یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە مەرگی گوماناوی کچێکی کوردی مەهابادی بە ناوی فەریناز خوسرەوانی کە بۆ ''پاراستنی کەرامەت و نامووسی'' خۆی و بۆ پێشگیری لە دەستدرێژیی فەرمانبەرێکی ''ئیدارەی گەشتیاری''، لە نهۆمی چوارەوە خۆی فڕی داوەتە خوارەو، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ئەو راگەیەندراوە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانانی بەرێز، ژنانی خەباتگێری كوردستان، رۆژی ١٤ی بانەمەری ١٣٩٤ی هەتاوی خوشكێكی لاوی مهابادی بەناوی "فەریناز خوسرەوانی" كارگێڕی هۆتێلی "تارا" لە شاری مهاباد لە پێناو پاراستنی كەرامەتی خۆی، بۆ دەربازبوون لە دەستدرێژی فەرمانبەرێكی سەر بە رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە نهۆمی چوارەمی ئەو هۆتێلە كە دەرەتانی دەربازبوونی بەهۆی داخستنی دەرگا لەلایەن ئەو فەرمانبەرە دژی گەلیە بۆ نەمابۆوە بە ناچاری لە پەنجەرەو لە بالكۆنی ئەو نهۆمەوە خۆی فرێدەداتە خوارەوەو بەشێوەیەكی زۆر دڵتەزێن گیانی لەدەست دەدا.
باس لە رووداوەو ئاسانكاری بەرپرسی هوتێل تارا بۆ ئەو كارە دزێوە بووەتە هۆی رقوقینی خەڵكی شاری مهاباد بەگشتیو ژنانو كچان بە تایبەتیو جارێكی دیكە برینی ژنانی كوردی لە بێڕێزی كۆماری ئیسلامی بە كەرامەتی ژنانی كورد كولاندەوە.
لەو پەیوەندییەدا یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران وێرای محكوم كردنی ئەو هەوڵە دەستدرێژی كەرانەیەو ئەو ئاسانكاری بەرپرسی هۆتێل بۆ ئەو جینایەتە داوا لە هەموو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی ژنو لایەنگرانی یەكسانی بە گشتیو خەڵكی چاو نەترسی شاری مهاباد بە ژنو پیاوەوەو سەرجەم تێكۆشەرانی كوردو خەڵكی كوردستان دەكات لە ئاست ئەم بێكەرامەتیانە بە ژنو رەفتاری دەستدرێژی كەرانەی دەستو پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەنگی نارەزایەتیو بێزرای خۆیان بە هەر جۆرێك كە بۆیان دەكرێدەرببڕنو نیشان بدەن كە ژنی كوردو خەڵكی كوردستان لە بەرامبەر ئەو بێحورمەتیانەدا بێدەنگ نابن، با لەو پەیوەندییەدا هاودەنگو هاوهەنگاو بینو رێگا نەدەین چارەنووسی فەرنیازو فەرنیازەكان دووپات ببنەوە.
یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
١٦ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی

