کارەساتی ٠٧/. ٠١/٢٠١٥ی پاریس شەپۆلێکی بەرینی نەفرەتو بێزاریو دڵگرانیو هاوخەمی لەگەڵ خۆی هێنا. کارەساتێکی دڵتەزێنو خەفەتهێنەر کە تێدا ١٢ "بیر"، ١٢"داهاتوو". ١٢"ئازادی "١٢"مرۆڤ" بەڵێ ١٢ مرۆڤی خاوەن بیری ئازادو داهێنەر، ١٢ سیبۆلی جوانیو ژیان تێیدا دڵیان لە لێدان کەوت. هەواڵێکی ناخۆشو دڵتەزێنو کپکەرو سڕ بوو. منیش وەک هەر تاکێکی کورد، وەک هەر تاکێکی بێزار لە توندوتیژیو خوێنرژان کە خۆم وەک "من"، وەک منی"کورد" زۆرترین خوێنم لە جەستە رژاوەو زۆرترین قوربانیم پێشکەش بە بارەگای ئازادیو مرۆڤایەتی کردووە، هاوخەمیو دڵگرانی خۆم ئاراستەی هەموو خەڵکی فەرانسەو هەموو ئینسانێکی ئازادیخوازو بیرجوانو بیرجیاواز دەکەمو نەفرەت دەکەم لەو دەستانەی درێژ دەبن بۆ خنکاندنی هەناسەی ئازادو شکاندنی قەڵەمی بوێرو ئازادنووس. بێ گوومان لەو خەمە قورسەدا نە خانەوادەی قوربانییەکانو نە خەڵکی فەرانسە بە تەنیا نین، بەڵکوو سۆزو هاوخەمیو دڵگەرمیو پشتیوانی هەموو ئەو کەسانەیان لە پشتە کە ئەو کارەساتە بە رووداوێکی ساناو رۆژانە نابینن، بەڵکوو ئەو کارەساتە بۆ ئەوان لە راستیدا "ئەتکی مرۆڤایەتیو جوانیو ئازادییە".
هەر چەند خوێندنەوەو شیکردنەوەی هۆکارەکانو بەستێنی بوورانو سەرهەڵدانی رووداوێکی لەوچەشنە کاتو وزەیەکی زۆری دەوێ، بەڵام گوومانی تێدا نییە کە ئەو رووداوەش لە درێژەی هەر ئەو ئاڵۆزییانەدایە کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستی گرتۆتەوە. بەڵام بۆچی رووداوی هێرشکردنە سەر گۆڤاری "شارڵی ئێبدۆ"ی فەرانسی ئەو شەپۆلە بەرینەی هاوخەمیو هاوسۆزیو دڵگرانییەی بە دواوە بوو؟بۆچی ئیماندارانو باوەرمەندانی ئیسلامیو بەتایبەت "فێندمێنتالیزم"ی ئیسلامی ئاوها شاگەشکە بوونو پیرۆزباییان لەیەکتر کردو نۆخشەیان بۆ وڵاتانی دیکەی"کافر"!!!!! لێدا؟
بەلەبەر چاوگرتنی ئەوەیکە فەرانسە هەر لە"شۆرشە مەزنەکەیەوە"لە سەدەی ١٨ تاکوو ئێستا رەچەشکێنو رێخۆشکەری مۆدێرنیزمو لانکی ئازادیو کێڵگەو بەستێنی مافەکانی مرۆڤ بووە و، هەروەها لە دەیەکانی رابردووشدا وەک ئەمەکناسیو وەک ئەرکی ئازادیخوازیو ئینساندۆستی هەرچەند وەک دەسەڵات بە شێوەی رەها نا بەڵام وەک "تاک"و وەک کەسایەتی ناودار بە شێوەی جۆراجۆر پاڵپشتی شۆرشی کوردستان بوونو ئێستاش بەتەنگەوەهاتنیان بەرامبەر بە مەسەلەی کورد لە کەس شاراوە نییە، ئەوە رووداوی لەو جۆرە بێگوومان هاوسۆزیو هاوخەمی گەلی کوردی بەداوە دەبێ. گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی ئازادیخوازو وەک گەلێکی مافخواز هەمیشە خۆی لە بەرەی ئەو هێزانەدا دیوەتەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان خزمەتیان بە ئازادیو دێمۆکراسیو مافی مرۆڤ کردووە کە فەرانسە یەکێک لەو وڵاتانە بووە. ئەگەر خەمی پاریس خەمی کوردستانەو ئەگەر "زاگرۆس" وەک "ئاڵپ" بۆ ئەو خەمە بە چۆک دادێ، ئەگەر هەموو تاکێکی کورد ئەمرۆ وەک هەموو تاکێکی فەرانسەیی تازییەبارە، بێگوومان ئەوە ئەرکی گەلی فەرانسەو حکوومەتی فەرانسە بەرامبەر بە ئازادیخوازیو ئینساندۆستی گەلی کورد گرانتر دەکا. بە براوی من ئەو رووداوەو ئەو شەپۆلی هاوخەمیو هاوسۆزییەو ئەو دڵگرانییەی کوردان چ وەک تاکو چ وەک حیزبو چ وەک حکوومەت دەبێ حکوومەتو گەلی فەرانسە راچڵەکێنێ کە شێلگیرانە داکۆکیکارو پارێزەری ئازادیخوازیو رزگاریخوازی بنو بێ ئەملاولا بشتگیری ئازادیخوازیی گەلی کورد بکەن. بۆیە دەڵێم ئیڤڵ!سەرت داخەو تاجەگوڵینەکەت لە پیرلاشێز دابنێ!

