خەڵكی تێكۆشەری كوردستان
لەگەڵ نوێبوونەوەی سروشتو پشكوتنی جوانییەكانو توانەوەی سەهۆڵبەندانو هاتنە ئارای كەشێكی دڵڕەفێنی بەهاری،وەك نەریتی هەمیشەیی، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە ئێستاوە خۆیان بۆ پێشوازی لە یەكەمین ساتەكانی بەهاری نیشتمان ئامادە دەكەن. ساتەوەختی نوێ بوونەوەی ساڵو نەورۆزی ئەمساڵ هەڵگری هەندێك جیاوازییەو لێرەدا بە پێویستی دەزانین وێڕای پیرۆزبایی گەرمی خۆمان لەسەر جەم خەڵكی تێكۆشەری كوردستان، بەتایبەتی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی كوردستان، زیندانیانی سیاسیو بەتایبەتیتر ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی ئێستا كە لەبەرەكانی دژی تێرۆریستانی دەوڵەوتی ئیسلامی ناسراو بە ) داعش (لە حاڵی شەڕدان، ئاماژە بەچەند خاڵبكەین.
خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان
بەدرێژایی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیو ناوەڕۆكی كۆنەپەرەستانەی ئەم رژیمە، بەردەوام دژی خۆشیو شادی كۆمەڵانی خەڵكی ئێرانو بەتایبەتی كوردستان بووەو ئەوەی لە دەستی هاتبێت بۆچەسپاندنو جێگیر كردنی فەرهەنگی گریان، رەشپۆشی، تازیەباری، مەرگدۆستیو كوشتنی سەرودڵخۆشی شارۆمەندانی كورد ئەنجامی داوە. ئەمساڵیش وەك لەقسەو لێدوانی بەرپرسانی هێزە ئەمنیەتیەكانو پێشنوێژەكانی رۆژی هەینی لەتارانو شارە گەورەكان گوێبیستی دەبین، رژیم بەنیازە رێگری لە بەڕێوە چوونی رێوڕەسمەكانی نەورۆز بكات. لەرۆژانی رابردووشدا هێزە سەربازی وئەمنیەتیەكانی كۆماری ئیسلامی لەسەرانسەری ئێران وبەتایبەت كوردستانی رۆژهەڵات بەمیلیتاریزكردنی شارو ناوچەكان وگرتنەبەری رێوشوێنی توندی ئەمنییەتی بەتەمای پێشگیری لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نەتەوەیی نەورۆزنو بەپڕوپاگەندە بەدژی نەورۆزو بەدژی ئاگر كردنەوەو بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەكانی تایبەت بەساڵی نوێ دەیانەوەێ خەڵك شایی وخۆشی نەكات وهەردەم لەخەم وماتەمباریدا بن.
لەبیرمان نەچێت ئەمە یەكەمین جارنییە كە تێكۆشەرانی رێگەی رزگاری لە پێناو ئازادیدا شەر ِدەكەنو گیانی ئازیزیان بەختكردووە. بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی كوردستان لە هەموو بەشەكانی بۆ گەیشتن بە ئاواتەكانی خۆی بەردەوام لەشەڕ لە دژی داگیر كەرانی دابووەو شەهیدیشی داوەو ناخۆشیو ئەستەمی زیاتریشی هاتوەتە رێگە. بەگشت ئەوانەشەوە بەردەوام سەری بەرزبووەو خەفەتو ناخۆشیو رەشپۆشی نەبوەتە نەریتی خەڵكی كوردو بگرە گشت سەختی رێگەو گیانبازی ئازیزترین رۆڵەكانی نیشتمان بۆتە هۆی بەهێز بوونی ورەو وەگەڕكەوتنی زیاتری وزەی خەباتكارانە بۆ درێژەدان بە شۆڕشو بەرەنگاری لەپێناو وەدیهاتنی ژیانێكی مرۆییوئازادی هەمیشەیی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
هاونیشتمانانی خۆڕاگری كوردستان
بەلەبەرچاو گرتنی ئەو خاڵانە پێویستە بوترێ كۆماری ئیسلامیو نەیارانی شادیو دوژمنانی جەژنی نەتەوەیی كورد، لە هەوڵدان تاكوو ئەمساڵ رێگری لەبەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكانی نەورۆز بكەنو بەبڵاوكردنەوەی دەیان پڕوپاگەندەی درۆیی بەنیازن ماتەمو رەشپۆشی وەك فەرهەنگی دەسەڵاتەكەیان بەسەر كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵاتدا بسەپێنن. ئێمە وێڕای رێزلێنان لە گیانی پاكی سەرجەم گیانبەختكردووانی كوردستان بە پێویستی دەزانین رای بگەیەنین وەك هەمیشە لە چالاكییە مەدەنییەكانو گردبوونەوەو داهێنانی نوێ لەچەشنی: سەردانی بنەماڵەو سەرگڵكۆی شەهیدان، رزگاركردنی پەلەوەرو باڵندەكان ونەمامچاندنو هەڵمەتی پاكوخاوێنی ژینگەو هەوڵ بۆ فەرهەنگی ژینگە پارێزی لە كوردستانو دواتریش بە بەرێوە بردنی رێوڕەسمەكانی نەورۆز بەردەوامبنو سەربەرزانە رابگەیەنن كە كۆمەڵانی خەڵك لە دڵی سەرەڕۆیی وخەفەقاندا راناوەستنو بۆ بەردەوامی خەبات وتێكۆشان رێگەو شێوازی نوێ لە كاتی گونجاودا دەخولقێنن. نەورۆزی ئەمساڵ دەبێت هەڵگری پەیامی رێزگرتن بێت لە شەهیدانو لە پێشمەرگە ئازاكانی مەیدانەكانی شەڕ لە دژی كۆنەپەرەستیو بەكردنەوەی ئاگر، نەورزۆی ئەمساڵ بكەن بە كەرنەڤاڵی شادی لەدژی تاریكبینانو مەرگ دۆستانی دەسەڵاتداری كۆماری ئیسلامی ئێران. پێویستە ئەمساڵ زیاتر لە هەمیشە بەگەرمو گوڕییەوە رێوڕەسمەكانی نەورۆز بەرێوە بەرینو گڕی بەرزاییو قامەتی شاخەكانی كوردستانو هەڵپەڕكێو كۆبونەوەو وتنی سروودی تایبەت بە نەورۆز ئاوێتەی یەك بكەینو یەك دەنگو یەك هەڵوێست دەنگی خۆشیو شادی هەڵبڕینو بەم چەشنە "نا"یەكی گەورە بە دەسەڵاتدارانو نەیارانی گەلی كورد بدەینەوە. نەورۆزی ئەمساڵ با زیاتر لە هەمیشە ئاوێتەی خەباتو تێكۆشان بێتو ببێتە ورەو سەرودڵخۆشی بۆ كۆمەڵانی خەڵكو وەڵامێكی پڕ بە پێستیش بێت بۆ داعشی كۆماری ئیسلامی.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
15/03/2015
24/12/1393

