هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

کێن ئەوانەی تەرمی داعشییەکان دەشێوێنن؟

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

arsalan_-_logo__web_web_1دوای هێرشی هێزەکانی داعش بۆ سەر عێراق‌و داگیریکردنی پارێزگای موسڵ‌و داوابەدوای ئەوە دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی لەو شارە، هەڵاتنی هێزەکانی حکومەتی ناوەندی لەلایەک‌و خۆڕاگری پێشمەرگەکانی کوردستان لەلایەکی دیکەوە بووە هۆی ئەوەی ناوی "پێشمەرگە" ببێتە مانشێتی زۆربەی میدیا بەناوبانگە جیهانییەکان.

دەرکەوتنی ناوی پێشمەرگە لە میدیا جیهانییەکان وەکوو هێزێکی بەرگریکار‌و خۆڕاگر لەهەمبەر تیرۆریستەکانی داعش بووە هۆی ئەوەی کە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوایی بەشێوەیەکی راستەوخۆ یارمەتی لۆجێستیکی‌و سەربازی بدەن بەهێزەکانی پێشمەرگە‌و تەنانەت هێندێک لەوڵاتانیش وەکوو ئاڵمان راهێنان بە پێشمەرگەکان بکەن‌و ئێستاش دەنگۆی ئەوە هەیە کە یەکێتی ئەورووپا لەباشووری کوردستان بنکەی نوێنەرایەتی بکاتەوە، کە لەبواری سیاسییەوە دەتوانێ دەستکەوتێکی گەورە بۆ کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان بێت.

بێ گومان پشتگیری وڵاتانی رۆژئاوایی لە هێزی پێشمەرگە‌و نەتەوەی کورد دەگەڕێتەوە بۆ خۆڕاگری‌و داکۆکی لە مافەکانی نەتەوەی کورد‌و هەروەها هەموو پێکهاتە ئایینی‌و تەنانەت نەتەوەکانی دیکەی وەکوو عەرەب‌و تورکمەن بەبێ فەرق‌و جیاوازی لەو ماوەیەدا لەلایەن هیزی پێشمەرگەی کوردستانەوە.

هێزێک کە بەهەموو تواناوە بەرەنگاری خوێنمژترین ترۆریستانی سەدە کە سەربڕین‌و ئاوخواردن وەکوو یەک وایە لایانەوە‌و لەژێر ناوی ئیسلام خەڵک سەر دەبڕن‌و دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان‌و لەبازاڕەکان وەکوو کۆیلە دەیانفرۆشن، بووەتەوە.

بەداخەوە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی ئەو داعشیانەی کە بەدەستی پێشمەرگە کوژراون‌و لاقی لەسەر سینگیان دانراوە‌و یان تەرمەکانیان بەردباران شوێندراوە‌و بەردباران کراوە‌و تەنانەت لەحاڵەتێکیشدا تەرمی یەکێکیان بەستراوەتەوە بە ئۆتۆمبیلێک‌و لەسەر شەقام رایدەکێشن ، بڵاو بووەتەوە!

ئەمە راست ئەو داوەیە کە دوابەدوای پشتگیری بەرینی رۆژئاوا لەهێزی پێشمەرگە‌و نەتەوەی کورد دوژمنانی ناوچەیی کورد لەسەرووی هەمووشیانەوە ئێران بۆ کوردیان داناوە‌و بەداخەوە خەریکە سەرکەوتوو دەبن.

داوێک کە کاڵ کردنەوە‌و لە ئاکامدا کۆتایی هێنانی پشتگیری وڵاتانی رۆژئاوایی لە هێزی پێشمەرگە‌و سەر لەنوێ تەنیا مانەوەی کورد‌و ملکەچ‌و چاولەدەستبوونی لە دوژمنانی خۆی کردووەتە ئامانج .

 

arsalan_-_isis_-_2


کێن ئەوانەی کە ئەو جۆرە وێنانە بڵاو دەکەنەوە؟

بە بروای من ئەو کەسانە دوو دەستەن؛ دەستەیەکیان ئەوانەن کە دەیانهەوێ شکستە حیزبییەکانی خۆیان بشارنەوە‌و بەشێوەیەکی نائاگاهانە‌و نەزانانە بەبڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە دەیانهەوێ ورەی هاوبیر‌و هاو حیزبییەکانی خۆیان بەرز بکەنەوە!

بەڵام دەستەی دووهەم کە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خەباتی رەوای گەلی کورد بەئەژمار دێن، ئەوانەن کە بەشێوەیەکی تەواو ئاگاهانە‌و پلان بۆداڕێژراو‌و لەژێر کاریگەری وڵاتانی دراوسێی کورد خەریکە خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد بنکۆڵ‌و ناشیرین دەکەن.

بەداخەوە ئەوەی کە جێگای سەرەنجە ئەوەیە کە خەڵکێکی زۆر کە بەشێکیان کەسانی ناسراون لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەبێ بیر کردنەوە کە ئاکامەکانی بڵاو کردنەوەی ئەو جۆرە وێنانە، بەشێوەیەکی بەرین دەستیان داوە بە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە کە لەراستیدا هیچیان لەهەڵس‌و کەوتەکانی داعش کەمتر نییە.

راستە ئێمەی کورد زامارین، راستە کچان‌و ژنانمان دەستدرێژیان کرایە سەر‌و وەکوو کۆیلە فرۆشران، راستە دەیان پێشمەرگە‌و رۆڵەی بە ئەمەگی ئەم خاک‌و ئاوە بەدەستی ئەو هێزە سەدە نێوەڕاستییە سەر بڕدراون ، بەڵام ئاخۆ کردەوەی هاوشێوەی ئەوان برینەکانی ئێمەی کورد ساڕێژ دەکات؟ ئایا "حۆجام سورچی" یەکان دەگەڕێنەوە؟ ئازار‌و مەینەتی ١٠ منداڵەکەی کەم دەبنەوە؟ بە دڵنیاییەوە وڵامی ئەو پرسیارانە نەیە.

کەوا بوو ئەرکی تاکی کورد ئەوەیە بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی‌و رەچاوکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، نەک هەر ئەو جۆرە وێنانە کە بەداخەوە زۆر جار جلی کوردی‌و ئاڵای کوردستانیش وەک دوو هێمای نەتەوەی ئێمەی کورد تێیدا دەبیندرێت بڵاو نەکەینەوە ، بەڵکوو پێش ئەو جۆرە کردەوانە بگرین‌و داوای بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو کەسانە بکەین کە ئەو جۆرە وێنانە دەکێشن‌و بڵاویان دەکەنەوە.

لەکۆتاییدا دەبێ بڵێم جێگای خۆیەتی کە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و لەسەرووی هەموویانەوە بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێم پێویستە لەسەر ئەو کردەوە قیزەونانە هەڵوێستی لێبڕاوانەیان هەبێت‌و ئیزن نەدەن لەژێر ناوی پێشمەرگە‌و هێما نەتەوەییەکانی گەلی کورد کردەوەی هاوشێوەی کردەوەکانی داعشی بێزراو‌و تەکیک کەوتوو لە کۆمەڵگەی جیهانی ئەنجام بدرێت.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1349
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy