرنو هەر جۆرە هێرشو پەلامارێك رابگرنو ئەركی هەموولایەكیشە بۆ راگرتنی هەر حەرەكەتێكی دژ بە رەوتی ئاشتی یارمەتیدەر بن.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمیتەی ناوەندی
٤/٥/١٣٩٤ی هەتاوی
٢٦/٧/٢٠١٥ی زایینی

