هەمووشت لەو رۆژەوە دەستی پێکرد، کە کۆسرەت رەسووڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکیەتی نیشتیمانی لە ژێر گوشاری کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە گەڵ دەستەیەکی پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتیمانی ساڵی 1997 رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانیان گەمارۆداو بۆ یەکەمجار دەنگی کوردستان لە لایەن حیزبی براو هێزی پشتیوانەوە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی ئێران کپ کرا.
ئەوکات لەوانەیە یەکیەتی دڵی بەوە خۆش کردبێت کە کۆماری ئیسلامی بەو خۆشخزمەتیەیان رازی بێتو وازیان لێبێنێت. لێ کە جارێک سەربەخۆیی خۆت لە بەرامبەر براگەورەدا لە دەست دا بۆ هەمیشە خاڵی لاوازت لای ئەوان هەیە. ئەوان بەچاوی کەرەسەی پێویستو ستوونی گوشار چاو لەو دۆستەتازەیە دەکەنو جۆری دۆستایەتیان دەبێتە "سیغەکردن"و هەرکات پێیان خۆش بێت کاری ناخۆشتر بە لایەنی لاواز دەکەن.
سەردەمانێک ناوی پێشمەرگەی یەکیەتی واتای واتای سەروەریو جێی شانازی دەدات، رەنگی سەوز رەنگی ژیان، سەرهەڵدانو هیوا بە شۆرشێکی نوێ بوو. بۆ کوردانی رۆژهەڵات ئەو سەردەمە بوون لە گەڵ یەکیەتیو پۆشینی رەنگی سەوز شانازیەکی لەبڕان نەهاتوو بوو. یەکیەتیەک کە بنەماکانی بەرنامەدارێژیو پلان دانانی لە قاسملوو فێربوو، دواتر وادیارە بە قەوڵی کوردی تەنیا رێگای هەڵگرتنی چاکەی کوشتنی دێموکرات بوو.
رادیۆ دەنگی کوردستان کە داخرا، ئەوجار نۆرەی زنجیرەتیرۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی رۆژهەڵات بەتایبەت ئەندامانی حیزبی دێموکرات هاتو چل دۆلار بەس بوو بۆ ئەوەی یەندامێکی حیزبی دێموکرات تیرۆر بکرێت.
قەت لەبیرم ناچێت کاتی خۆی لە 27/07/2001 کاتێک لە کۆیە بە کراسێکی زەرد دەگەڕام، "ئاسایش'ی کۆیە منی گرتو دوای پرسوجۆیەکی زۆر منیان بە هۆی ئەوەی بەشێوەی نایاسایی لەوێ بووم جەریمە کرام. کاتێک وتم کە من دوێنێش لێرەبوومو ئەوە مانگێکە لێرەمو تا ئێستا چەندین جار پاسپۆرتم نیشانی ئێوە داوە، وتیان ئەمجارە بێ یاسایی هاتوویتو دەبێ جەریمە بدەیتو جارێکی دیکەش بۆت نیە بێتیە لێرە. دواتر کە لای برادەرێکم گلەیی کرد، بە منی وت دەبێ "شوکری خوا بکەی" کە نەکوژراوی. ئەوکات تێگەیشتنی قسەی ئەو کەسە بە ئەزموونەم بۆم زەحمەت بوو، ئێستا زۆر شوکردارم.
لەو رۆژانە باسی یەکگرتنەوەی بنەماڵەی دێموکرات گەرم بووتەوەو هیواو وزەیەکی زیاتری بە ئەندامانو لایەنگرانی ئەو حیزبەو هۆگرانی یەکیەتی کورد بەخشیوە. بێگومان کۆماری ئیسلامی لە یەکگرتنی دێموکراتەکان دەترسێو ترسی ئەوەی هەیە دێموکراتی یەکگرتوو هەموو پارەسەنگە سیاسیەکانی ناوچە بگۆڕێت. راست لەو کاتەدا "ئاسایش"ی یەکیەتی هێرش دەکاتە سەر کەمپی ئازادیو بەبیانووی گەڕان بە دوای کەسێک کە گۆیا هەڵهاتووە، لێدانو بێریزییەكی زۆر بە ژنو منداڵو كادرو پێشمەرگەكانی حیزب دەكەن.
دیوی دیکەی ئەو راستیە تاڵە لەوەدایە، لەو رۆژەوە کە یەکیەتی لە ژێر کاریگەری راستەخۆی سوپای قودسەو تەنانەت کێشەکانی ناوخۆییشیان لە لایەن پاسدار قاسم سولێمانیەوە تاوتوێ دەکرێنو وەزیرو کاربەدەستانیان لە ژێر چاوەدێری ئەوان دادەنرێن، سەیر نیە کە لە ژێر هەمان گوشارداو لە پێناوی ئەنجامی "کارێکی یاسایی" هێرش بکەنە سەر کەمپەکانی دێموکراتو بێرێزی بە تەواویەتی رۆژهەڵات بکەن. وادیارە پێشوازی گەرمو گوڕ لە سەحراروودی تێنووتی کۆماری ئیسلامی نەشکاندووەو کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ ئێستا کە یەکیەتی نیشتیمانی لە زەڵقاوی دووبەرەکیو رکەبەریەکانی کۆتلەکانی ناوخۆییدا دەنالێتو سەربەخۆیی خۆی بەتەواوی لە دەست داوە، هەموو سنوورەکان بەو هێزە ببەزێنێت.
هیوادارم رۆشنبیرانو کوردپەروەرانی ناو یەکیەتی ئەو سووکایەتیەی کۆماری ئیسلامی بەخۆیان قەبووڵ نەکەنو رێگە نەدەن کەلێنێکی قووڵتر لەوەی کە هەیە بکەوێتە نێوان گەلی کورددا. لەو گەمەیەدا یەکیەتیو مێژووی پرلەسەروەری دەورانی شەڕی پشتیوانیو راپەرینەکانی باشووری کوردستان دەبنە تەنیا چەند گوڵی بچووک لە ناو زستانێکی رەشو تاریکدا.

