زۆربەی نێزیک بە تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێرانو تەنانەت بەشێکی بەرچاو لەوانەی کە لە رێبازی دیموکرات دا خۆیان نابیننەوە،رۆژی پیلانەکەی ٢٢ پووشپەڕ بە هێمای بەرخۆدانو ساڵیادی بەرەنگاری لە گەڵ دیاردەی پیلانگێڕی پێناسە دەکەن. لەو یادەدا لایەنگرانو ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە نیشانەی وەفاداربوون بە ئامانجەکانی رێبەرە شەهیدەکەیان بە پێی ئیمکان لە سەر بست بە بستی خاکی پێرۆزی نیشتمان دروشمی "قاسملوو لە رێبازیدا زیندووە" بەرز دەکەنەوە. رێبوارانی رێگای ئازادیو دیموکراسی، هاوکات لە گەڵ شانازی کردن بە دۆزە رەوکەیان بە گیانێکی پڕ لە فیداکاریو بە رۆحو دڵێکی پڕ لە سەخاوەتەوە هەوڵ دەدەن ئاڵای ئەندیشەو یادی رێبەرەکەیان هەروا بە شەکاوەیی بهێڵنەوە.
لە کوردستان کەم نین ئەو کەسایەتیو لایەنە سیاسی یانەی کە لە دەرەوەی بازنەی حیزبی دیموکرات دا جێگیربوون، بەڵام بەردەوام رێزو هۆگری خۆیان بۆ قاسملووی شەهید دەردەبڕنو پشتیوانی لە خەباتی حیزبەکەی دەکەن. لە ئاکامی ئەم یەکگرتووی یەی چینو توێژە جۆربەجۆرەکانی گەلەکەماندا، دوژمن چەندین جار رووبەرووی خەباتی جەماوەری جیدی بۆتەوە. ئەوەش دەیسەلمێنێ کە خەباتی گەلی کورد لە دڵی کومەڵانی خەڵکی کورد جێگەی گرتووەو پیلانگێڕیو دەسیسە ناتوانێ رێگای راستەقینەی داخوازی یەکانیان لێ گوم بکا. کەواتە یادی ٢٢ پووشپەڕ بۆ بەشێک لە خەڵکی کوردستان نیشانەی وەفاداری بە رێبازی قاسملووە دێتە ئەژمارو بۆ بەشێکیش بە نیشانەی نفرەتو بێزاری لە تێرۆرو کردەوەی دزێو پێناسە دەکرێ.
بە بەراوردکردنی بارودۆخی ئەمرۆو دوێنێی خەباتی گەلی کورد، دەبیندرێ کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دوو قۆناخی پێشو پاش مەرگی دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو دا توانیویەتی خەباتو ناوبانگی خۆیو نەتەوەکەی بە جیهانی بکا. قۆناخی یەکەم سەرجەم چالاکیە نێونەتەوەی یەکانی لە خۆ دەگرێ کە بە چ لێهاتوویەک شوێنی لە سەر کەسایەتی یە دەولەتیو مەدەنیە جیهانی یەکان دادەنا. هەروەها لە نێو ریزەکانی حیزبەکەی دا بە هۆی دارابوونی جیهانبینی بەرینو تێبینی یە بە نرخەکانی بناخەیەکی پتەوی لە سەر بنەمای دیموکراسی راستەقینە دروست کردو بوو بە هۆی ئەوەی کە بە مامۆستای دیموکراسی ناوبانگ دەربکا.
قۆناخی دووهەم دەورانی پاش مەرگی ئەم رێبەرەیە. مەرگێک کە رووبارێکی لە راستیو پاکی لە چەندین لق لێکەوتەوە. بەشێک لە بوارەکان بوون بە سەرچاوەی زانستیو بەشێکیان بوون بە هەوێنی حەماسەو لێکۆڵینەوە. هەروەها هەنووکەش وردە وردە هۆکارو دەستە چەپەڵەکانی بەڕبەڕیەتی ئەم دەسیسەیە تا دێ زیاتر ئاشکرا دەبن. کە وابێ دەکرێ قۆناخی دووهەم وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە خەباتی مەدەنی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران ببینین کە جێگەیەکی تایبەتی بۆ خۆی دیاری کردووە.
مەبەستی سەرەکی سەرانی رێژیمی ئێران لە پیلانی نەهێشتنی دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو، لەکارخستنی تەڤگەری ئازادیخوازی کوردستان بوو کە بەشی هەرەزۆری بە باسکی بە هێزی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەسووڕایەوە. بەڵام بە حەقیقەتو لە مەیدانی کردەوەدا ئەو ئامانجە شوومە بە دڵی ئەوان نەبوو. بە شاهیدی گشتمان ٢٢ پووشپەڕ رۆژێکە کە لەودا رێژیمی جەهلو سێدارە بە تەواوەتی لە ئامادەباشی دایە، لەو رۆژەدا لاوانو شۆڕشگێران روانگەو خوێندنەوەی تایبەت بە خۆیان هەیەو گڕو تنیی خەبات لە قالبێکی نوێدا خۆی لێکدەدەنەوە. لە سەرانسەری جیهان کۆڕیادو سمیناری تایبەت بۆ ناساندنی بیرو هزری قاسملوو ساز دەکرێ، پەردە لە سەر ئاکامو دەرەنجامەکانی ئەم کردەوە قێزەونە بە شیوازی جۆراوجۆر هەڵدەدرێتەوەو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە چەندین رێگاوە بۆ بەربەرەکانێ لە گەڵ داگیرکەران خۆیان لە یەک ریزدا دەبیننەوە. لە گەڵ هەر چەشنە یادمانێکیش لەم بارەوەدا تیری رسوایی ئاراستەی دەمو دەزگای رێژیمی ئاخوندی دەبێ کە خۆیان بە جێگری حکومەتی خودا لە سەر زەوی دەزانن.
ئەمرۆ ٢٦ ساڵ بە سەر پیلانی تێرۆری کەسایەتی سیاسیو سکرتێری ئەفسانەیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دا تێدەپەڕێ. دیارە برینو داخی لە دەستدانی ئەم پیاوە ناودارە هەروا دیارەو ئۆگرانی ئازادیو بەرابەری ناتوانن بە ساناهی حاشای لێ بکەن. بەڵام لە هەمان کاتدا، لە سێبەری هەڵوێستی ئەمەگناسانەو شۆڕشگێڕانەی دوو دەیەی رابردووی چینو توێژەکانی گەلە چەوساوەکەی، بۆ هەموان بە گشتیو بۆ مرۆڤکوژان بەتایبەتی دەرکەوتووە کە پیلانی کۆماری ئیسلامی ئێرانو داڕێژەرانی دەسیسەی ٢٢ پووشپەڕ پیلانێکی دۆڕاو بوو.
ئامانجی سەرەکی رێژیم لە کوشتنی ئازادیخوازانی کورد کە ئێستاش بە هەموو شێوەک بەردەوامە، سەرکوت کردنی خەباتی رەوای خەڵک بووە. بەڵام وەک دەبینین پرسی ویستی مافی چارەنووسو ئاستی هەستی نەتەوەیەیی خەڵکی کوردستان هەتا دێ بەهێزتر دەبێ. کوشتن، گرتن، دەرکردن و... نەتەنها لە ئامانجەکانیان ساردیان ناکەنەوە بەڵکوو دەبنە هۆی پتەوبوونی ئیمانو باوەڕ بە ئازادیو، هەتا وەدەست هێنانی سەروەری بۆ گەلو نیشتمان درێژەیان دەبێ.

