شاندێکی کونسووڵگهریی وڵاته یهکگرتووهکانی ئهمریکا، سهردانی دهفتهری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کرد
کاتژمێر 11ی سهر له بهیانیی رۆژی یەكشەممە، رێكەوتی 27ی خەرمانانی 1390ی هەتاوی، شاندێكی كونسووڵگەریی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هەولێر بە سەرپەرەستی "ئالێكس لاسكاریس"، سەركونسووڵ و چەند كەس لە راوێژكارانی سیاسیی كونسووڵگەری ئەمریكا، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد و لەلایەن شاندێكی حیزب بە سەرپەرەستی بهڕێز "مستەفا هیجری" سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و ژمارەیەك لە ئەندامانی رێبەرییەوە پێشوازییان لێ كرا.
پاش بەخێرهاتنی هەیئەتی میوان، لەلایەن بهڕێز "مستەفا هیجری" باسێكی لە سەر بارودۆخی ئێستای ناوچە، ئێران و كوردستان كرد و ئاماژەی بە سیاسەتی سەركوت و زەبر و زەنگی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە هەمبەر كۆمەڵانی ئازادیخواز و چالاكانی مافی مرۆڤی ئێران، و ههروهها ئهو قەیرانانەی كە رێژیمی ئێران لە ئاستی نێونەتەوەیی و نێوخۆیییەوە تووشی بووە کرد و له بەردەوامبوونی خەبات و تێكۆشانی گەلانی ئێران و گەلی كورد و هێزە سیاسی و پێشكەوتنخوازەكان لە ئاستی بزووتنەوی سەرتاسەری ئێران، بۆ رووخاندنی رێژیمی دیكتاتۆری ئێران و هێنانە سەركاری حكوومەتێكی دێموكراتیک و فیدراڵ، پێداگریی کرد.
پاشان "لاسكاریس"، وێڕای دەربڕینی خۆشحالیی خۆی لەو سەردانە، سپاسی كاك "مستەفا هیجری"ی كرد بۆ ئەو باسە سیاسییەی كە پێشكەشی كرد و پێداگریی لە سەر بەهێزكردنی ئەو پێوەندییانە كردەوە كە حیزبی دێمۆكرات وەكوو حیزبێكی بەرپرس لە ئاستی جووڵانەوەی كورد و بزووتنەوەی دێمۆكراسیخوازی خەڵكی ئێران رۆڵی بەرچاوی هەیە و هیوای خواست خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ناوچە شوێندانەریی بەرچاوی لە سەر گەیشتنی گەلانی ئێران بە مافە رەواكانیان و سەقامگیربوونی دێمۆكراسی لە ئێران ببێ و لەو پێوەندیەدا ئاڵوگۆڕەكانی بەهاری عەرەبی بە قازانجی بەرەوپێشچوونی ئەم پرۆسەیە زانی و لەم ئاڵوگۆڕانەیشدا ئاماژە بە سەرهەڵدانی كۆمەڵانی خەڵك لە وڵاتی سووریە كرد و رایگەیاند: سەركەوتنی بزووتنەوەی جەماوەری لەم وڵاتە دەتوانێ پاشەكشە بە سیاسەتی دەست تێوەردانی وڵاتانی یارمەتیدەری ترۆریزم بكا.
لە كۆتایی ئەم دیدارە دۆستانەیەدا هەر دوو لایەن پێداگریان لەسەر بەردەوامی و پتەوتركردنی پێوەندییەكانیان كردهوە و لایەنی میوان سپاسی ئەو میواندارییەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی كرد.
سهرچاوه: كوردستان میدیا
تێبینی "ههڵۆی كوردستان": پێش لهوهی PDKI ههواڵی ئهم سهردانه بڵاو كاتهوه، ههواڵهكهیم بهپێی سهرچاوهیهك بڵاو كردهوه بهڵام دوای بڵاوبوونهوهی ئهم ههواڵه به باشم زانی دهقی ههواڵهكهی PDKI بڵاو بكهمهوه كه زانیاری وردتری تێدایه.

