حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەمەڕ پشتگیریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەبارەی هێرشی پکک بۆسەر چەند پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتو مەحکوومکردنی کوشتنی کورد بە دەستی کورد، سپاسنامەیەکی ئاراستەی لایەنو کەسایەتییەکانو هەروەها کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد.
دەقی سپاسنامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانییانی بەڕێز!
كۆمەڵانی خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستان!
هێرشی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان P.K.K لە رێكەوتی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی بۆسەر تیمێك لە كادرو پێشمەرگانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، شەپۆلێكی بەرینی لە مەحكوومكردنی ئەو هێرشە ناڕەوایەو ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە پێشگرتن بە خەباتی خەباتكارانی كورد لە كوردستانی ئێران بە دوای خویدا هێناو پشتیوانییەكی لێبڕاوانەی لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی لێ كەوتەوە.
لەو پێوەندیەدا كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بوێرانە بەرانبەر بەم كردەوە ناڕەوایەی P.K.K دەنگیان هەڵبڕیو بە پێوەندیگرتن لە رێگای جۆراوجۆرەوە هەستی نیشتمانپەروەریو خوشەویستیی خۆیان بەرامبەر بە حیزبی دێموكرات لەوپەڕی دڵسۆزیدا دەربڕیو ئامادەیی خۆیان بۆ هەر هەنگاوێكی پێویست راگەیاند.
حیزبو رێكخراوە سیاسییەكانی كوردستان بەگشتیو حیزبو رێكخراوە سیاسییەكانی كوردستانی خۆرهەڵات بە تایبەتی بە گرتنی هەڵوێستی شیاو ئەو كردەوەی P.K.Kیان بە ناڕەوا زانیو زۆربەیشیان پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانو هەر شێوە كارو هاوكارییەك دەربڕی. شەڕی كورد بە دژی كوردیان مەحكووم كردو سیاسەتو هەڵویستی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانو هەوڵەكانی ئەم حیزبەیان بۆ پێداگری لەسەر دیالۆگو دانیشتنو دۆزینەوەی رێگاچارەیەك كە بەرژەوەندیی هەموو لایەك دابین بكا، بە بەرپرسانەو جێگای پەسند زانی.
زۆربەی رێكخراوە مەدەنییەكانو كەسایەتییە سیاسیو كۆمەڵایەتییەكان بە دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیانو ناڕەوا زانینی ئەم كردەوەی P.K.K دەنگی خۆیان بۆ چارەسەریی كێشەكە بە جۆرێك كە بەرژەوەندیی هەموو لایەك دابین بكا، خستە پاڵ دەنگی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.
كادرو پێشمەرگە خەباتگێڕەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سەرەڕای خۆبەدوور گرتن لە هەر كێشەو ئاڵۆزییەك كاتێك كەوتنە بەر هێرش، بەو پەڕی ئامادەییو بە نیشاندانی ئیرادەی خۆڕاگریو بەرخۆدان، كەوتنە بەرگریو پاراستنی كەرامەتی حیزب، لەو پێوەندییەدا ئەوەی شایانی پێشمەرگەیەكی دێموكرات بوو لە خۆیان نیشان دا.
كیژانو كوڕانی كەمپەكانی حیزب بەرگی پێشمەرگایەتییان پۆشیو ئەركی پاراستنو وریابوونیان لە بەرامبەر هەر پیلانێكدا وەئەستۆ گرت.
ئەندامانی حیزب چ لە كوردستانی خۆرهەڵاتو چ لە لە باشووری كوردستان پێوەندییان بە بنكەكانی حیزبەوە كردو ئامادەیی ئەنجامدانی هەر ئەركێك بوون كە حیزبەكەیان بۆیان دەستنیشان بكاو بە كردەوە ئەم بەڵێنەیان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بردە سەر. ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات ئەوپەڕی پەرۆشیی خۆیان نیشان داو تەنانەت بەشێكیان خوازیاری گەڕانەوە بۆ كوردستانو جێگرتن لە ریزی پێشمەرگەدا بوون.
بنەماڵەی بەڕیزی شەهیدان كە بەو كردەوەی P.K.K جارێكی دیكە زامی شەهیدبوونی رۆڵەكانیان لێنوێ بووەوە، كەوتنە پشتگیری حیزبی شەهیدەكانیان.
هەیئەتی دیاریكراوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەریی ئەو مەسەلەیە بە پەرۆشێكی تەواوە هەوڵی دانیشتنی سێقۆڵیی دا كەلە هێوەركردنەوەی وەزعەدا شوێندانەر بوو.
یەكیەتیی پارلمانتارانی كوردستان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لەگەڵ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانو pkk لە پێوەندیدا بوون، هەتا ئاڵۆزییەكە لەوە زیاتر تەشەنە نەكا.
كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵو چەند حیزبو رێكخراوی غەیرە كوردی ئێرانی لە رێگای راگەیاندنو بەیاننامەوە ئەو كردەوەی pkkیان مەحكووم كردو هاوسۆزییان لەگەڵ حیزبی دێموكرات دەربڕی.
زۆر حیزبو رێكخراوو كەسایەتی لەو چەند رۆژەدا بە ئامادەبوون لە دەفتەری سیاسیو یان دەفتەری نوێنەرایەتییەكانی حیزب هاوسۆزیی خۆیان لەگەڵ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەربڕیو كۆمەڵێك نووسەرو رووناكبیر بە نووسینی بابەتو لێكدانەوەی مەسەلەكە ناڕەوابوونی هەڵویستی pkkیان دەرخست.
ئەمانە هەمووی بۆ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران جێگای شانازیو پێزانینەو لە روونكردنەوەی راستییەكانو بیروڕای گشتیدا شوێندانەر بوون.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە هەلومەرجێكدا كە هەتا ئێستاش هەوڵەكانی بۆ دانیشتنو دیاڵوگو چارەسەرییەكی وەها كە بەرژەوەندیی هەموو لایەك دابین بكا، بێ ئاكام ماوەتەوە، بەڵام خۆشحاڵە كە ئاڵۆزییەكە هەتا رادەیەك هێور بۆەتەوەو چاوەڕوانییەكانیش لەو هەڵویستگرتنو پشتیوانیكردنە هەروا لە جێگای خۆیەتی، بە پێویستی دەزانین لە رێگای ئەم سپاسنامەوە، سپاسی هەموولایەك بكەینو هەڵوێستو ناڕەزایەتی دەربڕینەكانیان بە چاوی رێزەوە سەیر دەكاو پێیان پشت ئەستورە. سپاسو رێزی پێشكەشی هەر حیزبو لایەنێكو هەر كەسو كەسایەتێك دەكا كە بە تەنگ ئەو كێشەوە بوونو چاوەڕوانە ئەو هەوڵ پشتگیرییانە هەوێنی بەردەوامی دیالۆگو دۆزینەوەی رێگاچارەسەرێك بێكە دەستەبەری بەرژەوەندیی هەموو لایەك بێ.
سپاس بۆ هەموو لایەك، دەستی برایەتیتان دەگووشینو هەڵوێستو ناڕەزایەتی دەربڕینو پشتیوانیتان لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە هەڵوێستێكی نیشتمانی سەیر دەكەینو ئاواتی ئەوە دەخوازین كە چەكی كورد هەرگیز بەرەڕووی كورد نەبێتەوەو یەكدەنگی، دڵسۆزیو هاوكاریی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان، هەوێنی دابینبوونی مافی نەتەوایەتیو مافو ئازادییەكانی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان بێ.
رۆحی شەهید قادر كەریمی شادو ئارەزووی سارێژبوونەوەی هەرچی زووتری زامی بریندارەكان دەكەین
جارێكی دیكە سپاسو رێزمان بۆ هەموو لایەكو تەباییو سەركەتن بۆ كورد بە ئاوات دەخوازین
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٦ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی
٦ی ژووەنی ٢١٠٥ی زایینی
بۆ خوێندنهوهی بابهتهكانی پێوهندیدار به شۆڕش له رۆژههڵاتی كوردستان
كلیك لهسهر ئهم وێنهی خوارهوه بكه:

