ئەم یادە بیرەوەریی کارەساتێکی دڵتەزێنە کە لە غەدرو خەیانەتێکی مێژووی دا داخێکی بەژانی لە سەر بەژنی بزاڤی رزگاریخوازیی نەتەوەکەمان بە گشتیو حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی بەجێما.
ئێوارەدرەنگانی٢٢ی پووشپەڕی ساڵی١٣٦٨ی کۆچیی هەتاوی ڕێکەوتی ١٣ی ژووئیەی١٩٨٩ی زاینی، دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرمێزی وتووێژ بە نەریتی کولتووری باوی میراتیی لە مێژینەیان هەڵیان کوتایە سەر میوانەکانیانو شەهیدیان کردن.
لەم پیلانەدا دوکتورقاسملوو گیانی بەختی هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی کرد.
دوکتورقاسملووی مەزن ئاوێنەی باڵانوێنی ڕێبەرێکی گەورەی گەلەکەمان بوو کە مێژووی نوێی خەبات بە شاهیدیی ئێستامان شانازیی پێوەدەکا.
زێدی دوکتورقاسملوو باکووری موکریان، لە باشووری شاری ورمێ، لە سەدان ساڵی بەرەوە کڵی سەرهەڵدانو مەکۆی شۆرشگێڕانی نەتەوەکەمان بووە. یەکەمی بەفرانباری ساڵی ١٣٠٩ی کۆچیی هەتاوی هەمبەر٢٢ی دیسامبری ساڵی١٩٣٠ی زاینی لەم دەڤەرە چاوی بە ژیانو نیشتمان دا هەڵێناوە. بنەماڵەکەی لە تێکۆشەرانی نەتەوەییو لە ئۆگرانیکۆماری کوردستان بوون. قاسملوو لەو بەستێنەدا گەیبوویە، بۆیە، لە هەڕەتی لاوی داو لە تەمەنی گوڵ ئاسای کۆماری کوردستان دا لە شاری ورمێ ڕێکخراوی لاوانی حیزبی دێمۆکراتی دامەزراند.
بە داگیرکرانی کۆماری کوردستان لە لایەن ئەرتەشی ڕژیمی پاشایەتی یەوەو شەهیدکرانی پێشەوای کۆمارو رێبەرانی حیزب ، حیزبی دێمۆکرات کەوتە خەباتی نهێنی یەوە.قاسملووی لاو لە درێژەی خوێندنو خەبات دا لە ئورووپا گیرسایەوە.ساڵی١٣٢٧ی هەتاوی بە خوێندکاری لە پاریس، ڕێکخراوی خوێندکارانی کورد لە ئورووپای پێکهێنا، بەم شێوەیە نێوچان لە نیشتمانو لە هەندەران لە خەباتی ئاشکراو نهێنیی عیزبەکەی دا چالاکانە بەشدار بوو.
لە قاسملوو دا کەلتووری نەتەوەیی، چالاکیی ڕامیاری، زانستی ئاکادیمی کردیانەخەباتکارێکی داهێنەر، پێشکەوتنخوازو بە هۆیانەوە لێبڕاوانەهەوڵی ڕێکخستنەوەیحیزبو گەشەپێدانی بزووتنەوەی نەتەوەییو دێمۆکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دا .ئەو لەو هەلو مەرجەی دژوارەی خەبات دا دەستەبەری متمانەی ئەندامانی حیزبەکەی کردو لە کۆنگرەی سێهەمی حیزب بە ئەندامی کومیتەی ناوەندیو لە کۆمیتەی ناوەندی دا بە سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردرا .ئەومتمانەیەی هاوڕێو هاوسەنگەرانی تا شەهید بوونی وەک میداڵی شانازی لە سەر سنگی قاسملوو دەدرەوشایەوە.
دوکتورقاسملوو زانا بە توانا ، لیهاتوولە ڕێبەری داو ئازابوو.باوەڕێکی قووڵی بەمافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد وگەلانی تری وڵاتی فرەنەتوەی ئێران هەبوو، باوەری وابوو تا مافو ئازادی یەکانی گەلانی ئێران دابین نەکرێن یەکیەتیو ئاشتی پێک نایا ، دێمۆکراسی، مافی مرۆڤو بەرابەریی تاکەکانی کۆمەڵگای بە بنچینەی تەباییو پێشکەوتنی کۆمەڵگا دادەنا، لە حیزبەکەی داو لەسنووری دەسەڵاتی بزووتنەوە دا پێڕەوی دەکردن.ئەوخراپترین دێمۆکراسیی لە باشترین دیکتاتۆری پی چاکتر بوو.لە دوای شەهیدبوونی، قوتابییەکانی ، ناوی، مامۆستای دیمۆکراسی یان بە یادی بڕی.
دوکتور قاسملوو لەو باوەڕدابووکە پرسی کوردو کێشەکانی لەگەڵ دەسەڵاتە داسەپاوەکانی سەر کوردستان "رێگاجارەی نیزامی "ی نیەو جیهان دەبێ بەرەو ئاشتیو ئازادیو دێمۆکراسی هەنگاو بنێ، بەڵام لە خەباتی ڕەواداو لە شەڕی سەپاو بەسەر ڕۆڵەکانی نیشتمانەکەی دا قەت سڵی لەوە نەدەکردەوەکە وەک پێشمەرگەیەک بچیتە سەنگەری بەرگری یەوەو ببێتە فەرماندەرێکی بەوەجی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. وەبیر ڕێبەرایەتیی حیزبەکەی دەهێنایەوە کە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازی خراپ بۆ ئامانجی باش نەتەنیا رەوایی نادا بەئامرازەکە بەڵکوومامانجەکەش خەوسدار دەکا.دەیگوت ئێمە کە بۆ ڕزگارییگەلیکی بندەست تێدەکۆشین خەباتێکی پیرۆزە بەڵام نابێ هیچکات تێرۆرو بارمتە گرتنو ڕفاندن بکەینە ئامرازی ئەوخەباتەو خەڵکی بێتاوانو دەرەتان بۆ بەرژەوەندیی خۆمان بخەینە مەترسییەوە، تەنانەت لەشەڕی قورسو گرانیشدا کە شەهید بوونی هاوڕێکانمان کارلە سەر هەستو سۆزمان دەکا نابێ دیلەکانی شەر ئازار بدرێن وپێویستە مافەکانیان بە تەواوی پارێزراو بێ .
دوکتورقاسملوو سەرەڕای زانایی، زمانزانیو زانیاریی کەم وێنەی هیچکات خۆی لە فێربوون نەدەبوارد، خوێندنەوەو گوێگرتن لە ئاکارە بەرچاوەکانی بوون.کتێبخانەکەی بەکڵ ڕێگاوە بوو، دەنگی ڕادیۆکەی لە گەوەو هەورازو نشێوەکانی ڕێ دا لە گوێی هاوڕێکانی دا دەزرینگایەوە.کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی بۆ بردنەسەرێی زانیاری یان هان دەداو لە ڕۆژانی هەرە سەختی خەبات دا ئۆرگانی تایبەتو کادری شیاوی بۆ پەروەردە وڕاهێنانی پیشمەرگەکان ڕادەسپارد.
دوکتور قاسملوو کە خۆی نووسەرێکی گەورەو خاوەن چەندین کتێبو نامیلکەو سەدان وتاری بە پێزبوو گەلیک لە کاتی خۆی بۆ ڕێنوێنیینووسەرانی نێو حیزبەکەی تەرخان دەکرد، ئامۆژگاریو ڕێنوێنیی دەکردن، لە ڕێنوێنی یەکانی دا پێی لەسەر نووسین بە ئەدەبو نەزاکەتەوەدادەگرتو دەیگوت نووسەری دێمۆکرات دەبێ ئەدەبو نەزاکەت لە ڕستەو نووسراوی ببارێ، نەک وەک دوژمنو نەیارەکانی کە زەلکاولە قەڵەمەکانیان دەچۆڕێتەوە.لەم ڕێچکەیەوە، پیمان دەڵێن ئەدەبیاتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران یەکێک لە خاوێنترین ئەدەبیاتە سیاسی یەکانی ناوچەکەیە.لەبەنرخترین وانەکانی دوکتورقاسملوو بۆ حیزبەکەی، کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانلە شانازی یەکانی خۆی دەزانی، تێیگەیشتووەو پێی گەیشتووەو بەڕێوەی بردووە، پاراستنی سەربەخۆیی سیاسیو سەربەخۆیی بڕیاردانە. لەگەڵ ئەوەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەو پێناوەدا زۆرجارتووشی تەنگانەی سیاسی بووە، بەرژەوەندییەکانی کەوتوونە مەترسییەوەو دۆستەکانی لێ زیزو زویر بوون، بۆ دەسکەوتی کاتی سەربەخۆیی بڕیاردانی فیدا نەکردووە، پاکیو پیرۆزییخەباتەکەیو بەرژەوەندیی نەتەوەیی بە نرخی هەرە گرانپاراستووە.
لە تێپەڕی ئەم زەمەنە دژوارەی خەبات دا دوکتورقاسملوو هاندەری چیژ وەرگرتن لە ژیان بوو. لەو باوەڕەدابووکە مرۆڤی شۆڕشگێڕی کورد دەبێ ژیانی خۆش بوێ ، شایی بکاتو پێبکەنێو جێژن بگرێ، ئەو لە شاییو هەڵپەڕکێی خەڵکی کوردستان دا شێوەیەک لە خەباتی بە دی دەکرد، دەیگوت دوژمنەکەمان رژیمی خوێنو فرمێسکو مەرگە، حکوومەتی تازیەباریو بەرۆک دادڕینو ڕوومەت ڕنینە، کە وایە ، با ئێمە شادبینو شایی بکەین، خەبات لە پێناو ژیان دایەو ژیان بە بێ شاییو بەختەوەری بێ مانایە.ئەو لەسەر گڵکۆی شەهیدانیشمان بەوجٶرەدەدوا کە ئێمە لە مێژە لە بیرەوەریی شەهیدان مان دا ناگریین، ژەنیا کارێک کە دەبێ لە بەر چاوو لە بەر بیری شەهیدانمان دا دەبێ بیکەین ئەوەیە کە ڕێگاکەیان بەرنەدەین، باشترین پاداش بۆ شەهیدەکانمان درێژەدانی ڕێگایانە.
دوکتور قاسملوو لە چل سال خەباتی داو لە٢٠ساڵ ڕێبەریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دا گەلیک ئەزموونو وانەی بۆ درێژەدەرانی ڕێبازەکەی وئۆگرانی خەباتی حیزبەکەی تۆمار کرد، فە بیرو باوەری شۆڕشگێڕانەوە دەرسی کردەوەی خەباتکارانی داداین، ئامۆژگاریی کردینچۆن خۆمان لە تاک پەرستیببوێرینو پشتمان بە ڕێکخستنەکانمان ببەستینکفێری کردین کە بۆکاری بەکۆمەڵ دەبێ پێکەوە بیربکەینەوەو وێکڕا بریار بدەین.ئەو وانە بەنرخانەبوون کە هەتاهەتایە لە مەکتەبی قاسملوو دا دەخوێندرێن کە بە خەساری گەوری دە دەست چوونیشی ، حیزبەکەی هەروا قایمو پتەو، نیشتمانی قاسملوویتەژی لە شۆڕشگێڕی سوور ئ شێلگێری رێبازەکەی کردووە.
دوکتور قاسملوو بە ژیانو خەباتی سەلماندی کە دەبێ کوردستانمان لە هەموو جێگایەک پێ خۆشتر بێتو لە هەموو وڵاتێکمان خۆشتر بوێ. ئەو لە پێناو ڕزگاریی خەڵک وئاوەدانیی خاکی کوردستان دا گیانی بەخشیو خۆی گوتەنی "گەلێک ئازادیی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا".
لە ٢٢ی پووشپەڕدا بکوژانی قاسملوو لە خوێنی شەهیدانی ویەنو فرمێسکی پیرو لاوی کوردو خاکو خۆڵی کوردستان قوڕێکیان بۆ سەری خۆیان گرتەوە کە تا ئێستاش چۆڕاوگەی لە ڕوخساری دزێویان نەبڕاوە. ئەمڕۆ کیژولاوی کود نیشتمانی قاسملوویان کردۆتەوە جۆلانەی خەبات، شەقامو ڕێ، کووچەو کۆڵانی شارو دێ لەم ڕۆژەدا تاجی ناوی قاسملوو دەنێنەسەر.
خوێنی قاسملووی ڕێبەر نرخی گرتنەبەری رێبازی ئازادی یە تا دەرکەوتنی خۆری سەربەستی لە ئاسمانی نیشتمانە کەی دا.

