ـ هه‌ڵۆی كوردستان: ئه‌مڕۆ شه‌ممه 20ی ژوئەنی 2015ی زایینی به‌رامبه‌ر به 30ی جۆزەردانی 1394ی هەتاوی، ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازاديی كوردستان "پژاك" كه لقێكی PKKیه، له به‌یاننامه‌یه‌كدا هەڕەشە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران "حدكا"و حیزبی دێموکراتی کوردستان "حدک" دەکات و پێیان دەڵێت "هه‌وڵی تاقیكردنه‌وه‌ی ئاستی سه‌بری بزووتنه‌وه‌ی ئاپۆییو گه‌لی وڵاتپارێزی كوردستان نه‌ده‌ن".
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌م حیزبانه به " ئه‌حزابی زه‌رد"و "ده‌مدرێژ" ناو ده‌با هه‌روه‌ها به بێ ئاشكراكردنی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بنكه‌كانی ئه‌وان به "حه‌وانگه‌ی سیخوری چه‌ند لایه‌نه‌و مۆره‌ی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات‌و سوپای پاسداران" ناو ده‌بات.
سه‌باره‌ت به‌و ههڕهشهنامهیه "هه‌ڵۆی كوردستان" پێوه‌ندی كرد به ئه‌ندامێكی رێبه‌ریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران‌و ناوبراو به مه‌رجی بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی وتی كه: ئه‌و به‌یاننامه له‌نێو دێموكراتهكاندا تاوتوێ كراوه، به‌ڵام دێموكرات ته‌نیا PKK به فه‌رمی دهناسێو نه PJAKو نه هیچ لق‌و پۆپێكی دیكه‌ی به فه‌رمی ناناسێ‌و هه‌ر كاتێ PKK به فه‌رمی به‌یاننامه‌یه‌ك یان هه‌ڵوێستێكی سه‌باره‌ت به دێموكرات بڵاو كرده‌وه ئه‌و كاته دێموكرات به فه‌رمی وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌و هه‌ڵوێستی ده‌بێ.
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه‌ی "هه‌ڵۆی كوردستان" وتيشى كه: "پژاك" به‌رده‌وام له رێگه‌ی جۆراوجۆره‌وه وه‌كوو ده‌ركردنی به‌یاننامه‌و ناردنی حاجی ئه‌حمه‌دی بۆ سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆنی نهورۆزو هه‌موو جارێكیش به ئه‌ده‌بیاتێكی توند‌و سووكه‌وه هه‌وڵ ئه‌دا كه حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ناوی بێنێ‌و ده‌یه‌وێ به‌و بۆنه‌وه خۆی بكات به "ئه‌مری واقع"، به‌ڵام حیزبی دێموكرات هیچ لق‌و پۆپێكی PKK به فه‌رمی ناناسێ.
هه‌ڕه‌شه‌ی PJAK له كاتێكدایه كه دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه، شاندێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستی محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی قەندیلی کرد و لەلایەن شاندێکی PKK بە سەرپەرەستی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی ئەو پارتەوە پێشوازی لێکراو ئه‌مه سێهه‌م كۆبوونه‌وه‌ی نێوان PKKو PDKIیه سه‌باره‌ت به‌و ناكۆكیانه‌ی كه له‌نێوانیاندا له چه‌ند سنوورێكی نێوان باشوور‌و رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا هه‌یه.
پێشوازیی جەمیل بایک له شاندی PDKI
پێویسته بگوترێ رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 3/3/1394ی هەتاوی بەرانبەر بە 24/5/2015ی زایینی چەکدارانی PKK هێرشیان کردە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموكرات لە بناری چیای شاکێو لە ناوچەی برادۆست‌و لە ئاکامی ئەم هێرشەدا کە بەپێی زانیارییەکانی حیزبی دێموكرات لە ژێر فەرمانی فەرماندەکانی سپای پاسدارنی کۆماری ئیسلامی‌دا بەڕێوەچوو، کادرێکی حیزب بە ناوی ''قادر کەریمی'' شەهیدو 3 پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ش بریندار بوون.
هه‌روه‌ها تا ئێستاش PKK به هیچ شێوه‌یه‌ك نه به شێوه‌ی فهرمیو نه به شێوه‌ی غه‌یره فه‌رمی به‌بۆنه‌ی شه‌هید كردنی پێشمهرگهیهكو برینداركردنی 3ی دیكه داوای لێوردنیان له حیزبی دێموكرات نه‌كردووه.
شایانی باسه PKK مێژوویه‌كی دوور‌و درێژی له هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نێوخۆیی‌و تیرۆر‌و تۆقاندن هه‌یه‌و تا ئێستا جگه له شه‌ڕی براكوژی به سه‌دان كه‌س كه پێشتر ئه‌ندامی خۆی بووونو وازیان له‌و رێكخراوه هێناوه، تیرۆر كردووه. پێویسته بگوترێ PKK به‌هۆی تیرۆر‌و بارزگانی به مادده هۆشبهرهكانیشهوه ناوی له لیسته‌ی تیرۆری وڵاتانی ده‌ره‌وه دایه.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی پێوه‌ندیدار به شۆڕش له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
كلیك له‌سه‌ر ئه‌م وێنه‌ی خواره‌وه بكه:

