حەسەن ڕوحانی ڕۆژی یەكشەممە 14ی بەفرانباری 1393 لە یەكەمین كونفرانسی ئابووری ئێران، ئەگەری گەرانەوە بە دەنگی خەڵكی بە یەكێك لە ئەسڵەكانی یاسایی بنەڕەتی زانی كە هەر بە وتەی خۆی لە ڕۆژی یەكەمەوە تا ئێستا بەڕێوە نەبراوە. هەروەها ڕوحانی لەم لێدواندەریەدا وتی" من وەك بەرپرسی بەڕێوەبردنی یاسایی بنەڕەتی زۆر ئۆگری ئەوەم كە هەڵومەرجێك بخوڵقێ كە بۆ یەك جاریش بووبێت، ئەو ئەسڵە بەكردەوە ئەنجام بدرێو پرسێكی گرینگی ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتیو فەرهەنگی لە چوارچێوەی ماددەی یاسایی بخرێتە ڕیفراندۆمەوە".
هێنا بەرباسی پرسی ڕیفراندۆم لەم كاتو ساتەی بارودۆخی ئێران ئەوەیش لە لایەن ڕوحانییەوە بووەتە هۆی موناقشەو هەڵینجانێكی زۆر لە نێو لایەنە جۆراوجۆرەكانی كۆماری ئیسلامیو بەشێكی بەرچاو لە دژبەرانی كۆماری ئیسلامی.
ئەگەر بمانهەوێ بە كورتی پێناسەیەك بۆ ڕیفراندۆم بكەین، ڕیفراندۆم لە مانا گشتییەكەیدا گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵكو گرینگیدان بە دەنگو بۆچوونی خەڵكە. بەڵام وەك مێژووی سێ دەیە دەسەڵاتداری كۆماری ئیسلامی نیشانی داوە، پێناسەی خەڵك لە كۆماری ئیسلامیدا هەمیشە بریتی بووە لە كەسانێك كە لایەنگری سیستمی دەسەڵاتداری كۆماری ئیسلامی بنو ئەو كەسانەی ئەم سیستمەیان قەبووڵ نییەو دژی بەشێكی بەرچاو لە سیاسیەتە ئابووریو سیاسیو كۆمەڵایەتییەكانی ئەم ڕێژیمەن، بە خەڵك بەئەژمار ناێنو بەردەوام لە لایەن دەزگا سەركوتكەرەكانی ئەم ڕێژیمە سەركوت كراونو لە مافە بنەڕەتییەكانی خۆیان وەك هاووڵاتییو نەتەوە جیاوازەكانی ئێران بێبەش كراون.
پرسی ڕیفراندۆم هەرچەند لە یاسایی بنەڕەتی كۆماری ئیسلامیدا هێمای بۆ كراوەو یەكێك لە ئەسڵەكانی ئەم یاساییە بەڵام لە هەمانكاتدا چەندین بەربەست لە سەر جێبەجێكردنی ئەم ئەسڵە لە خودی یاساكەدا بوونی هەیە كە ئەگەری جێبەجێكردنی كەم دەكاتەوە. یەكێك لە گرفتەكانی سەر ڕێگای بەكردەوەكردنی ئەم پرسە ئەوەیە كە دەبێ 2و لە سەر سێی نوێنەرانی مەجلیسی ئێران دەنگ بدەن بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم كە وەك دەبینین مەجلیس لە ئێستادا بەدەست پاوانخوازەكانەوەیەو هیچكات ئامادە نابن دەنگ بەوەها بڕیارێك بدەنو ئەگەریش ئەوان ڕازی بن شۆرای نیگابانو كۆری دیاریكردنی بەرژەوەندی نیزام ئیزنی بەڕێوەچوونی وەها ڕیفراندۆمێك نادەن. بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كە بۆچی ڕوحانی ئەم پرسەی وروژاندووەو مەبەستی لەم كارە چییە؟
مەبەستی ڕوحانی لە پلەی یەكەمدا كەمكردنەوەی ئەو گوشارانەیە كە ڕەوتی پاوانخوازو توندڕەوی كۆماری ئیسلامی چڕیان كردووەتەوە بۆ سەر دەوڵەت، بە تایبەت لە ڕەوتی وتووێژەكانی 5+1و ئەمە بە جۆرێك وەك هەڕەشەیەك دێتە بەرچاو بۆ دەسەڵاتدارە سەرەكییەكانی ئەم ڕێژیمە، چوونكە مێژوویی سەرۆكۆماری لە كۆماری ئیسلامیدا بە تایبەت دوو سەردەمی سەرۆك كۆماری خاتەمیو ئەحمەدی نیژاد دەریان خستووە كە سەركۆمار لە نیزامی كۆماری ئیسلامیدا پلەو پۆستێكی تەشریفاتی هەیەو ئەوەی كە بڕیاری كۆتایی دەدا شەخسی ڕێبەرو دەستو پێوەندییەكانی ئەو وەك سپای پاسدارانە.
لە كۆماری ئیسلامی دا دوو جار ڕاپرسی كراوەو هەر دوو ڕاپرسیەكە ئاماژەیەكی ڕوون بوون بۆ دیكتاتۆربوونی سیستمی كۆماری ئیسلامیو بەڵام ئەم ڕێژیمە بەردەوام هەڵبژاردنەكانی سەركۆماریو شۆرای شارو دێو هەڵبژاردنەكانی مەجلیس بە پێوەرو بنەمای ڕەواییدانی خۆی دەزانێو هێندێكجار ئەوە بە ڕیفراندۆمی سەر لە نوێ ڕەواییدان بە ڕێژیمەكەیان دەشوپهێنێ.
بەشێك لە شرۆڤەكارانی سیاسیش هێنانە بەرباسی پرسی ڕیفراندۆم لە لایەن حەسەن ڕوحانییەوە بەجۆرێك لە داماویو بە چۆكداهاتنی كۆماری ئیسلامی پێناسە دەكەنو پیان وایە كە كۆماری ئیسلامی پرۆژەو پلانی پاشەكشێی هەیەو بەمشێوەیە دەیهەوێ خەڵك بكاتە سپەری ئەم پاشكشێیە.
بەلام مەبەستی ڕوحانی هەر شتێك بێ، كۆماری ئیسلامی وەك سیستمیكی ئیدۆلۆژیكو سەدە نێوەڕاستی تواناو پوتانسێلی گۆڕانو گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵكی نییەو ئەم دروشمانە تەنیاو تەنیا بۆ لابردنی گوشار بۆ سەر نیزامەكەیەتی. خەڵك لە كۆماری ئیسلامیدا هەمیشە وەك سیاهی لەشكەر چاوی لێكراوە، سیاهی لەشكەرێك كە ئەمڕۆكە لە دۆخێكی ئێجگار خراپی ئابووریو خوش گوزەرانیدا دەژین، ڕێژەی بێكاریو تووش بوو بە مادە سڕكەرەكان لە لوتكەی خۆیدایە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ناوەرۆكو ڕۆاڵەتی نیزام بۆ خەڵك زیاتر ڕوون دەبێتەوەو زیاتر لە جاران بۆیان دەردەكەوێ كە سەرۆك كۆمارو دەسەڵاتدارانی دیكەی ئەم نیزامە تەنیا پرۆژەگەلێكن بۆ ڕزگاركردنی ئەم ڕێژیمە لە داڕمانو لە ناو چوونو لە فەزای نێودەوڵەتیشدا ئیتر دەستو پیلانەكانی ڕێژیم لە پشتیوانی كردن لە تیرۆرو ڕەوتە توندڕەوە ئیسلامییەكان ئاشكرا بووەو متمانەیەكی نێودەوڵەتی بەم ڕێژیمە نەماوەو تراویلكەی ڕیفراندۆم پرۆژەیەكی نێوەچڵە بۆ سەرلەنوێ ڕزگاركردنەوەی ڕێژیم لە قەیرانو ڕووخان.

