هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

دەسەڵاتدارە حیزبیی و حکومییەکانی باشوری کوردستان هەولێریان بەخشییە بکوژەکەی قاسملوو!

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

sharif_-_xianat_-_2لای هەمووان ئاشکراو ڕوونە، لە دوادواییەکانی شەستەکانەوە تا ئێستا، بە سەدان سەرکردە و کادیری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن زلحیزبەکانی باشوری کوردستانەوە فرۆشراوون بە دەسەڵاتدارانی ئێران، هەر لە سلێمانی موعێنییەوە هەتا ئەگات بە مەنسوری فەتاحی، ڕووداوەکان هیچ جیاوازییەکیان نییە ئەوە نەبێت هەندێ جار پارتیی بەم سەروەرییە نەتەوەییە هەستاوە و دەمێک جاریش یەکێتیی و بزووتنەوەی ئیسلامی، بە واتایەکی تر: هێزە سیاسییە 'نەتەوەییە!!' کانی باشوری کوردستان ڕکەبەرییان کردووەو دەکەن لە خۆشخزمەتیکردن بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران و ئەم تاوانانەشیان لە ڕووی بیریی نەتەوەییەوە %١٠٠ خیانەتی نەتەوەیین و مشتومڕ هەڵنەگرن!!

لە بەرگی یەکەمی کتێبی: 'ڕامانێک لە تراژیدیای براکان' دا، پێنج سەرکردەی سیاسیی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان بە ووردی لە بەشێکی ئەم خیانەتە نەتەوەییانە دواون! لە ئێستاش دا بۆ بەرگی دووەمی هەمان کتێب چەند چاوپێکەوتنیکی پڕزانیاریم ئەنجامداوە، سەرنجڕاکێشترینیان دێڕێکە لە قسەکانی کۆنە ڕابەرێکی سیاسیی باڵی قەدیمی جەلالیی و یەکێتیی ئێستا، زۆر بە ڕوونی پێی ووتم: ''کاک شەریف هۆکاری ئەوەی ئێمە هەر لە شەستەکانەوە تا ئێستا سەرکردە و کادیرەکانی حیزبی دیموکرات ئەکوژین و تەسلیم بە دەسەڵاتدارانی ئێرانیان ئەکەینەوە تەنها ئەوەیە ئێمە بە حیزبی دیموکرات فێربووین و دواتر ئەزانین کەس نییە متەقی لێوە بێت بۆیە خوومان پێوە گرتووە!!"، ئەم دێڕەی ئەم ڕابەرە سیاسییە کۆنەی یەکێتیی بەتەواوی هەقە بە زێڕ بنووسرێتەوەو ئەو پەڕی ڕاستگۆیی لە قسەکانی دا بەدی دەکرێت، تەنانەت ئاماژەی بەوەش دا :'کاتێک لە نەوەدەکان دا پارتیی و یەکێتیی چەند کادیر و ئەندامێکی پەکەکەیان بۆ تورکیا کوشتووە یان تەسلیمکردووەتەوە، ئەوا پەکەکە بە هێز وەڵامی داونەتەوە و ئیتر یەکێتیی و پارتیی نەیانوێراوە هەمان ئەو کارەی بەسەر حیزبی دیموکرات دا هێناویانە ئەوا بەردەوام بن و بەسەر پەکەکەیدا بهێنن!''.

کەوابوو لەم قسانەی ئەو ڕابەرە سیاسییە دەرئەکەوێ هێزە سیاسییەکانی باشور گەر هێزیان بۆ بەکار نەهێنیت ئەوا پێت فێر ئەبن و وەک کاڵا ئەتفرۆشن!

 

sahrarodi_-_barzani_-_1


لەم گۆڕەپانەی کێبرکێی خیانەتکارییە پەنجا ساڵەییەدا، لەم هەفتەیەداجارێکی دیکە بکوژی بیرمەندی دانسقەی کورد 'د.عبدالڕەحمان قاسملوو' هاتە سلێمانیی و دواتریش ڕۆشتە هەولێر، هەرچی دەسەڵاتداری حیزبیی و حوکمییە کڕنوشیان بۆ برد و تێر تێر بە سلێمانیی و هەولێر دا گێڕایان، سەحراڕوودی بە چاوە خێلەکوێرەکانی ڕێک وەک کەمتیار واقی وڕمابوو کە چۆن نێچیر بووەتە شٶفێریی و تاق بە تاقی قەڵای هەولێری نیشان ئەدا، خیانەت بە جۆرێک کە هیچ شەرمی تێدا نەما!!

ئینجا لەم هەموو بێ چاو و ڕوویەی زەماوەندگێڕان بۆ سەحراڕوودی دا، کەچی هەنێ لە سەرکردەکانی حیزبی دیموکرات لە 'فەیسبووک' دا باسییان لەوە کردووە کە نەدەبوو سەرکردەکانی باشوری کوردستان لە سلێمانیی و هەولێر فەرشی سور بۆ بکوژەکەی بیرمەندترین ڕێبەری کورد ڕابخەن!! ئەمە ئەوپەڕی ناسیاسیی بوون و ناهوشیاربوونی ئەو سەرکردانەی حیزبی دیموکراتە کە وایان وتووە، بۆ!؟ چونکە هەمووان ئەزانن کە هەر لە نەوەدەکانەوە تا ئێستا سەحراڕوودی سەدان جار لە سلێمانیی و هەولێر بووە و نەخشە دانێری تیرۆرکردنی سەدان سەرکردەی وەک 'مەنسوری ڕەشە هەورامی' بووە! ئێ کە ئەم مۆدێلە یەکەمجار نییە، ئیدی بۆ سەرکردەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان باس لەم جارە و ڕاخستنی فەرشی سوری بۆ ئەکەن لە لایەن دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستانەوە!؟ بەڵکو ئەمە سەلماندی کە سەحراڕوودی پێشتر نەک بە نهێنیی نەهاتووەتە باشوری کوردستان بەڵکو 'بەناو' سەرکردەکانی باشور کۆیلە و خزمەتکاریی بوون و بەشێکیش بوون لە جێ بە جێ کاری پلانە تیرۆریستییەکانی سەحراڕوودی!!، ئەم سەفەرەی سەحراڕوودی پێوەر و ڕادەی 'مەردبوون'ی سەرکردەکانی باشوری کوردستانی بۆ 'مێژوو و بۆ دۆست و دوژمن' دەرخست!!، ئەم پێشوازییە شاهەنشاییەی کە بۆ سەحراڕوودی کرا سەلماندی کە نووسەرە 'ناسەربەخۆ و نانەتەوەییەکان'ی باشوری کوردستانیش لە ئاست خیانەتێکی نەتەوەیی هێندە قەبەدا نەک هەر هەڵوێستیان نییە، بگرە لە 'سوڕی متبوونی کرم' متترن!!

 

peshwazi_-_sahrarodi_-_1


سەیر ئەوەیە، ئەم هەمووە بەسەر حیزبی دیموکرات دێنن، لە جیاتی ئەوەی مەکتەبی سەرکردایەتیی و مەکتەب سیاسییەکەیان، بە توندی هەڵوێستیان دەرببڕییبایە و خیانەتەکەیان قەبەتر بکردبایە 'کە خودی خیانەتەکە زۆر گەورەیە و قەبەکردنی ناوێت!' کەچی بێ هەڵوێستتر بوون لە چاو ئەو بەیانامانەی کە حیزبی شوعی جار جار لە ساڵڕۆژی کرێکارانی جیهاندا دەری ئەکا!! ئەم سیاسەتکردنە بە ڕاستی گریانی ئەوێت! یەکێتیی و پارتیی هێندە دیموکراتیان فرۆشتووە بە تەواوی ئەیانەوێت گیانی شۆڕشگێری لە هەیکەلی کادیر و ئەندامانیان بمرێنن و بێ هەلوێست و متیان بکەن لە ژێر ناوی 'سیاسەتکردن دا!!'، باشە کێ ئۆباڵی خامۆشی بزووتنەوەی خۆرهەڵاتی کوردستانە! هەر بە تەنها یەکێتیی و پارتیی!؟ بێ گوومان نەخێر! حیزبی دیموکرات پێویستە ئیدی ببنە سێ کۆڵەکەوە، یەکەم کۆڵەکە بریتی بێت لە کۆڵەکەی گورز: چالاکی پارتیزانی دەست پێ بکەنەوە....! کۆڵەکەی سیاسیی: بڕۆنە ووڵاتێکی دیکەوەو کار و پیشەیان ئاراستەکردن و ڕابەرایەتیی کردنی کۆڵەکەی پارتیزانان بێت، سێ یەم کۆڵەکەش: ئەو کەسانەیان بە ساڵاچوو و ژن و مناڵن ئەتوانن یان لە باشوری کوردستان یان لە فەرەنسا جێیان بهێڵن.... 'ئەم سێ کۆڵەکە بە ووردی شیکاری ئەوێت...!

سەرەڕای ئەمانەی کە خرانەڕوو، ئەوا لەم هاتنەی تیرۆریست 'سەحراڕوودی'دا کەسێک نەبوو کە ئیرادەی هەبێ و بڵێت با لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بە دوو لافیتەوە خۆپیشاندان بەکەین! هەتا وەک چەند مامۆستایەکی نەتەوەیی ناو زانکۆ، تەنانەت گەر چوار کەسیش ببوینایە! ئەوا بەردەم فڕۆکەخانەی سلێمانیمان بگرتایە و هەر هیچ نەبێت تیرۆریستێکی کەمتیاری وەک 'سەحراڕوودی' بیزانیبایە کە کورد کەسانێکی تیایە خۆشی و خومەینی دەجالی قیبلەشی لە 'کەمتیار' بە کەمتر و قیزەونتر ئەزانن!!

ماوەتەوە بڵێم، هەڵوێستەکانمان هەر لە ٢٠٠٤ لە خۆپیشاندان دژ بە گرتنی ئۆجەلان وەک ژمارەیەکی زۆر کەمی خوێندکاری زانکۆی سلێمانی 'کە حیزب ڕێشی پێ نەدەداین' هەتا ئێستا و سەدان نووسینی دیکەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ئێمە سەرکردەی کۆیلەی بەردەم تیرۆریستێکی کەمتیاری وەک سەحراڕوودی بکوژی قاسملووی بیرمەند بە سەرکردەی خۆمان نازانین. ئەمە سەرەڕای ئەوەی گەر سەحراڕوودی بکوژی مەلا مستەفا یان جەلال تاڵەبانی ببوایە و دیموکرات یان پەکەکە خۆیان پێ بفرۆشتبایە ئەوسا ئەسەلما بنەماڵەگەراکان چ هەرایەکیان ساز دەکرد و 'دیموکرات'یان وەک زەندەقە لە قەڵەم دەدا!!

ئەم لینکەش هەڵوێستێکی هەر ئەمساڵی ئێمەیە لەسەر هاتنی چەند مانگ لەمەوبەری سەحراڕوودی بۆ کوردستان، کە لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بۆچوونی ئێمە وەرگیراوە تێیدا، سەرکردەکانی باشور دەبوو ڕوویان نەهاتبایە خۆیان پیشانی کامێرا بدەن هەتا تۆڵەی ئەو ٢٥٠٠ خوشکە کوردەی ئێزدی دەکەنەوە کە عەرەبی پێ پەتی فرۆشتیانن! کەچی بێشەرمانە خیانەتی دیکەی بەسەر دا کەڵەکە ئەکەن! پێموایە: "گەلێک سەرکردەکانیی ببنە گزیری بکوژی بیرمەندترین ڕێبەرییان، ئەستەمە ئەو گەلە شکۆمەندیی و سەروەری مەیسەر بکا!!''

شەریف هەژاری: ماستەر لە سیاسەت و ستراتیژی بەریتانیا لە خاکی ئەمریکا لە زانکۆی لەندەن.

_________________________________________

تێبینی‌:

ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"

ـ له‌ به‌رامبه‌ر نێوه‌ڕۆكی‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌رپرسیار نیه‌‌و نووسه‌ری‌ بابه‌ت به‌رپرسه‌ له‌به‌رامبه‌ر بابه‌تی‌ خۆیدا‌

ــ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و بابه‌تانه‌ به‌ هێنانی ناوی سه‌رچاوه‌ یان له‌سه‌ر ئیزنی‌ نوسه‌ر ئازاده


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 2129
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy