له هه‌موو وڵاتانی دونیادا کاتێک پرۆژه‌یه‌ک به‌ڕێوه ده‌چێت، ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌و پرۆژه‌یه خزمه‌ت کردنه به‌و ناوچه‌یه‌ی که پرۆژه‌که‌ی تێدا به‌ڕێوه ده‌بردرێ. سازکردنی به‌نداویش یه‌لێک له‌و پرۆژانه‌یه که ئه‌گه‌ر له جێی خۆیدا و به له‌به‌رچاوگرتنی لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی سازکردنی به‌نداوێک هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵبگیردرێ له‌به‌ره‌و پێش چوونی ئابووری وڵات دا شوێندانه‌ر ده‌بێت.
هه‌رچه‌ند سازکردنی به‌نداو جگه له خاڵی ئه‌رێنی، هێندێک ئاسه‌واری نه‌رێنیشی وه‌کوو (جێبه‌جێ کردنی حه‌شیمه‌ت، تێکدانی سروشت ، مه‌ترسی رووخانی به‌نداو و.....هتدی ـ هه‌یه، به‌ڵام هێندێک جار حکومه‌ته‌کان که‌ڵکی خراپ له‌و پرۆژانه وه‌رده‌گرن و له پێناو ئامانجه دزێوه‌کانی خۆیان دا ئه‌و پرۆژانه به‌ڕێوه ده‌به‌ن،وه‌کوو پرۆژه‌ی "گاپ" که هه‌نووکه رێژیمی فاشیستی تورکیه له سه‌ر رووباره‌کانی دیجله و فورات به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
هه‌ر وه‌ک ده‌زانین کۆماری ئیسلامی ئێران له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو دا ، له ناوچه‌ی هه‌ورامان ده‌ست داوه به ساز کردنی به‌نداوێک له سه‌ر رووباری سیروان به نێوی به‌نداوی داریان،هه‌ر چه‌ند به‌رپرسانی په‌یوه‌ندیداری کۆماری ئیسلامی ده‌ڵێن به مه‌به‌ست سازکردنی وێزگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی کاره‌با ئه‌م به‌نداوه ساز ده‌که‌ن ،به‌ڵام له راستیدا ئه‌مه پیلانێکه دژ به نه‌ته‌وه‌ی کو رد و ساز کردنی ئه‌م به‌نداوه نه‌ک هه‌ر خزمه‌ت به‌خه‌ڵکی ناوچه‌که ناگه‌یه‌نێت به‌ڵکوو زۆر ئاسه‌واری نه‌رێنی به دواوه‌یه که له خواره‌وه به هێندێکیان ئاماژه ده‌که‌ین:
1)سه‌ره‌کی ترین ئامانجی کۆماری ئیسلامی له ساز کردنی ئه‌م به‌نداوه پێش گرتنه له چوونی ئاوی سیروان بۆ نێو خاکی باشووری کوردستان که له داهاتوو دا ده‌توانێ وه‌کوو کارتێکی فشار و به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر دژ به هه‌رێمی کوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به کاری بێنێت.
به ساز کردنی ئه‌م به‌نداوه جگه له‌وه‌ی که خسارێکی قه‌ره نه‌بوو کراو له سه‌دان دونم زه‌وی کشت و کاڵیی باشووری کوردستان ده‌درێ به‌ڵکوو ده‌بێته هۆی ویشکبوونی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان که یه‌کێک له گرینگ‌ترین وێزگه‌کانی به‌رهه‌م هێنانی کاره‌بایه له هه‌رێم و ته‌نانه‌ت له ئاستی عێراقدا.
2 ـ ژێر ئاو که‌وتنی هێندێک له گونده‌کانی ناوچه‌ی هه‌ورامان و جێ به جێ کردنی خه‌ڵکی نیشته جێی ئه‌و ناوچانه که به‌ستراوه‌ییه‌کی زۆریان به خاکه‌که‌یانه‌وه هه‌یه و له درێژه خایه‌ندا له بواری سایکۆلۆژییه‌وه کاریگه‌ری نه‌رێنی له سه‌ر تاکه‌کانی ئه‌و ناوچیه داده‌نێت.
3 ـ ئه‌م ناوچه‌یه به هۆی به پیتی خاکه‌که‌یه‌وه خاوه‌ن سه‌دان دۆنم ره‌ز و باخی جۆراوجۆره که یه‌کێک له سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌کانی داهاتی خه‌ڵکه‌که‌یه،که‌وابوو ژێر ئاو که‌وتنی ئه‌م ناوچه‌یه نه‌ک هه‌ر ده‌بێته هۆی له نێو چوونی ئه‌و ره‌ز و باخانه ،به‌ڵکوو راسته‌وخۆ خه‌ڵکی نیشته جێی ئه‌م ناوجه‌یه که خه‌ڵکێکی به‌رهه‌م هێنه‌رن و زۆربه‌ی پێداویستییه‌کانی رۆژانه‌ی خۆیان دابین ده‌که‌ن،ده‌کات به خه‌ڵکێکی مشه‌خۆر و "مصرفی".
4 ـ به هۆی ئه‌وه‌ی که به‌نداوه‌که له ناوچه‌یه‌کی مێژووی هه‌ڵکه‌وتووه ، راسته‌و خۆ به‌شێک له‌و ئاسه‌واره مێژوویانه که له ژێر خاکن و نه‌دۆزراونه‌ته‌وه ده‌که‌ونه ژێر ئاو، که‌وا بوو به‌شێک له مێژووی کورد بۆهه‌میشه شاراوه ده‌مێننه‌وه.
5 ـ یه‌کێک له‌و گوندانه‌ی که ده‌که‌وێته ژێر ئاوه‌وه گوندی هه‌جیجه که به هۆی شێوازی مێعمارییهکهی و هه‌روه‌ها سروشته جوانه‌که‌یه‌وه بووه‌ته شوێنێکی گه‌شتیاری گرینگ له ناوچه‌که دا و ساڵانه به هه‌زاران توریست سه‌ردانی ده‌که‌ن،ئه‌م گونده له بوارێکی دیکه‌یشه‌وه بۆ ئێمه‌ی کورد گرینگیه‌کی تایبه‌تی هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ساڵی رابردوو له ئاستی جیهان دا و له بواری ژینگه‌پارێزییه‌وه وه‌کوو خاوێن ترین گوند ده‌ستنیشان کراوه.
6 ـ له بواری ئایینیشه‌وه ئه‌م به‌نداوه، گڵکۆی یه‌کێک له ئیمام زاده‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه به نێوی سه‌ید عه‌بدووڵا (برای ئیمامی هه شته می پێڕه وانی ئایینی شیێعه)که به کۆسه‌ی هه‌جیج به ناو بانگه ده‌که‌وێته ژێر ئاو و هه‌روه‌ها گڵکۆی سولتان ئیسحاق که بۆ پێره‌وانی ئایینی یاری پیرۆزییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
7 ـ یه‌کێکی دیکه له خه‌ساره‌کانی دیکه‌ی ئه‌م به‌نداوه ئه‌وه‌یه که سه‌رچاوه‌ی ئاوی بڵ ،که یه‌کێک له خاوێنترین ئاوه‌کانی دونیایه و پێویست به پاڵاوتن نیه ده‌که‌وێته ژێر ئاوه‌وه. ده‌بێ بگوترێ که ئاوهردهی سالانه‌ی ئه‌م کانییه 150 میلیۆن میتری سێ جایه که5/2به‌رابه‌ری ئاوی پێویستی شاری کرماشان و نزیک به 3 به‌رابه‌ری ئاوی پێویستی شاری سنه‌یه که به تێچوویه‌کی زۆر که‌متر له ساز کردنی ئه‌م به‌نداوه ده‌توانی ئاوی پێویستی زۆربه‌ی شاره‌کانی ده‌ورووبه‌ری پێ دابین بکه‌یت به بێ ئه‌وه‌ی که ده‌زگای پالاوتن و...به کار بێنیت.
جێگای ئاماژه‌یه که بۆ پاڵاوتنی ئاوی پێویستی نێو شاری کرماشان زیاتر له 70 میلیارد تمه‌ن بوددجه پێویسته .
8 ـ رێژیم به ساز کردنی ئه‌م به‌نداوه هه‌وڵی داوه که خه‌ڵکێکی زیاتر بکاته ئه‌ندامی به‌سیج و.....،به جۆرێک که که سانی خۆجێی به مه‌رجێک ده‌توانن له‌و پرۆژه‌یه دا کار بکه‌ن که خۆیان یان باوکیان ئه‌ندامی چالاکی به‌سیج بن.
9 ـ له باری نیزامییه‌وه به ساز کردنی ئه‌م به‌نداوه ناوچه‌ی هه‌ورامانی مه‌ریوان ده‌بێت به دوو به‌شه‌وه و له‌مپه‌رێکی گه‌وره له به‌رده‌م هێزه چه‌کداره‌کانی کوردستان دا دروست ده‌بێت، به چه‌شنێک که هاتووچۆ بۆ شاخی شاهۆ تا راده‌یه‌کی زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت و ئه‌گه‌ر له شوێنێکی دیکه‌یشه‌وه خۆت بگه‌یه‌نی به شاهۆ له کاتی تێکهه‌ڵچووندا یان ده‌بێت تا دوایین فیشه‌ک شه‌ڕ بکه‌یت یان ده‌بێ خۆت بده‌ی له ئاو!
به چاو کردن له‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌رده‌که‌وێ که کۆماری ئیسلامی ئێران له به‌ر چاو و برۆی ره‌شی کورد ده‌ستی نه‌داوه به ساز کردنی ئه‌م به‌نداوه به‌ڵکوو ده‌یهه‌وێت به پلانێکی له پێش دارێژراو و به‌که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و سامانه سروشتییه‌ی که له خاکی کوردستان دا هه‌یه،به‌شێک له کوردستانی پێ بخنکێنێ و به‌شیکی دیکه‌ی پێ بمرێنێ.
ئه‌وه‌ی که زۆرتر له لای من جێگای سرنجه و تێڕامان،بێ ده‌نگی لایه‌نه سیاسی،ناوه‌نده فه‌رهه‌نگی و کولتوورییه‌کان و نووسه‌ران و رۆشنبیرانی کورده که له ههمبهرئهم کاره‌ساته دا، و ده‌کرێ بلێین به ته‌واوه‌تی پشت گوێیان خستووه،بۆ وێنه تلویزیونه کوردییه‌کانی رۆژهه‌ڵات ئه‌گه‌ر له باشترین خاڵه‌ت دا ناوێک له به‌نداوی داریان ببه‌ن بڵاو کردنه‌وه‌ی هه‌واڵی کوژرانی کرێکارێکه له‌و به‌نداوه دا.!
ئه‌گه‌ر چالاکانی مه‌دنی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به هۆی ئه‌و زه‌خت و زۆره‌ی که له‌وێ دا زاڵه ناتوانن کۆڕ و سمیناری تایبه‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه پێک بێنن و کۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری رێک بخه‌ن تا به هانای ئه‌و خه‌ڵکه‌وه بڕۆن که هێشتاش خانوو زه‌وی و زاری خۆیان چۆڵ نه‌کردووه له هه‌مبه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی که ده‌وڵه‌ت پێێانی داوه ،بێ ده‌نگی چالاکانی مه‌ده‌نی له باشووری کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و هه‌روه‌ها بێ ده‌نگی لایه‌نه‌سیاسییه‌کان پاساو هه‌ڵنه‌گره.
له کۆتایی دا ده‌بێ بڵێم که جێگه‌ی خۆیه‌تی میدیا کوردییه‌کان وناوه‌نده فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیرییه‌کان گرینگییه‌کی زیاتر بده‌ن به‌م مه‌سه‌له‌یه و به شیوه‌ی جۆراوجۆر پشتیوانی له خه‌ڵکی ئه‌م ناواچهیه بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که پێش به ئهمکارهساته بگرن که خسارێکی قره نه‌بوو کراو له مێژوو،سروشت و خه‌ڵکی ناوچه‌ی هه‌ورامان ده‌دات.


به‌راستی من وه‌کوو کوردێک هیچ زانیارییه‌کم له سه‌رئه‌و به‌نداوه نه‌بوو وهه‌روه‌ها ئاکامه‌کانی ساز کردنی