ڕۆژ بەدوای ڕۆژدا، دۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر دەبێتو کێشەکان فرەلایەنو قووڵتر دەبنەوە. تورکیا بە دژی "دەوڵەتی کوردی"یە لە ڕۆژاوای کوردستان.
کۆماری ئیسلامی هاوکات کە دەگەڵ حکوومەتی عێراق بە "دژی" داعشە، خەریکە بە کەڵکوەرگرتن لە شکستی حزبەکەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیو ئاڕاستەی "پەیام"ی ئەردۆغان سەبارەت بە ڕۆژاوا، دەخوازێت "بەرەیەک"ی دیکە بە دژی کورد لە ناوچەکەدا بکاتەوەو ئامادەییی خۆی بۆ نزیکبوونەوە دەگەل ئەردۆغان ڕاگەیاندووە.
کۆماری ئیسلامی هەر ئێستا خەریکی ئاژاوەو پیلانگێڕییە لە عێراق، سووریا، یەمەنو وڵاتانی کەنداودا، بەڵام هاوکاتیش بە هۆی زەبرو سەرکوتکردن لە ناوەوەی ئێران، دەخوازێت ئێران بە "دوڕگەی ئارام"و "گۆمێکی مەند" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی قەیراناویدا پیشانی جیهانیان بدات.
یەحیا ڕەحیم سەفەوی ڕاوێژکاری نیزامیی خامنەیی دەڵێت: "ئێمە دەبێ لە عێراقو سووریادا بە دژی داعش شەڕ بکەینو ئاسایشی وڵاتمان لەو ناوچانەدا دابین بکەین."
کاتێک دوو وڵاتی عێراقو سووریا ناوچەی ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامی بن، شک لەوەدا نییە کە هەوڵی تەواوی ئێران ئەوەیە، لە نزیک سنوورەکانی یان لە ناوەوەی ئێراندا هیچ شتێک ڕوو نەدات. گەر بێتوو لە ناوخۆی ئێراندا کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی هێزێکی چەکداری ناوخۆیی یان "جموجۆڵێکی بەهێزی گەلی" ببێتەوە، بێشک کار لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ناوچەکەدا دەکاتو ئەگەری ئەوەش زۆرە، کە وەکو جاران نەتوانێت بە سووریاو عێراق ڕا بگات.
بوونی پێشمەرگەکانی دیموکرات لە کێلەشینو دەوروبەری دەتوانێت پەیامێک بێت بۆ خەباتی هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەمیش زەنگێکە بۆ کۆماری ئیسلامی کە دەتوانن "گۆمە مەند"ەکەیان لێ بشڵەقێنن.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیاییی ڕووداو، "پەکەکە بەشێک لە هێزەکانی لە ناوچە سنوورییەکانی کێلەشینو هەڵگورد بۆ شوێنی دیکە گواستووەتەوەو لەجێگەی ئەوان پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانو حیزبی دیموکراتی کوردستان جێگیربوونە."
ئایا بوونی دیموکراتەکان لەو ناوچانەدا، دەتوانێت کێشە بۆ هەرێمی کوردستان بنێتەوەو بە هۆیەوە کۆماری ئیسلامی ناوچە سەرسنوورییەکانی هەرێمی کوردستان تۆپباران بکاتو پرسی خۆی دەگەڵ دیموکراتەکان بکاتە کێشەی نێوان هەرێمی کوردستانو بەشێک لە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟ جارێ ئەگەری ئەوە لاوازە.
بوونی هێزی پێشمەرگە لەو دەڤەرانەدا، دەتوانێت پێشمەرجێک بێت بۆ ئێستاو داهاتوو، کە بە ڕوودانی هەر چەشنە قەومانێک لە ئێرانو ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێک لە بۆشایییەکان پڕ بکرێنەوە. بەو مەرجەی، وشیاریو یەکگرتوویی، هەروەها دوورکەوتنەوە لە کردەوەی هەستیاری، ببنە بنەمای کار لە داهاتوودا.
بەڵام خاڵی لاوازی ئەم دۆخە نەبوونی یەکدەنگییە لە نێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئەمەیان دەتوانێت ببێتە پانیەی ئاشیلی ئامادەکاریی چەکداری. ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بە خۆ بەهێزکردنە، کە ئەمەشیان قورسترینو ئاڵۆزترین ئەرکە.
ئەگەری ئەوە زۆرە کە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی بوونیانەوە لە باشووری کوردستان، نەتوانن هاودەنگ بن، چونکە چەشنە دابەشبوونێک لە ناویاندا بوونی هەیەو ئەمەش دەتوانێت کارتێکەریی نەرێنی لەسەر چالاکیی ئەواندا بکات.
هەر ئێستا بەرەیەکی ناڕاستەخۆ لە نێوان ئێران، پە کە کەو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەکو لەلایەکی دیکەوە پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، حزبی دیموکراتی کوردستانو تورکیا لە ناوچەکەدا بوونی هەیە. ئەوەی لەو ناوەدا بەشێوەیەکی ناڕەسمی دەوری هێزی "سێیەم" دەگێرێت، سەرجەم لاباڵەکانی کۆمەڵەن، کە لە چاوەڕوانیدا بەسەر دەبەن.
تەنیا یەکگرتووییو کاری هاوبەشی هێزە سیاسییەکان دەتوانێت، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکاتە هاوکێشە لە ئێرانی فرەنەتەوەو فرەنیشتماندا.
بۆ خوێندنهوهی بابهتهكانی پێوهندیدار به شۆڕش له رۆژههڵاتی كوردستان
كلیك لهسهر ئهم وێنهی خوارهوه بكه:

