هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

بۆچی کۆماری ئیسلامی ئامادە بوو بە نرخی ریسوایی خۆی دکتۆر سەعید شەرەفکەندی تیرۆر بکات

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

majid_haqqi_-_sh_DR_sharafkandiروانینێک لە تایبەتمەندیەکانی رێبەریی دکتۆر سەعید شەرەفکەندی

 

 هەرکات بوویتە هۆی ئەوەی کە خەڵکانی دیکە زۆرتر بیر بکەنەوە، زۆرتر فێربن، زۆرتر کار بکەن و چاکتر بن، تۆ رێبەری ـ جان ئادامز

 

بە درێژایی مێژووی نەتەوەی کورد رێبەران و قارەمانانێک سەریان هەڵداوە کە سەرهەڵدانیان هاوکات بووە لە گەڵ ئالۆزی و کێشە. تاقەسوارانێک کە هاتوون و ئاڵۆزیەکانیان رێک خستووە و رێ نیشاندەری خەبات بوون بۆ گەیشتن بە لووتکەی هەستی مرۆڤایەتی و خەبات لە پێناو ئازادی و وەدەست هێنانی مافی مرۆڤی و نەتەوایەتی خۆیدا. رزگاری دەرانێک کە لە هەلومەرجێکی زۆر سەختی مێژووییدا توانیانە توانایی و وزە بە بزاڤی نەتەوایەتی ببەخشن و بسەلمێنن کە شکستەکان مەرگهێنەر نین و ئەوەی دەبێتە هۆی تێکچوونی بزاڤی نەتەوایەتی بێ بڕوایی بە خۆ و هێزی خۆیە نەک لە دەست چوونی رێبەرانی بلیمەت و بێ هاوتا.

دکتۆر سەعید شەرفکەندی لە هەلومەرجێکی زۆر هەستیاری مێژوویی دا لە بزاڤی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ژیانی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەرکی رێبەری ئەو حیزبەی بە ئەستۆ گرت و بەحەق لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا توانی هەموو هیواکان بەرەو حیزبی ژێر رێبەرایەتی خۆی رابکێشێ و حیزبی دێموکرات سەرەرای کۆستی لەدەستدانی دکتۆر قاسملوو توانی هەروا حیزبێکی پرۆئاکتیڤ، چالاک و داهێنەر بمێنێتەوە:

ـ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێزی سەرەکی خەباتی چەکداری لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامی بوو و ئەرکی قورسی رێبەری بزاڤی خەباتێکی هەمەلایەنەی سیاسی، چەکداری و دیپلۆماتی بەرێوە دەبرد. بە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق کۆماری ئیسلامی ئێران لەو هەلومەرجەدا توانای کۆکردنەوەی چەندین بەرابەر هێزی هەبوو بۆ سەرکوت بەرخودانی چەکدارانەی خەڵکی کورد و بزاڤەکانی ناوخۆیی ئێران.

ـ بە هۆی جیابوونەوەی دوای کۆنگرەی هەشتەمی حیزب و کێشەکانی پێوەندیدار، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرەورووی لێگەرەکانی ناوخۆیی و تەشکیلاتیی پێوەندیدار و هەروەها گرژی و تەنانەت لەرابنەر یەک راوەستانی هەلومەرجی سیاسی و چەکداری ئەو کات بوو.

ـ شەری ناوخۆیی کۆمەڵە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جارێ تەواو نەببوو و بەو هۆیەوە حیزب لە راستیدا لە چەندین بەرەی بەتەواوی جیاواز و بە ستراتێژی جیاوازەوە شەری دەکرد.

ـ ئۆپێراسیۆنی ئەنفالی حکوومەتی سەددام تەنگەژەیەکی ئەخڵاقی، سیاسی و هەستی گەورەی لەبەرانبەر حیزب و بزاڤی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێک هێنابوو.

لەو هەلومەرجە نا ئاساییەدا مرۆڤێکی ئاسایی وەک دکتۆر شەرەفکەندی بە کەڵک وەرگرتن لە تایبەتمەندیەکانی تاقانەی خۆی و مێتۆدی رێبەری خۆی، دەبێتە هۆی پێکهێنانی هەلە نەناسراوەکان و حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرەو سەرکەوتن و زاڵ بوون بەسەر لێگەر و چالشەکان رێبەری دەکات.

دکتۆر شەرەفکەندی وەک مودیرێکی بەهێز تەنیا لە بیری راگرتنی حیزب لە "وضع موجود" نەبوو بەڵکوو وەک رێبەرێکی ئاسۆبین بە هەموو توانایەوە کۆشا تا حیزب بە خێرایی لە حالەتی دژکردەوە بەرەو رەوشی پرۆئاکتیڤ و هۆی ئاڵوگۆر بەرەو پێش برد. لەو وتارەدا زۆر بە کورتی لێکدانەوەیەک لە سەر کەسایەتی و تایبەتمەندی رێبەریی دکتۆر شەرەفکەندی ئەنجام دەدرێ بۆ ئەوەی هۆیەکانی ترسی کۆماری ئیسلامی لە بەرزبوونەوەی رێبەرێکی نوێ و لە نەوەیەکی نوێ لە ناو بزاڤی نەتەوایەتی گەلی کورد دا لە روانگەیەکی دیکەشەوە ببیندرێت.

ئۆرگانیزمی مرۆڤ خاوەنی تایبەتمەندی جیاوازە کە ئەم جیاوازیانە لە وردبوونەوە لەسەر کەسایەتی مرۆڤ گرنگی تایبەتیان هەیە. کرداری مرۆڤ بە گشتی هۆی جیاوازی هەیە و دەتوانێ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاواز بێت. مرۆڤە جیاوازەکان دەتوانن لە پێوەندی لە گەڵ کردەوەیەکی تایبەتی کەسێک بیروراو و تێگەیشتنی جیاوازیان هەبێت. ئەو ئالٶزیە لە پێوەندی لە گەڵ بیرورای مرۆڤ دا نەتەنیا بە هۆی کەسایەتی تاکەکەس بەڵکوو بە هۆی هەلومەرج و تەنانەت پێوەندی تایبەتمەندیەکانی کەسەکە لە گەڵ ئەو هەلومەرجەکەوە بێت و ببێتە هۆی روون بوونەوەی خاڵە بەهێزو بێهیزەکانی. مەبەستی ئێمە لەو وتارەدا ئەوەیە بۆ ئەوەی ببینین داخوا پێوەندیەک لە نێوان تایبەتمەندیەکانی تاکەکەسی و شێوازی رێبەری کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێکراوە هەیە یان نە.

مەبەست لە کەسایەتی تایبەتمەندیەکانی دەرەوەیی و دیاری کەسانن کە دەبیندرێن. کەوابوو کەسایەتی مرۆڤ لە چوارچێوەی ئەو شوێن دانانەی کە لەسەر کەسانی دیکەمان هەیە شی دەکرێتەوە. لەو رووەوە تایبەتمەندیەکانی مرۆڤ دەکرێ بە کورتی بە شێوەی خوارەوە شی بکەینەوە: خورپەدار (روان رونجور خویی): بە کەسانێک دەوترێ کە تایبەتمەندی نیگەران، نا هێمن، توورە وبەردەوام لە دڵەخورپەدا بەسەر دەبەن. رووبەدەرەوەیی: بە کەسانێک دەوترێ کە تایبەتمەندی خەڵک پەروەر، کەسانێک کە لە قسەکردن و هاتۆچۆی خەڵک چێژ دەبەن و بەرانبەر بەخەڵک دلۆڤانن دەوترێ. کراوە: بە کەسێک دەوترێ کە تایبەتمەندی دڵ پاک، دڵسۆز، ساکار و بەئەدوب بێت. ئەرک ناس: بە کەسانێک دەوترێ کە ورد، جێگای بڕوا، چالاک و رێک و پێک بن. لە هەلومەرجێکدا کە دکتۆر شەرەفکەندی ئەرکی رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێ ئەسپێردرا تایبەتمەندیەکانی ئەو شوێندانەر بوون لە سەر گوشارە دەروونیەکانی پێوەندیدار بە کۆستی لە دەست دانی قاسملوو و هاورێیانی، بەرەوروو بوونەوە لە گەڵ شکست و سەرنەکەوتنەکان و هەڵسوکەوتی رێبەرانی دیکەی حیزب لە گەڵ مەترسی و بەرێوەبەری ئەرکیان.

شیوازی رێبەری

بەلەبەرچاوگرتنی پێنج تایبەتمەندی سەرەوە ئاماژە پێکراو دەکرێ بلێین سێ شێوازی رێبەری شی دەکرێتەوە: شێوازی ئەرک خوڵقێنەر کە زۆرترین سەرنجی رێبەر لە پێویستیەکانی کۆمەڵایەتی، دەروونی ئەندامان و بەرێوەبەرانی رێکخراوە. لە شێوازی پێوەندی خوڵقێنەردا سەرنجی رێبەر لە سەر بەرێوەچوونی ئەرکەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی رێکخراوەیە و سەرئەنجام شێوازی هاوساز کە لەودا سەرنجی رێبەر هەم بەسەر ئەنجامی کارەکان و هەم پێویستیەکانی کۆمەڵایەتی، دەروونی ئەندامان و کارگێرانی رێخراوەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.

هەڵسوکەوتی نگەتیڤی رێبەر لە گەڵ کادر و ئەندامان دەتوانێ زۆرجار ئاسەواری وێرانکار و قەرەبوو نەکراوە بۆ رێکخراو بەجێ دێڵی. بۆیە تایبەتمەندیەکانی تایبەتی رێبەر و شێوەی بەرێوەبەری ئەو رەنگدانەوەی زۆری لە سەر داهاتووی رێکخراو و گەشەسەندن یان لاوازبوونی رێکخراودا هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی لێکدانەوەی تایبەتمەندیەکانی دکتۆر سەعید دەتوانن هۆیەکانی ترسانی کۆماری ئیسلامی لە بوونی رێبەرێکی وەک شەرەفکەندی دوای دکتۆر قاسملوو زۆرتر بۆمان دەربخات:

سەمپاتی (جذبە)

سەمپاتی یان راکشاوی تایبەتمەندیەکی زگماکی نیە کە هەمووکەس نەیانتوانێ هەیانبێ، بەڵکوو تایبەتمەندیەکە کە وەک هەموو تایبەتمەندیەکانی دیکە دەکرێ لە مرۆڤدا پەروەردە بکرێ. تایبەتمەندیەکی سەرنج راکێش دکتۆر سەعید نەرمبوونی ئەو هاوکات لە گەڵ قاتع بوون و مسۆگەر بوونی لەسەرکارەکان بوو. ئەو وەک مامۆستای خۆی ئەوینداری ژیان بوو، خاوەنی ورەیەکی بەرز، زیندو و لێو بە بزە بوو. ئەو کاتەی کە لە خزمەت دکتۆر شەرەفکەندی بووم گەنجێکی پێنەگەیشتوو و پڕلە پرسیارەکانی پیوەندیدار بە ژیان و ناسنامەی تاکەکەسی خۆم بووم. سەرنج راکێشترین تایبەتمەندی دکتۆر سەعید لە کۆبوونەوە و جەژن و رێورەسمەکاندا وەبیرمانی ناوی ئەو کەسانەی کە لەگەڵیان قسە دەکرد و بانگکردنیان بە ناوی خۆیان بوو. ئەو تایبەتمەندیە سەرنج راکێشەی دکتۆر سەعید لەراستیدا مرۆڤ لە هەرئاستێکدا بەرەو خۆی رادەکێشاو ئەوی دەکردە کەسێکی بە توانا لە پێوەندیەکاندا و هیوابەخش لە رێبەری بزاڤی نەتەوایەتیدا. لە یەکەم هەڵس و کەوتی لە گەڵ لاوان دکتۆر سەعید خاڵە بەهیزەکانیانی وەبیر دەهێناوە و ژیانی لاوانی بە پێشنیار و سەرنجە ئەرێنیەکانی خۆی پڕرەنگ دەکرد. ناپلئۆن بناپارد رێبەران بە "دەڵالانی هیوا" شی دەکااتەوە. دکتۆر سەرمایەکانی وجوودی خۆی ئەزموونەکانی تایبەتی خۆی (بە مشووری، ئاسۆبینی، ژیری و هەلەکانی تایبەت) لە گەڵ هاورێیانی خۆی دابەش دەکرد. ئەو بە کردەوەی خۆی نرخی بوونی هاورێیانی خۆی وهاورێیانی لاو بەتایبەتی بەرز دەکردەوە و ئەوانی هاندەدا بۆ گەشەکردن. دکتۆر دوور بوو لە لەخۆبایی بوون، بێ هەستی تەناهی، دەمدەمی بوون و بەدبینی و دۆزینەوەی کەم و کۆریەکانی هاورێیانی و نەترس بوو لە رەخنەگرتنی راستەوخۆ.

پەیمانداری (تعهد)

مێژووی نەتەوایەتی کورد تا ئێستا رێبەرێک کە سۆزدار یان "متعهد" نەبێت بە خۆیەوە نەبینیوە و بەگشتی کەسێک کە پەیماندار نەبێ و هەست بە بەرپرسایەتی نەکات ناتوانێ ببێ بە رێبەر. پەیمانداری دکتۆر سەعید لە بەرەوپێشبردنی حدکا لە هەلومەرجێکی زۆر هەستیاردا بە رەو هێزێکی پرۆئاکتیڤ و چالاکدا دەبیندرێ. ئاوتۆر گۆردن دەڵێ: "هیچ کارێک وەک قسەکردن ئاسان نیە و هیچ شتێک سەختتر لەوە نیە کە رۆژی دواتر قسەی خۆت جێبەجێ بکەی". پەیمانداری تەنیا هۆیەکە کە مرۆڤ دەتوانێ لە کاتی تەنگەژە و کێشەکاندا بەرەو پێش ببات. دەیوید مەک نالی دەڵێ: "پەیمانداری دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەرکات مرۆڤ کەوتە خوار دووبارە هەڵسێت و لەسەر پێی خۆی بوەستێ." حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای تیرۆری دکتۆر قاسملوو تووشی کەوتنێکی چاوەڕوانەکراو هات. بە دڵنیاییەوە گەر "تعهدی" رێبەرانی حدکا بەتایبەتی کەسایەتی یەکەمی ئەو حیزبە نەبوایە لەوانەبوو لە یەکەم رۆژەکانی دوای تیرۆری قاسملوو حیزبی دێموکرات رۆژ بەرۆژ بەرەو کزتربوون و پەراوێز خران دەچوو. دکتۆر شەرەفکەندی لە پێناو بەرزکردنەوەی رادەی پەیماندارێتی خۆی بە ئەرکی رێبەری تا ئاستی فیداکردنی گیانی خۆی بەرەوپێش چوو.

پێوەندیەکان

توانایی پێوەندی چ پێوەندی ناوخۆیی و چ پێوەندی دەرەوەی رێکخراوەیی یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی دکتۆر سەعید بوو. دکتۆر سەعید مەبەستی خۆی بە شێوەیەکی سادە، کورت راستەوخۆ و بە بێ بەکاربردنی وشە و دەستەواژەی تێکەڵاو بەکاری دەبرد. پێوەندی ناوخۆیی و بەردەوامی لە ئاڵوگۆری زانیاریەکان یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی دکتۆر سەعید بوو کە بەتایبەتی لە ماوەی سکرتێری ئەودا لە نێوان تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات و کوردستانی حدکاوە دەبیندرا. دیاردەیەک کە دوای ئەو کەم کەم کەمرەنگ و ئێستا بێ رەنگ بووە.

بوێری (شجاعت)

یەکێک لە تایبەتمەندیە بەرزەکانی دکتۆر سەعید بوێری و نەترسی ئەو بوو. لە راستیدا دەتوانین بڵێین کە ئەوە رێبەری نەبوو کە ‌هێزی بوێری بە دکتۆر سەعید بەخشی بوو، بەڵکوو ئەوە بوێری شەرەفکەندی بوو کە ئەوی کردبووە بە رێبەر. بە وتەی لاری ئاز "رێبەران لەوانەیە تایبەتمەندی هاوبەشیان پێکەوە نەبێ، بەڵام تایبەتمەندیەک کە هەمووان تێدا هاوبەشن هەڵگرتنی ریسکە." بوێری بە واتای نەترسی نایە، بەڵکوو بوێری بریتیە لە ئەنجامی کارگەلێک کە لێی دەترسیین. بیلی گراهام کەشەی مەسیحی لەو بارەدا دەلێ: "بوێری واگیرە، واتە کاتێک رێبەر بوێربێ، لایەنگرانیشی بوێر دەبن." دکتۆر شەرەفکەندی لە ماوەی رێبەری خۆیدا نیشانیدا هەرکات لە رووبەرووی مەترسی بووبێت، توانایی، بوێری و بڕوابەخۆبوونی خۆی زیاتر نیشانی داوە.

سەرنجدان

کلیلی سەرەکی سەرکەوتن بوونی سەرنج و کۆکردنەوەی هۆشە. زۆر لە رێبەرانی ئەمرۆی بزاڤی کورد و نەمازە رێبەرانی حدکا زۆرترین سەرنجیان بەسەر کێشەکانی لاوەکیە و پرسە سەرەکیەکانی پێوەندی بە ژیانی سیاسی و رێبەریان لە پشت گوێ خستووە. رێبەرێک کە ئەولەویەتەکانی خۆی بناسێ و تەمەرکوزی نەبێ، لە راستیدا دەزانێ دەبێ چی ئەنجام بدات، بەڵام قەت ناتوانێ چونکە تەمەرکوزی نیە، گەر بێت و تەمەرکوزی هەبێ بەڵام ئەولەویەتی کاروبەرنامەیی نەبێ دیسان سەرکەوتوو نابێ. لەبەرچاوگرتنی ئەولەویەتەکان و تەمەرکوز دوو تایبەتمەندی گرنگی شەرەفکەندی بوون و لەراستیدا رەمزی سەرکەوتنی ئەو لەماوەیەکی کورتدا لە رێبەری حدکاش دا لەوە دەبیندرێت.

سەرنج دان

کلیلی سەرەکی سەرکەوتن بوونی سەرنج و کۆکردنەوەی هۆشە. زۆر لە رێبەرانی ئەمرۆی بزاڤی کورد و نەمازە رێبەرانی حدکا زۆرترین سەرنجیان بەسەر کێشەکانی لاوەکیە و پرسە سەرەکیەکانی پێوەندی بە ژیانی سیاسی و رێبەریان لە پشت گوێ خستووە. رێبەرێک کە ئەولەویەتەکانی خۆی بناسێ و تەمەرکوزی نەبێ، لە راستیدا دەزانێ دەبێ چی ئەنجام بدات، بەڵام قەت ناتوانێ چونکە تەمەرکوزی نیە، گەر بێت و تەمەرکوزی هەبێ بەڵام ئەولەویەتی کاروبەرنامەیی نەبێ دیسان سەرکەوتوو نابێ. لەبەرچاوگرتنی ئەولەویەتەکان و تەمەرکوز دوو تایبەتمەندی گرنگی شەرەفکەندی بوون و لەراستیدا رەمزی سەرکەوتنی ئەو لەماوەیەکی کورتدا لە رێبەری حدکاش دا لەوە دەبیندرێت.

دڵکراوەیی

بۆ رێبەرێک هیچ شتێک گرنگتر لە دڵکراوەیی (سخاوت) نیە، دڵکراوەیی لە ناخی دڵەوە هەڵدەقووڵی و هەموو رەهەندەکانی ژیانی رێبەرێک دەگرێتوە. دکتۆر سەعید تەنیا بیری لە پێشکەوتن و سەرکەوتنی خۆی نەدەکرد ئەو هاندەری هاورێیانی بوو لە پێشکەوتن و سەرکەوتندا و پێداگری لە سەر بارهێنانی خۆیان بوو وەک مرۆڤی سەربەخۆ.

داهێنەری

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندیەکانی رێبەریی دکتۆر سەعید داهێنەری لە کارەکانیدابوو. رێبەرێکی سەرکەوتوو بە وردی دەزانێ چیی دەوێ و لە هەلی پێویست دا داهێنەرانە دەست پێشخەری دەکات لە جێبەجێ کردنیدا. رێبەرانی داهێنەر چاوەرێ ئەوە نین تا هەلێک لە لایەن کەسانی دیکەوە بۆیان برەخسێ و ئەوجار ئەوان دەست بەکار بن.

بینینی ئەرێنی

بۆ رێبەرێک بوونی بینینی ئەرێنی (موسبەت) پێویستیەکی گرنگە. کەسانی ئاسایی بە دوای ئەوە دەگەرێن کەسێک ئەنگیزە و هۆیان پێ ببەخشێ، بەڵام کەسانی سەرکەوتوو بۆخۆیان ئەنگیزە و بینینی ئەرێنیان لە مەڕ ژیان هەیە. بینین واتە پێکهێنانی سەرکەوتن. سەرکەوتنی دکتۆر سەعید بە هۆی هۆش و لێهاتوویی ئەوەوە نەبوو بەڵکوو بەهۆی جۆری بینینی (نگرش) ئەوبوو. رێبەرێک کە بینینی لاوازی هەبێ لەسەر ورەی دەوروبەری شوێندانەر دەبێ و ئەوان هۆ و ئەنگیزەیەکیان نابێت بۆ کارکردن و پێشکەوتن لە کارەکانیاندا. بە پێچەوانە رێبەرێک کە بۆخۆی خاوەننی بینینی پۆزەتیف و هۆگری کارەکان بێت دەتوانێ ورە بە دەوروبەری خۆی ببەخشێ. لە ژێر رێبەری دکتۆر سەعید دا هەموو ئۆرگانەکانی حیزبی بەشێوەیەکی سەرنج راکێش بەئەنگیزە و هۆ بوون و هەستی بڕوابەخۆبوونێکی سەیر تەواویەتی حیزبی داگرتبوو.

چارەسەری پرسەکان

بەرهەڵەستەکان نابێ پێشی مرۆڤ بگرن بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی. یەکێک لە جیاوازیەکانی نێوان رێبەری سەرکەوتوو و رێبەری شکست خواردوو هێزی چارەسەری پرس و کێشەکانە. لە هەلومەرجی رێبەری دکتۆر سەعید دا زۆر پرسی گرنگ بەرەورووی حدکا ببوون کە دکتۆر وێرای قبووڵی هەبوونی ئەو کێشە و بەرهەڵستانە بەدوای هەلومەرجێکی باشتر دەگەڕا بۆ چارەسەری ئەو کێشانە. دکتۆر سەعید چ لە پێوەندی لە کێشەکانی ناوخۆیی حیزب و چ لە پێوەندی لە گەڵ کێشەکانی دەرەوەیی لە بەریان هەڵنەدەهات و بەرەوپیریان دەرۆیشت و بە شێوەیەکی پراگماتیکانە لە هەوڵی چارەسەری ئەواندا بوو.

تەناهی هزری

رێبەرانی گەورە کەمترین گومانیان دەرهەق بە باوەرەکانیانهەیە و بۆیە خاوەنی تەناهی و ئەمنیەتی هزرین. ئەو رێبەرانەی کە تەناهی هزرییان نیە هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ لایەنگرانیان جێگای مەترسین. چونکە ئەوان لە گەڵ خەڵکانی دیکە هەست بە هێمنایەتی ناکەن و هەمیشە بەدوای ئەوەن لە خەڵکانی دیکە هەستی تەناهی وەرگرن. دکتۆر سەعید کەسێک بوو کە بە سەرکەوتنی هاورێیانی گەش دەبووە و سەرکەوتنی تاکەکەس وەک سەرکەوتنی گشتی حیزبەکەی دەبینی. مرۆڤێک کە خاوەنی کەسایەت باش و بەهێز بێت، لە بەهێزبوون و سەرکەوتنی دەورووبەری هێزی زۆرتر دەگرێ و بەدوای لاواز کردنی دەوروبەری ناڕوات.

دیسیپلینی شەخسی

نووسەری بواری رێبەری جەکسۆن بڕاون بەو بڕوایەیە کە: "لێهاتویی بە بێ رێک و پێکی و دیسیپلین وەک ئەوەیەکە بوونەوەرێکی هەشت پێ لە سەر سکێت رێگا بڕوات. جۆڵانەوەکان زۆرن بەڵام نازانێ دەبێ بەرەو کام رێگا بڕوا، برۆتە پێش، پاش، چەپ یان راست." بۆیە رێبەر هەرچەندیش خاوەن لێهاتوویی بێ بەڵام خاوەنی دیسیپلین و رێکوپێکی نەبێت ناتوانی بەرەوپێش بڕوات. یەکێک لە تایبەتمەندیە هەرە دیارەکانی دکتۆر سەعید بەدیسیپلین بوون و بەبەرنامە بوونی ئەو بوو. دیسیپلین بۆ دکتۆر سەعید پرسێکی کاتی و یەکجارەکی نەبوو بەڵکوو ئەو تایبەتمەندیەکی ژیانی تاکەکەسی و رێکخراوەیی ئەوبوو. ئەو بەکردەوەی خۆی بەشێکی مەبەستەکانی خۆی رادەگەیاند و هاورێیانی بانگ دەکرد وەک ئەو بکەن نەک بە قسەی ئەو.

خزمەتگوزاری

باشترین رێبەران کەسانێکن بە جیاتی خزمەت بە خۆیان خزمەتی خەڵکانی دیکە بکەن. ئاڵبێرت شوایتزر زۆر بە جوانی لەو بارەدا دەڵێ: "نازانم چ چارەنووسێک چاوەرێی ئێوەیە بەڵام لەوەدا دڵنیام کە لە ناو ئێوەدا کەسانێک بەختەوەر دەبن کە رێگای خزمەتکردن فێربووبن. گەر دەتانهەوێ رێبەری چاک بن، دەبێ خزمەتی خوارووترین چینەکانی کۆمەلگا بکەن." خزمەتگوزاری پێوەندیەکی بە پلەو پایەوە نیە. هەرکەسێک لە هەر پلەو پاییەک بێت دەتوانێ خزمەت بە مرۆڤەکانی دەوروبەری بکات. دکتۆر سەعید لە پێناو بەرەوپێش چوونی حیزبەکەی لە هەموو بوارەکاندا لە هەوڵی پێشكەش کردن خزمەت و ئیمکاناتی پێویست بۆ ئۆرگانەکانی حیزبەکەی و هاورێیانی بوو. ئەو خۆی لە سەرووی هەمووکەس نەدەبینی و ورەی خزمەتگوزاری لەو دا بەرادەیەک بەرز بوو کە لە هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتیەکاندا وەک مرۆڤێکی بەتەواوی ئاسایی دەچوو. خزمەتی دکتۆر بە حیزبەکەی لە خۆشەویستی وباوەڕی قووڵی ئەو نەک لە هەستی دەسەڵات و هێزبەدەستەوە بوونەوە سەرچاوەی دەگرت.

قبووڵی پێویستی فێربوون

دکتۆر سەعید وەک رێبەرێکی سەرکەوتوو بەردەوام لە پێناو فێربوون و تەواو (کامڵ)بووندا هەوڵی دەدا و هیچ کات بە وەزعی "مەوجوود" رازی نەبوو. مەیلی گەشەکردن و بەرەوپێش چوون بەشێکی گرنگ لە تایبەتمەندی ئەو بوو. ئەو پێی وابوو رۆژێک کە بیر بکاتەوە بە لانی زۆری توانایی خۆی گەیشتووە رۆژی لەناوچوونیەتی. بۆیە خوێندن و فێربوون ببوو بە سروشتی دکتۆر سەعید. ری کراک دەڵێ: "تا ئەوکاتەی کە سەوزن گەشە دەکەن، بەالـ لەو کاتەوە کە پێیگەیشتن دەڕزێن." دکتۆر سەعید وەک رێبەرێکی کارامە دەیزانی کە مەرجی قبووڵی فێربوون (Teachable) لەوەدایە کە قبووڵ بکەین هەموو شتێک نازانین وبۆیە هەمووجارە بەدوای فێربوون دابوو و خۆی بە زانای ڕەها (مطلق) نەدەزانی. ئەو بۆ سەرکەوتن لە ژیانی سیاسی و رێبەریی خۆیدا لێگەر و چالشەکانی کردبوو بە بەشێک لە ژیانی خۆی بۆ ئەوەی رێگاکانی نوێ فێر بێت.

ئاسۆبینی

ئاسۆبینی هزری بۆ رێبەرێک هەموو شتێکە. بۆ رێبەرێک کە ئاسۆبین نیە ناتوانێ رێکخراوی ژێر رێبەریەکەی بەرەو پێش بەرێت و لە باشترین حالەتدا دەبێتە هۆی لەجێدامانی ڕیکخراوەکەی. دووربینی و ئاسۆبینی دکتۆر سەعید ببوو هۆی ئەوەی کە ئامانجەکانی خۆی بە روونی دیاری بکات و بە پێی ئەو بەرەو پێش بڕوات. نارازی بوون لە وەزعی مەوجوود و یەکێک لە هۆیەکانی هەوڵدانی دکتۆر سەعید بۆ گەیشتن بە ئاسۆی دکتۆر سەعید بوو. دووربینی و ئاسۆبینی شتێک نیە کە کەسێک بۆمان دیاری بکات، بەڵکوو تایبەتمەندیەکە کە دەبێ لە دەروونی مرۆڤدا بێت. گەر رێکخراوێک خاوەنی رێبەرێک بێ کە ئاسۆبین نیە دەبێ بەدوای کەسانێک بگەڕێ کە خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانەن.

ئاکام

هەموو ئەو تایبەتمەندیانە ببوو هۆی ئەوەی کە دکتۆر سەعید ببێتە رێبەرێکی هاوساز، کە بتوانێ لێگەڕەکانی بەردەم بزاڤی نەتەوایەتی و ریبەریی حدکادا بکاتە هەلی زێرین بۆ بەرەپێش چوونی. ئەمەش دەبوو بە هۆی ئەوەی کە دکتۆر سەعید وەک مەترسیدارترین رێبەری ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران ببینرێ و ئامادەبێ ریسکی رسوایی سیاسی و حقووقی بۆ لەناوبردنی فیزیکی دکتۆر سەعید و لەراستیدا "راکێت" کردنی حدکا هەڵگڕێ.

 

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1706
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy