دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە راگەیندراوێکدا، بە بۆنەی رزگاركردنی كۆبانێ،پیرۆزبایی لە گەلی کورد کرد.
دەقی راگەیندراوەکە بەم چەشنەیە:
خەبەری سەركەوتنی شەڕڤانانی كورد و هێزی پێشمەرگە بەسەر هێزی تیرۆر و دژی مرۆڤایەتیی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە شاری كۆبانێ و پاككردنەوەی ئەو شارەی كوردستان لەو هێزە تاوانكارە، خۆشی خستە دڵی هەموو كوردێكی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازەوە.
بە بۆنەی ئەو سەركەوتنە مەزن و گرنگە، پیرۆزبایی خۆمان پێشكەش بە سەرۆكایەتی هەرێم، هاوپەیمانان، پێشمەرگە و شەڕڤانانی خۆراگری مەیدانی شەڕە حیماسییەكانی كۆبانێ، كەسو كاری شەهیدەكانی ئەو شەڕە خوێناوییە و هەموو ئەو لایەنانە دەكەین كە لە دەستەبەر كردنی ئەو دەسكەوتە گەورەیەدا دەوریان گێڕاوە.
ئاواتمانە ئەو سەركەوتنە سەرەتای سەركەوتنی یەكجاری و خێرای هێزی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستەكانی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) لە هەموو خاكی كوردستان بێت.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٧ی رێبەندانی ساڵێ ١٣٩٣ی هەتاوی
٢٧ی ژانوویەی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی

