هه‌ڵۆی كوردستان: به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی به "هه‌ڵۆی كوردستان" گه‌یشتووون، سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێست گرتنی حیزب‌و رێكخراوه‌كان به‌رامبه‌ر به هێڕشی چه‌كدارانی PKK بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستان ئێران، به‌پێی به‌رنامه‌یه‌ك حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سه‌ردانی هه‌موو ئه‌و حیزب‌و رێكخراوانه ده‌كا كه هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر ئه‌و رووداوه گرتووه‌و وێڕای باسكردنی بارودۆخه‌كه، سپاسی خۆیان پێشكه‌شی ئه‌وان ده‌كه‌ن.
بۆیه هه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌دا ئه‌مڕۆ 30ی مای 2015ی زایینی به‌رامبه‌ر به 9ی جۆزەردانی 1394ی هەتاوی، هه‌یئه‌تێكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران به سه‌رپه‌رستیی به‌ڕێز ته‌یموور مسته‌فایی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی، سه‌ردانی "حدك"یان كردوه‌و هه‌یئه‌تێك به سه‌رپرستیی به‌ڕێز مسته‌فا مه‌ولوودی پێشوازیانی لێ كردووه.
پێشتر له بهرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 1394/3/3ی هەتاوی بەرانبەر بە 245/2015ی/ زایینی هێزەکانی PKK تەقەیان لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كیان به‌ناوی قادر کەریمی خه‌ڵكی نه‌غه‌ده شه‌هید كرد‌و 3 پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌شیان بریندار كرد‌و ئه‌م كاره بووه هۆی هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی زۆرێك له حیزبه‌كانی كوردستان.
پێوسته بگوترێ رێکەوتی 15ی سەرماوەزی ساڵی 1385 کۆمەڵێک کەس لە پێکهاتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جیا بوونەوە و لە ژیر ناوی " حیزبی دێموکراتی کوردستان" (حدك) چالاکی سیاسی ـ تەشکیلاتی خۆیان لەناوچە کوردنشینەکان دەست پێ‌کرد.
هەتا ئێستا "حدك" لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانەوە بە فەرمی دانی پێدا نەنراوە، بەڵام دانیشتن و کۆبوونەوەکانیان بە مەبەستی یەکگرتنەوە بەردەوامە.
رێبەرایەتی هەر دوو لا پێداگرن لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئەو یەکگرتنە روو بدات بەڵام هەتا ئێستا و پاش 8 ساڵ ئەو دوو لایەنە سیاسییە بەشێوەی جیا چالاکی دەکەن.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی پێوه‌ندیدار به شۆڕش له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
كلیك له‌سه‌ر ئه‌م وێنه‌ی خواره‌وه بكه:

