به‌پێی ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له بواری پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی‌و مه‌زهه‌بیدا كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ڕه‌نگاوڕه‌نگه، پێویستی به حوکمڕانییەکی گشتگیر‌و هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه، كه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی مه‌ده‌نی بینا بكرێت.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م حکوومەتە ببێتە سهیوانهیهك بۆ هاووڵاتییە ڕەنگاوڕەنگەکانی، وا باشه سنوورێك له نێوان خۆی‌و ئایین دابنێت، چونكه ئه‌م دوو دیارده‌یه دوو كاركرد‌و تێڕوانینی به‌ته‌واوه‌تی لێك جیاوازیان هه‌یه.
حکوومەت، دامه‌زراوه‌یه‌كی سیاسی، ئابووری، نیزامی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه و، بەپێی یاسا، ماف‌و ئه‌ركی هاووڵاتیان (تاک) ده‌ستنیشان ده‌كات. "ده‌ستوورو یاساكانیشی، داهێنانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تین، كه له ژیانی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابووریی ئینسانه‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن"و کۆمەڵگەش بەردەوام لە جووڵەو گەشەدایە.
ئەوە ئەرکی حکوومەتو پەرلەمانە، کە خۆشبژی لە کۆمەڵگەدا دابین بکات‌و بەر بە هەر چەشنە توندوتیژییەک بگرێت‌و بەردەوام بواری لێ بەرتەسکتر بکاتەوە. لەبەر ئەوە، خۆگونجاندن دەگەڵ ژیان‌و ڕەوتەکەی، یەکێکە لە بنەماکانی بەدیموکراتیبوونی هزرو بۆچوونەکان.
ئەوە ئەرکی یاسایی‌ی حکوومەتێکی دیموکراتیکە، کە ئازادی‌و بەرامبەریی دین‌و مەزهەبەکان لە کۆمەڵگەدا دابین بکات. بەرامبەریی دینەکان ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێت، کە دین یان مەزهەبێکی تر بەناوی "مەزهەبی کەمینە"وە نەکەوێتە بە هەڕەشەی دینێکی دیکەوە.
ئازادی‌و بەرامبەریی یاسایی‌ی دینەکان، ئەو دەرفەتەش بۆ ئەوان دەڕەخسێنیت تا بتوانن بە هێمنی، پێکەوەو لە پاڵ یەکتردا، هەروەها بەبێ بوونی هیچ مەترسییەک، پێڕەوی لە باوەڕی خۆیان بکەن. بۆ ئەوەی حکوومەتێکی دیموکراتیک بتوانێت کەشوهەوایەکی عەقڵانی لە کۆمەڵگەدا چێ بکات، پێویست بەوە ناکات لایەنگری لە دینێکی تایبەتی بکات.
بۆ دابینکردنی ئازادییەکان، بەرامبەریی ژن‌و پیاو، پێکەوەهەڵکردنو گەشەکردن، هەروەها بەرامبەریی دین‌و مەزهەبەکان، هیچ پێویستی بەوە نییە، کە دینێک ببێتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی یاسادانان لە وڵات‌دا.
بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک لە بواری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی‌و بەگشتی ئازادییەکان پێش بکەوێت، پێویستە حوکمڕانی لەسەر بنەمای یاسا مەدەنییەکان ڕۆ بنرێت.
تەنیا لە ژێر سێبەری ئازادی، پێکەوەهەڵکردن، مافی مرۆڤ‌و بەرامبەریی مرۆڤەکاندایە کە کۆمەڵگە گەشە دەکات. بۆ گەشەی کۆمەڵگەش، پێویستە بەپێی یاسا بەرژەوەندیی تاکو بەرامبەریی ئەوان لە کۆمەڵگەدا ڕەچاو بکرێت.

