پاش کۆنگرەی چواردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا سکرتێری گشتیی ئەم حیزبە بابەتێکی بۆ لابردنی نێوو نۆتکەی جاش لەسەر خۆفرۆشانی رێژیم بە مەبەستی بەخۆداچوونەوەو دژایەتی نەکردن لەگەڵ خەباتی رەوای گەلی کورد بە فیتی کۆماری ئیسلامی، خستەڕوو. زیاتر لە چوار ساڵ لەو دیمانە کەلە تیشک تیڤی بڵاو بووەوە، تێ دەپەڕێ ئەوە کە جێی تێڕامانه ئەوەیە ئەو گەل فرۆشانە بە بێ ئەوەی ئاوڕێک لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بە تایبەت سەرکەوتنی کۆبانێ، باکوورو باشوور بدەنەوە، کۆنگرەیەک لە سنە دەبەستنو ناوی پێشمەرگه لەسەر خۆیان دادەنێن کە لە درێژەی باسەکە ئاماژەی پێ دەکەین، هەنووکە لەلایەن کەسو لایەنی دیکەوە بۆ جارێکی دیکە هاتووەتە ئاراوە، مەبەستی ئێمە تەنیا بۆ تێگەیاندنی چەکداران بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە خەیانەتو بە خۆداچوونەوەیەک بە نیسبەت گۆڕانکارییەکان هاتووە ئاراوە. ئەوە لە حاڵێک دایە زۆربەی ئەو خۆفرۆشانە دەستیان لە خەیانەتو خۆفرۆشی دژی گەلەکەیان هەڵنەگرتووە.
کارەسات لەوە دایە کە جاشیەتی لە هەلومەرجێکدا بڕاوەتە باڵای ئەو چەکدارانە کە زۆربەی خەڵکی کوردستان لەو سەردەمەدا نەخوێندەوارو دوور لە راگەیاندنو کەڵک وەرگرتن لە بیروبۆچوونی رای هەنووکەییو گشتی بوون، ئەگەر لەو کاتو ساتەدا بە لەبەر چاوگرتنی هەلومەرجی جیهانیو نەبوونی ئیمکانات بۆ لێک نزیکبوونەوەو تێگەیشتن، یان بەهۆی فەقری ماڵیو کەم بوونی ئاگاهیی سیاسی، رێژیمە دیکتاتۆرەکان بە مەبەستی گڵاوی خۆیان خەڵکیاندژی گەلەکەی خۆیان هان دەدا کە چەک هەڵگرن، لەلایەن شۆڕشگێڕانی ئەو سەردەمی خەباتی چەکدارییەوە، ناوی پڕ بە بەژنو باڵای جاشیان بەسەردا بڕاوە بەو مەبەستە وەکوو قەباحەتێک لەدژی خەڵکی خۆیان چەکدار نەبنو سیخوڕی نەکەن.
هەنووکە لە سەدەی بیستو یەکدا راگەیاندنی گشتیو دنیای مەجازی گەیشتووەتە رادەیەک کەلە چرکە ساتێکدا دەتوانین پێکەوە بۆ هەر مەبەستێک دیالۆگ بکەینو لەیەک ئاگادار ببینەوە. ئەوەندەی من لە بیرم بێ کهلە گوندەکان کاری سیاسیو پێشمەرگایەتیمان جێبەجێ دەکرد، زۆر بەکەمی لە گوندەکان خوێندەواری رادەی سەرەوە بەرچاو دەکەوت. هەموان ئاگادارن ئاستی خوێندەواریو خودئاگاهیی شارو گوندەکان لە هەلومەرجی ئێستادا لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر لە یەک ئاستدا نەبێ نزیک بە یەکن، هەر بۆیە ئەرکی لاوانی وڵاتەکەمانە بەرچاوڕوونیی زیاتر بدەنە ئەو کەسانە کە بۆ مووچەیەکی کەم، دژی گەلەکەیان چەک هەڵدەگرن.
دۆزی کورد بە گشتی لە ئاستێکی باش دایەو حیزبە کوردییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات ئەرکدار دەبن بۆ ئەوی بەرچاوڕوونیی زیاتر بە نیسبەت چەکدارکردنی کوردانی رۆژهەڵات بە دەستی رێژیمی کۆماری ئیسلامی دژی گەلی کورد بۆ خەڵکی خۆیان بدەنو بۆ هەر چی زیاتر پەرەدانی دوژمنایەتیو براکوژیو دوورکەوتنەوە لە مافی نەتەوایەتی، شەڕی کورد بە کورد کردن، دوور بکەونەوەو بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان ریزەکانی شۆڕشگێران پتەو بکەن.
لە هەلومەرجی هەنووکەییدا کە ناوچە لە گۆڕانکاری دایە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خۆ دەربازکردن لەو قەیرانە، لە هەوڵی دانوستانی ناوکی لەگەڵ وڵاتانی 1+5 دایه.
لە بەرژەوەندیی ئەو رێژیمە دایە بۆ گەیشتن بە ئامانجە تیرۆریستییەکانیو پاڵپشتیی ئەو دارو دەستانە کە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ناوکی لە قەیرانی نێوخۆیی خۆی رزگار بکا، لەگەڵ ئەوەش بەو سیستمە کارییە کە رێژیم لە نێوخۆ پێڕەوی دەکا لە شوێنه شاراوەکاندا درێژە بە بەرنامه ناوکییەکەی ئەدا، هەر لەو کاتەدا بە خۆ سەرقاڵ کردن بەناوی بەشداری له شەڕی داعش، به دەستێوەردان لە وڵاتانی عەرەبیی وەکوو یەمەن، سووریەو عێراق، دەیهەوێ سەرنجی خەڵکی ئێران بۆ بەلاڕیدا بردنی وەزعی نالەباری ئابووریو سیاسیو کۆمەڵایەتی نێوخۆیییەکانی بۆ لای خۆی راکێشێو بەو چەواشەکارییە، خۆی بە هێزێکی سەرەکیی ناوچەکە لە قەڵەم بدا.
ئەم دوایییانەی مەهابادو هەروەها مانگرتنی مامۆستایان دەری خست کە خەڵکی کوردستانو بە حیزبەکان دەڵێ ئەگەر هێزو پوتانسیلتان هەیەو لە بواری رێکخستنی سیاسیو تەشکیلاتی ناتوانن پێکەوە بن، لانیکەم باڵی نیزامی بۆ هەر چەشنە ئەگەرێک پێکەوە گرێ بدەنو هێزەکانی خۆتان بۆ ساتە وەختە هەستیارەکان ئامادە بکەنو لە کۆبانێو شوێنەکانی دیکەی کوردستان دەرس وەرگرن.
گەلی کورد لە کوردستانی ئێران چاوەڕوانی سەرهەڵدانێکە بۆ خۆ دەربازکردن لە رێژیمی پەتو سێدارهو دەست پێ کردنی خەباتێکی لێ بڕاوانە بە هەموو جۆرەکانییەوەو هەر ئەوەندە قوربانی لێ دەکەوێتەوە کە رۆژانه لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە دەدرێن.
لەم رۆژانەدا سیناریۆی کۆماری ئیسلامی بۆ چەکدارکردنی خەڵکی کوردستان بەناوی پێشمەرگەی کوردو سازدانی کۆنفڕانسو داتاشینی پەیکەر بۆ نیشتمان فرۆشانی بەناوی پەیکەری پێشمەرگەی کورد، تەنیاو تەنیا لە راستای ئەوە مەترسییانە دایە کە هەنووکە، گۆڕانکارییەکانی ناوچە سەبارەت بە گەلی کورد هەژاندووه ولە ئارا دایە کە هەرێمی کوردوستان وەک فاکتەرێکی بەهێزو دیمەنێکی شۆڕشگێڕی دێموکراتیک خۆی پیشان داوەو قابلیەتی هێزی پێشمەرگە لە بەرانبەر شەڕی داعشدا ئاستێکی زۆر بەرزی لە خۆ نیشان داوەو ئاسۆی کورد بەرەو لووتکە روون دەردەکەوێ سەربەخۆیی نزیکە، هەر بۆیە دەرو جیران به تایبەت کۆماری ئیسلامی لە نیگەرانیی تەواو دایە هاتنی پاسداران بۆ کوردستان لە کەرکووک بۆ بەرگری لە داعش نییە، دەیهەوێ وەکوو پارسەنگێک دژی کورد لە داهاتووی کوردستان بۆ کارئاسانی شیعەکان لە ناوچەدا ئاژاوەگێڕی بکا.
هەر بۆیە هیوادارین لاوان، دایکانو باوکانی کورد بیر لەوە بکەنەوە کەله دەم ودەزگایەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی نزیک نەبنەوه. لەبەر ئەوە کاربەدەستانی ئەو رێژیمە دەیان هۆی وەک چەکدارو سیخوڕ بۆ مەرامی گڵاوی خۆیان دژی شۆڕشگێڕان بە کاریان بێنن، هەر بۆیە بۆ دیارکردنی هەر کارێک بۆ لاوانی کوردستان مەرجی هاوکاریو سیخوڕی دەخەنە روو. بەسیج بوون وەک کارتێکی سەرەکی بەکار دێنن کە ئەویش جاشیەتییە.
بۆ پێشەوە بەرەو رزگاریی کوردستان

