کرده‌وه‌ی ئینشعاب، تیۆری ئینشعابیش به‌دوای خۆیدا دێنێ
کرده‌وه‌و تیۆری لێکئاڵاوو تێکتهنراون. جاری وا هه‌یه تیۆری پێش کرده‌وه دهکهوێو جاری واشه کرده‌وه پێشاوبڕکهی تیۆری دهداتهه. به‌ڵام هه‌ر کامه‌یان سه‌ره‌تا خۆیان به ژووری بووندا بکا، دره‌نگ یان زوو ئاواڵ دوانهکهشی به‌دووی خۆیدا دێنێ‌و ئاوقای ده‌بێ.
دوو ساڵ دوای کۆنگره‌ی سێزده، له درێژه‌ی ئینشعابه‌کانی پێشووی ناو حیزبی دێموکرات‌دا، دیسان جه‌ماعه‌تێک خه‌تی خواری ئینشعابیان هه‌ڵبژارده‌وه‌و به‌هۆی ڕێشکهو پێشکه‌ی چاوی بهرژهوهندبینیانهوه سنووری نێوان ڕاست‌و هه‌ڵه‌و بگره سنووری نێوان ورده هه‌ڵه‌و هه‌ڵه‌ی کهڵهیان لێ تێک چوو‌و به‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی قهرهبوونهکراوهو په‌ڵه‌ی پاکنهکراوهدا که‌وتن.
به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تای ئینشعاب‌دا، چاوه‌دێرانی سیاسی به‌ئاشکرا هه‌ستیان به‌م ڕاستییه کردبوو که جه‌ماعه‌تی ئینشعابخوازو دژه یه‌کڕیزیی ئه‌مجاره، له دوو به‌شی سه‌ره‌کی پێک ده‌هاتن. لە نووسراوەیەکی دیکەدا ئه‌م دوو ده‌سته‌یه وەک جه‌ماعه‌تی جووت ئینشعاب‌و جه‌ماعه‌تی تاق ئینشعاب ناویان هاتبوو. جووت ئینشعابه‌کان ئه‌وانه‌ن وا له کۆنگره‌ی ههشتو له کاتی سکرتێریی دکتۆر قاسملووی شههیدیشدا جارێکی دیکه ئینشعابیان کردبوو‌و دوای شه‌هید بوونی دکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندیش هاتبوونه‌وه. ئه‌م ده‌سته‌یه، له ئینشعابی تازه‌شدا بێ‌دڕدۆنگی، گوێقوڵاغو له‌سه‌رهه‌ست، خێرا بارگه‌وبنه‌ی لادان له پێره‌وو پڕۆگرامیان پیچابۆوهو کۆڵه‌پشتی تێکدانی یه‌کڕیزییان له شان کردبوو‌و ته‌یارو ئاماده له‌سه‌ر شه‌قامی ئینشعاب ڕاوه‌ستابوون. ده‌سته‌که‌ی دیکه یه‌که‌مجار بوو په‌تای ئینشعاب به‌ربینگی پێ ده‌گرتن؛ بۆیه هێندێکیان کرژو هێندێکیان خاو بوون. هێندێکیان بڕیاری خۆیان دابوو‌و هێندێکیان ڕاڕا بوون. هێندێکیان ئاگاداری نه‌خشه‌ی تێکدانی یه‌کڕیزیی ناو حیزب بوون‌و هێندێکشیان ئاگایان له مه‌حموودی بێزه‌واد نهبووو هه‌ر بۆیه که ئینشعاب کرا ئه‌و تاوانه به‌سه‌ریاندا ڕووخاو ئه‌وان له ژێر داروپه‌ردووی بوومه‌له‌رزه‌ی ئه‌م خه‌ته خواره‌دا، ئینشعابیان به ئه‌ستۆدا هاتو بهپاڵهپهستۆیهکی نه‌دیوو شاراوه‌وه چوونه ڕیزی دژبه‌رانی یه‌کڕیزی.
هه‌ر له ڕۆژانی سه‌ره‌تای ئینشعاب‌دا زانینی ئه‌م ڕاستییه بۆ چاوه‌دێرانی سیاسی دژوار نه‌بوو که ئینشعابی تازه به‌مانای سه‌رکه‌وتنی ڕوانینی جووت ئینشعابه‌کان بوو. زمانحاڵی جووت ئینشعابه‌کان به‌ره‌وڕووی تاق ئینشعابه‌کان ئه‌وه بوو که ئه‌گه‌ر ئینشعاب شانازییه، ئه‌وه ئێمه پێش ئێوه ئه‌م شه‌ره‌فه‌مان پێبڕاوهو ئه‌گه‌ر شووره‌یییه ئه‌وه ئێوه‌ش ئه‌مجاره له‌و داوه‌شانه له‌گه‌ڵماندا شه‌ریکن.
تاق ئینشعابه‌کان به گوێی هۆشیان ئه‌م قسه نهدرکاوهیان بیست؛ هه‌ر بۆیه بۆ ڕاگرتنی پارسه‌نگ، ده‌سته‌وداوێنی هه‌وڵێک بوون. هه‌وڵه‌که ئه‌وه بوو لایه‌نی ئینشعابی خۆی وه‌ک درێژه‌پێده‌ری ڕێگای شه‌هیدان دکتۆر قاسملوو‌و دکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی ناساند. ئه‌م شێوه خۆ ناساندنه چۆن ده‌بوو به هۆی ڕاگرتنی پارسه‌نگ له به‌رانبه‌ر جووت ئینشعابه‌کاندا؟ ئه‌م ڕێبه‌ره شه‌هیدانه هه‌ر ئه‌و ڕێبه‌رانه بوون که جووت ئینشعابه‌کان لێیان هه‌ڵگه‌ڕابوونه‌وه. تاق ئینشعابه‌کان ده‌یانویست ئه‌و په‌یامه به هه‌موو لایه‌ک بگه‌یه‌نن که ئه‌وان ئه‌گه‌رچی ئینشعابیان له حیزب کردووه به‌ڵام له کێشه‌ی نێوان ڕێبه‌رانی شه‌هیدو ئینشعابییه‌کانی کۆنگره‌ی هه‌شتدا به‌لای ڕێبه‌ره شه‌هیده‌کاندا ده‌شکێنه‌وه.
هه‌ر وه‌ک له سه‌ره‌تای ئه‌م نووسینه‌دا ئاماژه‌ی پێکرا، کرده‌وه‌ی ئینشعاب، تیۆری ئینشعابیش به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ. تۆ ناتوانی خۆت ئینشعاب بکهیو هه‌تا سه‌ر به دژی ئینشعابه‌کانی پێشووی ناو حیزبیش هه‌ڵوێست بگری. کرده‌وه‌ی ئینشعاب بتهوێو نه‌ته‌وێ وه‌سه‌ر بۆسه‌ی پاساو هێنانه‌وه بۆ ئینشعابت ده‌په‌ڕێنێ. له دوایین قسه‌کانی خالید عه‌زیزیدا هێندێک قسه بێ پێچوپه‌ناو به ڕاشکای کران که وه‌کوو وه‌رسووڕانێکی به‌رچاو له سیاسهتو ههڵوێستو لێکدانه‌وه‌ی لایه‌نی ئینشعابیدا جێی تێڕامانن.
عه‌زیزی له به‌شێک له قسه‌کانی ئه‌م دواییانهیدا تاوانی ئینشعابه‌کانی خسته ئه‌ستۆی "ڕێبه‌رانی زیندوو‌و مردوو"ی حیزب! له ڕێبه‌رانی به‌گوته‌ی عه‌زیزی "مردوو"ی حیزب، شه‌هیدان دکتۆر قاسملوو‌و دکتۆر شه‌ڕه‌فکه‌ندی له کاتی ئینشعابه‌کانی کۆنگره‌ی چوار‌و کۆنگره‌ی هه‌شتدا زیندوو بوون. به‌گوێره‌ی سیاسه‌تی ڕه‌سمی حیزبی دێموکرات له ڕه‌وتی ئینشعابه‌کانی کۆنگره‌ی چوار‌و کۆنگره‌ی هه‌شتدا، لایه‌نی ئینشعابی به لایه‌نی خه‌تابارو پێشێلکاری یاسا ناسێندراوه. له دوایین ئینشعاب‌دا که‌للاکانی ئینشعاب له سه‌ره‌تادا چی وایان نه‌گوت نیشانده‌ری ئه‌وه بێ ئه‌وان له‌م باره‌وه پێداچوونه‌وه‌یه‌کیان له بۆچوونه‌کانی خۆیان له‌م باره‌یه‌دا کردبێ. به پێچه‌وانه ئه‌وان خۆیان به درێژه‌پێده‌ری ڕێگای ڕێبه‌رانی شه‌هید ده‌ناساند.
جه‌لیل گادانی له دوایین نووسینی خۆیدا به‌ئاشکرا سووچی ئینشعابی کۆنگره‌ی هه‌شتی خسته ئه‌ستۆی ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌وکاتی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران به گشتی‌و شه‌خسی شه‌هید دکتۆر قاسملوو به تایبه‌تی.
له ناو سه‌رکردایه‌تی لایه‌نی ئینشعابیدا که‌س له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م قسانه‌ی جه‌لیل گادانی‌دا نه‌هاته ده‌نگ. هه‌ر له‌م سهرهوبهندهدا له‌ناو تاق ئینشعابه‌کان، عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده به‌شێک له سه‌رکردایه‌تی ئه‌و کاتی حیزبی دێموکراتی به‌وه تاوانبار کرد ویستوویانه به شێوه‌یه‌کی توند‌و تیژ له‌گه‌ڵ ئینشعابییه‌کانی کۆنگره‌ی هه‌شت به‌ره‌وڕوو بنه‌وه‌و تاوانێکیان ده‌رحه‌ق ئه‌نجام بده‌ن. حه‌سه‌نزاده به شێوه‌یه‌کی خوازه‌یی باسی ئه‌وه‌ی کرد گوایه به‌شێک له سه‌رکردایه‌تی حیزب ویستوویانه "خانووبه‌ره‌که‌ی پێش خۆیان بته‌قێنێته‌وه" له‌م قسانه‌وه به‌ره به‌ره پاکانه کردن بۆ جووت ئینشعابهکانو خه‌تابار نیشاندانی سه‌رکردایه‌تی یاسایی حیزبی دێموکرات له‌ناو لایه‌نی ئینشعابیدا ده‌ستی پێ کرد، به‌ڵام نه‌گه‌یشته ئه‌و جێگایه‌ی تاوانه‌که ڕاسته‌وخۆ به‌ره‌وڕووی ڕێبه‌رانی شه‌هید بکه‌نه‌وه. هه‌تا خالید عه‌زیزی له دوایین قسه‌کانیدا به ئاشکرا ڕێبه‌رانی "مردوو"ی حیزبیشی وه‌ک به‌رپرسی به‌شێک له‌م تاوانانه ناساند. به‌م شێوه‌یه کرده‌وه‌ی ئینشعاب به‌شێنه‌یی تیۆرییه‌که‌شی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناو به‌ره به‌ره له‌ناو تاق ئینشعابه‌کاندا چهسپاندیو بۆچوونی جووت ئینشعابه‌کان له‌ناو لایه‌نی ئینشعابیدا بوو به بۆچوونی ڕهسمیو کووده‌تای فیکری جووت ئینشعابه‌کان دوایین ئاڵقه‌کانی خۆی ته‌واو کرد.
ئه‌و قاره‌مانانه‌ی خۆیان به‌کوشت دا!
به‌شێکی زۆر سه‌رنجڕاکێشی دیکه له وته‌کانی خالید عه‌زیزی لێکدانه‌وه‌یه‌کی به‌ڕاستی بێ وێنه! له جووڵانه‌وه‌ی ساڵانی 46و 47 بوو. له مێژووی ڕه‌سمی حیزبی دێموکرات‌دا ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه وه‌کوو یه‌کێک له لاپه‌ڕه زێڕێنهکانی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا ده‌ناسرێ. ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه له کاتێکدا له کوردستان به وره‌یه‌کی به‌رزو بڕوایه‌کی پۆڵایینه‌وه له‌لایه‌ن ڕۆڵه‌کانی دێموکراته‌وه به‌ڕێوه‌چوو که ئۆپۆزیسیۆنی چه‌پی ڕادیکاڵی ئێران، جووڵانه‌وه‌یه‌کی چه‌کدارانه‌ی له‌م چه‌شنه‌ی به دژی ڕێژێمی ته‌یارو تووڕه‌ی شا هه‌ر به خه‌یاڵیشدا نه‌ده‌هات. دوای ئه‌م جووڵانه‌وه قاره‌مانانه‌یه بوو که باقی هێزه چه‌په‌کانی ئێرانیش غیره‌تیان وه‌به‌ر خۆ ناو‌و چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێکیان به‌دژی حکوومه‌تی شا له سیاهکهلو شوێنی دیکه‌ی ئێران‌دا به‌رێوه‌برد. گه‌رچی ئۆپه‌راسیۆنی چه‌کدارانه‌ی ئه‌و هێزانه له‌گه‌ڵ ئۆپه‌راسیۆنه پارتیزانییه‌کانی حیزبی دێموکرات به هیچ شێوه‌یه‌ک به‌راورد نه‌ده‌کرا به‌ڵام له هێندێک باره‌وه پێوه‌ندی‌و لێکچوونیان له‌نێواندا هه‌بوو. قسه کردنی ورد له‌سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی 46و 47 وه‌کوو قسه کردن له‌سه‌ر ئینشعابه‌کانی ناو حیزب پێویستی به توێژینه‌وه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نی مێژوویی هه‌یه. مه‌به‌ستی ئێمه لێره‌دا ورد بوونه‌وه له چۆنیه‌تی ئه‌م ڕووداوانه نییه. مه‌به‌ستی ئێمه زیاتر ئه‌وه‌یه نیشان بده‌ین چۆن لایه‌نگرانی ره‌وتی ئینشعاب هه‌نگاو به هه‌نگاو تووشی "ئیستحاله"یه‌کی به‌ره‌و دوای فیکری دهبنو چۆن خودی ئینشعاب به‌ره به‌ره هه‌موو ئه‌و ئیستحالانه له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێ‌و چۆن ئینشعاب وه‌کوو زه‌لکاوێک سات به سات زیاتر ئینشعابخوازهکان له‌ناو خۆیدا نوقم ده‌کاو تووشی هه‌ڵه‌ی فیکری‌و عه‌مه‌لییان ده‌کا. خالید عه‌زیزی ده‌رباره‌ی جووڵانه‌وه‌ی به‌شکۆی ڕۆڵه‌کانی حیزب له ساڵانی 46و 47دا ده‌ڵێ ئه‌وانه ئه‌و پێشمه‌رگانه بوون له داخی دووبه‌ره‌کییه نێوخۆییه‌کانی حیزب هاتنه‌وه‌و خۆیان به‌کوشت دا! کاره‌سات ئه‌وه‌یه ئه‌م چه‌شنه تهحلیلانه به‌ناوی حیزبی دێموکراته‌وه ده‌رده‌بڕدرێن.
عه‌زیزی له حاڵێکدا ئه‌م قسانه‌ی ده‌کرد که که‌سانێکی وه‌کوو حه‌سه‌ن ڕهستگارو سمایل بازیار وێڕای گوێگره‌کانی دیکهگوێیان له قسه‌کانی بوو. ئاماده بوونی ئه‌م دوو که‌سه له لێدوانه‌که‌ی عه‌زیزیدا بۆیه له ڕوانگه‌ی نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌وه گرینگه چونکه حه‌سه‌ن ڕه‌ستگار له جووڵانه‌وه‌ی 46و 47دا له‌ناو حیزب بووه‌و شاهیدی زیندووی جووڵانه‌وه‌که بووه‌و سمایل بازیاریش له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه مێژووییه لێکۆڵینه‌وه‌ی هه‌بووه. ئایا ره‌ستگار ئه‌م بۆچوونه‌ی عه‌زیزی ده‌رباره‌ی جووڵانه‌وه‌ی 46و 47 ده‌سه‌لمێنێ؟ ئایا بازیار ئه‌م بۆچوونه‌و هه‌روه‌ها بۆچوونی عه‌زیزی ده‌رباره‌ی خه‌تابار بوونی ڕێبه‌رانی شه‌هیدی حیزب له ئینشعابه‌کانی پێشوودا قبووڵ ده‌کا؟
کێ ڕه‌وتی یه‌کگرتنه‌وه‌ی به بنبه‌ست گه‌یاند؟
عه‌زیزی بۆ چه‌نده‌مین جار له لێدوانه‌کانیدا ڕایگه‌یاند که وتووێژه‌کانی یه‌کگرتنه‌وه له‌گه‌ڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به بنبه‌ست گه‌یشتووه‌و به‌رپرسی ئه‌م به بنبه‌ست گه‌یشتنه‌ش که‌س نییه جگه له سه‌رکردایه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. له‌م باره‌یه‌دا چه‌ند خاڵێکی شیاوی ئاماژه ده‌خه‌ینه به‌ر باس:
یه‌که‌م. ئاشکرایه ئینشعاب هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا کرده‌وه‌یه‌کی دژی یهکڕیزیو یه‌کگرتوویی ناو حیزبه. ئه‌وه‌ش ڕوونه که ئینشعابخوازیو یهکگرتنخوازی وه‌ک کۆڵه‌و شاخدار وان. له ڕاستیدا بنبه‌ست له‌و ڕۆژه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد که به‌شێک له ئه‌ندامانی حیزب که نه‌یانتوانی ده‌نگی زۆرینه وه‌ده‌ست بخه‌ن، به‌دژی ئاکامی هه‌ڵبژاردنی کۆنگره‌ی سێزده ڕاوهستانو ئینشعابیان کرد. دارده‌ستی فیکری ئینشعاب فۆرموولێکی خۆشی له‌م چه‌شنه بوو: ڕاسته پێنج که‌س له‌ناو بیست که‌سدا که‌مینه‌یه؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م پێنج که‌سه جیا ببنه‌وه، بۆخۆیان له‌ناو خۆیاندا ده‌بنه‌وه به زۆرینه! کێ فێڵی وا ده‌زانێ؟ به‌وه ده‌ڵێن خه‌باتی پێشکه‌وتووی سیاسی له سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌کدا. سه‌یر ئه‌وه‌یه ئه‌و که‌سانه‌ی به‌م شێوه بیر کردنه‌وه‌یه خه‌نجه‌ری له‌ت کردنیان به جه‌سته‌ی حیزب دا هێنا، هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه هاوار دهکهنو ده‌ڵێن جه‌ماعه‌ت شاهید بن ئێمه یهکگرتنخوازینو ئه‌وانه ڕه‌وتی یه‌کڕیزی به بنبه‌ست ده‌گه‌یه‌نن! یه‌کڕیزی له قامووسی ئینشعابخوازیدا به کرده‌وه یانی گوێڕایه‌ڵ بوونی زۆرینه بۆ ده‌نگی که‌مینه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش سه‌ری نه‌گرت ئه‌وه یه‌کڕیزی له له‌ت کردنی حیزب‌دا مانا په‌یدا ده‌کا!
دووه‌م. سه‌رکردایه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له کۆنگره‌ی پازده‌دا هه‌وڵدان بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی کردووه به "یاسا"و ده‌فته‌ری سیاسی ڕاسپاردووه هه‌نگاوی بۆ هه‌لێنێته‌وه. له‌ناو لایه‌نی ئینشعابیشدا به‌شێکی زۆر له ئه‌ندامان خوازیاری یهکگرتنهوهنو له‌ناو خه‌ڵکیشدا به‌شێکی زۆر له لایه‌نگرانی حیزب حه‌ز به یه‌کگرتنه‌وه‌و یه‌کڕیزیی ناو ماڵی حیزب ده‌که‌ن. لایه‌نی ئینشعابی زۆر هه‌وڵ ده‌دا ئه‌و حه‌زو خواسته گشتیه وه‌ک ده‌سکه‌وتی خۆی تۆمار بکا. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ خواستی جیددی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ یه‌کگرتنه‌وه، به ئاشکرا به‌مانای شکست هێنانی پڕۆژه‌ی ئینشعابه. ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ی ئینشعاب پڕۆژه‌یه‌کی سه‌رکه‌توو بایه ئه‌مڕۆ ئه‌و خواسته به‌ربڵاوه له‌گۆڕێدا نه‌ده‌بوو. هه‌موو لایه‌کیش ئاگاداره ئینشعاب پڕۆژه‌ی ئه‌وان بووه نه‌ک پڕۆژه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. که‌وابوو حه‌زو خواستی به‌ربڵاوی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌و یه‌کڕیزی له‌ناو حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران به‌مانای پرۆتستۆی به کرده‌وه‌ی ئینشعابه.
سێیه‌م. ڕۆسته‌م جه‌هانگیری ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حدکا، له لێدوانێکی ئه‌م دواییانه‌ی خۆیدا له سوید ڕایگه‌یاند: ئێمه له‌م ماوه‌ی دواییدا چوار جار هاوڕێیانی پێشوومان ڕاسپاردووه هه‌تا بۆ درێژه‌دان به وتووێژه‌کانی نێوانمان پێکه‌وه کۆ بینه‌وه به‌ڵام ئه‌وان دواجار و‌ڵامیان داوه‌ته‌وه که هه‌لومه‌رجی ئێستا بۆ وتووێژ له‌بار نییه! بێگومان خالید عه‌زیزی ئاگای له‌م ڕاسپاردنانهو هه‌روه‌ها ئاگای له وڵامی لایه‌نی خۆیان هه‌یه. به‌م حاڵه‌شه‌وه له تریبۆنهکانهوه ڕاده‌گه‌یه‌نێ که حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕه‌وتی یه‌کگرتنه‌وه‌ی به بنبه‌ست گه‌یاندووه. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ لێکدانه‌وه‌ی لایه‌نی ئینشعابی ئه‌وه‌یه که به داخرانی ته‌له‌ڤیزیۆنی تیشک، ئه‌وان له‌باری میدیا‌و ڕاگه‌یاندنه‌وه ده‌ستیان ئاوه‌ڵایه‌و ده‌توانن هه‌ر قسه‌یه‌کی ناڕاست ده‌رخواردی خه‌ڵکی کوردستان بده‌ن. دیاره ئه‌وه‌ش لادانێکی دیکه له خه‌تی ڕه‌سه‌نی حیزبی دێموکراته؛ چونکه ڕاست‌بێژیی حیزب ته‌نانه‌ت له‌لای دوژمنانی حیزبیشدا وه‌ک بابه‌تێکی سه‌لماو، قبووڵ کراوه.
نووسه‌ری ئه‌م دێرانه بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته پێشقه‌ده‌م نه‌بووه. ئه‌مه وڵامی ئه‌و شه‌پۆله تازه‌یه له ته‌حلیلی نزم‌و قسه‌ی ناڕاسته که هاوڕێیانی پێشوو له تهلهڤیزیۆنو له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ده‌ستیان به بڵاو کردنه‌وه‌ی کردۆته‌وه. له هه‌لومه‌رجی ئێستادا ئهندامانو لایه‌نگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نابێ بۆ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ی فیکری له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئینشعابی پێشقه‌ده‌م بن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان پارێزێکی له‌م چه‌شنه‌یان برد با ئێمه‌و ئه‌وانیش له‌وه دڵنیا بین که "مست له درێشه ده‌گه‌ڕێته‌وه"و چه‌واشه‌کاری دیکه، ڕوونکردنه‌وه‌و شیکاری تازه‌ی به‌دوا دا دێ.
_________________________________________
تێبینی:
ماڵپه‌ڕی "هه‌ڵۆی كوردستان"
ـ له به‌رامبه‌ر نێوه‌ڕۆكی ئه‌م بابه‌ته به‌رپرسیار نیه‌و نووسه‌ری بابه‌ت به‌رپرسه له‌به‌رامبه‌ر بابه‌تی خۆیدا
ــ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و بابه‌تانه به هێنانی ناوی سه‌رچاوه یان له‌سه‌ر ئیزنی نوسه‌ر ئازاده

