بە پێی ئەو زانیارییانە كە لەبەردەستدابوون نزیك بە ساڵێك لەوە پیش رامانگەیاند كە خەلافەتی ئیسلامی(داعش) پەروەردەكراوی دەستی كۆماری ئیسلامیی ئێرانو هاوپەیمانەكانی لە ناوچە دایە، دوای ئەو ماوەیە چۆنیەتی بەهێزبوونو پەرەگرتنی خێرای ئەو گرووپە تیروریستی ـ ئیدئۆلۆژیكییە لە هێندێك سەرچاوەی دیكەوە سەرهەڵدەدەن، یەك لەوان رۆژنامەیەكی ئینترنیتی ( خەلیج ئانلاین)ە .
چۆنیەتی پلانەكە بەم شێوەیە كە كاتێك داعش وەكوو گرووپێك لە ئەلقاعیدە جیا دەبێتەوە كۆماری ئیسلامی بە یارمەتیی حكوومەتی بەشار ئەسەد، حیزبوڵڵای لوبنانو مالكی بە خێرایی دەكەونە نفووز پێدانی دەست پەروەردەكانی خۆیان بۆ نێو ئەو گرووپەو ئازاد كردنی زیندانییەكانیان كە لە زیندانەكانی عێراقدا بوون، بۆ ئەوەی رەوتی هێرشەكانی داعش بەرەو ئەو شوێنانە راكێشن كە خزمەت بەئامانجەكانی ئەوان بەتایبەت كۆماری ئیسسلامیی ئێران بكا.
لە سووریە لەو سیاسەتەدا سەركەوتوو بوونو بەهۆی ئەو جینایەتو كارەساتە مرۆڤییانەی خولقاندیان توانیان جیهان، بەتایبەت خۆرئاوا چەواشە بكەن. شێوەی كوشتارەكانی داعشو هەڵسوكەوتی ئەوەندە قیزەونانە بوون كە رووی جینایەتەكانی بەشار ئەسەدی سپی كردووە، بۆیە دنیا كەوتە گومانەوە كە رەنگە جارێ مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا باشتر بێ لەوەی دەسەڵات بكەوێتە دەستی ئەو گرووپە.
بەڵام عێراق ـ كە مەبەستی ئێمە لەو وتارەدایە ـ دوای پاشەكشەی سوپای عێراق لە مووسل كە بە پێی هێندێك سەرچاوەی باوەڕپێكراو بە پێی پلانی لە پێشدا دیاریكراوی سەرۆك وەزیرانی ئەو كات روویدا، داعش بوو بە خاوەنی هەموو ئەو چەكو كەرەستەو پارەیە كە لەو شارە گەورەو گرنگەدا بوو. لەو كاتەدا هەموو چاوەڕوانییەكان ئەوە بوون كە داعش مل دەنێ بەرەو بەغداو حكوومەت دەرووخێنێ، بەڵام كۆماری ئیسلامیی ئێران خەونێكی دیكەی بۆ عێراق دیبوو:
١ـ بە پێی زانیاریییەكان، كۆماری ئیسلامی بە هۆی مۆرەكانی خۆیو هاوپەیمانەكانی لە نێو داعشدا، توانی هێرشی داعش لە جیاتی بەغدا بەرەو باشووری كوردستان بكاتەوە. مەبەست لەو پلانە، داگیركردنو وێرانكردنی كوردستانو خستە مەترسیی حكوومەتی هەرێم بوو، بۆ سزادانیان.
پێكهاتنی حكوومەتی هەرێمی باشووری كوردستان لە تەنیشت سنوورەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان كە ساڵ لەگەڵ ساڵ لە گەشەكردنی، ئابووری، سیاسیو ئاوەدانكردنەوەدا بووو زیاتر لە بەغدا بە ناوەندی سیاسیو بازرگانی عێراق ئەژمار دەكرا، بەتایبەت بە دەرهێنانی نەوت لەو بەشەدا بەهۆی كۆمپانیا بەناوبانگەكانی جیهان خەریك بوو پشتیوانییەكی ئابووری بۆ ئەگەری سەربەخۆیی خۆی دەستەبەر بكا ـ دەنگی راگەیاندنی سەربەخۆیش جار نەجارێك بەرز دەبووە ـ بۆ ئێران قەبووڵ نەدەكرا.
بۆیە، سەرەڕای گەمارۆی ئابووریی كوردستان لەلایەن بەغداوە، كوردستانیان تووشی شەڕێكی خوێناویو پڕ تێچوو كرد كە بێجگە لە خەسارو زیانی گیانی كە تا ئێستا بە هەزاران شەهیدو برینداری لێكەوتووەتەوە، بە دەیان هەزار لە خەڵكی ئەم شوێنانە ئاوارە بوونو بە سەر حكوومەتی هەرێمەوە بوون بە باری گرانو شەڕیش هەروا درێژەی هەیەو كۆتایییەكەی نادیارە.
زانیارییەكان پێمان دەڵێن كە خەونەكەی كۆماری ئیسلامی بۆ باشوور بریتی لە برسیو چاو لەدەستی بەغدا كردنی ئەو بەشەی كوردستان، داگیر كردنەوەی ئەو بەشە لە كوردستان كە پێشتر لەبەردەستی حكوومەتی هەرێمدا نەبووو بە دوای هێرشی داعشو پاشەكشەی هێزەكانی بەغدا لەو شوێنانە، پێشمەرگە دەستی بەسەردا گرت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی كە لەو ناوچانەدا نەوتیان لێ بەرهەم دێ بە كەركووكیشەوە.
حەشدی شەعبی كە لە راستیدا هێزی ( بسیج)ی كۆماری ئیسلامییە لەگەڵ باقی میلیشیاكان ئەم پلانە هەنگاو بە هەنگاو دەبەنە پێش، ئەمە پلانێكی دارێژراوی رێژیمی كۆماری ئیسلامییەو بەستێنەكەی ماوەیەكە بە هۆی پێكهێنانی دووبەرەكی لە نێوان هێزەكانی باشووری كوردستان، درێژ بوونەوەی شەڕی داعش،و گەمارۆی ئابووری سەر هەرێم فەراهەم كراوەو لە ئێستادا لە حاڵەتی جێبەجێ كردن دایە.
٢ـ بەڵام خەونی كۆماری ئیسلامی بۆ عێراق
عەرەبی سوننە لە ئیستادا لە عێراق بە دوو هۆی گرنگ كەوتوونەتە بەر لێشاوی رقو تۆڵە لێكردنەوە:
ئا ـ شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێرانو عێراقو شكست هێنانی سوپای ئێران لەو شەڕەدا بە دەستی سوپای عێراقو ئەفسەرەكانی سوننی كە جێی متمانەی سەدام حوسێن بوون جێبەجێكرا، بێجگە لە دەیان میلیارد دۆڵار زیانی ماڵی، نێزیك یەك میلیون كەس قوربانیو بریندار كە پشكی زۆری بەر هێزەكانی ئێران كەوتو كاول بوونی دەیان شارو شارۆچكەی ئێران دەسكەوتی ئەو شەڕە بۆ ئێران بوو .
ب ـ لە سەردەمی سەرۆك وەزیریی مالكیدا سوننەكان لە زۆر شوێنی عێراق بە هۆی ناڕازی بوون لە حكوومەت دەستیان دایە راپەڕین دژی دامودەزگاكانی حكوومەتو شارەكانی وەكوو روومادیە، فەلووجە، تكریتو ... لە دەسەڵاتی دەوڵەتییان لەو شوێنانە پاك كردەوەو بۆ خۆیان ئیدارەی ئەو شوێنانەیان بە دەستەوە گرتو كێشەو گرفتی گەورەیان بۆ حكوومەتی بەغدا پێكهێنا.
ئێستا بە پێی پلانی كۆماری ئیسلامیو هەماهەنگیی بەغدا دەبێسوننەی عێراق زەربەیەكی وایان لێبدرێكە هەم تۆڵەی شەڕی ئێرانو عێراقیان لێبكەنەوەو هەم جارێكی دیكە نەتوانن پشت راست بكەنەوەو لە بەرامبەر بەغدادا راپەڕن یا هەڵوێستێك بگرن.
بۆ ئەو مەبەستە داعش هەڵكەوتێكی ئیدەئالە، لە ماوەی یەكساڵی رابردوودا بە پێی ئەو پلانە داعش كە خۆی بە ئاڵاهەڵگری سوننەو بە دژی شیعە دەزانێ، تەنیا ناوچە سوننەنشینەكانی دەستبەسەردا گرتووەو بەلای ناوچە شیعەنشینەكاندا نەچووە. بە هەزاران كەس لە لاوان، سەرۆك عەشیرەتەكانو كەسایەتییە بەناوبانگو ناسراوەكانی ئەو ناوچانەی كوشتووە، هەرچی ئاسەواری كۆنی ئەو شوێنانەیە كە نیشانەی كولتوورو بەهای مێژوویی ئەو خەڵكەیە لە ناوی بردوونو وێرانی كردوون، بە دەیان هەزار كەس كە دانیشتوانی ئەو ناوچە سوننەنشینانە لە ترسی داعش ناوچەكانی خۆیان بە جێهێشتووەو ئاوارەو دەربەدەر بوون.
ئێستاش كە ئوپراسیونێك دەستی پێكردووە بۆ پاككردنەوەی ئەو ناوچانە لە داعش كۆماری ئیسلامی بێجگە لە دامەزراندنی زیاتر لە پێنج هەزار كەس لە هێزەكانی سوپای پاسداران، هێزێكی بە ناوی حەشدی شەعبی پێكهێناوە، رایهێناونو چەكداری كردوون بە مەبەستی شەڕ لەگەڵ داعش، ئەو هێزە، دوای ئەوەی تەیارە بۆمبهاوێژەكانی عێراقو ئێران ئەو شارانە دژی هێزەكانی داعش بۆمباران دەكەنو دەیانكەن بە وێرانە، حەشدی شەعبی بە دوای ئەودا ئەوەی كە لەو ناوچانە دەمێنێتەوە وێرانو تاڵانی دەكەن. لەو تۆڵەكردنەوەدا شارەكانی تكریتو لە دوای ئەویش مووسل كە هەردووكیان ناوەندی هەرە گرنگی سپاو ئەفسەرانی سەدام حوسێنو سەرهەڵدانی سوننەكان بوون، وێران دەكرێن.
بەم چەشنە كۆماری ئیسلامی دەیەوێنەخشەی عێراقێك بە شێوەیەك دابرێژیتەوە كە نە كوردو نە سوننە هێزی بەربەرەكانێیان لەگەڵ حكوومەتی شیعەی عێراق نەمێنێو بۆ خۆی بە نوێنەرایەتی حكوومەتی بەغدا ئەو وڵاتە بەو شێوەی كە دڵخوازیەتی بەڕێوەبەرێ.
ئەم پلانە زەنگێكی مەترسییە نەك هەر بۆ عێراق، بەڵكوو بۆ خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە زاڵبوونی هەرچی زیاتری كۆماری ئیسلامیی ئێرانو هەناردەكردنی خێراتری شۆڕشەكەی بۆ وڵاتانی ئەم ناوچەیە. ئەم پلانە لەسەر سیاسەتی ئاژاوەنانەوە، بەردەوامیی شەڕ، پەرەپێدانی برسیەتیو چاولەدەستی خۆ كردنی خەڵك، وێرانكردن، دووبەرەكی سازكردنو دوژمنایەتی پێكهێنان لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی خەڵكی ئەو ناوچەو توقاندنو تیرۆركردن داڕێژراوە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، كورد بە بوونی ئەو هەموو دژبەرایەتی یەكتر كردنو بێپلانییەی، چۆن دەتوانێلە ژێر ئەم پلانە مەترسیدارە خۆی رزگار بكا، یان زیانەكانی كەمتر بكاتەوە؟

