سەردانی ئەو جارەی ڕێزدار " مستەفا هیجری " سکرتێری گشتيی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ئەمریکاو دیدارو کۆبوونەوەی لە گەڵ کۆمەڵێك سیاسیو کاربەدەستی پلە بەرزو دەست ڕۆیشتووی نێو کۆشکی سپیدا، گرینگیو قورسای سیاسیو نفوزی حدکا لە نێو خەڵکی کوردستانو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەیەنێت. رووداوە سیاسیو کۆمەڵایەتیەکانی ئەو دوایانەی ئێرانو کوردستانو ڕاپەرینی جەماوەری بەشێك لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دوای ئاگردانی " هوتێل تارا" دا بۆ جارێکیتر سەرنجی کۆڕوکۆمەڵی نێونەتەوەی هاتەوە سەر خەباتی سیاسیو چەکداری تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو ئەو بۆچوونانەش بوونە بڵقی سەر ئاو کە، دەگوتڕا زەمینەی هیچ جۆرە شۆڕشێك لەو بەشەی کوردستان بەدی ناکرێت لە ماوەی زەمانی کورتدا.
ئێرانی فرە نەتەوەو پێك هاتەی جۆر بەجۆری نەتەوەی لە رووی مێژوویو سیاسیو کۆمەڵایەتیەوە و، لە زۆر بواری تردا گرینگیو تایبەت مەندی خۆی بۆ ئەمریکایەکان هەیەو کاتێك وڵاتێكی وەك ڕۆژئاوا دەتوانێت سێبەری سیاسیو ئابووریو نیزامی خۆی بەسەر ناوچەکەدا فەڕزبکاتەوە کە ڕێژیمی ئاخوندی ئێران بەتەواوی پاشەکشەی پێکرابێو خرابێتە دیوی سنووری رووداوە سیاسیو دیپڵۆماسیەکانەوە. سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە وسەردانەیدا، بۆ جارێکیتر رووی دزێوو مەترسیداری حکوومەتی نیزامی ئێرانی بۆ دۆستە ڕۆژئاوایەکان روون کردۆتەوەو لە درێژەی کارو چالاکی سیاسیو دیپڵۆماسیەکانی بەڕێز" مستەفا هیجری" وەك کەسایەتیەکی دیار نێو گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دواجار ئەو دەرفەتەی بۆ پێکهات کە لە کەشو هەوایەکی بەتەواوی دۆستانەداو زۆر بە کراوەیو پوختی باسی پرسی سیاسیو نەتەوەی گەلی کورد لە ئێرانی ژێر سایەی حکوومەتی ئاخوندی بکاتو ئاماژەی بەسەرجەمی ئەو پێشێلکاریانەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئاخوندی بە دژی ڕۆڵەکانی گەلی کورد کە لە نێوخۆی وڵات بەدژی گەلی کورد ئەنجامیدەدەن، کردوەو هەر لەو پەیوەندیەشدا باسی زەمینەی بەرفراوانبوونو پەرەگرتووی شۆڕشی سیاسیو کۆمەڵایەتی لە بەشەکانیتری وڵاتیش کردوە. دیارە زۆربەی سیاسیو دەست ڕۆیشتووەکانی ئیدارەی ئەمریکا بەسەرنجەوە گوێیان بۆ ڕێزدار هیجری سەبارەت بە هەلومەرجی ژیانی سیاسیو کۆمەڵایەتیو ئابوری ئێران گرتووەو لە زۆر بواردا خاڵی لێکتێگەیشتنو هاوبەش بەدی کراون.
هەر لە پەیوەندیەشدا بەشێكی بەرچاو لە سیاسیەکانی ئیدارەی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕن کە بەڕێگای دانیشتنو تەفاهومی سیاسیو دیپڵۆماسیدا، مەحاڵە سەبارەت بە قەیرانە ئەساسیەکان لە گەڵ دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئاخوندی ئێران بە ئاکامێكی باش بگەن. هەتا رێژیمی ئێران هەناسەی حوکمڕانی بدات، کۆتای بە دڵەڕاوکیو نیگەرانیەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەی نایەتو لەلایتریشەوە کۆشکی سپی هەوڵدەدات لە کاناڵیترەوە بەربەست لە بەردەم سەرکێشیو ئاژاوەگێڕیەکانی حکوومەتی نیزامی تاران دابنێن. کۆشکی سپی ڕەچاوی کۆمەڵێك فاکتو هێڵی گشتی تایبەت بەوەستاندنی حکوومەتی نیزامی ئێران دەکاتو دیدارو گفتووگۆی کاربەدەستانی پلە بەرزی سیاسیو ئیداری ئەمریکا لە گەڵ کەسی یەکەمی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، بێگوومان بەشێکیان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە کێشە سیاسیو ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەوە هەیە کە خاڵی سەرەکی باسو دیدارەکانیان پێكهانابووو ، دۆزینەوەی ڕێگایەکە کە بتوانرێت حکوومەتی ئاخوندی لە دەسەڵات لابدرێت. زۆربەی سیاسیو دست ڕۆیشتووەکانی نێو ئیدارەی ئەمریکا لە سەر پرسی ناوەکیو لە سێدارەدانی بە کۆمەڵی لاوانی ئازادیخوازی کوردو هەوڵدانی ئێران لە ئاستی جیهانیدا، بەمەبەستی فراوانترکردنی سنووری چالاکیە سیاسیو ئابووریو سەربازیەکانی بۆتەمایەی نیگەرانی رۆژئاواو هاوپەیمانەکانی لە ئاستی گێتیدا. سیاسەتی فراونخوازی ڕێژیمی تاران بەدڵنیایەوە، زیانی زۆری بە ئابووریو پڕستیژی سیاسیو دیپڵۆماسی ئەمریکا گەیاندوەو بە روویەکەیتریشدا هەوڵەکانی حکوومەتی تاران لە ئاستی ناوچەکەدا،" بۆتە مۆتەکەی سیاسیو سەربازی بەسەر شانی کۆشکی سپیەوە". هەربۆیەش ئێستا نەیارەکانی حکوومەتی ئاخوندی ئێران لە ئەمریکا، دەستیان بە کاری خۆیانکردۆتەوەو هەوڵدەدەن ئێران لە سەر سیاسەتی فراونخوازی بە هەر شێوەك بێت بوەستێنن. کاتێك ژمارەیەك لە سیاسیو نوێنەرانی ڕاستەقینەی گەلی ئەمریکا بە ئاشکراو دەرکەوتووی لە گەڵ کەسی یەکەمی حیزبێکی سیاسیو دێمۆکڕاتو پێشکەوتنخوازی وەك حدکا دا کۆدەبنەوەو سەبارەت بە وەزحی سیاسیو ئابووریو کۆمەڵایەتی جیهانو ناوچەو ئێرانو کوردستان، ئاڵۆگۆڕی بیروڕایان دەکەن، بێگوومان نیشانەی بەرەوپێشچوونی پرسی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەیەنێتو لە لایتریشەوە سووربوونی ئیدارەی داهاتووی ئەو وڵاتە نیشاندەدات کە بە بە هیچ شێوەیەك ڕێگا نادەن وڵاتی ئێران خۆی بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێواڕاستدا لەوەی زیاتر فەرزبکات و، چوونکی پەرەستاندنو بەرەوپێشچوونی تاران، لە بەرژەوەندی سیاسەتی ئابووریو بازرگانیەکانی ڕۆژئاوادا نیە. بۆ چی بەشێکی بەرچاو لە کۆنگرێس مانو سەناتۆرەکانی ئەو وڵاتە چاویان بە رێزدار هیجری کەتووە! بە دڵنیایەوە بێ حیکمەتو دەلیل نیەو لەسەر ئەساسی خوێندنەوەی مێژوویو ئێستا ئەو زەمینە فیکریە دروستبووەو کە پێیان وایە تەنیا هێزێکی ئازادیخوازو دێمۆکڕات، کە شیاوی هاوکاریو پشتیووانی ئەمریکا بێت، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بە گونجاوترین هێزی سیاسی دەزانن کە هاوکاریو پشتیووانی لێبکەن. ئەو جارەیان ڕێزدار " هیجری" لە پەراوێزی کۆی دیدارو کۆبوونەوەکانیدا لە گەڵ گەورە سیاسیو دیپلۆماتکارە ئەمریکیەکاندا، بەوردی ئاماژەی بە نالەباری هەلومەرجی ژیانی سیاسیو کۆمەڵایەتیو ئابووری گەلانی ئێرانو گەلی کورد کردوەو لە درێژەی ئەو باسو خواسانەی کراون، بە وردی تیشك خراوەتە سەر کۆی سیاسەتی فراوانخوازی حکوومەتی تارانو پێشێلکردنی بەرچاوی مافی مرۆڤو لە سێدارەکانی بە کۆمەڵی لاوانی کوردو گەلانیتری بندەستی ڕێژیمی ئاخوندی. هەر لەو پەیوەندیەشدا تیشك خراوەتە سەر پێك هاتنی کۆمەڵێك گۆڕانکاری لە ئاستی ناوچەکەدا کە بەتەواوی کارئاسانی دەکات بەمەبەستی بووژانەوەو چالاکتربوونەوەی شۆڕشی سیاسیو چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانو گەلی کورد لە ئێستادا لە هەموو کاتێك زۆرتر پێویستی بە هاوکاریو پشتیووانی سیاسیو دیپڵۆماسی دەرەکیو یەك لەوان ئەمریکا هەیە.

