پارتی کرێکارانی کوردستان ناسراو بە پەکەکە لە بارودۆخێکدا لە باکووری کوردستان لە ساڵی ١٩٧٩ دامەزرا کە ئەو کات لە چەند کەس زیاتر نەبوونو لە دوای داڕشتنی ستراتیژیی خەباتو دیاری کردنی شێوازەکانی خەبات بوون لە ساڵی ٤ ــ ١٩٩٣وە پەکەکە خەباتی چەکداریی دەست پێکرد چەند ساڵ پێشووتری لە تورکیا کوودتا کرابووو کەمالیستەکان دەسەڵاتیان قۆرخ کردبووو بە هەموو جۆرێک تێدەکۆشان ناسنامەی کورد لەو وڵاتە بسڕنەوە.
لەولاوە خەباتی پەکەکە دوو قۆناخ لە خۆ دەگرێ:
یەکەم هەڵبژاردنی دروشمی سەربەخۆیی کوردستانی گەورەو لێک گرێ دانی خەباتی چوارپارچەی کوردستان بە خەباتی چەکداریی پەکەکەو دواجار راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی تا ساڵی ١٩٩٨ واتە ساڵی دەسگیرکرانی عەبدوڵڵا ئۆجالان لە کنیا ئەو پارتە لە دۆڵی بیقاعی لوبنان چەکدارەکانی را دەهێنانو بەشی سیاسیشی لە دیمەشقو میوانی حافز ئەسەد بوون ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ سڕینەوەی شوناسی کوردانی خۆرئاوا لە لایەن حافز ئەسەدو پارتی بەعسی سووریا بەڵام ئاپۆ دۆستایەتیی سووریای دژە کوردی هەڵبژارد بەو هۆیە کە سووریا لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە ئاو کێشەیان هەیە واتە ئاوی فورات چۆن تورکیا تاو نا تاوێک ئاوەکەی لە سووریا دەبەستەوە وەک کارتی گوشار سووریاش پەکەکەی وەک کارتێک لە بەرانبەر ئەو کارەی تورکیا بەکار دێنا.
لە پاش ئەوەی کە تورکیا هەڕەشەی هێرشی کردە سەر سووریا کە ئاپۆ وەدەر نێ ئاپۆ بەرەو ئیتالیاو رووسیا رۆیشت، بەڵام هیچ کام لەو وڵاتانە نەیانویست پەنابەریی پێ بدەن پاشان رووی کردە یۆنانو تورکیا لە رێگای سیاو مووسادەوە گوشاری خستە سەر یۆنان بەرەو کنیا رووییو لەوێ دەسگیر کرا. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە بە هۆی کردەوە تیۆریستییەکانی پەکەکە هیچ وڵاتێکی ئورووپایی تەنانەت دۆستەکانی کوردیش وەک سوێدو فەڕانسا ئامادە نەبوون پەنابەریی بە ئۆجالان بدەن چونکە ئەو کات بە هۆی کردەوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە راگرتنی ئۆجالان زەبرێک دەبوو لە مێژووی چەند سەد ساڵەی دێموکراسی ئورووپییەکان.
لە پاش گیرانی ئۆجالان پەکەکە ستراتیژیی خۆی گۆڕیو وازی لە دەوڵەتی سەربەخۆیی هێناو ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیکی راگەیاند. پەژیوان بوونەوە لە دروشمی دەوڵەتی کوردی خۆی لە خۆیدا کاڵ فامی سەرکردە باڵاکانی پەکەکەی دەردەخست کە دروشمی قەبەدایان هەڵگرتبووو تازە بەوە گەیشتن ئەو کارە بە وان ناکرێ لە بیرمان بێ پەکەکە کاتی خۆ هەموو ئەو پارتانەی کەلە چوارپارچە دروشمی ئۆتۆنۆمیان هەڵگرتبوو بە جاشو خاین ناوی لێ دەبردنو دەیگوت باکوور، باشوور، رۆژهەڵات یەک وڵاتو یەک خەبات بەڵام زۆری نەکێشا کە نا سیاسی بوونی سەرکردەکانی پەکە دەرکەوتو وازیان لەو دروشمە هێنا کە بۆیان نەدەلوا. سەرەتا ئاگربڕی راگەیاند لێڕەڕا بەو لاوە ستراتیژیی پەکەکە ئەوە بوو کە ئاگربڕ رابگەێنێو ماوەیەک پاشی بیشگێنیو هێرش بکاتە ەر دەوڵەتی تورکیا.
تا ساڵی ٢٠٠٤ ئەو کارەی پەکەکە بەردەوام بوو پاش ئەوەی کە دادو گەشە هاتە سەرکارو کۆمەڵێک چاکسازیی مەدەنیو سیاسیو کۆمەڵایەتیو ئابووریی لە تورکیا کردو تورکیای بووژاندەوە ئەو پرۆسەیە کوردانیشی گرتەوەو کرانەوە بە رووی کورد دەستی پێکرد.
لەو قۆناغەدا پەکەکە وتووێژی هاوکات لەگەڵ ئاگربڕو هێرش کردن گرتەبەرو بەردەوام بە قسەی توێژەرانی بواری تورکیا کە بیانینو بە باوەڕی ئەو قەڵەمە ئەو پەکەکەیە کە ناهێڵێ پرۆسەی ئاشتی چارەسەر بکرێو کوردان لەو پارچەیە واتە باکوور بە مافەکانین رابگەن هەر کاتێک تورکیا ویستوویتی لەگەڵ کوردان بگەنە ئەنجامێکی باش پەکەکە هێرشی کردووە یان فێڵێکی کردووەو پرۆسەکەی راگرتووە.
لە سەربەخۆیی ڕا بۆ مافی شارۆمەندیی تاک
پەکەکە کە دروشمی سەربەخۆیی کوردستانی هەڵگرتبووو کەسی بە شیاوی ئەوە نەدەزانی جگە لە خۆی باسی ئەو کارە بکا، یان بۆی تێبکۆشی زۆر زوو لە هەموو پارچەکان هێزی وەرگرت لە هێزەکانی باشوورو رۆژهەڵات کە دەچوون بۆ نێو پەکەکە زمانی سۆرانی قەدەغە کردو کورمانجی بوو بە زمانی سەرەکیی ئەو پارتە، باس کردن لە سەرکرەکانی وەکوو پێشەواو بارزانیو قاسملوویان بە تاوان دەزانیو سزاکەی دەرکردن بووو هەموویان بە جاش لە قەڵەم دەدان.
پاش گیرانی ئۆجالان کە دروشمی سەربەخۆییان لابرد هاتە سەر ئۆتۆنۆمی دێموکراتیک، دیارە هەڵگرتنی ئەو دروشمەش وەک سەربەخۆیی بە پەلەو بە کاڵفامییەوە هەڵگیرا بە بێ ئەوەی کە باری جوگرافیی تورکیاو رەوشی سیاسیو ئابووریی تورکیاو کوردستانی باکوور لێک بدەنەوە بە پەلە ئەو دروشمەیان دانا، زۆری نەکێشا کە وازیان لە ئۆتۆنۆمی هێناو لە ٢٠٠٤ بەو لاوە دروشمی شارۆمەندی دێموکراتیکیان هەڵبژراد.
کەم کردنەوەی خواستە نەتەوەیییەکان لە نێو پەکەکەدا لە کاتی دامەزراندن تا ئێستا رۆژ لە دوای رۆژ پەرەی سەندووە. ئەوان تەنانەت هیچ کات سروودی ''ئەی رەقیب''و ئاڵای کوردستانیشیان قەبووڵ نەکرد. سەیر ئەوەیە ئەو پارتە کە بە دروشم مافی نەتەوەیی ناوێو شارۆمەندیی دەوێ هەر وا لە چوار پارچەی کوردستان هێز وەردەگرێو گریلاکانی بەوە فریو داوە کە گۆیا رۆژێک لە رۆژان کە عیسا هاتەوە خوارێ دەوڵەتی کوردیتان بۆ دادەمەزرێنین.
شەڕ فرۆشتن بە پارچەکانی کوردستان
باشووری کوردستان
گوتمان سەرەتا پەکەکە خۆی بە رزگاردەری کوردان ناساندو دروشمی سەربەخۆیی هەڵگرتو هێزی لە چوار پارچە وەرگرت هەر بۆیە زوو بیریان کردەوە دەبێ بۆ پارچەکانی دیکەش پارتێکی هاوشێوەی پەکەکە کەلە ژێر نفووزی پەکەکەو لقێکی پەکەکە بێ دامەزرێنن لە باشووری کوردستان پەچەدەکەیان دامەزراند ئەو پارتە کە چالاکییەکانی ئازاد بوون بە روونی لە دژی پارتەکانی باشوور چالاکیی کرد بە جاشی لە قەڵەم دەدانو جەماعەتی لێ تیژ دەکردن شەڕی براکوژی لە نێو جەماوەرکانیان دا دەورووژاند، پەچەدەکە کە میوانی باشوورییەکان بوو داوای بەشەماڵیشی دەکردو مافی دەنگو کورسیو دەسەڵاتیشی کرد دەستوەردانی پەکەکە تا ئەو ئاستە گەیشت کە دەسەڵاتدارانی هەرێم ناچاربوون ئەو پارتە نایاسایی رابگەیەننو نووسینگەکەی داخەن. بە داخستنی پەچەدەکە پەتای ئاپۆچێتی لە باشوور نەبڕاوە، بەڵکوو پەکەکە بۆ خۆی کەوتە جموجۆڵو بە کردەوە ئاژاوەی دەگێڕاو پیلانی بۆ هەرێم دادەڕشت.
کاری پەکەکە تەنیا سیاسی نەبوو لە باشوور بەڵکوو براکوژیشی کرد لەو پارچەیە لە بیرمانە لە ساڵەکانی ٥-٩٢ ی زایینی پەکەکە شەڕی بە پارتی فرۆشتو براکوژیی دەست پێکردو پێشمەرگەیەکی زۆری لە پارتی شەهید کردو تەنانەت هەڕەشەی هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستانیشی دەکرد.
قۆناغی نوێی دەستوەردانی پەکەکە لە باشوور
پاش ئەوەی داعش سەری هەڵ داو رووی کردە هەرێم، پەکەکە رایگەشاند وەک کورد لە پاڵ پێشمەرگە بەشەڕ دێو کوردستان خاکی هەموومانەو رێگە بە تیۆریستان نادەین هەڕەشەی خاکەمان بکەن ئەوان سەرەتا لە پاش ئەوەی کە پێشمەرگە لە شنگال هەڵاتن دەرفەتیان قۆزتەوەو لەگەڵ یەپەگە چوونە نێو ئەو شارە بە بێ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان رێگەی پێ دابن، یان داوای یارمەتی لێ کردبن چوونە نێو شارەکە لە پاش شەڕێکی زۆر لە پاڵ پێشمەرگەو نەمانی مەترسیی داعش پەکەکە بە نیاز نەبوو لە شنگال بڕواتە دەرو ئێستاش بە تەما نییە ئەوان گوتیان بۆخۆمان ئازادمان کردووە هی ئێمەیە ناهێڵین بچێتەوە سەر هەرێمو کانتۆنی بۆ دادەنێین.
لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا کە پەکەکە میوانە، داوای خاک دەکاو تەنانەت نزیک بوو شەڕ بە پێشمەرگە بفرۆشیو براکوژی ساز بکا لە پاش ناڕەزایەتیی خەڵکی شنگالو دەربڕینی بێزاری لەو بیرۆکە چەپەڵەی پەکەکەو گوشاری سەرۆکی هەرێمو حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی پەکەکە بڕوا لە شنگال، ئەوان گوتیان شنگال نابێ بچێتە سەر هەرێم دەبێ سەربەخۆ بێ ، یان کانتۆن بێ، یان سەربە بەغدا بێ کە زانیان خەڵکی شنگاڵ بێزارن لێیان ئەو جار کاڵکان کە کورد نییەو ئازەریی کۆماری ئازەربایجانەو سەرکردەیەکی باڵای پەکەکەیە وای دەنواند ئەوی ئازەری لە مەسعوود بارزانی بۆ خەڵکی هەرێم دڵسۆزترە بۆیە داوای کرد حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕووخێو نەمێنێ.
بێ گومان ئەگەر هەرێمی کوردستان پشتیوانی نێودەوڵەتی نەبوایەو پێشمەرگەی بە هێزی نەبوایە پەکەکە لە مێژ بوو هێرشی کردبووو خەڵکی هەرێمی قەڵتو بڕ دەکرد.
رۆژهەڵاتی کوردستان
لە پاش ئەوەی کە پارتەکانی رۆژهەڵات روویان لە ئەو دیوی سنوورەکانی باشوور کردو خەباتی چەکداری نەما پەکەکە دەرفەتی قۆزتەوە، سەرەتا هات قەندیل کە پەناگەی دێموکرات بوو گرتیو بە تەنیا حوکمی تێدا دەکرد پاشان بەوە نەوەستاو پارتی مەجعولی پەژاکی بۆ داناو هێزی بۆ وەرگرتو بە توندی پاگندەی دەکرد دێموکڕاتو کۆمەڵە جاشو خاییننو دەبێ روو بکەینە رێبەر ئاپۆ رزگاردەری کوردان.
پەکەکە لە سەرەتای سازکزدنی پەژاک هەوڵی داوە زمانی سۆرانی کە زمانی زۆربەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە بە ئەردەڵانیو موکریانییەوە بیسڕێتەوەو بیکاتە کورمانجی ئەندامانی سەرەتا دەبێ سوورانی وە لانێنو بە کورمانجی قسە بکەن.
پەکەکەو پەژاک لە ساڵی ١٣٧٦وە کە پەژاک دامەزرا جگە لە رووتکردنەوەی کۆڵبەری بەدبەختی کورد لەسەر سنوورەکان کە بە پشت نانی شەوی خێزانی دێنێتەوەو کوشتنی سەربازانی بەدبەختی کوردو ئێرانی چی دیکەی نەکردووە.
پەکەکە لە رێگای پەژاکەوە هەوڵی داوە خەڵکی رۆژهەڵات واز لە پارتەکانی خۆیان بێننو بچنە ریزی پەکەکەو بۆ خەباتی باکوور تێبکۆشن، بەڵام باسی خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکەن. لە ١٣٧٩وە ژمارەی ئەو رۆژهەڵاتییانەی بۆ خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون ناگەنە ژماری قامکی دەستەکانیش، بەڵام بە سەدان لە تورکیا کوژراون کە خەڵکی مەهاباد، سنە، مەریوانو ... بوونە.
پەکەکە لە سەرەتای دەوڵەتی ئیسلاح تەلەبان لەگەڵ ئێران رێککەوتو بوو بە پیاوی ئێرانو سنوورپارێزی ئێران سنوورەکانی بۆ راگرتو نەیهێشت هیچ پێشمەرگەیەکی دێموکراتو کۆمەڵە بێنەوە رۆژهەڵات تەنانەت چەند جاران ئەو کەسانەی کە بە نیاز بوون بچنە ریزەکانی دێموکڕات رفاندنی لە قەندیلو بە زۆر تێکەڵی خۆیان کردن.
سەرشۆڕترین رووداو کوشتنی ٩ کەس لە هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی شۆرشگێڕان بوو کە هەموی رادەستی ئێران کردنەوە.
پەکەکە ئێستاکە داردەستی ئێرانەو لە قەندیل لە دژی هەرێمی کوردستانو لە دژی تورکیاو لە دژی کوردی رۆژهەڵاتو لە دژی رۆژئاوا تێدەکۆشێ.
لەو ماوەیەدا بەردەوام چەکو جلو خۆراکو دەرمانیان لە ئێرانەوە بۆ دەچێو ئەو پارتەی داوای کوردستانی سەربەخۆی دەکرد ئێستا گوردانێکی سپای پاسدارانو لقێکی سپای قودسەو داردەستی ئێرانە لە ناوچەکە داو دژی خەڵکی چوارپارچەی کوردستانە.
پەکەکە بە تەواوی مانا تێکۆشاوە مێژووی خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان چەواشە بکا، یان بیسڕێتەوە بە تەواوی هەوڵ دەدا کۆماری کوردستان چەواشە بکا خەباتی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران بە تایبەتی خەباتی کوردەکان چەواشە بکا سەرکردەکانی کۆمەڵەو دێموکرات بە خاین پێشان بدا بۆ خەڵکی کوردستانو نەهێڵێ لاوان بچنە نێو ریزەکانی پێشمەرگە بۆیە سنوورەکانی بۆ ئێران گرتووە.
لە ماوەی ئەو ساڵانەی دا کە پەکەکە سەربەخۆیی دەویستو دەیبڕیو دەیکوشت چەند هێرشی کردووەتە سەر ئێران؟ چەند هێرشی کردووە بڵێ بۆ مافی رۆژهەڵاتە؟
من داوا دەکەم لایەنگرانی یەک نموونەم بۆ بێننەوە تا بۆیان لە ملی دەم بەڵام مخابن یەک نموونەش نییە لە بەرانبەردا کوشتنی خەڵکی کورد ئێران بە ناوی مادەی هۆشبەر یەکجار زۆرە . لەسەر سنوورەکان کۆڵبەران دەڕووتێنێتەوەو ناهێڵێ پێشمەرگەی رۆژهەڵات بچنە سنوورەکانو شەڕیان پێ دەفرۆشێ.
باشە سەربەخۆیی کوردستان چۆن دەخوازێ لەگەڵ داگیرکەری کوردستان دۆستو هاوپەیمان بێو سنووری بۆ راگریو چەکو جلی لێ وەرگری تەنانەت بە خاتری ئێران لەگەڵ تورکیا لەسەر مافی کورد وتووێژ تێک بدەی؟؟؟
رۆژئاوای کوردستان
سەرەتا کە پەکەکە دامەزرا ئۆجالان لە ماڵی خافز ئەسەدی داگیرکەری کوردستانی سووریا میوان بوو. حافز ئەسەد کوردی سەرکوت دەکرد ناسنامەی پێ نەدەدان مافی ژیانی لێ ستاندبوون. پەکەکە لە جەرگەی دروشمی سەربەخۆیی خۆیداو لەو سەردەمەی کە گەریلایەکی زۆری رۆژئاوای لەگەڵ بوو لە ماڵی حافز ئەسەد میوان بوو یەکو شەش باسی مافی کوردی سووریای لە زاری دەرنەهات ئۆجالان.
نەک باسی نەتەوەیی تەنانەت باسی مافی یەکانی شارۆمەندیو پێناسەو دامەزراندنیشی نەکرد بۆ کوردانی سووریا بەڕێز ئۆجالان.
ئەرێ تو خوا دەکرێ تۆ بڵێی سەربەخۆییم دەوێو خەڵکی کوردستانی سووریا بکەیە گەریلا، بەڵام لەگەڵ داگیرکەریان دۆستو هاوپەیمان بی باسی مافەکانیان نەکەی ئەویش رۆژئاوا کە رەبەنترین پارچەی کوردستانە ئێستاکەش گەریلاکانیشی نەک بۆ مافی پارچەی خۆیان بەڵکوو بیان دەی لەگەڵ تورکان بە شەڕیان دەی؟؟؟؟
بە ڕاستی پێنوس شەرمەزارە لە باس کردنی ئەو خەیانەتە تۆ لە ماڵی داگیرکەری کوردی سووریا بی گەریلای کوردستانی سووریای نەک بۆ مافی کوردستانی سووریا بۆ ئامانجی خۆتو لە شەڕی تورکاندا بە کوشت بدەی. یەک وشەش نەڵێی کاک حافزی نا حافز لانیکەم پێناسە بە کوردەکان بدە، بەڵام دیسانیش هەر بڵەی سەربەخۆیی. بەراستی شەرمە داڕزانە.
حیماسەی کۆبانێ
پاش ئەوەی داعشی تیرۆریست هێرشی کردە سەر رۆژئاواو کۆبانێ خەڵکی بەشەڕەفو کوردی ئەو دەڤەرە قارەمانانە راوەستو بەرخۆدانیان کردو بە یارمەتی یەپەگەو یەپەژەو پێشمەرگانی هەرێم داعش تێک شکاو ئاسۆی هیوای کورد لەو پارچەیە گەشایەوە.
بەڵام پەکەکە خەونی بۆ رۆژئاوا دیتبوو:
سەرەتا پاش ئەوەی بەشار لە کوردستان کشاوەو کۆنتڕۆڵی رادەستی کورد کرد بەو مەرجەی کورد لەوێ بەرەی شەڕ نەکاتەوە لە دژی بەشار پەکەکە لە رێگای یەپەگە کە پارتێکی خۆشەویستە لە کوردستانی سووریا ویستی بە تەنیا حوکم بکا پارتی دێموکراتو چەند پارت کە بە ئەنەکەسە ناسراون ناڕازی بوون پەکەکە ناچار بوو دو دانیشتن لە هەولێرو دهۆک لەگەڵ پارتەکانی دیکەش بەڕێوە ببات تا ئەوانیش بەشداری دەسەڵات بن، بەڵام پەکەکە نەک هەموو ڕێککەوتنەکانی بن پێ کرد تەنانەت بەوەش ڕانەوستا لە هەڵبژرادنی شارەوانی کۆبانی نەیهێست ئەوان ناویشیان بنووسن.
پەکەکە دەیهەوێ وەک کوردستانی باکوور هەموو پارتەکان لە نێو بباو خۆی حوکم بکا لە کوردستانی سووریا لە راستیدا ئەو خەونەی بۆ رۆژهەڵاتیش دیتوە لە رێگەی پەژاکەوە، بۆ باشووریش وابوو بەڵام حکوومەتی هەرێم پەچەدەکەی نا یاسایی لە قەڵەم دا.
پەکەکە بەوەش ڕانەوەستا لە رۆژئاوا بەڵکوو وای کرد خەڵکی کوردستانی سووریا وا پێشان بدەن دوژمنی تورکیانو تورکیاش هەڕەشەیان لێ بکاو داعشیان تێ بەردا.
من دڵنیام ئەگەر پەکەکە وای نەکردبا کە تورکیا کوردستانی سووریا بە دوژمنی خۆی بزانێو پەکەکە لە کوردستانی سووریا را هەڕەشەی لە تورکیا نەکردبا لەوانە بوو داعش هێرشی کۆبانی نەکردبا چۆن بە باوەڕی من لە هێرشی داعش دا نەک تورکیا بە تەنیا بەڵکوو پەکەکەش تاوانبارەو ئەو شەڕەی بە خەڵکی بەستەزمانی سوورا دا سەپاندو ئاوارەی کردونو ماڵوێرانی کردنو بە کوشتی دان. ئێستاش بە تەمایە حوکمی کۆریای باکوورو کووبا لە کوردستانی سووریا وەڕێ بخاو تەنیا بۆ خۆی دەسەڵات بێ هەوان سەرکوت بکاو رەخنەش قەدەغە بێو هەمو ملکەچی ئیمڕاڵی بنو تەنانەت بەرنامەی خواردنی رۆژانەش لە ئیمڕاڵی وەرگرن.
شەڕ فرۆشتنی پەکەکە بە حدکا
ئەوەی لەو چەند رۆژەی رابردوودا رووی دا پەڵەیەکی شوورەییو نەنگیو داڕزانە بە نێو چاوانی پەکەکەوە تا هەتایە.
خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پاش کوشتنی فەریناز خوسرەوانی لەلایەن کاربەدەستێکی ئەمنی ئێرانەوە زۆر چاوەڕوانی کارێکی جدی لەلایەن حیزبەکان بوون لە ڕاستیدا نەبوونی چالاکی حیزبەکانی دێموکراتو کۆمەڵە رێگایان خۆش کرد پەکەکە رووداری بکاو رۆژهەڵات بە هی خۆی بزانێ گەنجان راکێشێ.
پێشمەرگەکانی دێموکرات بۆ ئەوەی بێنە سەر سنورەکانو لەگەڵ خەڵکی خۆیان کە چاوەڕوانی خەباتی ئەوانن پێوەندی بگرنو بتوانن بێنەوە نێو خاکی خۆیانو شۆڕش بچێتە نێو قۆناغێکی نوێ لە لایەن پەکەکەوە پێشان پێ گیردرا بۆ؟
پەکەکە لەوەتا دێموکراتو کۆمەڵە لە ناو شاردا نەمانو خەباتی چەکدارییان وەلانا پەکەکە هەلی قۆزتەوەو بەشی سنوری ئێرانی لە قەندیل داگیر کرد پەژاکی دامەزراند گوتی لەمەولا پەژاک حیزبی ئێوەی رۆژهەڵاتە ئاپۆ سەرۆکەو بەس.
بۆیە سنورەکانیان داخستو پێشیان بە هاتوچۆی پێشمەرگانی رۆژهەڵاتی گرتو لەولاش لەگەڵ ئێرانو سپای پاسدارن رێککەوتنو یەک وشەش باسی مافی کوردی ئێرانیان نەکردو خەباتی رۆژهەڵاتیان پەک خست وهەموو توانەی رۆژهەڵاتیان خستە خزمەتی باکوورو شەڕی تورکیا.
پەکەکە لەو سنوورە کۆڵبەران دەڕوتێنێتەوەو ئەو سنوورەی بۆ گومرگ داناوە دەڵێ دێموکراتیش دەیهەوێ وا بکا سەرەتا دێموکرات کۆمپانیای بازرگانی نییە حیزبێکی شۆڕشگێڕە ئەوە ئێوەن گومرگان دەستێنن ئێوەن بازرگانی بە ناوی شۆڕشی کوردەوە دەکەن ئێوەن بازرگانی مادەی هۆشبەرن بۆ ئورووپا ئەدی ئەگەر وانییە داهاتتان چییە؟ بە دڵنیایییەوە ئێوە مادەی هۆشبەر بۆ ئورووپا بەڕێ دەکەنو داهاتتان هەر ئەوەیەو گومرگ ستاندنە.
جگە لەوانەش پەکەکە هاوپەیمانی ئێرانەو سنووری بۆ دەپارێزێو ناهێڵێ سنوورەکانی ئێران ئاڵۆز بنو ئێران توشی کێشە بێ چۆن ئێرانیش پارەو جلو دەرمانی پێ دەدا.
پەکەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان میوان بوو خەڵک رێزیان دەگرتن بە پەرۆش بوون بۆیان هەواڵی باکووریان پێو شوێن دەگرت خەمخۆری کوردی باکوور بوون لە نەورۆزان بە نەورۆزی ئەوان شادو بە شەهیدەکانیشان لە شەڕدا خەفەتبار بوون چەندە لەو سنوورانە یارمەتیان دەدان نانیان دەدان.
بەڵام پەکەکە خەیانەتی بەو چاکەی رۆژهەڵات کرد شۆڕشەکەی خامۆش کرد گەریلاکانی بردە باکورو بەکوشتی دان نەیهێشت لە خاکی خۆیان بە گژ داکیرکەر بچنەوە لەوەش خراپتر خاکی نێوان باشورو رۆژهەڵات کە هیچ پەیوەندی بە پەکەکەی باکورەوە نییە داگیر کردوەو ناهێڵێ پێشمەرگە بێنەوە خاکی خۆیانو گومرگی داناوەو کۆڵبەران ڕووت دەکاو لەوانەش خراپتر بوەتە پیاوی ئێرانو سپای پاسدارانو سنوری ئێرانی دەپارێزێ.
بەڕاستی ئەگەر پەکەکە دەیکوت شانازی ئەوەی هەیە داوای سەربەخۆییو شۆڕشی هەموو کوردستانی هەبووە ئێستا سەرشۆڕی براکوژی داگیرکردنی رۆژهەڵاتی کوردستانو خەیانەت بە گەلی کوردی پێ بڕاوەتەوە.
من بە باشی دەزانم پەکەکە ناوی گەریلا لابەرێ لە سەر شەڕکەرەکانیو ناوی رەزمەندەو سەردارو ئەمیریان لە سەر دانێ.
بابهتی پێوهندیدار:
ـ پەیامێک لە بارزانییەوە بۆ حدکا و PKK
ـ سهڕهڕۆیی پێ كاكا بوو به هۆی لێدانی ستارتی شهری قڕێژی براكوژی
ـ دەقی ئەو نامەیەی پێش شەڕەکە حیزبی دیموکرات بۆ KCK ی ناردووە
ـ ناوو وێنهی 3 بریندارهكهی حیزبی دێموكرات
ـ راگەیەنراوی کومیسیۆنی سیاسی نیزامیی حدکا لەبارەی شەهیدبوونی قادر کەریمی
ـ بۆ پەکەکە ئەم خیانەتە نەتەوەییەی دیکەشی ئەنجامدا؟
ـ كومیسیۆنی سیاسی نیزامیی حدکا ناوی شەهیدەکەی هێرشی ئەمڕۆی پەکەکەی بڵاو کردەوە
ـ يهكیهتیی نیشتمانی تۆمهت له حیزبی دێموكراتو پارتی دێموكرات دهدا
ـ چهندین ههزار كهس ئامادهییان بۆ شۆڕش له رۆژههڵات دهربڕیوه
ـ هۆشدارییەکی تووند لە پەرلەمانی کوردستانەوە
ـ حیزبی دێموکرات راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکانی PKK بـڵاو کردەوە
ـ كۆمەڵە: پشتگیری خۆمان بۆ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەردەبڕین
ـ پێشمهرگهیهكی حیزبی دێموكرات لهلایهن PKK شههید كرا
ـ حیزبی دێموكرات پەیامهێنەری ئاشتییە، بەڵام زۆر لە كەس قبووڵ ناكات
ـ ئەمرۆ دێموکرات سبەینێ نۆرەی ئەوانی دیکەشە (هەڵویستەیەک دژی کردەوەی زۆردارانەی PKK )
ـ وتووێژ یان پاشهکشهی پ.کا.کا لهم بڕیارهی خوی بهبێ قهیدو شهرت
ـ شۆڕش له رۆژههڵات دهستی پێكردهوه

