مێژوولکەی تەمەنو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە سیبەری زەبرو زەنگی لەشکرو چەک وئامرازەکانی زیندانو ئەشکەنجەگاکان، گوللە باران، تەرانو تۆقانو تاڵان مل بۆ نیو سەدە ڕادەکێشێ.
بە تەمی ئەم تەمەنە تارو توومانەی گەلێک تۆماری جینایەتی هەڵپێچاونو زۆر پیلانی دزێوی بۆ خستنەسەرچۆکی ڕۆڵەکانی نیشتمانی کورد لەم گوێچکیلەی دڵی کوردستان گێڕاوەو پتر لەوانەش گۆنگەڵی چەپەڵی لێ ئەزموون کراوە.نە لەشکروەسەرگێڕان، نە بە تانکو بۆمبو تەیارەخاپوور کردنی شارو گوندو ئاوەدانییەکان، نە ڕووی ڕمووزنی پاسدارو نە گرتنگەو بێدادگاگان، نە ڕەش بکوژیو کۆمەڵکوژی نە ئاکاری چەکداری بێ هەوسار کە بە سەدو بە هەزار مۆڵگەیان کردۆتە بەندیخانەی لاوانی کورد، نە هیچیانو نە بە هەموویان نەیانتوانی ببنە دەسەڵاتی زاڵ لەسەر ئیرادەی مافخوازانەی گەلەکەمان کە قەڵاو شوورەی حەفتاساڵ خەباتی شێلگیری حیزبەکەیان ،حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی لەپشتە دەستەمۆی ڕژیمی بۆژۆو دەسەڵاتی سەپاوی بکەن .
تا دێت، پیلانگێڕەکان دزێوترو پیلانەکان هەر کۆنترو قێزەونتر دەبنو قینی سەرئەسپاردوەکانی ئەم حکوومەتە لە خەرمانەی خەبات کە لە چینو توێژی ڕسکاوی سەرکڵی گڕکانی شۆڕشی خەڵکی کوردستانن هەر دەئاوسێنو ئەستوورتر دەبن. ساڵەهایە بەگیانو ماڵی خەڵکی بەر نیرو زنجیری، تەرخانو لێبڕاوە لەسەرکوتو سڕینەوەی ڕەنگاڵەی خەباتی جەماوەریو پێشمەرگانەی کوردوستان ،کەچی هەروا دەست بەتاڵو رەنج بە خەسارە.
ڕاپەڕینو خرۆشانی جەماوەری دژی بێڕێزیی ڕاسپێردراوەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ویلایەتی فەقیهه،لە بۆکان بەرامبەر سومەییەو لە مهاباد هەمبەر فەریناز،پەنجەی ڕاسانێک بوو لە چاوی داگیرکەری بێ ڕێزدا: کە ئەگەر وەها رووداوو شێوە پێشهاتێک لە کۆمەڵگایەکی سەربەستو ئازاد داو لەنێوچینو توێژەکانی کۆمەڵگادا، هەرچەند نەخوازراو بەڵام سروشتی دێنە بەرچاو، لێرە کوردستانی داگیرکراو رووداوی بە ئەنقەست، ناسروشتی، نائاسایینو بە پەلاماری داگیرکەر بۆ سەر کەرامەتی کۆمەڵگای کوردستان دێنەئەژمار.هەر بۆیە بۆ پاراستنی مانای هەموو بایەخەکانیان بە گژیان دادێنەوە،فیداکاری دەکەنو گیانو ماڵیان دەکەنە نرخی پارێزگاری لە کەسایەتیی تاکو کۆمەڵیان.
ڕاپەڕینی ئەمجارەی سەردەشتو سابڵاغ وانەیەکی لەبیر نەکراوی دیکەبووکە بۆ کۆماری ئیسلامی یان دادا : ئاورتێبەردانی هوتێل تارا ئاوەردانی بینایەکی ئەوشارە نەبوو، گڕتێبەردانی هەیبەتو شکۆی کۆماری سێدارە بوو.
ئەگەرچی دەسەڵاتی بۆژۆی ڕژیمی تاران لەم ڕاپەڕینە جەماوەری یە دا سەدان کەسی گرت، دەیان لاوی برینداو دەست بەسەرکردو دوێنێ"ئاکام"ی برینداری بەر گوللەیان، گیانی بەختی ناسنامەوکەرامەتی نەتەوەکەی کرد،هەر لە دوێنێ ڕا بوو بە میداڵی شانازی بە سنگو بەرۆکی هاوڕێکانی شارو شاخ یەوە. "ئاکام" ئارامو دڵنیا سەردەنیتەوە چونکە هەر پێرێ وێنەو هەواڵی هاواڵەکانی لە چیاکانی کوردستانیشه وە مزگێنیی دەرکەوتنی سپێدەی بەیانی ئازادیی نیشتمانیان دەدایە.
بۆ خوێندنهوهی بابهتهكانی پێوهندیدار به شۆڕش له رۆژههڵاتی كوردستان
كلیك لهسهر ئهم وێنهی خوارهوه بكه:

