" لە بەردەم یەكگرتنەوەی هەردوو حزبی دیموكرات گرفتی گەورە نییە"
سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجری لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی پرسی یەكگرتنەوەی هەردوو باڵی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەڵێت چەند جارێك دانیشتنییان لەسەر ئاستی دەفتەری سیاسیو سكرتێریش كردووەو هیچ گرفتێكی گەورە لەبەردەم یەكگرتنەوەی هەردوولا نابینێتو دەشڵێت" دەمانەوێت بە وردی بچینە كارەكەوەو نامانەوێت دوای یەكگرتنەوە جیابوونەوەی دیكە دروست ببێتەوە"، ئەوەش ئاشكرا دەكات لەم هەفتەیە كۆبوونەوەیەكی دیكەیان لەسەر ئاستی دەفتەری سیاسی هەردوو لا بە ئامادەبوونی سكرتێری هەردوو حزب بەڕێوە دەچێتو دوایین پێشهاتەكانی یەكگرتنەوە تاوتوێ دەكرێت.
مستەفا هیجری لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:
"ئەوەی لەبارەی یەكگرتنەوەوە باسی لێوەدەكرێت شتێكی تازە نییە، درێژەی ئەو هەوڵو تێكۆشانانەیە كە نزیكەی دوو ساڵە دەستمان پێكردووە، دوای ئەوەی لە دوایین كۆنگرەماندا یەكێك لە راسپاردەكان بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ یەكگرتنەوە ئیدی هەوڵەكانمان چڕتركردەوەو لێژنەیەكمان پێكهێناو لەگەڵ هاوڕێیان چەند جارێك دانیشتووین تا ئاستی سكرتێری هەردوولا".
گوتیشی: "رەنگە ئەم هەفتەیە دانیشتنێكی دیكە لە نێوان هەردوو دەفتەری سیاسی بە ئامادەبوونی هەر دوو سكرتێر بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی چوارچێوەی كارەكەو وردەكارییەكانی بەگشتی باس بكەینو دواتر لێژنەكانمان درێژەی پێبدەن".
سەبارەت بە یەكگرتنەوەكەش هیجری بۆچوونی وایە كە دەبێت ئامادەكارییەكانو دانیشتنەكان بچنە وردەكارییەكانەوە بۆ رێگەگرتن لە هەر جیابوونەوەیەكی دیكە پاش ئەو یەكگرتنەوەیەی بڕیارە ببێت، چونكە جودابوونەوە بە زیان گەیاندن بە حزبو كوردیش لە رۆژهەڵات بە گشتی تەواو دەبێت بە بۆچوونی ئەو.
سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە درێژەی قسەكانیدا لەبارەی ئەو پرسەوە دەڵێت هەردوو لایەن رێككەوتوون كە خاڵە سیاسییەكانی پەسەندكراوی دوایین كۆنگرەی حزبەكەیان پێش ئەو جیابوونەوەیە بكەنە بنەما لە وتووێژەكانییانو لەو پێناوەشدا لەسەر ناوی حزبو ئاڕمەكەیانو چەند شتێكی دیكەش رێككەوتوون. لەگەڵ ئەوانەشدا بۆ دیاریكردنی كات بۆ یەكگرتنەوەكە مستەفا هیجری خۆی بە دووردەگرێتو دەڵێت "پێشبینی كردنی كات زەحمەتە".
ئەو هێمای بۆ ئەوەشكرد كە ئێران بەو یەكگرتنەوەیەی ئەوان قەڵسەو پێیانخۆش نابێت، لەوبارەیەوە دەشڵێت:
"ئەسڵەن خودی جیابوونەوەكە ئەگەر راستەوخۆش نەبێت بە ناڕاستەوخۆ دەستی ئێرانی تێدابوو، كۆماری ئیسلامی ئێران نەك بۆ حزبی دیموكرات كە حزبێكی سەرەكییە لە رۆژهەڵات، یەكگرتوویی كوردی لە هەموو بەشەكاندا پێ ناخۆشەو هەموو كارو تێكۆشانی لە هەموو بەشەكان بۆ جوداییو بەگژیەكداكردنی كوردە".
پڕۆسەی سەرگرتنی یەكگرتنەوەی هەردوو حزبی دیموكرات كاریگەریی باش بەدوای خۆیدا دەهێنێت بە بۆچوونی هیجری، جگە لە بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە رای ئەو كاریگەریی لەسەر ورەی ئازادیخوازانی ئێرانو خەڵكیش بەگشتی دەبێت.
سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەوەش دەڵێت كە وڵاتانی ئەورووپایی لەگەڵ یەكگرتنەوەكەدانو بەوانیشیان راگەیاندووە كە ئەو كارەیان پێخۆشە، دەشڵێت یەكێتیو پارتیو كورد بە گشتی ئەو یەكگرتنەوەیان پێخۆشە.
"ئێران بۆ تەمبێ كردنو سزادانی كورد داعشی لە هەولێر نزیككردەوە"
سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجری كە حزبەكەی یەكێكە لە كۆنترین حزبەكانی كوردی بەرهەڵستكاریی كۆماری ئیسلامی ئێران لەو هەڤپەیڤینەییدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە بوونی هەواڵگریی ئێران لە هەرێمی كوردستان دەكاتو دەڵێت ئەوان زانیاریی تەواوییان لەبەردەستە كە ئێران مۆڵگەی سیخوڕیی زۆری لە هەرێم هەیەو دەڵێت" ئێران لە رێگەی هەردوو كونسوڵخانەكەی لە هەولێرو سلێمانیو زۆر شوێنی دیكەی نهێنیی بوونی هەواڵگریی هەیە، بوونی كۆماری ئیسلامی لە هەموو شوێنێك بۆ هەواڵ وەرگرتن نییە، بەڵكو بۆ تێكدایە، چونكە ئێران لە رێگەی باڵیۆزخانەكانییەوە دەیەوێت بزانێت چۆن دەتوانێت جیاوازیی بخاتە نێو حزبەكانو یاری بكات بۆ بەرژەوەندیی خۆی".
لەبارەی شەڕی داعشیشەوە دەڵێت پێش شەش مانگ لەمەوبەر نزیكەی پێنج هەزار لە ئەندامانی سوپای قودس پەڕیونەتەوە بۆ كوردستانی عێراق، ئەوە جگە لە ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەرانو پسپۆڕان كە كار بۆ مەشقپێكردنی سوپای عێراق دەكەن، دەشڵێت بەشی زۆری ئەوانە بە ناوی پاراستنی مەزارگەكانی شیعەكان لە كەربەلاو نەجەفو سامەڕا هاتوون، بە رای ئەو ئەو هێزانە لە ناوچە جێ ناكۆكەكانی جەلەولاو سەعدییەو چەند ناوچەیەكی دیكەش جێگیر كراون.
مستەفا هیجری لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستانو بە دیاریكراوی بۆ سەر مەخموورو گوێڕو نزیكبوونەوەیان لە هەولێر بۆ یەكەم جار پێش چەند مانگێك لەمەوبەر دەڵێت ئێران داعشی لە هەولێر نزیك كردەوە بۆ تەمبێ كردنی كورد كە ماوەیەك بوو باسی سەربەخۆییان دەكرد، دەشڵێت "هاتنی داعش بۆ هەولێرو نزیكبوونەوەیان لە مەخمورو گوێر لەلایەن ئێرانەوە بەرنامەرێژی بۆ كرابوو، ئێران ویستی ئەوان بێنە ئێرەو كورد تەمبێ بكات، چونكە لەو ماوەیەو پێشتریش كورد زۆر باسی ریفراندۆمو سەربەخۆییان دەكردو كۆماری ئیسلامی ئەوەی زۆر پێ ناخۆش بوو ویستی كورد سزا بدات".
باس لەوەش دەكات پاش پێكانی ئەو ئامانجەی ئێرانو سەرۆكایەتی هەرێمو حكومەتی هەرێمیش وایان بڵاوكردەوە كە ئێران یەكەم وڵات بوو یارمەتیی هەرێمی دا لە شەڕی دژ بە داعش.
مستەفا هیجری بۆ ئەو قسانەی كە دەیانكات زوو زوو دەیگوت بەپێی زانیارییەكانییان، ئەو گوتیشی: "زانیارییەكانمان باس لەوە دەكەن ئێران مەشق بە پەنابەری ئەفغانی دەكاتو دواتر دەیناننێرێتە نێو ریزەكانی داعش".
سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجری لە درێژەی هەڤپەیڤینەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی هۆكاری كشانەوەی هێزەكانییان لە شەڕی دژ بە داعش پاش بەشداربوونێكی كورت دەڵێت: "ئێمە وەكو حزبی دیموكرات ئێستا هیچ هێزێكمان لەشەڕی دژ بە داعش لە باشووری كوردستان بەشدار نییە، لەبەر ئەوەی ئێمە لەسەرەتای هێرشەكانی داعش بۆ سەر گوێڕو مەخمورو نزیكبوونەوەیان لە هەولێر ئامادەیی خۆمان بۆ ناردنی هێز بۆ شەڕەكە دەربڕیو بەرپرسانی هەرێم داوایان لێكردینو بەدەمیانەوە چووین، بەڵام دوای ماوەیەكی كورت داوای كشانەوەیان لێكردینو كشاینەوە".
لەمەڕ هۆكاری ئەو كشانەوەیەش مستەفا هیجری دەڵێت "ئێران پێی خۆش نییە هێزەكانی حزبە كوردییەكان دەربكەونو رەنگە ئەو كشانەوەیەش هەر لەسەر داوای ئێران بووبێت".
"كۆنگرەی نەتەوەیی لە بەر بەرژوەندیی حزبایەتی نابەسترێت"
مستەفا هیجری دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداریی لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئێستادا بە گونجاو نازانێتو هەلومەرجی سیاسیو ناوچەیی بە لەبار بۆ ئەو كردیەیە نابینێتو دەڵێت:
"دوای روخانی رژێمی پاشایەتیو خۆ راگەیاندنی بە ئاشكرای حزبی دیموكرات خەباتی چەكداریمان وەكو شێوەیەكی خەبات لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران زانی نەك وەكو ئامانجو یەكلاكەرەوە، بۆیە خەباتی چەكداریی خوێناویمان لە گەڵدا بردە پێشەوە، ئێستاش ئەگەر بوار هەبێت دیسان دەكرێت خەباتی چەكداری وەكو یەكێك لە شێوەكان كەڵك لێ وەربگرین، ئەگەر هەلومەرجە سیاسیو ناوچەیی رێگەبدات رەنگە وەكو شێوەیەك لە شێوەیەك كەڵكی لێ وەربگرین، بەڵام ئێستا ئەو هەلومەرجە بۆ ئێمە لەبار نییە، ناتوانیین لێرە دابنیشینو بچین لە ئێران خەباتی چەكداری بكەین".
هیجری لەبارەی پرسی كۆنگرەی نەتەوەیشەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت بەرژەوەندیی حزبایەتی هۆكاری دواخستنییەتی، لەو رووەوە گوتی: " لەكاتێكدا هێزی كورد هەمووی پارچە پارچەیەو هەمووی لە بیری پێكهێنانی بەرژەوەندیو قازانجی خۆیەتی نەك بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئەوا كۆنگرەی نەتەوەی نابەسترێت، كۆنگرەی نەتەوەی دەبێت لەسەر بنەمای قازانجو بەرژەوەندیی نەتەوەیی پێكبێت، ئێستا بۆ بەرژوەندیی حزبیو گرووپو دەستەیە، تا ئەو كاتەی ئەو رەوتە بەردەوام بێت پێكهێنانی كۆنگرەی نەتەوەیی سەرناگرێت، ئەگەر سەریش بگرێت لە بەرژەوەندیی یەك دوو لایەن دەبێت، پێشتریش هەر بەو هۆیەوە كۆنگرەكە سەری نەگرت، بۆیە گەشبین نییم لەبەستنی لەبەر بەرژوەندیی حزبی".
هیجری پارتیو پەكەكە بەتایبەت ئەمەی دوای بەوە تۆمەتبار دەكات كە دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بەسەر كۆنگرەی نەتەوەییەوە دەربكەوێت، دەشڵێت "هەر لایەنێك بیەوێت كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ بەرژوەندیی خۆی بخاتە ژێر هەژموونی خۆی ئەوا سەرناگرێت".
لە كۆتایی قسەكانیدا سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجری سەركەوتنی كۆبانیی لە دژی داعش بە گرنگ هەڵسەنگاندو گوتی بە سەركەوتنی خۆیانی دەزاننو هیوای ئەوەشی خواست ئەو سەركەوتنە سەرەتایەك بێت بۆ شكستپێهێنانی داعش لە هەموو خاكی كوردستان.

